ئایا نه‌خشه‌ڕێگه‌ى ئه‌مريكا- توركيا له‌ سووريا كاردانه‌وه‌ى كوردى لێ ناكه‌وێته‌وه‌؟

2018-06-07

ئایا نه‌خشه‌ڕێگه‌ى ئه‌مريكا- توركيا له‌ سووريا كاردانه‌وه‌ى كوردى لێ ناكه‌وێته‌وه‌؟

 

جاك داتش، 4ى حوزه‌يران 2018

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

به‌ ڕێككه‌وتنى ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا و توركيا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگه‌يه‌ك بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌يه‌كى درێژخايه‌ن له‌ باژێرۆكه‌ى "منبج"ى سوورى كه‌ شه‌ڕه‌ده‌ندووكه‌ى له‌سه‌ره‌، كارناسان ده‌ڵێن كه‌ له‌وانه‌يه‌ گرووپگه‌له‌ كورده‌كانى پشتئه‌ستوور به‌ پێنتاگۆن، بكه‌ونه‌ نێو ته‌له‌زگه‌يه‌كه‌وه‌.

دوا به‌ دواى كۆبوونه‌وه‌ى نێوان وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا، مايك پۆمپيۆ و، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، مه‌ولوود چاوشئۆغلو له‌ واشنتۆن، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ به‌ياننامه‌يه‌كى هاوبه‌شى ده‌ركرد كه‌ هه‌ر دوو لا پلانيان بۆ "هه‌ڵێنانه‌وه‌ى هه‌نگاوگه‌لێك بۆ دابينكردنى ئاسایش و سه‌قامگيرى" له‌ شارۆچكه‌ى منبج داناوه‌ كه‌ سه‌روه‌ختێك سه‌نگه‌ر و قه‌ڵاى داعش بوو له ڕۆژاواى ڕوووبارى فورات. به‌ياننامه‌كه‌ ورده‌كاريى زێتر ناخاته‌ ڕوو، لێ گوته‌بێژێكى حكوومه‌تى توركيا گوتى كۆبوو‌نه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ڕێككه‌وتنێكى تێدا كراوه‌ له‌باره‌ى خشته‌يه‌كى كات بۆ كشانه‌وه‌ى كورده‌ هاوپه‌يمانه‌كانى ئه‌مريكا له‌ منبج؛ واته‌ خاڵێكى ئاڵۆزوپاڵۆز كه‌ پێوه‌ندييه‌كانى توركياى له‌گه‌ڵ واشنتۆندا گرژ كردبوو.

جيم جيفرى، باڵیۆزى پێشووى ئه‌مريكا له‌ توركيا، به‌ ئه‌لمۆنيتۆرى ڕاگه‌ياند ئه‌و سه‌ودايه‌ ده‌خوازێ كاديره‌كانى پارتى يه‌كێتيى ديموكراتى (PYD) له‌ ماوه‌ى 90 ڕۆژدا له‌وێ بكشێنه‌وه‌. له‌نێو خاڵه‌ ئاڵۆزوپاڵۆزه‌كاندا، هه‌ندێ پرسى وه‌ك: چۆن خه‌ڵكى خۆجێى منبج ئاسایشی ناوچه‌كه‌ى خۆيان ده‌پارێزن و داخوا ده‌رفه‌ت به‌ هه‌وادارانى په‌يه‌ده‌ ده‌درێ له‌وێ بمێننه‌وه‌ يان نا؟ جيفرى دەڵێت: "گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئێمه‌ نازانين هه‌ڵوێستى په‌يه‌ده‌ چى ده‌بێ،" و "له ‌ڕاستيیشدا فه‌رمانده‌ مه‌يدانييه‌كانى ئه‌مريكا په‌يه‌ده‌يان خۆش ده‌وێت."

پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌، چاوشئۆغلو به‌ هه‌واڵنێرانى ڕاگه‌ياند كه‌ ئامانجى نه‌خشه‌ڕێگه‌كه‌ بريتييه‌ له‌ "پاككردنه‌وه‌ى منبج له‌ هه‌موو ڕێكخراوه‌ تيرۆريسته‌كان و به‌رقه‌راركردنى ئاسایش و سه‌قامگيريى هه‌ميشه‌يى‌." يه‌كه‌مين هه‌نگاو، به‌ قسه‌ى ئه‌و، ده‌ستنيشانكردنى "چوارچێوه‌گه‌لێكه‌ بۆ پلانه‌ هاوبه‌شه‌كانى لابردن و نه‌هێشتنى" باڵى سه‌ربازيى په‌يه‌ده‌، يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (YPG)، له‌ منبج كه‌ هاوپه‌يمانێكى بنه‌ڕه‌تيى ئه‌مريكايه‌ دژى داعش و، ئانكارا‌یش به‌ گرووپێكى تيرۆريستیى ده‌زانێ.

له‌و ده‌مه‌ى كه‌ جێگرى سه‌رۆككۆمارى ئه‌مريكا، جۆ بايد‌ن له‌ 2016دا داواى له‌ چه‌كداره‌كانى كورد كرد كه‌ پاش تێكشكاندنى داعش منبج به‌جێ بهێڵن، گوتار و هه‌ڵوێستى توركى توندتر بووه‌. له‌ 2017دا، هێزه‌كانى سه‌ر به‌ توركيا، به‌رده‌وام ته‌قه‌يان له‌ كاروانى ئه‌مريكا له‌ منبج كردووه‌ كه‌ ده‌وروبه‌رى 2000 سه‌ربازێكى ئه‌مريكیى لێيه ‌و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى كورد و عه‌ره‌بدا ده‌سووڕێنه‌وه‌.

ئه‌وه‌ى زێتر كێشه‌كه‌ى ئاڵۆزوپاڵۆزتر كردووه‌، ئه‌م شارۆچكه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌، زێدى هه‌ندێ يه‌كه‌ى هه‌ره‌ جه‌ربه‌زه‌ى سه‌ر به‌ هێزه‌كانى سوورياى ديموكراته‌ (SDF) كه‌ ئه‌مريكا پشتيوانييان لێ ده‌كا و YPG و يه‌كينه‌ى عه‌ره‌بييان تێدايه‌. له‌نێو ئه‌و يه‌كانه‌دا، ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازيى منبجه‌، كه‌ گرووپێكه‌ پێڕه‌وى له‌ ئايديۆلۆژیى سه‌ركرده‌ى به‌ندكراوى كورد، عه‌بدوڵڵا ئۆجالان ده‌كا و، عه‌ره‌به‌كان سه‌ركردايه‌تیى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌كه‌ن. نيك هيراس كه‌ هاوكارێكىMiddle East Security program ى Center for New American Securityە، دەڵێت: "توركه‌كان هه‌رگيز نايانه‌وێ ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازيى منبج به‌هێز ببێ و ده‌ستى بڕوا."

لێ پێنتاگۆن هێشتا كێشه‌ى متمانه‌ى له‌گه‌ڵ توركيادا هه‌بووه‌ و هه‌يه‌؛ به‌شێكى ئه‌مه‌یش بۆ داخ و دڕدۆنگيى به‌رده‌وامى ئه‌مريكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئانكارا‌ زۆر له‌سه‌ره‌خۆ ڕێگه‌ى پێ دا‌ بنكه‌ى ئه‌نجه‌رليك بۆ هه‌ڵمه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش له‌ 2015دا به‌كار بهێنێ. وێڕاى كه‌ توركيا چه‌ند جارێ به‌ڵێنى دا‌ هێز بۆ شه‌ڕى گرتنه‌وه‌ى پايته‌ختى پێشووى داعش، ڕه‌ققه‌ ساز و ئاماده‌ ده‌كا، لێ وه‌ك كاربه‌ده‌ستانى ئه‌مريكا ده‌ڵێن ئانكارا‌ نه‌يتوانى هێزيكى ته‌واو بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ كۆ بكاته‌وه‌؛ ئه‌مه‌ به‌ قسه‌ى ڕاپۆرتێكى ئه‌نجومه‌نى ئه‌تله‌نتى كه‌ سه‌نته‌رێكى لێكۆڵينه‌وه‌يه‌ له‌ واشنتۆن.

ئێسته‌ هێزه‌كانى فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ئه‌مريكا پێكه‌وه‌ له‌ منبج ده‌سووڕێنه‌وه‌ و، پێده‌چێ كاربگێڕيى دۆناڵد ترامپ سه‌يرى توركيا وه‌ك به‌شێكى گرووپێكى به‌رفره‌ترى سه‌ربازيى ناتۆ بكا كه‌ ته‌ناهى و ئاسايشى ئه‌و ناوچانه‌ى سه‌رده‌مێك به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بوون دابين بكا؛ كارناسان وا ده‌ڵێن.

تيمه‌كه‌ى ترامپ ده‌يه‌وێ ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ك له‌گه‌ڵ توركيادا بكا كه‌ "پاڵ به‌ هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات بۆ خوار ڕووبارى فوراته‌وه‌ نه‌نێ، به‌ڵام زۆنێكى گه‌وره‌تر بۆ ناتۆ له‌ باكوورى سووريادا پێك بهێنێ،" هاريس وا ده‌ڵێ و، له‌وه‌یش زێتر "يه‌كه‌مين نيشانيش له‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌يه‌، ده‌بێ ڕێوشوێنێكى كاركردن بێ."

به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى ئه‌مڕۆى نيويۆرك تايمز كه‌ جه‌نه‌راڵ تۆنى تۆماس، فه‌رمانده‌ى ئۆپه‌راسيۆنه‌ تايبه‌تييه‌كانى ئه‌مريكا، له ‌لايه‌ن وه‌زيرى به‌رگرى، جێمس ماتيس و، جه‌نه‌راڵى مارينزى ئه‌مريكى، جۆزيف دۆنفۆرد، سه‌رۆكى ئه‌ركانى سوپاوه‌، گوشارى ده‌خرێته‌ سه‌ر كه‌ هێزه‌ ده‌سته‌بژێره‌كانى ئه‌مريكا بگوازێته‌وه‌ ئه‌وروپا بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى ڕووسيا. له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌، تۆماس داواى كرد كه‌ هێزى ديكه‌ى ئه‌مريكى بۆ منبج بنێردرێ، پاش ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى توركيا له‌ مانگى ئاداردا چه‌كداره‌ كورده‌كانيان له‌ عه‌فرين ڕادا.

له‌ مانگى ئاداردا، جه‌نه‌راڵ تۆماس به‌ خه‌ڵكێكى "وێست پۆينت"ى ڕاگه‌ياند كه‌ "چه‌ند ليتوانت (پله‌يه‌كى سه‌ربازی‌)یان بۆ ناردم... ‌ له‌وانه‌يه‌ به‌ره‌و ناوچه‌يه‌كى بچوكى باكوور كه‌ "منبج"ى پێ ده‌ڵێن هه‌ڵكشێين، تا ڕێگه‌ نه‌ده‌ين توركه‌كان بێنه‌ ناو منبجه‌وه" و "توركه‌كان كه‌يفيان به‌و كوردانه‌ى ئێمه‌ سه‌روكارێكمان له‌گه‌ڵياندا هه‌يه‌، نايێ- ده‌يانه‌وێ ئه‌و كارانه‌ى ئێمه‌ له‌وێ ئه‌نجاممان داوه‌ تێ ببه‌ن و، له‌وه‌یش ئاڵۆزتر ئه‌وه‌يه‌، توركه‌كان هاوپه‌يمانێكى ناتۆن." ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ماتيسيش جه‌ختى سه‌بازى له‌ جه‌نگى تيرۆره‌وه‌ له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بگوازێته‌وه‌ بۆ نه‌يار و ناحه‌زه‌ تازه‌ سه‌هه‌ڵداوه‌كانى وه‌ك چين و ڕووسيا، كارناسان ده‌ڵێن كورده‌كان پێويستيان به‌ گه‌ره‌نتييه‌ ئاسایشييه‌كانى ئه‌مريكا ده‌بێ، ته‌باى ناوچه‌ى دژه‌فڕين له‌ ناوچه‌ كوردنشينه‌كانى عێراق له‌ نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا.

ئێمه‌ ديسان پێويستمان به‌ ئۆپه‌راسيۆنێكى چاودێريى باكوور هه‌يه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌رى ئه‌وه‌ بكا كه‌ كه‌س هێزى هه‌وايى به‌كار نه‌هێنێ بۆ "ڕاوه‌دوونانى كوردان لهڕۆژهه‌ڵاتى فوراتدا،" جيفرى وا ده‌ڵێ كه‌ ئێستاكه‌ له‌گه‌ڵ ئينيستيتۆى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا كار ده‌كا. ئه‌م ئينيستيتۆيه‌ سه‌نته‌رێكى لێكۆڵێنه‌وه‌يه‌ له‌ واشنتۆن.

 

سەرچاوە:

http://www.al-monitor.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples