ترامپ، ئه‌وروپا و ئێران

2018-06-06

ترامپ، ئه‌وروپا و ئێران

 

د. جۆرج تزوگۆپۆلۆس*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

كاتێ كه‌ سه‌رۆكى ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا، دۆنالد ترامپ، پلانى كارى هاوبه‌ش و هه‌مه‌لايه‌نه‌ (JCPOA)ى له‌ ئوكتۆبه‌رى 2017دا پشتڕاست نه‌كرده‌وه‌، يه‌كێتيى ئه‌وروپا (EU) پێى وا بوو كه‌ گرفتێكى "چاره‌سه‌ركراو" به‌بێ هۆيه‌كى ڕاسته‌قينه‌ هاته‌وه‌ نێو ئه‌جێندا و، بگره‌ هه‌ر له‌جێوه‌ به‌ياننامه‌يه‌كى ده‌ركرد و JCPOAى به‌ "توخمێكى بنه‌ڕه‌تيى بنيادى جيهانيى بڵاونه‌بوونه‌وه‌ى نوكليارى و گرنگ بۆ ئاسایشی ناوچه‌كه‌" له‌ قه‌ڵه‌م دا و، هانى ئه‌مريكاى دا ده‌ست به‌ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌وه‌‌ بگرێ.

له‌ ڕوانگه‌يه‌كى ئه‌وروپييانه‌وه‌، وێڕاى ئه‌و پرسانه‌ى كه‌ سه‌روكاريان له‌گه‌ڵ مووشه‌كه‌ باليستيكييه‌كانى ئێران و توندبوونى گرژييه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌يه‌ و جێگه‌ى نيگه‌رانين، لێ ئه‌و پرسانه‌ ده‌بێ له‌ "ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى JCPOA"دا مامه‌ڵه‌يان له‌ته‌كدا بكرێ و بدرێنه‌ به‌ر باس. له‌ كانوونى دووه‌مى 2018دا، پاش گوتارێكى ديكه‌ى ترامپ له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا دوا ئاگادار كردنه‌وه‌ بوو بۆ ئه‌وروپييه‌كان كه‌ به‌ ڕێبازى خۆياندا بچنه‌وه‌، نوێنه‌رى باڵاى يه‌كێتيى ئه‌وروپا، فيدريكا مۆگرينى گوتى: "ڕێككه‌وتنه‌كه‌، ڕێككه‌وتنێكى سه‌ركه‌وتووانه‌يه‌؛ ئامانجه‌ سه‌ره‌كييه‌كه‌ى خۆى ده‌پێكێ، واته‌ ڕێككه‌وتننامه‌ نوكليارييه‌كه‌، ئێرانى خستووه‌ته‌ ژێر پشكنين و چاودێرييه‌كى ورده‌وه‌."

بڕياره‌كه‌ى ترامپ له‌ 8ى ئايارى 2018دا به‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌ ڕێككه‌وتنێكى "ناپه‌سند" له‌گه‌ڵ ئێراندا، "داخ و په‌ژاره‌" و "نيگه‌رانى"ى ئه‌ڵمانيا، فه‌ڕه‌نسا و بريتانياى لێ كه‌وته‌وه‌.  ئه‌م سێ وڵاته‌ و يه‌كێتيى ئه‌وروپا به‌گشتى، له‌ هه‌وڵى ئه‌ودان كه‌ بنياده‌كانى JCPOA وه‌كوو خۆيان، به‌بێ ده‌سكاريكردن، بمێننه‌وه‌.

له‌ 15ى ئاياردا، مۆگرينى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى هه‌ر يه‌ك له‌ فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانيا و بريتانيا و ئێران بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ى ئايینده‌ى ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ كۆ بووه‌وه‌ و، ئه‌وانه‌ پێيان وايه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕاى سه‌ختى و دژواريى ئه‌و ئه‌ركه‌، ده‌كرێ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ وه‌كوو خۆى بمێنێته‌وه‌. فیدريكا سه‌ركردايه‌تیى ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌كا كه‌ ده‌يه‌وێ ميكانيزم و ڕێوشوێنێكى ته‌واوكارى له‌ هه‌ر دوو ئاستى يه‌كێتيى ئه‌وروپا و نيشتمانى دابندرێ بۆ پاراستنى كارگوزاره‌ ئابوورييه‌كانى ده‌وڵه‌تانى ئه‌ندام.

پاش مۆركردنى JCPOA له‌ ته‌مووزى 2015دا، بازرگانى و وه‌به‌رهێنانى ئه‌وروپى له‌ ئێران، خێرا و بله‌ز به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووه‌. له‌ كانوونى يه‌كه‌مى 2015دا، "ئێرباس"ى فه‌ڕه‌نسى، كه‌ له‌ بوارى فه‌زا و فڕۆكه‌وانيدا پێشه‌نگه‌، گرێبه‌ستێكى له‌گه‌ڵ كۆمپانياى فڕۆكه‌وانيى ئێرانيدا بۆ پێفرۆشتنى 100 فڕۆكه‌ مۆر كرد. له‌ ته‌مووزى 2017دا، كۆمپانياى زه‌به‌لاحى تۆتاڵ و كۆمپانياى نه‌وتى ئێرانى (NIOC) ڕێك كه‌وتن كه‌ له‌ بوارى په‌ره‌پێدان و به‌رهه‌مهێنانى قۆناغى دووەمی خوارووى پارس، كه‌ گه‌وره‌ترين چاڵه‌گازه‌ له‌ جيهاندا، هاريكاريى يه‌كتر بكه‌ن. له‌ ئابى 2017دا، گرووپى ئۆتۆمبێله‌كانى ڤۆلكسواگن، پاش 17 ساڵ دابڕان، گه‌ڕانه‌وه‌ بازاڕى ئێران و ده‌ستيان به‌ فرۆشتنى ئۆتۆمبێل كرده‌وه‌. له‌ ته‌مووزى 2017دا، كۆمپانياى ئيتاڵيى هێڵى ئاسنين(Ferrovie dello Stato)  له‌گه‌ڵ هێڵى ئاسنينى ئێرانيدا گرێبه‌ستێكيان بۆ ڕاكێشانى هێڵێكى خێرا له ‌نێوان "قوم" و "ئه‌راك"دا مۆر كرد. به‌ قسه‌ى هه‌واڵێكى ڕۆيته‌ر له‌ ئه‌يلوولى 2017دا، كۆمپانياى سنووردارى وزه‌ى نوێبووه‌وه‌ كه‌ باره‌گاكه‌ى له‌ له‌نده‌نه‌، به‌ته‌مايه‌ نيو بليۆن يۆرۆ له‌ پرۆژه‌ى وزه‌ى خۆره‌تاو له‌ ئێران به‌گه‌ڕ بخات.

مرۆ له‌ پێگيريى كۆمپانيا ئه‌وروپييه‌كان بۆ گه‌يشتن به‌ بازاڕگه‌لێكى نوێ ده‌گا، به‌تايبه‌تى ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ى نه‌شونماى كز و لاوازى ئابووربييه‌وه‌ چاو له‌و پێداگرتنه‌ بكا. بۆ هێنانه‌دیى ئه‌و ئامانجه‌، كۆمپانياكان، حكوومه‌ته‌كانى خۆيان هان ده‌ده‌ن كه‌ كه‌ناڵى به‌هێز وه‌ك ژوورى بازرگانى و نوێنه‌رايه‌تيى ديكه‌ى بازرگانى له‌ ئێران بكه‌نه‌وه‌. حكوومه‌ته‌ پێوه‌ندداره‌كانيش له‌به‌ر خاترى قازانج و سوودى كاتيى ئابوورى و بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشتيوانيى كه‌رتى پيشه‌سازى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ نيشتمانييه‌كاندا، ڕيسك و مه‌ترسييه‌ ئه‌وله‌كارى و ئاسایشييه‌كان به‌هه‌ند وه‌رناگرن.

لايه‌نى براوه‌ى ئه‌م پرۆسه‌يه‌ له‌ مه‌وداى دووردا تارانه‌، چونكه‌ تاران تينوتاوى بزنسى ئه‌وروپى به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانێ كه‌ خۆى وه‌كوو موخاته‌بێكى خواسايیى نێوده‌وڵه‌تى بخاته‌ ڕوو- ئه‌گه‌ر نه‌یشيه‌وێ ڕه‌وايى به‌ پێگه‌ى خۆى وه‌ك هێزێكى خواسايیى نوكليارى بدا- و ئه‌جێنداى جيۆپۆلیتيكانه‌ى خۆى له‌ ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بباته‌ پێشه‌وه‌. به‌ چاوپۆشين له‌ ئه‌گه‌رى گۆڕانكاريى ناوچه‌كه‌ كه‌ ئێران ئامانجه‌ هێژموونييه‌كانى خۆى تێدا به‌دی بهێنێ، يه‌كێتيى ئه‌وروپا بڕياره‌ سه‌خته‌كانى له‌ بوارى سياسه‌تى ده‌ره‌كيدا دوا ده‌خا. پاشان، ميلى كاتژمێر بۆ دواوه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌.

زۆربه‌ى چاودێران‌، ناته‌بايیى ئه‌مريكا- يه‌كێتيى ئه‌وروپا له‌سه‌ر پلانى كارى هاوبه‌ش و هه‌مه‌لايه‌نه‌ (JCPOA) ده‌خه‌نه‌ نێو پێڤاژۆى گشتيى خراپبوونى پێوه‌ندييه‌كانى ئه‌مديو و ئه‌وديوى ئه‌تله‌نتى له ‌دواى هه‌ڵبژاردنى دۆنالد ترامپه‌وه‌. ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكليارى، تاكه‌ نموونه‌ى ئه‌و خراپبوونه‌ى پێوه‌ندييه‌كان نييه‌. گوشارى ترامپ بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپى و ئه‌ندامانی ناتۆ كه‌ بوودجه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگريى وڵاته‌كانيان زێده‌ بكه‌ن، كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى پاريس بۆ كه‌شوهه‌وا و هه‌ڵويستى بێباكانه‌ و نه‌گونجاوى ئه‌مريكا له‌ پرۆژه‌ى ئينتيگراسيۆنى ئه‌وروپى، هه‌ر هه‌موويان به‌شدارييان له‌و دژايه‌تييه‌ى نێوان ئه‌مريكا- يه‌كێتيى ئه‌وروپادا كردووه‌.

به‌ هه‌ر حاڵ، هه‌ڵوێستى توندى ترامپ له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌، ده‌رفه‌تێكى باشى دا به‌ يه‌كێتيى ئه‌وروپا، كه‌ دوورتر له‌ پێوه‌ندييه‌كانى ئه‌مديو و ئه‌وديوى ئه‌تله‌نتى بڕوانێ و ددان به‌ نيگه‌رانييه‌ ئاسایشييه‌كانى ئيسڕائيل و عه‌ره‌بى سوننه‌دا بهێنێ. له‌ ديبه‌يتێكى سه‌نته‌رى بيگن- سادات له‌ نۆڤه‌مبه‌رى 2017دا كه‌ پاش JCPOA چ ڕوو ده‌دا؟ قامك بۆ ئه‌و خاڵه‌ ڕاكێشرا كه‌ وێڕاى چاره‌نووسى كۆتایيى ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌يه‌، لێره‌ به‌دواوه‌ ده‌كرێ ئاسانتر كه‌موكورتييه‌كانى ئه‌و سه‌ودايه‌ بخرێنه‌ ڕوو. ڕاستییه‌كه‌ی ئێستاكه‌ ئه‌وه‌ وا ڕوو ده‌دا. فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانيا و بريتانيا هه‌ندێ هه‌نگاوى سه‌ره‌تايى‌ بۆ ڕادده‌دانان بۆ نفووزى ئێرانى ده‌هاوێژن، هه‌رچه‌ند له‌گه‌ڵ سياسه‌تى ترامپيشدا له‌باره‌ى ئێرانه‌وه ته‌با نه‌بن‌.

له‌ پاش كانوونى دووه‌م، ئه‌مريكا و يه‌كێتيى ئه‌وروپا كه‌وتنه‌ گفتوگۆى ديپلۆماتى كه‌ سزاى نوێ و بڕگه‌ى ديكه‌ بۆ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ زێده‌ بكه‌ن. ئه‌و گفتوگۆيانه‌ ڕێگه‌يان له‌ ترامپ نه‌گرت كه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بكشێته‌وه‌، لێ يه‌كێتيى ئه‌وروپا خۆى وا نيشان دا كه‌ لێ ناگه‌ڕێ چيديكه‌ تاران هێژموون په‌يدا بكا. دوا به ‌دواى كۆبوونه‌وه‌ى به‌رلين له ‌نێوان ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانى، ئه‌نگێلا مێركل و، سه‌رۆكوه‌زيرانى بريتانيا، تێريزا مه‌ى، له‌ شوباتى ڕابردوودا، ئه‌و دووانه‌ ئاماده‌يیى خۆيان ده‌ربڕى كه‌ ڕێوشوێنى گونجاو و له‌بارى ديكه ده‌گرنه ‌به‌ر‌ بۆ  به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و پرسانه‌ى پێوه‌ندييان به‌ "چالاكيى تێكده‌رانه‌ى ئێران هه‌يه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا".

هه‌ر به‌ هه‌مان نه‌زم و ئاواز، له‌ ديمانه‌يه‌كى فۆكس نيوزدا، پێش سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ ئه‌مريكا و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوشانه‌ ئه‌مريكييه‌كه‌يدا، سه‌رۆككۆمارى فه‌ڕه‌نسا، ئيمانوێل ماكرۆن گوتى: "ئه‌و له‌ ڕه‌وش و سه‌روكار له‌گه‌ڵ ئێراندا ڕازى نييه‌" و، "ده‌يه‌وێ به‌ره‌نگارى مووشه‌كه‌ باليستيكييه‌كان ببێته‌وه ‌و ئيحتيواى نفووزى ئێرانى له‌ ناوچه‌كه‌دا بكا." ڕيچارد گۆلدبێرگ له‌ "پۆله‌تيكۆ" ده‌نووسێ و ده‌ڵێ كه‌ كاربه‌ده‌ستانى فه‌ڕه‌نسا به‌تايبه‌تى ددان به‌ كه‌موكورتييه‌كانى ڕێككه‌وتننامه‌كه‌دا ده‌نێن: مووشه‌كه‌كان، پرۆسه‌كانى پشكنين، نزيكبوونه‌وه‌ له‌ واده‌ى به‌سه‌رچوونى ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ و بێبه‌هايیى ئابوورى له ‌به‌رانبه‌ر په‌لهاوێشتنى ناوچه‌يیى ئێراندا. ته‌نانه‌ت له‌ به‌ياننامه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى تێريزا مه‌ى و مێركل و ماكرۆندا‌ دوا به ‌دواى كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا ئاماژه‌ بۆ نيگه‌رانييه‌كانى ئه‌و سێييانه‌ كراوه‌ له‌باره‌ى "پرۆگرامى مووشه‌كه‌كانى ئێران و چالاكیى تێكده‌رانه‌ى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌تايبه‌تى له‌ سووريا، عێراق و يه‌مه‌ندا."

له ‌كاتى نووسينى ئه‌م وتاره‌دا، ورده‌كاريى ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ى كه‌ به‌تايبه‌تى له ‌لايه‌ن فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانيا و بريتانياوه‌ پێشنيار كراون، ته‌نيا پشت به‌و وتارانه‌ ده‌به‌ستێ كه‌ له‌ ئاژانسه‌كانى هه‌واڵدا بڵاو كراونه‌ته‌وه‌. له‌ ئاداردا، بۆ نموونه‌ ڕۆيته‌ر دۆكيومێنتێكى پيشان ده‌دا كه‌ ليستێكى به‌ ناوى ئه‌و كه‌سايه‌تى و قه‌واره‌ ئێرانييانه‌ تێدايه،‌ كه‌ ده‌بێ بكرێنه‌ نيشان و ئارمانج. له ‌ته‌ك نه‌بوونى زانيارى، كێشه‌يه‌كى ديكه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌ندامانى ديكه‌ى يه‌كێتيى ئه‌وروپا ده‌بێ به‌و پێشنيارانه‌ ڕازى ببن تا به‌كرده‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێن. وڵاتانێكى وه‌ك ئيتاڵيا له‌وه‌ به‌گومانن و، يه‌كێتيى ئه‌وروپا خۆى تۆمارێكى به‌هێزى يه‌كگرتووى نييه‌. به‌ هه‌ر حاڵ وێڕاى تووڕه‌بوونى ئه‌وروپا له‌ بڕيارى كشانه‌وه‌ى واشنتۆن له‌ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌، يه‌كێتيى ئه‌وروپا به‌ده‌گمه‌ن وه‌ڵامى سزا له‌گينه‌كانى ئه‌مريكا ده‌داته‌وه‌. وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا، هيكۆ ماس، بۆ نموونه‌، پێی وايه‌ زه‌حمه‌ته‌ وڵاته‌كه‌ى بتوانێ بێزنسه‌كانى خۆى بپارێزى. ئه‌وه‌یش هيچ ڕێگه‌يه‌كى له‌ به‌رده‌م يه‌كێتيى ئه‌وروپادا نه‌هێشتۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ ده‌بێ له‌ مه‌وداى كورت و مامناوه‌ندا جه‌خت له‌سه‌ر پرسه‌كانى ئاسايش بكاته‌وه‌.

ئێسته‌ هه‌ستياريى ئيسڕائيل ڕۆڵێك له‌ شكڵگرتن و پێكهاتنى سياسه‌تى ده‌ره‌كيى ئه‌وروپيدا ده‌گێڕێ. سياسه‌توانان، ئه‌كاديمييه‌كان، ڕۆژنامه‌نووسان و لێكۆڵه‌رانى ئيسڕائيلى چه‌ند ساڵێكه‌ هوشدارى له‌باره‌ى ئه‌و ڕيسك و مه‌ترسييانه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌ خه‌ون و ئامانجى هێژموونگه‌رايیى كۆمارى ئيسلامى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. ده‌نگى ئه‌وانه‌ له‌ زۆربه‌ى پايته‌خته‌كانى ئه‌وروپا نه‌ده‌بيسترا، چونكه‌ ئه‌وان له‌به‌ر ساتوسه‌وداى بێزنس له‌گه‌ڵ تاراندا، زه‌ينيان په‌رتوبڵاو ببوو. ئێسته‌ خه‌ريكه‌ ئه‌وه‌ ده‌گۆڕێ و، ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چاكه‌ و سايه‌ى ترامپ.

 

سەرچاوە:

https://besacenter.org

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples