ئايا ڕووسيا ده‌توانێ ئومێدى ترامپ به‌ وه‌ده‌رنانى ئێران له‌ سووريا به‌دی ده‌هێنێ؟

2018-07-16

ئايا ڕووسيا  ده‌توانێ ئومێدى ترامپ به‌ وه‌ده‌رنانى ئێران له‌ سووريا به‌دی ده‌هێنێ؟

 

كيريل سيمينۆڤ

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانى ڕۆژنامه‌ى "كۆمه‌رسانت"ى ڕووسى، ڕه‌نگه‌ سووريا بابه‌تى سه‌ره‌كيى گفتوگۆى نێوان ڤلاديمیر پووتين و دۆناڵد ترامپ بێ، كه‌ بڕياره‌ ‌ له‌ ڕۆژى 16ى ئه‌م مانگه‌دا له‌ هيلسنكى دوو به‌ دوو كۆ ببنه‌وه‌. پێش ئێستا، مۆسكۆ به‌ڵگه‌نامه‌يه‌كى دوولاپه‌ڕه‌يى به‌ واشنتۆن داوه‌ كه‌ وه‌ك ڕه‌شنووسێكى ئه‌و جاڕنامه‌ هاوبه‌شه‌ وايه،‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌ كۆتايیى كۆبوونه‌وه‌ دووقۆڵييه‌كه‌ى نێوانياندا له‌ هه‌فته‌ى دادێ ڕێككه‌وتنى له‌سه‌ر بكرێ.

سووريا يه‌كێكه‌ له‌و چه‌ند خاڵه‌ كه‌مانه‌ى ئه‌جێنداى كۆبوونه‌وه‌ى ناوبراو كه‌ له‌وانه‌يه‌ ڕێككه‌وتننامه‌يه‌كى به‌راستى له ‌نێوان پووتين و ترامپدا لێ بكه‌وێته‌وه‌. چوارچێوه‌ى هه‌ر ساتوسه‌ودايه‌ك له‌باره‌ى سوورياوه‌، كه‌ هێشتا ڕوون و خويا نييه‌، ده‌كرێ له‌ ئاراسته ‌و سه‌مته‌كانى ئه‌م دواييیه‌ى سوورياوه‌ شونى هه‌ڵبگيرێ. هه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ك، ساتوسه‌ودا و دانوستاندنى تێدا ده‌بێ: له ‌به‌رانبه‌ر كشانه‌وه‌ى ته‌واوى هێزه‌كانى له‌ سووريا و وازهێنان له‌ لابردنى حكوومه‌تى به‌شار ئه‌سه‌د، ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا ده‌يه‌وێ ڕووسيا به‌رپرسيارێتيى كه‌مكردنه‌وه‌ و ڕادده‌دانان بۆ نفووزى ئێرانى له‌ سووريا هه‌ڵبگرێ.

ڕاستييه‌كه‌ى، به‌ر له‌ ئێسته‌ هه‌ندێ بوارى ڕێككه‌وتننامه‌ نهێنييه‌كانى نێوان ڕووسيا و ئه‌مريكا له‌ بارى جێبه‌جێكردندان. هێرش و په‌لامارى ڕژێمى سووريا‌ به‌ نموونه‌ وه‌ربگره‌، كه‌ له‌ 18ى حوزه‌يراندا بۆ سه‌ر به‌ره‌ى خوارووى ئۆپۆزيسيۆن له‌ هه‌ر دوو پارێزگه‌ى درعا و قونه‌يتره‌ ده‌ستى پێ كراوه‌‌. ئه‌م هێرش و په‌لاماره‌ كه‌ ئێستا له‌ ناوچه‌ى باشوورى ڕۆژاوادا ده‌كرێ كه‌ به‌ ناوچه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى توندوتيژى حيساب ده‌كرێ و ڕووسيا و ئۆردن و ئه‌مريكا ده‌سته‌به‌رى ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌يه‌ ده‌كه‌ن، ته‌نيا ئه‌و ده‌مه‌ شيا و لوا، كه‌ ڕوون بووه‌ ئيدى ئه‌مريكا وه‌ڵامى پێشێلكارييه‌كى ئاگربڕ به ‌زه‌برى‌ هێز ناداته‌وه‌. باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مريكا له‌ عه‌ممان په‌يامێكى له‌ 24ى حوزه‌يراندا بۆ كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى به‌ره‌ى باشوور نارد و، به‌ ئۆپۆزيسيۆن  ده‌ڵێ چيدى به‌ ته‌ماى ئه‌مريكا نه‌بن كه‌ پشتيوانييان لێ بكا. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا، هێزى ئاسمانیی ڕووسى هاته‌ ياریى هێرش و په‌لامارى سوپاى سوورى له‌ ناوچه‌كه‌دا. ئيسڕائيل و ئۆردنيش چراى سه‌وزيان بۆ مۆسكۆ هه‌ڵكرد كه‌ ده‌توانێ ئۆپه‌راسيۆن له‌ ده‌رعا و قونه‌يتره‌ بكا؛ به‌و مه‌رجه‌ى‌ ته‌نيا هێزه‌كانى حكوومه‌تى سووريا به‌شداریى تێدا بكه‌ن و هه‌موو گرووپه‌كانى سه‌ر به‌ ئێران- به‌ سه‌ره‌كى حزبوڵڵاى لوبنانى- له‌و ناوچانه‌ نه‌مێنن.

له ‌ئه‌نجامدا شاندى ڕووسى و گرووپه‌كانى ئۆپۆزيسيۆن له‌ به‌ره‌ى باشوور، له‌ 6ى ته‌مووزدا گه‌يشتنه‌ ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ك. به‌ره‌ى باشوور، وێده‌چێ 6000 سه‌ربازى خۆى بكێشێته‌وه ‌و بۆ باكوورى ڕۆژاواى سووريايان بگوزازێته‌وه،‌ به‌تايبه‌تى بۆ ناوچه‌ى "ئيدلب"ى پڕ له‌ ئۆپۆزيسيۆن. هه‌ندێ گرۆ و ده‌سته‌ى به‌ره‌ى باشوور، به‌ مه‌رجى چه‌كدانان له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌مێننه‌وه‌. له‌وانه‌يه‌ ئه‌و ده‌ستانه‌،‌ ببنه‌ گرووپێكى چه‌كدارى خۆجێ و بچنه‌ ژێر ئاڵاى حكوومه‌ته‌وه‌ و، له‌وانه‌يه‌ هه‌ندێ گرووپيشيان بچنه‌ ناو ڕێزى فه‌يله‌قى پێنجه‌مى ڕژێمى سووريا‌وه‌ كه‌ به‌ ياريده‌ى ڕووسيا دامه‌زراوه ‌و پێك هاتووه‌. گرووپگه‌لێكى له‌م بابه‌ته‌، پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پۆليسى ميليتاريى ڕووسى، ده‌توانن ناوچه‌كه‌ له‌ گرووپه‌كانى سه‌ر به‌ ئێران بپارێزن- ئه‌وه‌ سيناريۆيه‌كه‌ و وێده‌چێ واشنتۆن و ته‌لئه‌بيب و عه‌ممان ڕه‌واجى بۆ په‌يدا بكه‌ن.

حه‌ز و ويستى ئه‌مريكا‌ بۆ ساتوسه‌وداكردن له‌گه‌ڵ ڕووسيادا له‌و هزره‌وه‌‌ سه‌رچاوه‌ هه‌ڵده‌گرێ كه‌ مۆسكۆ ده‌كارێ و ده‌توانێ پێش به‌ تاران بگرێ و لێ نه‌گه‌ڕێ پێگه‌ى خۆى له‌ سووريا دابكوتێ و به‌هێز بكات. له ‌ڕاستيدا، بوون و هێزى مۆسكۆ له‌ ديمه‌شق زيادی كردووه‌ و، ده‌يه‌وێ كاريگه‌ريى  بۆ سه‌ر بڕياره‌كانى حكوومه‌ت  هه‌بێ و پێگه‌ى ئێرانييه‌كان له‌نێو سه‌ركرده‌كانى ڕژێمى به‌عسدا كز و لاواز بكا و نه‌هێڵێ.

مۆسكۆ به‌ ديمه‌شقى نيشان داوه‌ كه‌ ده‌توانێ به‌بێ هيچ كۆمه‌كێكى تاران، پشتى ڕژێم بگرێ. هه‌روا ڕووسيا تواناى خۆى نيشان داوه‌ كه‌ پشتى حكوومه‌تى سووريا ده‌گرێ له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانيدا بۆ گرتنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ هێشتا له‌بنده‌ستى ئۆپۆزيسيۆندان. له‌ كاتێكدا هێزه‌كانى سه‌ر به‌ ئێران ڕۆڵێكى سه‌ره‌كييان له‌ ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى ئيدلب له‌ كۆتايیى 2017 و سه‌ره‌تاى 2018دا گێڕاوه‌، لێ له‌ ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى ئه‌م دواييیه‌ له‌ غۆته‌ى ڕۆژهه‌ڵات له‌ ئادار و نيسانى ئه‌مساڵدا، ميليشيا شيعه‌كانى سه‌ر به‌ سوپاى پاسدارانى ئێران هيچ ڕۆڵێكى گرنگيان له‌و شه‌ڕانه‌دا نه‌بووه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، قسه‌ى كۆتايى هى ڕووسيا بووه‌‌؛ چ له‌ دانوستان و وتوێژه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئۆپۆزيسيۆن و چ له‌ ناچاركردنى كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان‌ به‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان له‌ غۆته‌ى ڕۆژهه‌ڵاتدا.

له‌و هێرشه‌ى ئێسته‌ى باشووردا، مۆسكۆ توانیى كاريگه‌ريى خۆى له‌سه‌ر ديمه‌شق دابنێ كه‌ له‌ ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى درعا و قونه‌يتره‌دا بوار به‌ به‌شداريى حزبوڵڵا نه‌دا. ڕووسيا بووه‌ته‌ هێزێكى پێشڕه‌و؛ چ له‌ جه‌نگ و، چ له‌ دانوستان له‌گه‌ڵ گرۆ و ده‌سته‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كاندا. به‌گشتى، ڕووسيا ساغی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌توانێ سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌بێ كۆمه‌ك و ياريده‌ى هێزه‌كانى سه‌ر به‌ ئێران كێشه‌ و گرفته‌كان بۆ حكوومه‌تى سووريا چاره‌سه‌ر بكا. له‌وه‌یش زێتر، ئه‌فسه‌ره‌كانى سوپاى ڕووسيا به‌م دواييیه‌ تواناى "هێزه‌كانى پڵنگ"ى سه‌ر به‌ سوپاى سوورييان زێتر كردووه‌. هێزه‌كانى پڵنگ وه‌ك هێزێكى سه‌ره‌كيى هێرشبه‌ر، توانيیان‌ سه‌ركه‌وتووانه له‌ شه‌ڕ و نه‌به‌رده‌كاندا جێگه‌ى هێزه‌كانى حزبوڵڵا بگرنه‌وه‌.

هۆيه‌ك كه‌ له‌وانه‌يه‌ پاڵ به‌ ديمه‌شقه‌وه‌ بنێ له‌ ئاراسته‌ى سه‌ر به‌ ئێران دوور بكه‌وێته‌وه‌، بريتييه‌ له سه‌پاندنه‌وه‌ و‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى سزاكانى ئه‌مريكا به‌سه‌ر ئێراندا. تێڕوانينێك له‌ مۆسكۆ هه‌يه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانى سووريا ته‌واو له‌وه‌ نيگه‌رانن كه‌ زياد پشتبه‌ستن به‌ تاران، له‌وانه‌يه‌ سووريا سه‌ربه‌ره‌وژێر ببا. چونكه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى سزاكان، له‌وانه‌يه‌ ئێران نه‌توانێ چيدى پشتيوانیى دارايى له‌ سووريا بكا و، سووريا هه‌نده‌ كاتيشى له‌به‌رده‌ستدا نييه‌ تا به ‌دواى سه‌رچاوه‌ى ديكه‌ى ئه‌لته‌رناتيڤدا بگه‌ڕێ. پاڵنه‌رێكى پۆتانسیۆڵ بۆ ديمه‌شق ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ڕايه‌ڵكه‌كانى له‌گه‌ڵ تاراندا كه‌م بكاته‌وه‌، له‌وانه‌يه‌ ده‌رووى باروبوو و كۆمه‌كى كه‌نداوى به‌ڕوودا بكرێته‌وه‌. به‌گشتى، پشتيوانيى ڕژێمه‌ پاشايه‌تييه‌كانى كه‌ندا‌و بۆ شۆرشى سوورى، هه‌نده‌ى وه‌ك هه‌وڵدانێك بووه‌ بۆ ده‌رهێنانى سووريا له‌ بن باندۆر و چه‌ترى ئێرانى، هه‌نده‌ بۆ ڕووخاندنى ڕژێمى به‌عس وه‌ك به‌عس نه‌بووه‌.

هه‌روابێته‌وه‌ سياسه‌تسازان له‌ مۆسكۆ سه‌نگ و كێشى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ داخوا ده‌كرێ "ڕاده‌ستكردن"ى باشوور، پێشه‌كييه‌ك بێ بۆ كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا له‌ باكوورى سووريا. كشانه‌وه‌يه‌كى له‌م جۆره‌، هاوته‌ريبه‌ له‌گه‌ڵ ئاخاوتنه‌كانى ترامپ له‌باره‌ى پێويستيى كۆتاييهێنان به‌ بوونى سه‌ربازيى ئه‌مريكى له‌ سووريا. له ‌كاتێكدا، له‌وانه‌يه‌  كورده‌كانى سووريا له‌ ئه‌گه‌رى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ توركيادا بكه‌ونه‌ سازش و ساتوسه‌ودا له‌گه‌ڵ ڕژێمى ئه‌سه‌ددا. ميدياى ڕووسى، به ‌پشتبه‌ستن به‌ هه‌واڵێكى ڕۆژنامه‌ى "وه‌ته‌ن"ى سوورى، ده‌ڵێن ديمه‌شق به‌نهێنى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى په‌يه‌ده‌دا گفتوگۆى كردووه‌ كه‌ باكوورى سوورياى به‌ده‌سته‌وه‌يه‌. ده‌گوترێ ‌ كورده‌كان ده‌يانه‌وێ بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتننامه‌يه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌ددا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر چه‌ترى ته‌ناهيپارێزى ئه‌مريكا له‌ باكوور نه‌مێنێ، ئه‌وان ڕه‌چاوى هێرش و په‌لامارى‌ سوپاى توركى و هاوپه‌يمانه‌ سوورييه‌كانى ده‌كه‌ن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هێز و تواناى ڕووسيا بۆ وه‌ده‌رنانى ئێران له‌ سووريا به‌ته‌واوى، دياريكراو و سنوورداره‌؛ چونكه‌ ناوچه‌يه‌كى زۆرى سووريا گرنگييه‌كى ژیانييان بۆ تاران هه‌يه‌، به‌تايبه‌تى حه‌له‌ب، دێرزور و ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ له ‌نزيك سنوورى لوبنان و له‌بنده‌ستى حزبوڵڵادان.

سه‌رچاوه‌يه‌كى ناو‌ سوپاى ڕووسى به‌ ئه‌لمۆنيتۆرى ڕاگه‌ياند، به‌و مه‌رجه‌ى ناوى نه‌هێندرێ، كه‌ تاران بوونێكى چه‌ندلۆيى (بوار، ئاست) له‌و ناوچانه‌دا هه‌يه‌ له‌ ڕێگه‌ى هێزه‌ شيعييه‌كانى ئه‌فغانستان و عێراقه‌وه‌. هێزه‌كانى شيعه‌ى ئه‌فغانستان، "كه‌تيبه‌ى فاتميون"يان پێ ده‌گوترێ، ئه‌وه‌ بێ له‌ يه‌كينه‌كانى ديكه‌ى سه‌ر به‌ ئێران كه‌ له‌ خه‌ڵكى سوورى پێك هاتوون وه‌ك: هێزه‌كانى به‌رگریی خۆجێى له‌ حه‌له‌ب. له‌و پارێزگه‌يانه و ناوچه‌ى ديكه‌یشدا‌، ئێرانييه‌كان ماڵ و موڵك ده‌كڕن و به‌سه‌ر ميليشياكاندا، چ بيانى بن يان سوورى، دابه‌ش ده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌يه‌ ده‌ڵێ: "ڕاستييه‌كان ساغى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێران ڕه‌گوڕيشه‌ى له‌و ناوچانه‌دا داكوتيوه‌."

به ‌له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌وانه‌ هه‌مووى، هێشتا ديار نييه‌ كه‌ داخوا ئه‌مريكا سووريا جێ ده‌هێڵێ ئه‌گه‌ر به‌شێكى گه‌وره‌ى سووريا له ‌لايه‌ن هێزه‌كانى سه‌ر به‌ ئێرانه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرابێ. له‌وانه‌يه‌ ڕاده‌ستكردنى ده‌رعا و قونه‌يتره‌ به‌ ڕووسيا "خزمه‌تێكى پێشوه‌خته‌" بێ. به‌ هه‌ر حاڵ هه‌ر هه‌نگاوێكى ديكه‌ى واشنتۆن- وه‌ك ڕه‌تكردنه‌وه‌ى گواستنه‌وه‌ى سه‌ركردايه‌تیى خۆى له‌ سووريا، يان كێشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى- پشت به‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵڵاكانى ڕووسيا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى نفووزى ئێرانى له‌ سووريا ده‌به‌ستێ. هه‌وڵه‌ كرده‌نييه‌كانى ڕژێمى سووريا بۆ لابردنى هێزه‌كانى سه‌ر به‌ ئێران له‌و‌ وڵاته‌‌دا، له‌وانه‌يه‌ سزاكانى سه‌ر سووريا سووك بكه‌ن و ده‌رفه‌تێك بۆ باروبووى دارايى بۆ مه‌به‌ستى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له ‌لايه‌ن كه‌نداوه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌.

كيريل سيمينۆڤ:

 شرۆڤه‌كارێكى سه‌ربه‌خۆيه‌ و تۆمارێكى دوورودرێژى چه‌ند ساڵه‌ى له‌ ديراسه‌ى پرۆفيشناڵانه‌ى ڕه‌وشى سياسى و سه‌ربازى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا هه‌يه،‌ به‌تايبه‌تى شه‌ڕ و كێشه ‌و بێشه‌كانى ناو سووريا و يه‌مه‌ن و ليبيا. هه‌روا ئه‌و كارناس و پسپۆڕێكى ئه‌نجومه‌نى كاروباری نێونه‌ته‌وه‌يیی ڕووسيايه‌.

 

سەرچاوە:

http://www.al-monitor.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples