بۆچی ئێران پەنا بۆ دانوستان لەگەڵ ترامپدا دەبات؟

2018-06-24

بۆچی ئێران پەنا بۆ دانوستان لەگەڵ ترامپدا دەبات؟

 

زاڵمای خەلیلزاد*

وەرگێڕانی لە  ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

کشانەوەی ئیدارەکەی ترامپ لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران و وتارە یەک لە دوای یەکەکانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، مایک پۆمپیۆ، کۆمەڵێک وەڵامی مەترسیداری لێ کەوتەوە. هەندێکیان پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد و، هەندێکی تریش ڕەخنە و نیگەرانیی خۆیان دەربڕی. ڕەخنەگران، ئیدارەکەی ترامپ بەوە تاوانبار دەکەن  کە بانگەشەی جەنگ و گۆڕینی ڕژێمی ئێران دەکات و، ئەوانی تریش ستراتیژەکە بە ناواقعی دادەنێن.

لە ڕاستیدا، بەرنامەکەی ئیدارەی ترامپ دەرفەتێکی گونجاوی پێیە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئێران و، خاڵی سەرەکییش بریتییە لە چاودێریکردنی پڕۆسەکە لە لایەن زۆرێک لە چاودێرانەوە کە ئیدارەی ترامپ خواستی خۆی بۆ نیشان داوە بۆ چوونە نێو دانوستانەوە؛ تەنانەت ئەگەر گوشارەکانی سەر ئێرانیش زیاتر ببن و سزایشی لێ بکەوێتەوە و، سیاسەتی "زۆرترین گوشار"، دەکرێت دانوستان و تێکەولێکەی بەدواوە بێت. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە ڕێککەوتنی نێوان دوو وڵات هیچ کات مەحاڵ و جێگەی سەرسووڕمان نییە.  

پێدەچێت سەرنجڕاکێشترین پەیام لە وتارەکانی مایک پۆمپیۆدا ئاماژەکردن بێت بۆ خواستی پەیوەندی و دانوستان لەگەڵ ئێران بۆ ڕێککەوتن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. پۆمپیۆ داوای لە ئێران کرد بۆ "چاولێکردن لە دیپلۆماسیی ئەمریکا لەگەڵ کۆریای باکووردا" وەک بەڵگەیەک بۆ خواست و ویستی ئیدارەی ترامپ بۆ دانوستان لەسەر دۆزێکی هەرە ئاڵۆز و سەخت.

تەکتیکی گوشارەکانی ترامپ ڕەنگە چۆک بە ئێران دانەدات یان هیچ ئاسانکارییەک نەکات بۆ ڕووخانی ڕژێمەکەی ئێران لە داهاتوودا، بەڵام ڕەنگە ئێران بهێنێتە سەر مێزی دانوستان. تاران لە ئێستادا هیچ ویست و بیرۆکەیەکی نییە بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا و تەنیا تیشکی خستۆته‌ سەر ڕێککەوتننامە لەگەڵ ئەوروپییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە پێیەوە دەناڵێنێت؛ چونکە سزا نوێیەکانی ئەمریکا و ناچارکردنی ئێران بۆ سنوورادارکردنی مووشەک و سیاسەتە هەرێمییەکانی لە چەند مانگی داهاتوودا دیار دەکەوێت و، ئەگەری هەیە بژاردەکانی خۆی دووبارە لەگەڵ ئەو فاکتەرانەی کە نەخشەی بۆ کێشاون هەڵبسەنگێنێتەوە بەم شێوەیە:

یەکەم، پێدەچێت ئێران لە ئەوروپا نائومێد بووبێت. ڕاستە حکوومەتەکانی ئەوروپا بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەکە و سەپاندنی سزاکانی سەر ئێران دڵتەنگن، بەڵام بۆ کۆمپانیا ئەوروپییەکان بازاڕی ئەمریکا گرنگترە لە بازاڕی ئێران. کۆمپانیا جیهانییە ئەوروپییەکان، لە ئێران دەکشێنەوە و هیچ سیاسەتێکی ڕاستەقینەی ئەوروپییش ناتوانێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەم ڕاستییە بگۆڕێت. سەرەڕای ئەوەی ئابووریی ئەوروپا قەبارەیەکی کەمی لە ئابووریی ئێراندا هەیە کە کەمتر لە قه‌زاقستان دەبێت، پێناچێت ئەوروپا هیچ دڵنیایی و گرێنتییەک بدات؛ هەروەک ڕابەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشبینیی کردووە.

دووەم، پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی، پڕ بووە لە ڕیسک و مەترسی. ئێران دەتوانێت واز لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت و یۆرانیۆم بە ویست و ئارەزووی خۆی و بە ڕێژەی پێویست و بەخێرایی و بە ئاستێکی بەرزیش بەرهەم بێنێت. خامنه‌یی پێشتر ڕای گەیاندووە کە فەرمانی کردووە بۆ ئامادەکاری بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان. ئێران دەیشتوانێت بڕیار بدات بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لەسەر داڕشتنی چەک و خێراکردنی توانای چەکی ئەتۆمی، بەبێ ڕاگەیاندن و ئاشكراکردنی.

بەڵام ئەگەر ئێران هەر بڕیارێکی لەم شێوەیە بدات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوروپا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا هاوکاریی ئەمریکا بکات. واشنتۆن ڕای گەیاندووە کە ڕێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت؛ تارانیش مەترسیی هێرشکردنە سەر ژێرخانە ئەتۆمییەکەی دەکەوێتە سەر (ڕەنگە شتی زیاتریش ڕوو بدات). لەوانەیە ئێران پاڵپشتیی ڕووسیا و چینیش لەدەست بدات ئەگەر بێت و هەندێک لە بەرپرسە ئێرانییەکان هەوڵی لاوازکردن و پەراوێزخستنی پەیوەندییەکان بدەن لەگەڵ ڕووسیا و چیندا. وا دەردەکەوێت پێنەچێت ئێران لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەم ڕێگه‌یە هەڵبژێرێت.

سێیەم، حساباتی ئێران بەڵنیایییەوە لەسەر هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ستراتیژیی ئەمریکا دادەڕێژرێت. ڕوون نییە سزاکانی ئەمریکا چۆن دەبێت و چۆن زیان بە ئابووریی لاواز و داتەپیوی ئێران دەگەیەنێت. پێدەچێت سزا نوێیەکانی ئەمریکا ببێتە هۆی زیانێکی گەورەی وەبەرهێنان و هاندانی زیاتری لەدەستچوونی سەرمایە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا.  

ئەگەر سزاکانی سەر ئێران بوونە هۆی گوشاری زیاتر بۆ سەر "پڕۆکسی" (وه‌كاله‌ت) و هێزە هاوبەشەکانی ئێران لە ناوچەکە بە هۆی پاڵپشتی بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بەرگریی لێ بکەن، ئێران ڕووبەڕووی بژاردەی کشانەوە، یان خراپبوونی دۆخەکە دەبێتەوە. خراپبوونی دۆخەکە سەرچاوەکان لە ناوخۆیش دەگۆڕێت و، کاریگەریی بۆ سەر ئابووریی ئێران ده‌بێت و، لەوانەیە کێشەی سیاسی و زیادبوونی تەنگژەکان لە نێوان باڵەکانی ناوخۆی ڕژێم و بەهێزبوونی ئەوانەی کە داوای گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەکەن، لێ بکەوێتەوە. پێشهات و بەرەوپێشچوونێکی لەم شێوەیە، دەکرێت مەترسیی نائارامی و لەوانەیە شۆڕشیشی بەدوادا بێت. ئێران لەوانەیە پێشتر لە قۆناغی پێش شۆڕشدا بووبێت و، سەختیی سزاکان و بەرزبوونەوەی تێچووی بەشدارییەکانی لە ململانێ هەرێمییەکانیش ناهاوسەنگیی زیاتری لێ بکەوێتەوە.

چوارەم، ئێران سەیری پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور دەکات. پێدەچێت کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێران، بە لایەنی کەمەوە لە ئێستادا خواستی کۆریای باکوور بۆ دانوستان و گەڕان بە دوای چارەسەردا لاواز نەکات. لووتکەی سەنگافوورە سەرەتایەک بوو بۆ چارەسەرەکە، ئەگەرچی وردەکارییەکان سەخت و ئاڵۆزە بۆ دانوستانی کۆتاییی ڕێککەوتنەکە. بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینە لەگەڵ کۆریای باکوور، دەکرێت کاریگەرییەکی سوودبەخشی بۆ ئێران هەبێت و، هانی سەرکردەکانیان بدات بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکادا.  

ئێران لە ئێستادا ئامادە نییە بچێتە نێو دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا بەڵام لەگەڵ گوشاری ئابووریی زیاتر و بەرزبوونەوەی تێچووەکان، تاران ڕەنگە نەخشەڕێگه‌ی خۆی بگۆڕێت و ویستی ئەوەی هەبێت دەست بە گفتوگۆکان بکاتەوە، کە دەکرێت ببێتە هۆی گفتوگۆ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دوو وڵات؛ لە کۆتاییدا ببێتە هۆی پەیوەندییەکی ئاسایی. ڕێگه‌ی بەدیل، پێویستیی بە تێچووی ئابوورییەکی قەبە و تەنانەت مەترسیی کاریگەریی ململانێکانیشە کە ئێران دەکرێت چارەی بکات.

 

 

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٩.

سەرچاوە:

https://www.washingtonpost.com

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples