فياسكۆى گرووپى 7

2018-06-20

فياسكۆى گرووپى 7

كاتى هاتووه‌ دۆناڵد ترامپ گۆشه‌گير بكرێ

 

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

جارێكی تر كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌ى گرووپى-7 [ئه‌مريكا، كه‌نه‌دا، بر‌يتانيا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانيا، ئيتاڵيا، ژاپۆن- ئاسۆ] ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكى ويلايه‌‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا، دۆناڵد ترامپ، سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ خراتر له‌ دژمنان له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانه‌كانى ئه‌مريكادا بجووڵێته‌وه‌. ده‌بێ ئه‌وروپا ئه‌نجام له‌و مامه‌ڵه‌يه‌ به‌ده‌ست بهێنێ و له‌ بوارى نێوده‌وڵه‌تيدا هه‌وڵى ته‌ريكخستنه‌وه‌ى ترامپ بدا.

ڕۆلاند نيليس

11ی حوزه‌يرانی 2018

نه‌مانى ڕۆژاوا. كۆتايیى سيسته‌مى جيهانيى دواى جه‌نگ. ده‌سپێكى سه‌رده‌مێكى نوێ. زۆر ئيدعاى به‌رچاو له‌م بواره‌دا هه‌ن كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌رۆكى ئه‌مريكا به‌وردى چیى گه‌ره‌كه‌. گشت ئه‌و ئيدعايانه‌ له‌ يه‌ك كاتدا، هه‌م ڕاست و هه‌م ناڕاستن.

كاره‌ساتى له‌ناكاوى نێو گرووپى-7 به‌ڕوونى نيشانى ده‌دا كه‌ گرفتى ڕاسته‌قينه‌ له‌گه‌ڵ سياسه‌ته‌كانى دۆناڵد ترامپدا، ترامپ  خۆيه‌تى. هيچ نيزام و مه‌نتقێك له‌ كار و كرده‌كانى ترامپدا نييه‌ بێ له‌ حه‌ز و ئاره‌زووى ئه‌و كابرايه‌ به‌ بوون به‌ كه‌سێكى هه‌ره‌ له‌پێش، هه‌ره‌ گرنگ، هه‌ره‌ مه‌زن. داڕووخانى ڕۆژاوا و تێكدانى هاوپه‌يمانێتييه‌كان كه‌ ده‌يان ساڵه‌ ده‌ستيان پێوه‌ ‌گيراوه‌، ته‌نيا شونه‌وارى به‌لاوه‌ى گه‌شته‌ بێپێشينه‌كانى ئيگۆ-من-ى ترامپ-ن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌ى گرووپى 7دا، ترامپ وه‌ك دوژمن و نه‌يار مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ دۆسته‌ له‌مێژينه‌كانى ئه‌مريكادا كرد. له‌ هه‌مان كاتدا، كلكه‌سۆتێ بۆ سه‌رۆكى ڕووسيا "ڤلاديمير پووتين" ده‌كا و، به‌ ديكتاتۆره‌كانى وه‌ك "كيم يۆنگ ئون"ى كۆرياى باكوور ده‌ڵێ "زۆر به‌ڕێز و پڕ گرينگ". ترامپ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خۆى له‌و پياوانه‌دا ده‌بينێ و چیى حه‌ز لێ بێ ئه‌وه‌ ده‌كا. ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ شه‌ريك و هاوبه‌شاندا، ڕێسا و بنه‌ماكانى نيزامى نێوده‌وڵه‌تى: له‌گه‌ڵ ترامپدا بێمفا و بێسوودن.

ترامپ ده‌يه‌وێ كۆنترۆڵى هه‌موو شتێ بكا و، نايه‌وێ كه‌س قسه‌ له‌ قسه‌ى ئه‌و بكا. ئه‌و هه‌ميشه‌ ده‌يه‌وێ قسه‌ى يه‌كه‌م و قسه‌ى دوايى، هه‌ر هى ئه‌و بێ. له ‌ڕاستيدا، سه‌ير نييه‌ كه‌ هه‌وڵ بدا ئه‌جێنداى خۆى به‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌دا (له‌باره‌ى كێشه‌ و گرفتى بازرگانى و ڕووسياوه‌) بسه‌پێنێ. [1] ئه‌و تويته‌ى پاش ده‌رچوون له‌ كه‌نه‌دا له‌نێو فڕۆكه‌كه‌يه‌وه‌ ناردى و پشتيوانيى له‌ به‌ياننامه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌ نه‌كرد [2]، ته‌نيا ئه‌نجامێكى مه‌نتقيى ئه‌و خۆپه‌سندييه‌ى ترامپه‌. ئه‌و هه‌رده‌م، من منيه‌تى.

ڕوانگه‌ى خاو و پێنه‌گه‌يشتووى ترامپ بۆ جيهان، هزر و وێناى ئه‌و بۆ ئه‌مريكايه‌ك كه‌ گوايا چه‌ندين ساڵه‌ خراپ سوودى لێ ده‌بينرێ و پاره‌وپووڵى لێ ده‌كێشرێته‌وه‌، له‌م درك و تێگه‌يشتنه‌ى وييه‌وه‌ دێ. چونكه‌ ترامپ وا بير ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و مه‌زن و هێژايه‌ و ته‌نيا پشت به‌ هه‌سته‌ ته‌سكبينه‌كانى خۆى ده‌به‌ستێ. ترامپ پارێزبه‌ندیى له‌ به‌ڵگه‌ و ئه‌رگيۆمێنتى مه‌نتقى هه‌يه‌. ئه‌و ته‌نيا حيساب بۆ‌ غه‌ريزه ‌و بير و هزرى خۆى ده‌كا و هه‌موو شتێكى ديكه‌ به‌لاوه‌ ده‌نێ؛ ته‌نانه‌ت با ئه‌و هزر و بيرانه‌یش هيچ زانين و مه‌عريفه‌يه‌كيان تێدا نه‌بێ، يان ڕاى پێشوه‌خته‌ بن.

ئه‌و گرفته‌ى كه‌ ڕووبه‌ڕووى ڕۆژاوا ده‌بێته‌وه‌ يان به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ ئه‌و ڕۆژاوايه‌ى كه‌ ئه‌نگێلا ميركل، جۆستين ترۆديۆ، ئيمانوێل ماكرۆن و ئه‌وانى ديكه‌ نوێنه‌رايه‌تیى ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ ڕۆڵى سه‌ربار [به‌ ڕۆڵێكى ناسه‌ره‌كى و لاوه‌كى له‌ شانۆگه‌رييه‌كاندا ده‌گوترێ- ئاسۆ] له‌م شێتايه‌تى و ده‌به‌نگێتييه‌دا ده‌گێڕن. ئه‌و سه‌ركردانه‌ بۆيه‌ ئه‌و ده‌وره‌ ده‌گێڕن، چونكه‌ ده‌يانه‌وێ له‌سه‌ر به‌ها كۆنه‌ نموونه‌يیيه‌كان و ڕێسا و بنه‌ما كۆنه‌كاندا به‌رده‌وام بن. ئه‌وان باوه‌ريان به‌ هێزى وشه‌ و به‌ڵگه‌ى مه‌نتقى و هاوپه‌يمانێتييه‌كان هه‌يه‌. له‌وانه‌يه‌ ئه‌و ڕێبازه‌، شه‌ره‌فه‌مه‌ندانه‌ بێ، به‌ڵام له‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پياوێكى لووتبه‌رزى وه‌ك ترامپدا، هيچ سوود و مفايه‌كى نه‌بێ. مرۆ ئومێد ده‌خوازێ كه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ له‌ كۆتاييدا و پاش ئه‌و ئه‌نجامه‌ سه‌غڵه‌ته‌ى كۆبوونه‌وه‌ى گرووپى 7، له‌ ڕه‌وشه‌كه‌ حاڵى بووبن.

سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا تێبينييه‌كى هه‌ره‌ دانا و به‌پارێزانه‌ى خسته‌ ڕوو. ماكرۆن له‌ تويتێكدا ده‌نووسێ "هيچ سه‌ركرده‌يه‌ك تا هه‌تاهه‌تايێ نييه‌،" و ئه‌وه‌یش په‌يامێكه‌ كه‌ ڕوونه‌ ماكرۆن ئاراسته‌ى هاوتايه‌ ئه‌مريكييه‌ى كردووه‌. ئه‌م په‌يامه‌، به‌مه‌به‌ست بێ يان نا، به‌بيرهێنانه‌وه‌يه‌كه‌ كه‌ چۆن ده‌كرێ كۆتايى به‌و نمايشه‌ بهێندرێ كه‌ جێگه‌ى گله‌يى و گازانده‌يه‌. ده‌نگده‌رانى ئه‌مريكا ده‌توانن ئاگاداركردنه‌وه‌يه‌كى توند به‌ ترامپ بده‌ن و، ده‌توانن له‌ هه‌ڵبژاردنى پاييزى ئه‌مساڵ سزاى ترامپ و كۆماريخوازان بده‌ن و، ده‌توانن له‌ 2020دا ده‌نگى پێ نه‌ده‌نه‌وه‌.

ئه‌ى ئه‌وروپا؟ ئه‌وروپا ده‌توانێ به‌ ته‌ريكخستنه‌وه‌ى ترامپ، به‌ خۆلادان له‌ ترامپ و به‌ئاشكرا ڕوونكردنه‌وه‌ى كه‌ بۆ وا ده‌كه‌ن، به‌ره‌نگارييه‌ك بكه‌ن. له‌م كێشه‌وبێشه‌يه‌دا، ئه‌وروپا ده‌توانێ فێر ببێ كه‌ چۆن ده‌نگى له‌ ترامپ دلێرتر بێ- ده‌بێ په‌يامه‌كانى ئه‌وروپا نه‌ك بگه‌نه‌ هه‌موو هاووڵاتييه‌كى ئه‌وروپى، به‌ڵكه‌ ده‌بێ بگه‌نه‌ ئه‌مريكييه‌كانيش. زۆر كه‌س له‌ ئه‌مريكادا هێشتا به‌ته‌واوى له‌وه‌ نه‌گه‌يشتوون كه‌ تا چ پله‌يه‌ك ترامپ زيانى له‌ هاوپه‌يمانه‌ ڕۆژاواييیه‌كانى داوه‌.

هه‌ڵبه‌ت، ترامپ پێڕه‌و و شوێنكه‌وتووى خۆى هه‌يه‌ و، له‌به‌ر ئه‌و ئاژاوه‌ و بێسه‌روبه‌رييه‌ى ده‌ينێته‌وه‌ شاباشى بۆ ده‌نێرن. لێ زۆر له‌ ده‌نگده‌رانى ديكه‌ى ئه‌مريكا به‌و ڕه‌وت و ڕێبازه‌ ڕووخێنه‌رانه‌يه‌ى ترامپ گرتوويه‌تیيه ‌به‌ر، خۆشحاڵ نين. ئا ئه‌وانه‌ هاوپه‌يمانه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى ئه‌وروپا و ئومێدى هه‌ره‌ مه‌زنى ئه‌وروپان.

په‌راوێزه‌كان هى وه‌رگێڕن:

[1] كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌ له‌ ڕۆژى 9ى ئه‌م مانگه‌ له‌ "كيوبيك"ى كه‌نه‌دا كرا و، تيايدا دوو پرسى گرنگ، يه‌كيان كه‌ پێوه‌نديى به‌ تاريفه‌ى بازرگانييه‌وه‌ هه‌يه‌ و ئه‌وى ديكه‌یشيان په‌يوه‌نديى به‌ پێشنيارى ترامپ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ڕووسيا بۆ نێو گرووپه‌كه‌، ناته‌بايیى له ‌نێوان ترامپ و سه‌رۆكه‌كانى ديكه‌دا نايه‌وه‌‌.

[2] ترامپ له‌ توێته‌كه‌يدا ده‌ڵێ: ڕێنوێنيم به‌ نوێنه‌رانى ئه‌مريكا داوه‌ كه‌ به‌ياننامه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى لووتكه‌ پشتڕاست نه‌كه‌نه‌وه‌ تا چاو به‌ تاريفه‌ گۆمركييه‌كانى سه‌ر هاتنى ئۆتۆمبێل بۆ بازاڕه‌كانى ئه‌مريكا ده‌گێڕينه‌وه‌. له ‌كاتێكدا پێشتر ترامپ به‌ياننامه‌كه‌ى مۆر كردبوو.

 

سەرچاوە:

http://www.spiegel.de

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples