2018-06-21
ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئەردۆغان لە هەڵبژاردندا بدۆڕێ؟
ڕادیۆ ئەڵمانیا
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ١٦ساڵە لە هەر هەڵبژاردنێکدا بەشدار بووبێ، براوە بووە. بەڵام ئێستا لەوانەیە بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە زۆرینەی دەنگەکان لە پەرلەمانی تورکیادا بەدەست نەهێنێ و وەکو سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردرێتەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆماری لە تورکیادا ڕۆژی 24ی ژوئەن بەڕێوە دەچێ. ٤٥% تا ٥٥%ی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکانی ئەم دوایییەدا کردووە، گوتوویانە دەیانەوێ دەنگ بە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا، بدەن. بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگە ژمارەیەکی زۆر کەمتر دەنگی پێ بدەن.
هاکان بایراکچی، بەڕێوەبەری دەزگه‌ی ڕاپرسیی "سونار" دەڵێ، ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا فه‌زایه‌كی ترسناکیان هێناوەتە گۆڕێ و لە ئاکامدا نزیکەی ١٠% لەوانەی لە ڕاپرسییەکاندا بەشدار دەبن، ناڵێن بەڕاستی دەنگ بە کێ دەدەن. بەشێکی خەڵک لە ڕاپرسییەکاندا وەڵامی ناڕاست دەدەنەوە و هەر بۆیە بە گوتەی بایراکچی، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە دەرەنجامی ڕاپرسییەکان جیاواز بێت.
لە كاتی ڕیفۆرمی ده‌ستووره‌وه له توركیا، كه دوا به دوای ڕیفراندۆمێك له مانگی ئه‌پریلی 2017 ئه‌نجام درا، ئیتر هاووڵاتیانی تورکیا دەتوانن دوو دەنگ بدەن: ئەوان بە دەنگێک بڕیار دەدەن چ کەسێک ببێتە سەرۆککۆمار و، بە دەنگەکەی تریان کام حزب بچێتە پەرلەمان.
بۆ ئه‌ردۆغان كه ماوه‌ی 16 ساڵه له هیچ هه‌ڵبژاردنێكدا نه‌یدۆڕاندووه، ده‌كرێ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ببێته قورسترین ئه‌زموونی سه‌رده‌می چالاكییه سیاسییه‌كه‌ی. له كاتی یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغانه‌وه له هه‌ڵبژاردنی 2002، حزبی ئیسلامیی كۆنه‌پارێزی "داد و گه‌شه‌پێدان" داڕێژه‌ری سیاسه‌ته له توركیادا. "داد و گه‌شه‌پێدان"یش كه ئه‌ردۆغان سه‌رۆكه‌كه‌یه‌تی، خۆی بۆ به‌شداریكردن له قورسترین هه‌ڵبژاردندا كه تاكوو ئێستا به‌شداریی تێدا كردبێ، ئاماده ده‌كات.
قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان لە وڵات‌دا
ئۆزەر سەنجار، بەڕێوەبەری دەزگه‌ی ڕاپرسیی "مێترۆپۆل"، ٢٥ ساڵە کە بەدواداچوون بۆ چالاكییه سیاسییەکان و پێشکەوتنەکانی ئەردۆغان له كاره‌كه‌یدا، دەکا. بە بۆچوونی ئەو، ئەردۆغان هه‌رگیز نه‌كه‌وتۆته دۆخێكی ئاوا خراپه‌وه بۆ به‌شداریكردن له ململانێی هه‌ڵبژاردندا. بە بۆچوونی سەنجار، ئەردۆغان نە بەرنامەیەکی بۆ ئێستا هەیە و نە خەونێک بۆ داهاتوو. ئەردۆغان کە لە شوێنێکدا ئامادە دەبێ، کز و بێمەیل دێتە بەرچاو. سەنجار دەڵێ ئەردۆغان "تا ئێستا لە کاتی لێدواندا هێندە هەڵەی نەدەکرد". ئەو بەگومانە لەوەی کە ئەردۆغان بتوانێ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
ئەردۆغان ١٦ ساڵە حکوومەت دەکا و بۆ ماوەیەکی زۆریش بەهێزترین کەس بووە لە سیاسەتی تورکیادا. گرنگترین سەرکەوتنی ئەو، بەدیهێنانی گەشەی ئابووری بوو. داهاتی ساڵانەی ئەم ١٥ ساڵەی تورکیا، لە ٣٥٠٠ دۆلارەوە گەیشتووەتە ١٠ هەزار دۆلار و، خانووبەرەسازی لە سەرانسەری تورکیادا زۆر گەشەی کرد.
بەڵام ئیمڕۆكه ناکرێ باری ئابووریی تورکیا بە باش بنرخێنرێ. دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ژۆئیەی ٢٠١٦ و حكوومه‌تی نیزامی (سه‌ربازی) بەم لاوە، ٣٠% نرخی لیرەی تورکیا شکاوە. لە دوای کودەتاوە، ته‌قریبه‌ن هیچ وه‌به‌رهێنانێك له‌و وڵاته‌دا نه‌كراوه. متمانەی بازاڕەکانی جیهان لە ئاست ئابووریی تورکیادا کەم بووەتەوە. ئەردۆغان کە بە هۆی بیروباوه‌ڕه ئایینییەکه‌یەوە بەڕاشکاوی دژایەتیی سووی بانکی دەکا، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ناچار بوو چاو لە به‌رزكردنه‌وه‌ی سووی بانكی له لایه‌ن بانکی ناوەندیی تورکیاوه داپۆشێ. ئێستا تورکیا دوای ئەرژەنتین، ڤه‌نزوێلا و ئێران خاوەنی بەرزترین ڕێژه‌ی سووی بانكییه.
سەنجار دەڵێ: "دوای شازدە ساڵ یەکەم جارە کە ئەردۆغان ئیتر سەرکەوتن بەدەست ناهێنێ و ناتوانێ ئابووریی وڵات بەڕێوە ببا. گیروگرفتی بەشەکانی پەروەردە و تەندروستییش لە زیادبووندان." بە گوتەی سەنجار، خەڵکی تورکیا هەست بە دەرەنجامەکانی قەیرانی ئابووری دەکەن. هەر بۆیەیش گوڕوتینێک لەو گردبوونەوانەدا نابینرێ کە بە بۆنەی ململانێی هەڵبژاردنه‌وه ڕێک دەخرێن.
زێدەبوونی پاڵنه‌ری ئۆپۆزیسیۆن
بە بڕوای گولفێم سایدان سانۆر، کارناسی کێشە سیاسییەکانی تورکیا، درکاندنی پەیامەکانی ئەردۆغان بۆ خەڵک، به‌رده‌وام ئەستەمتر بووە. نامه (رساله)ی دکتۆره سانۆر، ده‌رباره‌ی "سەرکەوتنی حزبی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردندا" بووە و خەڵاتی کۆمەڵگەی ڕاوێژکارانی سیاسی لە ئەمریکای پێ بەخشراوە.
سانۆر دەڵێ نمایشه تاکەکەسییەکانی ئەردۆغان ئێستا لە حزبەکەیدا بە زیانی خۆی شکاونەتەوە. سانۆر دەڵێ: "لە گردبوونەوە و وتارەکانیدا خۆی به‌ته‌نیا ڕادەوەستێ و ناتوانێ پەیامەکانی بگه‌یه‌نێته خەڵک." بە گوتەی سانۆر، ڕاپرسییەکان ئەوە نیشان ده‌ده‌ن کە لەم دوایییەدا پتر لە ٣٠% خۆشەویستبوون (شه‌عبییه‌ت)ی موحەڕەم ئینجە، کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە حزبی پۆزیسیۆنی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، زیادی کردووە. هه‌ر بۆیه، پاڵنه‌ری ئۆپۆزیسیۆن بۆ سه‌ركه‌وتن له هه‌ڵبژاردندا زیاتر بووه.
سانۆر دەڵێ: "ئەردۆغان هێشتا هەوڵ دەدا ترسی دەنگدەرانی ڕاستگەرا و کۆنپارێزەکان، به قازانجی خۆی بقۆزێته‌وه." بۆیە ئەردۆغان لە وتاره‌کانی به‌م دوایییه‌یدا بۆ هه‌ڵبژاردن، باسی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی دژ به پارتی کرێکارنی کوردستان (پ ک ک)ی لە باکووری عێراق كردووه. بە بۆچوونی سانۆر، ئەردۆغان بەم شێوەیە دەیەوێ ترس بخاتە دڵی دەنگدەرانەوە. دەنگدەرانێک کە هەست بە ترس بکەن، لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیش دەترسن و دەنگ بەم سەرۆککۆمارە دەدەن کە ئێستا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە.
کۆتاییی سیستەمی به‌هێزی سەرۆکایەتی
بەپێی دوایین ڕاپرسییەکان وێڕای ئەمانەی کە گوتران، لەوانەیە ئەردۆغان لە دووەمین گه‌ڕی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماریدا بیباتەوە. بەڵام شیمانەی ئەوەیش دەکرێ کە ئه‌و هاوپەیمانییەی پێی ده‌گوترێ "کۆمار"، كه لە حزبی داد و گەشەپێدان و حزبی بزووتنەوەی میللی پێك هاتووه، زۆرینەی په‌رلەمان لەدەست بدا. لە ئاکامدا ئەردۆغان ئیتر دەسەڵاتێکی ئەوتۆی لە په‌رلەماندا نابێ. کارناسان لەو بڕوایەدان کە سیستەمی سەرۆکایەتی (پرێزیدیاڵ) کە ئۆپۆزیسیۆن بە دیکتاتۆری ناوی دەبا، بۆ ئەردۆغان وەکو خەونێک دەمێنێتەوە.
سانۆر دەڵێ: "ئەگەر حزبی داد و گەشەپێدان زۆرینەی په‌رلەمان لەدەست بدا، ڕۆژانێکی سەخت چاوەڕێی ئەردۆغان دەکەن." ئەردۆغان پاش حكوومه‌تی نیزامی، توانیی به ده‌ركردنی یاسا و فه‌رمان، درێژه به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بدات. سانۆر دەڵێ: "ئەگەر حزبی داد و گەشەپێدان خاوه‌نی زۆرینەی پەرلەمان نه‌بێ، ئەردۆغان بەشێک لە دەسەڵاتی ئەمڕۆی لەدەست دەدا، تەنانەت ئەگەر جارێکی تریش هەڵبژێردرێتەوە. ئەو ئیتر سەرۆککۆمارێکی خاوه‌ن نفووز نابێ و، ناچار دەبێ دان به دەسەڵاتی پەرلەماندا بنێ."
سەرچاوە: