نه‌تانیاهۆ، تکایە یارمەتیی خەڵکی ئێزدی بدە

2018-07-26

نه‌تانیاهۆ، تکایە یارمەتیی خەڵکی ئێزدی بدە

ڕەیچڵ ئەڤرەهام*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

زیاتر لە 3 هه‌زار ژن و کچی ئێزدی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکۆیلە کراون.

 هەرچەند سەردێڕی ڕۆژنامەکانی جیهان تیشکیان خستۆتە سەر زیادبوونی هێژموونی ئێران لە سووریا و کاریگەریی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس/ئۆرشەلیم و زیادبوونی تەنگەژە و ململانێکانی نێوان فەڵه‌ستین و ئیسڕائیل، بەڵام زۆر گرنگە ئێمە وەک جوولەکە و ئیسڕائیلییەکان چاو لەو ڕاستییە دانەخەین کە لە ناوچەکەماندا هەیە؛ ئەویش بوونی بیروباوەڕێکی دێرینە (ئێزدی). بەگوێرەی نەریتی ئێزدییەکان کە دەگەڕێتەوە بۆ پێش کەشتییەکەی نوح و، لە ئێستادا پێویستییان بە پاڵپشتیی ئێمەیە لەو کاتە سەختەدا.

ئێزدییەکان تا ئێستا لە مێژووی خۆیاندا ٧٤ جار ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە. دواهەمینیان ئەوەی داعش بوو. سەرەڕای ئەو دەستکەوتە گەورەیەی کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەدەستی هێناوە، ئێزدییەکان هێشتا لە دۆخێکی خراپ و مەترسیداردان.

بەگوێرەی "تۆڕی میدیاییی ڕووداو"، دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ئێزدی لە کەمپی پەنابەراندان و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان. سەرەڕای ئەوەی بەگوێرەی  سەرچاوە  ناوخۆیییەکان ٩٠%ی ئێزدییەکان بە هۆی کاریگەرییەکانی دوای جینۆسایدەکەی داعشەوە، بێکارن. هەروەها سەرچاوەیەکی ناوخۆیی دەڵێت، 17 هه‌زار ئێزدی کوژراون و، 7 هه‌زار و 450 ڕفێنراون و کۆیلە کراون کە لەناویاندا ئافرەت و کچ هەن و، بەبەردەوامییش ئەتک کراون و، کوڕەکانیشیان وا لێ کردوون کە دژی خەڵکەکەی خۆیان بوەستنەوە و وەک قەڵغانی جەنگ و ئامراز بەکاریان دێنن.

برینی جینۆسایدەکەی داعش هێشتا چارەسەر نەکراوە. "لیسا میارە"، دامەزرێنەری دامەزراوەی سپرینگس ۆف هۆپ، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "دۆخی ئێزدییەکان لە عێراق داخێکی گەورەیە. کارەساتێکی مرۆییی بەردەوامە. هەندێک لە گوندەکان هێشتا دەستی یارمەتیی پێ نەگەیشتووە و هیچ هەوڵێکی وایش نەدراوە بۆ گەڕاندنەوەی هەزاران ئێزدی بۆ شوێنی ژیان و کارکردنیان."

هەر بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ناوخۆیییەکان، موسڵمانەکان کار بە ئێزدییەکان نادەن. ئێزدییەک کە نانەوایە، گوتی کە خاوەن کارەکەی موسڵمانە لە عێراق و، سێ جار لە سێ بۆنەی جیاوازدا دەری کردووە، کاتێک کە زانیویەتی ئێزدییە.

جیا لە پرسی جیاکاریی ڕەگەزی، زۆربەی ئێزدییەکان هێشتا لەژێر خێمەکاندا دەژین و زۆربەی خێمەکانیش پارێزراو نین. کچێکی تەمەن ١٧ ساڵە کوژرا کاتێک یەکێک لە خێمەکان ئاگری گرت و، هەفتەی ڕابردوویش لە چیای شنگاڵ بە هۆی لافاوەوە سەدان خێمە وێران بوون. سەرچاوە ناوخۆیییەکان گلەیی و گازاندەی ئەوە دەکەن کە هیچ کەسێک بەهانایانەوە نەچووە و یارمەتیی نەداون، جگە لە ڕێکخراوی هیندو کە ١٠ خێمەی بۆ هێناون و، ژیانیش لەو دۆخە نالەبارەدا زۆر سەختە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئێزدی، ناوچە ئێزیدییەکانی عێراق هێشتا بەدەست نەبوونی سەرچاوە بنەڕەتییەکانی وەک ئاو، کارەبا، پێداویستیی پزیشکی و خزمەتگوزاریی پەروەردەیییەوە دەناڵێنن. بەگوێرەی سەرچاوەیەکی وەک دەنگی ئەمریکا، زیاتر لە ٧٠%ی ماڵە ئێزدییەکان وێران کراون و زۆربەی پەرستگه‌کانیشیان کە لە لایەن داعشەوە وێران کراون، هێشتا نۆژەن نەکراونەتەوە.

لە نامەیەکی تایبەتدا کە میری ئێزدییەکان، شێخ میرزا ئیسماعیل، بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، "بنیامین نه‌تانیاهۆ" ناردوویەتی دەڵێت: "زیاتر لە  3 هه‌زار کچی ئێزدی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکۆیلە کراون. کەسوکارە ڕزگاربووەکانیان داوا دەکەن کۆمەكێکی باشیان بکرێت بۆ ئازادکردنیان؛ ئەگەرنا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەفرۆشرێن یان دەکوژرێن. ئێزدییەکان، ئەوانەی کە هەوڵیان دا بۆ ڕزگاربوون لە کۆمەڵکوژییەکەی ٢٠١٤دا، لە لایەن بەشێک لە موسڵمانەکانی نێو کەمپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت. گوندەکانیان هێشتا بە بۆمبڕێژکراوی ماونەتەوە، کاتێک کە داعش و موسڵمانە بەکرێگیراوەکانی تر گەڕاونەتەوە نزیک ئەو شوێنانە. لێرەوە ئێمە داوای یارمەتی و دادپەروەریت لێ دەکەین."

لە دیمانەیەکی تایبەتدا "میرزا ئیسماعیل" ئاماژە بەوە دەکات کە لەوەته‌ی سوپای سووریای ئازاد کە لە لایەن تورکیاوە ئاڕاستە دەکرێت دەستیان بەسەر عەفریندا گرتووە لە سووریا، ئافرەتە ئێزدییەکان ناچار کراون حیجاب بكه‌ن. بە بیروڕای ئەو، ئەوە یەکەم هەنگاوە؛ بەر لەوەی ئێزدییەکان هەم ناچار بکرێن بۆ گۆڕینی بیروباوەڕ و ئایینیان بۆ ئیسلام، هەمیش لە عەفرین پاکتاوی نەژادی بکرێن.

"ئێزدییەکان لە عەفرین لە لایەن گروووپی جیاواز و گروووپی نەناسراوەوە دەڕفێنرێن، کە دەکرێت سەر بە  سوپای سووریای ئازاد یان سوپای تورکیا بن. لەبەر ئەوە زۆرێک لە ئێزدییەکان چوونەتە نێو کەمپی پەنابەران لە تورکیا، چونکە هیچ داهاتوویەکی باش نابینن. ئێمە لە دۆزەخێکەوە ڕامان کردووە بۆ دۆزەخێکی تر. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیمان نادات؛ ئەمە خراپترین شتە بۆ ئێمە."

دکتۆر "مورادخای کیدار"، توێژەر لە بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێی وایە ئیسڕائیل دەبێت بۆ یارمەتیدانی ئێزدییەکان هەنگاوی خێرا و پێویست بنێت؛ لەوانە دروستکردنی نەخۆشخانە بۆیان لە چیای شنگاڵ. ئەو وای بۆ دەچێت کە ئیسڕائیل پێویستە گوێ لە سەرکردە و شێخە ئێزدییەکان بگرێت و داواکارییەکانیشیان جێبەجێ بکات. هەروەک شێخ میرزا ئیسماعیل ڕای گەیاندووە کە چیای شنگاڵ پێویستی بە نەخۆشخانەیەکی بچووکی ٥٠ قەروێڵەیی هەیە و، دەخوازێت ئیسڕائیل بۆیان دابین بکات.

داوای یارمەتیی پزیشکییش دەکات بۆ ئێزدییەکان لە دەرەوەی عێراق، بەتایبەت ئیسڕائیل کە سیستەمێکی چاودێریی تەندروستیی نایابی هەیە و لە ڕووی جوگرافییشەوە لێیەوە نزیکە و، خوازیارە ئیسڕائیل دەستی یارمەتی بۆ ئەم مەبەستە درێژ بکات. لە نامەکەیدا بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، شێخ میزرا ئیسماعیل داوای یارمەتیی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئازادکردنی ئەو ئافرەت و منداڵە ئێزدییانەی کە تا ئێستا لای داعش دەستبەسەرن، گەڕانەوەی خاکی دزراوی ئێزدییەکان بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان، هاریکاریی نێودەوڵەتی بۆ ئێزدییەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، یان جێگری سەرۆک، "مایک پێنس".

شێخ میزرا لەو باوەڕەدایە کە ئیسڕائیل دەتوانێت یارمەتیی خەڵکەکەی بدات لە ڕێگەی هەموو ئەو ئامرازانەوە کە ئێزدییەکان پێویستییەکی زۆریان پێیە. بۆیە لەم دۆخە یەکلاکەرەوەیەدا، کاتی ئەوە هاتووە بنیامین نه‌تانیاهۆی سەرۆکوەزیران بۆ یارمەتیدانی ئێزدییەکانی عێراق و سووریا هەنگاوێکی ستراتیژی بنێت. ئەنجامدانی ئەمە تەنیا کارێکی ئەخلاقی نییە بەڵکوو لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی ئیسڕائیلیشە و بەهێزبوونی ئێزدییەکان و گرووپە کەمینەکانی تر لە عێراق و سووریا دەبێتە هۆی لاوازبوونی بریکارە/هاوبەشە ئێرانییەکان.

  
سەرچاوە:

https://www.jpost.com

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples