ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆتاییدا پلانێکی دوژمنکارانەی بۆ سڕینەوەی ئێران هەیە

2018-06-05

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆتاییدا پلانێکی دوژمنکارانەی بۆ سڕینەوەی ئێران هەیە


ڕای تەکییە و مارک دوبۆویتز

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ستراتیژێکی کاریگەری هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و شکاندنی سیاسەتی شکستخواردووی دوو دەیەی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران.

لەوەتەی دۆناڵد ترامپ لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشاوەتەوە، لێکۆڵەران بە هۆی نەبوونی پلانێکی نوێوە تووشی دڵەڕاوکێ و شۆک بوونە. ڕەخنەگران پێیان وایە ئەم ئیدارەیە، تەواو بێدونیابینییە و ئەم شێوە زۆرلێکردنەیش بەبێ ئامانج تاکە ستراتیژییەتی بووە. ڕۆژی دووشەممە، یەکێک لە گرنگترین ئەو وتارانەی کە وەزیری دەرەوە، مایک پۆمپیۆ، کە تا ئێستا لەسەر ئێران پێشکەشی کردووە و لە یەکەمین کاردانەوەی سیاسی لەوەته‌ی ئەو ڕۆڵەی وەرگرتووە ڕەخنەی توندی لە ئێران گرت و، پلانێکی دەستدرێژیکەرانەیشی بۆ سڕینەوەی ڕژێمە مەزهەبییەکەی ئێران ڕاگەیاند. ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ ستراتیژیی خۆی هەیە و یەکێک لەو ستڕاتیژیانەیش فراوانکردنی خواستەکان و  پاساوهێنانەوەیەتی بۆ بەعەقڵانیکردنی هەڵسەنگاندنەکانی لە بەرامبەر ئێراندا.

کاریگەرترین بەربەستی پۆمپیۆ تێپەڕاندنی ئەو پاڕادایمە بوو کە واشینتۆن بۆ نزیکەی دوو دەیە لە هەمبەر ئێراندا پەیڕەوی دەکرد. لەمێژ بوو سازانێکی تایبەت پێشنیار کرابوو کە بۆ جیاکردنەوەی پرسی ئەتۆمی لە هەموو ناکۆکییەکانی تر و بڕیاردان لەسەری بە خواستی هەموو لایەک، بەگونجاویان دەزانی. کڕۆکی یارمەتی و بابەتەکە لەگەڵ ئەو لۆژیکە ئاوێتە کرابوو کە سەرباری خۆگیڤکردنەوەی حوکمڕانانی ئێران کە ئاوەزمەندانە حوکمڕانی دەکەن، ئەگەر زمانێکی کاریگەر و هێمن و لەسەرخۆیان بەکار بهێنابایە، بێ گومان وەڵامێکی واقعبینیانەی لێ دەکەوتەوە. هیچ کەسێک وەک جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، ئەو بیرۆکەیەی وا بەگەرموگوڕی لە ئەستۆ نەدەگرت، کە پلانڕێژیی بۆ ڕێککەوتنێک کرد و دەرەنجامەکەیشی بۆ هەموو لایەک ڕوون بوو، بەتایبەت بۆ لایەنە کەلەڕەقەکان.

بەردەوامبوونی فریودان و پێویستیی پیاهەڵدان لە لایەن کۆمەڵگەیەکی شیاوەوە، دەکرا بەئاسانی پۆمپیۆ بە سازانەکەی واشینتتۆن ببەستێتەوە. بەڵام لە بری ئەوە، لە وتارە نوێیەکەیدا کێشەکەی وا ناساند: ڕژێمێک کە هێشتا سوورە لەسەر فراوانکردنی قەڵەمڕەوی خۆی، پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکەی و خراپ بەکارهێنانی هاووڵاتییەکانی. هەموو ئەو پرسانە بەیەکەوە گرێدراون، بەتایبەت پارێزەری ئەو بیروباوەڕە تیۆکراسییەی ئێران، کە سەرخستنی شۆڕشەکە و هاوردەکردنێتی بۆ دونیای دەرەوەی خۆی. ئەمە لە دوای ئەوەی کە دەگوترا شۆڕشەکە بەبێ سنوور دەبێت و سنووری نییە. چەکی ئەتۆمی ئامرازێکی پێویست و گرنگ دەبێت بۆ جوداخوازەکانی شۆڕشەکەی ئێران. بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم هەڕەشەیەی ئێران، دەبێت کارنامەیەکی گشتگیر هەبێت. پۆمپیۆ هەنگاوەکانی خۆی چڕ کردەوە بۆ کەمکردنەوەی توانا دارایییەکانی ئێران، ڕێگرتن لە هاوپەیمانە لۆکاڵییەکان و یارمەتیدانی خەڵکی ئێران لە بەردەوامبوونی داواکانیان بۆ ئازادکردنی خۆیان لە ئاخوندە سەرکوتکەرەکان.  

وتارەکەی پۆمپیۆ زیاتر بۆ خەفەتبارکردنی ئەوانە بوو کە خاوەن چەک و تفاقن، بەشێک لە شیکەرەوەکان بڕوایان وا بوو کێشەکان کەمتر پەیوەستە بەلایەنی تەکنیکییەوە و، دەکرێت پشکنین و دڵنیایی تایبەت بۆ پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت. پۆمپیۆ گوتی: "ئێران دەبێت دەست لە پیتاندنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی هەڵبگرێت و هەرگیز بەلایدا نەچێتەوە." ڕەخنەگران ڕەنگە بڵێن ئەمە لێکترازانێکی ناپڕاکتیکی و ناکردارییە لەو کاتە هەستیار و ناسکەی کە ڕێککەوتننەکەی ئێرانی تێدا ئەنجام دراوە. لە ڕاستیدا، وتارەکە پێویست و هاوشان بوو لەگەڵ ئەو پێنج دەیەی بەرەنگاربوونەوەی ڕێساکانی چەکداماڵین کە ئیدارەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی بونەتەوە و تیایدا سەرکەوتوو بوونە.

لە ساڵی ١٩٦٥دا، لیندۆن بی جۆنسن کە سی و شەشەمین سەرۆکی ئەمریکا بووە و ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣ تا ١٩٦٩دا بووە، لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەکە ئەتۆمییەکان ئاگادار دەکرێتەوە و، دەستبەجێ لیژنەیەک به‌ سه‌رۆكایه‌تیی جێگری وەزیری بەرگری، ڕۆسوێڵ گیلپاتریک، پێک دەهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌وریایییه‌وه‌ له‌ کێشەکە بكۆڵدرێته‌وه‌. ڕاپۆرتی لیژنەکەی گیلپاتریک، بووە هۆی بنەمایەکی پتەو بۆ سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە ساڵانی داهاتوودا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پابەند بوو بە حاشاکردن و ڕەتکردنەوەی مەترسیی تەکنەلۆژیی ئەتۆمیی نەتەوەکانی تر، وەک توانای پیتاندنی یۆڕانیۆم و بەرهەمهێنانەوەی. لەو کاتەوە، پێوەرەکان کەم کراونەتەوە و سووک کراون، بەتایبەت کاتێک وڵاتێک ڕێگه‌یەکی تری بەکار دەهێنا؛ کاتێک کە هاوپەیمانەکانی بۆ نموونە وەک ژاپۆن پەرەی بە تواناکان و پڕۆژەکە دەدا بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەم بوارەی بە دۆست و هاوپەیمانەکانی خۆی نەدەدا. کاتێک شای ئێران ویستی تەکنەلۆژییه‌کەی پەرە پێ بدا، ئیدارەی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، جیڕاڵد فۆرد، ڕێگەی نەدا. یەکێک لە کۆمیدیاکانی مێژوو ئەوە بوو، کە جۆن کێری ڕێگەی بە مەلاکانی ئێران دا و، هێنری کیسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتیش داواکەی شای ڕەت کردەوە. ڕێککەوتنەکەی ئێران لە ڕاستیدا ڕێککەوتنێکی لەجێی خۆدا بوو، چونکە یەکەم جار بوو ئەمریکا ڕەزامەند بێت بە پیتاندنی توانا ئەتۆمییەکانی دەوڵەتێکی نەیار و ڕکابەری. لەسەر ئەم بنەمایە پۆمپیۆ ئێستا هاوکێشەکە وەک خۆی لێ دەکاتەوە. ئێران وڵاتێکە تەنیا بۆ مەبەستی پەرەپێدانی چەک و تفاقە ئەتۆمییەکەی یۆڕانیۆم دەپیتێنێت؛ بۆیە دەبێت بوەستێنرێت و چیتر ئەم دەرفەتەی پێ نەدرێت.

ئەوانەی کە باسی جیۆپۆلیتیک و پڕۆژەی ئەتۆمی دەکەن، زۆر جار لەبیریان دەچێت کە قوربانییە سەرەکییەکە ئێرانییەکان خۆیانن. زۆر جاریش بڕیاربەدەستە ڕۆژاوایییەکان سەیری خەباتە بەردەوامەکانی نێو ئێران دەکەن بۆ ئازادی، وەک ئەڵقەیەک لەو ناڕەزایەتییانەی کە مەحاڵە بمرێت و دابمرکێتەوە. لە یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی وتارەکە، پۆمپیۆ وتەیەکی ترامپی دووبارە کردەوە کە دەڵێت: "ئێمە بە هەموو تواناکانمان هاوکاریی خەڵکە قوربانییەکەی ئێران دەکەین. هاووڵاتیانی ئێران باجێکی قوڕسی توندوتیژی و کەلەڕەقیی سەرکردەکانیان دەدەن." خەڵکی ئێران دەمێکە لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی شکۆ و مێژووی وڵاتەکەیانن و، هەوڵی گەڕاندنەوەی کەلتوور و شارستانییەت و هاریکاریکردنی دراوسێکانیان دەدەن. ئێران خاوەن حکوومەتێکی سەقامگیر و پتەو نییە کە خۆیان نەخشەی سیاسیی خۆیان دابڕێژن بەڵکوو ڕژێمێکە ڕەوایەتیی خۆی لەدەست داوە و لەناو گەندەڵیدا خنکاوە و، هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی بۆ خۆی پاوان کردووە؛ ئەمەیش ترسی پارچەپارچەبوونی بۆ ئەو وڵاتە دروست کردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئێستادا پلانێکی بەهێزی بۆ سیاسەتەکانی ئێران هەیە و، ئەو ڕژێمەی کە ئەوەندە مەترسیدارە، ئێرانییەکان جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی لە ڕێگەی ستراتیژێکی گشتگیرەوە، هیچ ڕێگە و بژاردەیەکی تریان نییە بۆی. ئەمەیش لە ڕێگەی خاڵە لاوازەکانی، بەتایبەت بەرزکردنەوەی تێچووی سەرکێشییە دەرەکییەکانی، وشکردنی ئابوورییەکەی و زیادکردنی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و، لە هەموویشی گرنگتر ویلایەتە یەکگرتووەکان، پێویستە ڕێگه‌یەک بۆ تێکەڵبوون و نزیکبوونەوە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بدۆزێتەوە، کە بوونەتە سەرئێشە و دێوەزەمەیەک بۆ ئایەتوڵڵاکانی ئێران. واشینتۆن چیتر پێویست ناکات لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە هەوڵی چارەسەکردنی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بدات، کە بۆ ئێران ڕێگەخۆشکەر بووە، نەک سنووردارکردن و کۆتاییهێنان بە خواست و بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئەمریکا پێویست ناکات بە دوای هاوپەیمانەکانی بگەڕێت بۆ هاوبەشبوون و هاوەڵیکردنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرامبەر ئێراندا، هەروەک باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە ئەنجامی دا، بەڵکوو دەبێت هاوبەش بن بۆ تێكشکاندنی ئاخوندەکان و سیستمە مەزهەبییەکەی ئەو وڵاتە. لە هەموویشی گرنگتر، ئەمریکا نابێت هەرگیز ئەوە لەبیر بکات کە پێویستترین و گرنگترین دۆستی لە ناوچەکە خودی خەڵکی ئێران خۆیەتی.

ڕۆژی دووشەممە، پۆمپیۆ ستراتیژێکی کاریگەری ڕاگەیاند کە بەدڵنیایییەوە لە چوارچێوەیەی بوار و بابەتەکەدا ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە. هەموو ڕێککەوتننەکانی تایبەت بە چەکداماڵین گرووپێک بۆ خۆی ڕادەکێشی و، ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش لایەنگری بەهێزی خۆی لە ناوخۆی ئەمریکادا هەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە پاڵپشتی کەلەپوورە سیاسییەکەی ئۆباما بوون لە سیاسەتی دەرەوەدا کە زیاتر هەوڵیان بۆ بەرگریکردن دەدا. هەندێک لەناو دامودەزگه‌ی بیرۆکراسیدا بەرگری لەو ڕێگه‌ و شێوازەی ئۆباما دەکەن و، ئیدارەکەیش لاوازە بە هۆی نەبوونی بەربژێرێکی سیاسیی گونجاوەوە بۆ جێبەجێکردنی سیسته‌مەکە بەناوی وەزیری دەرەوە. هەموو ئەو بەربەستە گوماناوییانە، هەوڵ دەدەن ئیدارەکە پاڵ بنێن و لە ڕێچکە و بەرنامە داڕێژراوەکەی دووری بخەنەوە. لە ئێستادا هەڕەشەکە بۆ پۆمپیۆ، جێبەجێکردنی ئەو کارنامە و مەبەستەیە کە خۆی بەوریایییەوە نەخشەی بۆ کێشاوە.

 

سەرچاوە:

https://foreignpolicy.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples