پێنووس

نەتەوە چییە؟ بەشی یەکەم

ئێرنێست ڕێنان

کۆنفڕانسی سۆربۆن، ١١/٣/١٨٨٢

وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: پێنووس   28, 03, 2019

پێشنیاری تاوتوێکردنی بيرۆکەیەکەتان لەگەڵدا دەکەم؛ ئەم بيرۆکەیە لە ڕواڵەتدا ڕوونە، بەڵام تێنەگەیشتنێکی مەترسیداریش هه‌ڵده‌گرێ. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی چەندین جۆر و شێوەی لەخۆ گرتووە: هەندێکیان جێنشێنێکی مەزنی مرۆیین وەکوو چین، ميسر، بابيلۆنی کۆن؛ هەندێکیان هۆز و تيرەن وەکوو عيبرییەکان و عەرەبەکان؛ هەندێکیان شارنشینن وەکوو ئەتينا و سپارتا؛ هەندێکیان کۆکەرەوەی چەندین نيشتمانن وەکوو ئيمپراتۆرییه‌تی کارۆلینژییەکان[1]؛ هەندێکیان کۆمەڵگەی بێنیشتمانن و پەیوەندییەکی ئایینی بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە وەکوو ئیسڕائیلییەکان و پارسییەکان[2]؛ هەندێکیان نەتەوەن وەکوو فەڕەنسا، ئينگلته‌را و زۆربەی ناوچە ئۆتۆنۆمییە هاوچەرخەکانی ئەوروپا؛ هەندێکیان کۆنفيدراڵین وەکوو سویسرا و ئەمریکا؛ هەندێکیان خزمایەتییەكیان لە ڕەچەڵەك و بەتایبەتی لە زماندا هەیە، وەکوو لقوپۆپە جیاوازەکانی ئەڵمان و لقوپۆپە جیاوازەکانی سڵاڤ؛ ئەمانە چەندین شێوازی جیاوازی کۆمەڵگەن کە ئێستا هەن یان پێشتر هەبوون؛ زۆر جار ئەم گرووپانەمان لێ تێکەڵ دەبێت بەڵام کێشەیەکی زۆر مەترسیدار نییە.

لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا، لەو باوەڕەدا بووین ڕێکخستنەکانی شارە بچووکە سەربەخۆکان، وەکوو سپارتا و ڕۆما، لەسەر ئێمەیش جێبەجێ دەکرێت؛ ئێمەی نەتەوە کە خاوەنی سی بۆ چل مليۆن ڕۆحلەبەرین. ئێستا، هەڵەی گەورەتر ئەنجام دەدەین: ڕەچەڵەك و نەتەوە تێکەڵ دەکەین؛ هەندێك گرووپی خاوەنی ڕەچەڵەکێك یان خاوەنی زمانێك، هەمان سەروەریی گەلێکی ڕاستەقینەیان دەدەینێ. هەوڵ دەدەین سەبارەت بەم پرسیارە قورسانە، بگەین بە ئەنجامێکی ورد. هەر لە سەرەتاوە واتای وشەکان هەمووی تێکەڵ بووە، کە ئەمەیش بەرهەمی هەڵەی لێ دەکەوێتەوە. ئەوەی ئێمە دەیکەین زۆر وردە؛ وەکوو توێکاریکردنی لاشەیەکی زیندووە؛ مامەڵە لەگەڵ زيندووێك دەکەین هەروەک چۆن مامەڵە لەگەڵ مردووێك دەکەین. ئێمە بەوپەڕی بێسۆزی و بێلایەنییەوە باسی دەکەین.

یەکەم
لە دوای کۆتاییهاتنی ئيمپراتۆرییه‌تی ڕۆمانییەکان، یان باشتر بڵێین، لە دوای پارچەپارچەبوونی ئيمپراتۆرییه‌تی شارلمانی، وا هەست دەکەین ئەوروپای ڕۆژاوا بەسەر چەند نەتەوەیەكدا دابەش بووە؛ هەندێکیان لە چەند سەردەمێکدا هێژموونی خۆیان بەسەر ئەوانی تردا دەسەپاند، بەڵام قەت بۆ ماوەیەکی درێژ سەرکەوتنیان به‌ده‌ست نەهێنا. ئەوانەی شارلی پێنج، لويزی چواردە و ناپلیۆنی یەکەم ئەنجامیان دا، لەوانەیە قەت لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە. بنیاتنانەوەی ئيمپراتۆرییه‌تێکی نوێی ڕۆمان یان شارلمان، مەحاڵە. جیاوازییەکانی ئەوروپا زۆر گەورەن، هەروەها هەوڵە جهیانییەکان بۆ دروستکردنی هێژموون، نەبوونە پاڵنەرێك بۆ هاوپەیمانییەك کە نەتەوەکان کۆ بکاتەوە. بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ جۆرە هاوسەنگییەك ڕاگيراوە. فەڕەنسا، ئينگلته‌را، ئەڵمانیا و ڕووسیا دوای چەندین سەدەی تر هەر دەمێننەوە؛ هەرچەندە بە چەندین ڕووداو و کەسایەتیی مێژووییدا تێ پەڕيون. مێژووی ئەم یان ئیمپراتۆرییه‌تانه‌ وەکوو خانەکانی شەتڕەنج و دامە وان؛ خانەی گرنگ و مەزنی جۆربەجۆری تێدایە، بەڵام خانەکان لەیەك ناچن.

نەتەوەی لەم شێوەیە، لە مێژوودا تا ڕاددەیەك نوێن. مێژووی کۆن ئەم جۆرە نەتەوەی بەخۆیەوە نەدیوە؛ ميسر، چین، کلدییە کۆنەکان بە نەتەوە دانەدەنران. چەند پۆلێك بوون لە لایەن کوڕی ڕۆژ یان کوڕی ئاسمان بەڕێوە دەبردران. هاووڵاتیی ميسری نەبووە؛ هاووڵاتیی چينییش نەبووە. کۆمارەکان، پاشای ناوچەیی، کۆنفيدراڵیی کۆمارە لۆکاڵییەکان و ئيمپراتۆرەکان لە مێژووی کۆندا هەبوون، بەڵام نەتەوە بەو مانایه‌ی لێی تێ دەگەین، زۆر کەم بوو. ئەتینا، سپارتا، سەیدا و سوور[3] ناوەندێکی بچووکی نیشتمانیی دڵگيرن؛ بەڵام ئەمانە شارن و خاکێکی تا ڕاددەیەك سنوورداریان هەیە. گۆل[4]، ئیسپانیا، ئیتاڵيا، پێش ئەوەی بچنە پاڵ ئميپراتۆرییه‌تی ڕۆمان، کۆمەڵه‌ خەڵكێك بوون، زۆر شت کۆیانی دەکردەوە، بەڵام دامەزراوەیەکی ناوەندی یان پاشایەکیان نەبوو.

ئيمپراتۆرییه‌تی ئاشوورییەکان و فارسەکان و ئيمپراتۆرییه‌تی ئەسکەندەر، نیشتمانیان دروست نەکرد. هه‌رگیز هاووڵاتیی ئاشووری نەبووە؛ ئيمپراتۆرییه‌تی فارس، هەردەم فيۆداڵییه‌تێکی[5] بەرفراوان بووه‌. هیچ نەتەوەیەك ڕەچەڵەکی خۆی بە سەرکێشییەکانی ئەسکەندەر نەبەستۆتەوە، کە چەند ئەم ڕووداوانە دەرەنجامی گەورەیشی بۆ مێژووی گشتیی شارستانی هەبووه‌.
ئيمپراتۆرییه‌تی ڕۆمان لەوە نزيك بووه‌وه‌، پێی بگوترێت نیشتمان. کارێکی باشیان کرد جەنگەکانیان ڕاگرت. هێژموونی ڕۆمانەکان، هەرچەندە پێشتر توند بوو، بەڵام دواتر هه‌ر زوو كه‌وته‌ به‌ردڵان. کۆکەرەوەیەکی مەزن بوو؛ واتای فەرمانڕەوایی، ئاشتی و شارستانییه‌تی دەبەخشی. لە قۆناغە کۆتایییەکانی سەردەمی ئيمپراتۆییه‌تی ڕۆمانی، ڕۆحانییەکان، قەشە ڕووناکبيرەکان و خوێندەوارەکان هەستێکی ڕاستەقینەیان هەبوو کە دیاردەی “ئاشتیی ڕۆمانی” هەیە کە پێچەوانەی ئه‌و بەڕەڵایییە هەڕەشەئامێزانەیە کە بەربەرییەکان تێیدا دەژین. بەڵام ئيمپراتۆرییه‌تێك کە دوازدە جار لە فەڕەنسای ئێستا گەورەتر بێت، نەیدەتوانی دەوڵەتێك بە چەمکە مۆدێرنەکەی دروست بکات. ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لەم ئيمپراتۆرییەته‌ جیا بوونەوە؛ جیابوونەوە، دەبوو هەر ڕووی دابا. هەوڵەکانی ئيمپراتۆرییه‌تی گۆلەکان (فەڕەنسای کۆن) لە سەدەی سێ، له‌ دانانی هاووڵاتینامەدا سەرکەوتوو نەبوو. بەڵام داگيرکاریی ئەڵمانی بۆ یەکەم جار لە جیهاندا ئەم بنەمایەی دروست کرد و، دواتر ناوی لێ نرا هاووڵاتینامە.

ئاخۆ گەلە ئەڵمانییەکان دوای داگيرکارییە گەورەکەیان لە سەدەی پێنجەوە تاوەکوو گەیشتنی نۆرمەندییەکان لە سەدەی دەیەم، چییان کرد؟ هەندێك ڕەچەڵەکی خۆیان گۆڕی؛ بەڵام ئەڵمانییەکان فەرمانڕەوایەتییه‌کی پاشایی و ئەریستۆکراتییەکی سەربازییان تا ڕاددەیەك بەسەر ئيمپراتۆرییه‌تی ڕۆژاوای کۆندا سەپاند[6]؛ هەر ئەو داگيرکەرانە ناوی ئيمپراتۆرییه‌تی ڕۆژاوایان هەڵبژارد؛ هەر لەوانەوە فەڕەنسییەك، بورگۆندییەك، لۆمباردییەك و، دواتر نۆرماندییەك دروست بوو. ئەو باڵادەستییەی کە ئيمپراتۆرییه‌تی فره‌نك هەیبوو، وای کرد کە ڕۆژاوا[7] یەک بگرێت؛ بەڵام ئەم ئيمپراتۆرییەته‌ لە ناوەڕاستی سەدەی نۆیه‌م تێک چوو. ڕێکكەوتنی ڤێردون ئەو جیاکردنەوەی دروست کرد، کە وا دەزانرا هەرگيز ڕوو نادات؛ هەر لەو کاتەوە فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئينگلته‌را، ئیتاڵیا و ئیسپانیا بەرە بەرە و بە ڕێگه‌یەکی پێچاوپێچ و پڕ لە سەرکێشی، گەیشتن بە نیشتمانێك کە ئەمڕۆ بەو شێوەیە دەیبینین و هەر لە گەشەدان.

ئه‌رێ به‌ڕاست، ئەم دەوڵەتانە چ شتێ جیایان دەکاتەوە؟ ئەم دەوڵەتانە تواندنەوەی گەلە پێکهاتووەکانی لەگەڵ یەکتر، جیایان دەکاتەوە. ئەو وڵاتانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، زۆر جیاوازن لەگەڵ تورکیا[8]: تورکەکان، سڵاڤەکان، یۆنانییەکان، ئەرمەنییەکان، عەرەبەکان و کوردەکان هەر بە جیاوازی ماونەتەوە؛ لە کاتی داگيرکردنیان جیاواز بوون و لە کاتی ئێستادا هەر زۆر جیاوازن[9].
 دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم وەڵام و دەرەنجامە هەیە:یەکەم، لەبەر ئەوەی گەلە ئەڵمانییەکان مەسیحییەتیان هەڵبژارد؛ دوای ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گەلە یۆنانی و لاتینییەکان په‌ره‌ی سه‌ند. کاتێك براوە و دۆڕاو هەمان ئایینیان هەبێت، یان کاتێك براوە ئایینی دۆڕاوەکە وەردەگرێت، هەروەکوو سیستەمی تورکی، جیاکردنەوە لەسەر بنەمای ئایینی، زۆر ئەنجام نادرێت. دووەم هۆکار، تایبەتە بە داگيرکەرەکان و لەبيرچوونەوەی زمانی خۆیان. نەوەکانی کۆلڤیس و ئالریک وگۆندبۆ و ئالبوان و ڕۆلۆن زمانی ڕۆمانییان دەزانی. ئەمە خۆی لە خۆیدا زۆر گرنگ بوو؛ فرەنکەکان، بوگۆندییەکان، گۆتییەکان، لۆمباردەکان، نۆرماندەکان زۆر بەکەمی ژنی ڕەچەڵەکی خۆیان لەگەڵدا بوو. چەندین نەوە سەرکردەکانیان تەنیا ژنی ئه‌ڵمانییان ده‌هێنا؛ بەڵام خۆشەویستەکانی تریان لاتینی بوون؛ بەخێوکەری منداڵەکانیان لاتینی بوون؛ ئەوانەی تر لە بنەماڵەکە ژنی لاتینییان ده‌هێنا.

زمانی فرانکی و زمانی گۆتی لەگەڵ دامەزراندنی فرانک و گۆتی لەسەر خاکی ڕۆمانەکان[10] ته‌مه‌نێكی کورتیان هەبوو. ئەم ڕووداوانە لە ئینگلته‌را بەو شێوەیە نەبوو، چونكه‌ داگیرکەرە ئەنگلۆسەکسۆنەکان ژنەکانیان لەگەڵدا بوو. خەڵکی برتۆن هەڵدەهاتن و لاتینییەکان لەوێ نەمابوون. لاتینییەکان هه‌رگیز لە برۆتان باڵادەست نەبوون. ئەگەرچی زمانی گۆلوایەکان لە گشت وڵاتی گۆل قسەی پێ ده‌كرا، بەڵام کلۆڤيس و دەوروبەرەکەی، زمانی ئەڵمانییان بۆ زمانی گۆلوا بەجێ هێشت.

لەم دەرەنجامە گرنگەوە بۆمان دەردەکەوێت، هەرچەندە ڕەفتاری داگيرکەرانی ئەڵمان لەڕاددەبەدەر توند بوو، بەڵام ئەو مۆدێلەی سەپاندیان، دوای چەندین سەدە، وه‌رگۆڕا بۆ دروستکردنی نەتەوە. فەڕەنسا، تەنیا لە ڕێگه‌ی کەمینەیەكی فرەنكه‌وه، بوو بە ناوی وڵاتێك‌. لە سەدەی دەیەم، لە یەکەمین ئەو داستانانەی بۆ قارەمانێتی نووسراون، ئەم داستانانە ئاوێنەی ڕۆحی ئەو کاتەیە. هەموو دانیشتووانی فەڕەنسا بە فەڕەنسی ناو براون. بيرۆکەی جیاوازیی ڕەچەڵەکی، لەناو خەڵکی فەڕەنسا لە نووسینەکانی “گرێگوار دی تۆر”[11] زۆر دەردەکەوێت، کەچی ئەم جیاوازییە بە هیچ شێوەیەك لای نووسەران و هۆزانڤانانی دواتری فەڕەنسی لە سەردەمی “هوگ کاپێ”[12] نەما. جیاوازیی خانەدان و ژێردەستەکانی، تا بڵێی باس کراوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی جیاوازی لە ڕەچەڵەکیان نەکراوە. لە ئازایەتی، لە ڕەفتار، لە ڕۆشنبيری کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەکەی تر گواستراوه‌تەوە، باسی جیاوازی کراوە؛ کەس بير لەوە ناکاتەوە کە سەرچاوەی ئەم هەموو بابەتانە لە داگيرکارییەکەوە دروست بووە. ئەو سیستەمە هەڵەیە، کە دەیگوت سەرچاوەی خانەدانی ئەوەیە کە لە لایەن پاشاکانەوە دراوە بە کەسێك، بۆ ئەو خزمەتە گەورەیەی کە پێشکەشی نەتەوەكه‌ی کردووە. پرۆسەیەك هەبوو، ناوی پرۆسەی “به‌خانەدانکردن” بوو. ئەم سیستەمە لە سەدەی سێزدە بەولاوە، وەکوو بنەمایەکی لێ هات. هەمان پرۆسە لە دوای هەر داگيرکارییەکی نۆرمەندەکان، ئەنجام دەدرا.

بەڵام دوای نەوەیەك یان دوای دوو نەوەی تر، نۆرمەندە داگيرکەرەکان لە کەسانی ئاساییی کۆمەڵگە جیا نەدەکرانەوە؛ کاریگەریی قووڵیان نەما. نۆرمەندەکان نیشتمانه‌ داگیركراوه‌كه‌یان فێره‌ خانەدانی، ڕەفتاری سەربازی و نیشتمانپەروەری ده‌كرد، کە پێشتر پێیان نەدەزانی.

لەبيرکردن، یان دەتوانم ناوی بنێم هەڵەی مێژوویی، فاکتەری سەرەکیی دروستکردنی نەتەوەیە. هەر بۆیە توێژینەوە مێژوویییەکان بۆ وڵاتینامە مەترسیدارن. پرسیارە مێژوویییەکان ئەو توندڕەوییەت بۆ دەردەخات کە لە پشتەوەی گشت قەوارە سیاسییەکانە؛ هەروەها ئەو قەوارانەی کە لە کۆتاییدا بوونە خێر و خۆشی بۆ میللەتەکانیان. یەکبوون هەمیشە بەتوندی بووە؛ یەکگرتنی فەڕەنسای باکوور و فەڕەنسای ناوەڕاست لە ئەنجامی لەناوبردن و تيرۆرێکی بەردەوام بوو لە ماوەی سەدەیەك؛ پاشای فەڕەنسا، ئەگەر بوێرم بڵێم، ئەو کەسە بوو کە سەدەکانی ڕاگرت؛ پاشای فەڕەنسا باشترین یەکبوونی نیشتمانیی دروست کرد. ئەگەر لە نزیکەوە سه‌یری کەین، پاشای فەڕەنسا هەیبەتی لەدەست دا؛ پاشای فەڕەنسا نەتەوەی دروست کرد و، هەر ئەو نەتەوەیە نه‌فره‌تی لێ کرد؛ ئەمڕۆ تەنیا ئەو کەسە ڕووناکبيرانە دەزانن، ئەو پاشایە چ بەهایەکی هەبوو و چیی کرد.

ئەو یاسا مەزنانەی ئەوروپای ڕۆژاوا، چەند هەستیارن. پاشای فەڕەنسا بە توندڕەوییەکەی و دادپەروەرییەکەیەوە کۆتایی هات و نەتەوەکەی سەر کەوت، لە کاتێکدا زۆربەی دەوڵەتان شکستیان خوارد. لەژێر سێبەری تاجی “سانت ئێتیان”[13] مەجەرییەکان و سڵاڤەکان زۆر جیاواز مانەوە؛ چۆن بوون پێش هەشت سەد ساڵ هەروەکوو خۆیان مانەوە و نەگۆڕان. بۆ ئەوەی بابەتەکان زۆر تێکەڵ نەکەین، “ماڵی هابسبۆرگ”[14]جیاكاریی لە نێوانیان (سڵاڤەکان و مەجەرییەکان) کرد؛ هەمیشە ئەم دوو میللەتە نەیاری یەکتر بوون[15]. لە بۆهێم[16]، چیک و ئەڵمانەکان دژی یەک بوون؛ وەك ئاو و ڕوون لە پەرداخێك ئاودا. سیاسەتی تورک بۆ جیاکردنەوەی وڵاتینامەکان لەسەر بناغەی ئایینی، کارەساتی خوڵقاند و، بووە هۆی کۆتاییهاتنی بەشی ڕۆژهەڵات[17]. نموونەی سالۆنیک یان ئەزمیر وەربگرین، پێنچ شەش پێکهاتەی تێدایە[18]؛ هەر یەکەو یادگاریی تایبەت بە خۆی هەیە؛ هیچ شتێك کۆیان ناکاتەوە. بۆ دروستکردنی نەتەوە، پێویستە زۆر شت کۆیان بکاتەوە، هەروەها زۆر شتیان لەبير چووبێتەوە. هیچ هاووڵاتییەکی فەڕەنسی نازانێت بورگۆندە، ئالانە، تایفالە یان ڤیزیگۆس چییە؛ هەموو هاووڵاتییەکی فەڕەنسی دەبێت سانت بارتێلمی و کۆمەڵکوژییەکانی ناوەڕاستی “فەڕەنسا”ی سەدەی سێزدەی  لەبير چووبێتەوە. لە فەڕەنسا، دە خێزان نییە کە بەڵگەی پێ بێت کە فرەنکیی ڕەسەنن؛ ئەگەر بەڵگەیشیان هەبێت، ئەوا دروستکراوە و ڕاست نییە. تێکەڵبوونێکی زۆری نادیار هەیە کە سیستەمی ڕەسەنناسی [جینۆلۆژی]ی شێواندووە.

کەواتە نەتەوە هاوچەرخەکان ئەنجامێکی مێژوویین؛ زنجیرەیەك ڕووداوی پێکەوەگرێدراو کە هەمووی بە یەك ئاراستە ڕۆیشتووە. هەندێك جار یەکبوون لە لایەن پاشایه‌تییه‌كه‌وه‌ دروست بووە، وەکوو فەڕەنسا؛ هەندێك جار بە یەکبوون لە ئەنجامی ئیرادەی هاوبەشی شارەکان دروست بووە، وەکوو هۆڵەندا، سویسرا و بەلژيکا؛ هەندێک جار یەکبوون لە ئیرادەیەکی گشتی یان لە ئەنجامی سەرکەوتنی فيۆداڵیتی دروست بووە، وەکوو ئیتاڵیا و ئەڵمانیا. لە پشت دروستبوونی ئەم قەوارانەوە هۆکارێکی سەرەکی هەبووە. زۆر جار لە کارێکی تەواو چاوەڕواننەکراوەوە دروست دەبن. بینیمان، لەم ڕۆژانەدا، ئیتاڵیا لە شکستەکانییەوە یەکی گرت و، تورکیا بە هۆی بردنەوەکەیه‌وه‌ پارچەپارچه‌ بوو. هەموو دۆڕاندنێك گەشەی بە کاروباری ئیتاڵیا ده‌دا؛ هەموو بردنەوەیەکی تورکیای عوسمانی، دەدۆڕاندنێكی له‌گه‌ڵ بوو؛ لەبەر ئەوەی ئیتاڵیا نەتەوەیە و، له‌ تورکیا ئەوه‌ی لە دەرەوەی ئاسیای بچووكە بە نەتەوەی تورك دانانرێت. دوای شۆڕشی فەڕەنسی، یەكێك لە دەستکەوتە فەڕەنسییەکان ئەوە بوو کە ڕایان گەیاند کە نەتەوە خۆبەخۆ دروست دەبێت. بە شتێکی خراپ دای مەنێن، کاتێك میللەتێك لاساییمان بکاتەوە. بنەمای نەتەوەکان هی خۆمانە.

بەڵام نەتەوە چییە؟ بۆچی هۆڵەندا نەتەوەیە، کەچی هانۆڤەر یان دۆقی مەزنی پارما نەتەوە نین؟ چۆن فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لەوەی کە به‌ نەتەوە بمێنێتەوە، کاتێك ئەو بنەمایەی له‌سه‌ری دروست بووه‌، نەمێنێت؟ چۆن سویسرا، کە سێ زمانی تێدایە و دوو هەرێمە و سێ چوار ڕەچەڵەکی تێدایە نەتەوەیە، لە کاتێکدا تۆسکان بۆ نموونە زۆریش لەیەك دەچن، نەتەوە نین؟ بۆچی نەمسا دەوڵەتە، کەچی نەتەوە نییە؟ چۆن بنەمای ناسنامە لە بنەمای ڕەچەڵەک جیا بکەینەوە؟ ئەمانەی سەرەوە ئەو خاڵانەن کە دەمانەوێت باسی لێوە بکەین؛ بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە بيرکردنەوەیەکی باش هەیە. پرسە جیهانییەکان بەم جۆرە بيرکردنەوانە، كه‌م چارەسەر دەبن؛ بەڵام ئارەزووێکمان هەیە کە عەقڵانییەتێك بخەینە ناو مەسەلەکانەوە و، ئەو ئاڵۆزکاوییەی لە بيروباوەڕەکاندا هەیە چارەسەری کەین.

[1]  ئيمپراتۆرییەتی کارۆلینژیەکان، ئيمپتراتۆرییەتێکی کۆن بوو و لە سەدەکانی ٨ و ٩ و ١٠، له‌ ڕووبەرێکی بەرفراواندا لە ڕۆژاوای ئەوروپا، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا حوکمی دەکرد. بە ئيمپراتۆرییەتی ڕۆژاوایش ناسراو بوو. ناسراوترین پاشای، ناوی “شارلمان” بوو.

[2] پارسییەکان تەواو جیاوازن لە فارسییەکان؛ پارسییەکان پەيڕەوی له‌ ئایینێکی نزیك له‌ زەردەشتییەکان دەکەن.

[3]  دوو شارن لە لوبنانی ئێستا.

[4] فەرەنسای کۆن و هەندێك دەوڵەتی دەوروبەر.

[5]  فيۆداڵییه‌ت = دەرەبەگەیاتی.

[6]. پێیشی دەگوترا ئيمپراتۆرییه‌تی کارۆلینژییەکان.

[7] . رۆژاوای ئەوروپا.

[8]  تورکیای عوسمانی.

[9]  واتا ئەو ميللەتانە سەرەڕای باڵادەستیی تورك لە ماوەی چەندین سەدە، هەروەکوو خۆیان ماونەتەوە و نەبوون بە ميللەتێکی تر.

[10] ڕۆمان و لاتینی یەك شتە.

[11] مێژوونوسێکی کۆنه‌، كه‌ لە سەدەی شەشەم له‌ فەڕەنسای ئێستا ژیاوە.

[12] پاشایەکی فرەنکە، لە سەدەی دەیەم ژیاوە.

[13]. پاشای هەنگارییەکان لە سەدەی یازدە.

[14]. بنەماڵەیەک بوون لە نێوان (١٤٥٢- ١٧٤٠)دا حوکمی ئیمپراتۆرییه‌تی “پيرۆزی ڕۆمانی-ئەڵمانی”یان دەکرد.

[15] . شایەنی گوتنە ماڵی پاشای هابسبۆرگەکان، نە سڵاڤ بوو و نە مەجەری بوون؛ بنەماڵەیەکی باڤاری بوون.

[16]. بۆهێم، وڵاتی چیکی ئێستایە.

[17]. وا دیارە دەیەوێت بڵێت کۆتاییهاتنی کلێسەی کاسۆلێکی ڕۆژهەڵات.

[18]. ئێستا بەم شێوەیە نەماوە.

image_pdfimage_print