پێنووس

“زاهر جەبارین” کێیە و چۆن ئەو تۆڕە دارایییە چەند سەد ملیۆن دۆلارییەی حەماس بەڕێوە دەبات؟

نووسەران: ڕۆری جۆنز، بنوا فوکان، ئیان تالی و ئابیر ئەیوب

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێنووس

بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا، جەبارین بەرپرسی بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دارایییەکانی نێوان حەماس و دابینکەری سەرەکیی حەماسە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و پارەی کاش لە تارانەوە بۆ کەرتی غەززە دەگوازێتەوە. هەروەها سەرپەرشتیی کۆمەڵێک کۆمپانیا دەکات کە داهاتی ساڵانە بۆ حەماس دابین دەکەن و کۆنترۆڵی بەسەر تۆڕێکی خێرخوازیی تایبەت و بازرگاناندا هەیە کە وەبەرهێنان لەو گرووپە چەکدارە دەکەن. بە گوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کاریگەریی جەبارین لەسەر داراییی حەماس ئەوەندە بەرچاوە، کە بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا پێیان وایە کە ناوبراو هۆکاری سەرەکیی دابینکردنی چەک و تێچووی هێزەکانی حەماسە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی حەوتی ئۆکتۆبەر دژی ئیسرائیل.

ئوزی شایا، بەرپرسێکی پێشووی مۆساد دەڵێت: “ڕۆڵی جەبارین (Zaher Jabarin) زۆر دیارە، چونکە ئەو، هەموو دارایییەکانی حەماس لە دەرەوەی غەززە کۆنترۆڵ دەکات.” جەبارین وەکوو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای حەماس وایە. جەبارین زۆر نزیک بوو لە ساڵح ئەلعروری، پیاوی ژمارە دووی بزووتنەوەی حەماس، کە ڕۆژی سێشەممە لە تەقینەوەیەکدا لە بەیروت کوژرا. ئەم دوو کەسە پێکەوە “باڵی سەربازیی حەماس”یان لە کەرتی ڕۆژاوا دامەزراند و هەردووکیان زۆر لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نزیک بوون. لە پێشەکیی کتێبەکەی جەبارین کە دوای ئازادبوونی لە زیندان بڵاو کرایەوە، ئەلعروری نووسیویەتی: تێپەڕبوونی کات ئیرادەی ئەو لاواز ناکات. ئینشائەڵڵا لە درێژەپێدانی ڕێگەی جیهاد بەردەوام دەبێت.

 جەبارین هاوکات لەگەڵ یەحیا سنوار لە ساڵی ٢٠١١ لە بەرامبەر ئازادکردنی سەربازێکی ئیسرائیلی، لە زیندان ئازاد کران. بەڵام لە کاتێکدا سنوار لەناو ڕێکخراوی حەماس لەناو غەززە لە بەرزکردنەوەی پلە و پۆست سەر دەکەوت، جەبارین لە دەرەوەی فەڵەستین بەدواداچوونی بۆ ئەرکەکانی دەکرد. بە گوتەی دەسەڵاتدارانی میسر، جەبارین بەرپرسی زیندانیانی ناو ڕێکخراوی حەماسیشە. هاوکات لەگەڵ سنوار، دانوستانیان لەگەڵ ناوبژیوانانی قەتەر کردبوو بۆ ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستینی لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.

بە گوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی دەوڵەتی تورکیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، مانگی ڕابردوو هۆشداریی دایە ئیسرائیل لە پێدانی “باجێکی قورس”؛ ئەمەیش لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل پلانی هەیە سەرکردەکانی حەماس لە دەرەوەی کەرتی غەززە تیرۆر بکات، لەنێویاندا لە تورکیا. یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی ئیسرائیل ئەوەیە کە ئەگەر چەکدارانی حەماس لە غەززەش لەناوببرێن، تۆڕی داراییی ئەم گرووپە بەهێز دەمێنێتەوە.

بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل، ساڵانێکە جەبارین توانیویەتی سیستەمی داراییی وڵاتانی سعوودیا، لوبنان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، سوودان و بەم دوایییەیش تورکیا بەکار بهێنێت بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ڕۆژاوا و گواستنەوەی پارە بۆ ناو کەرتی غەززە لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمپانیاکانەوە. هەرچەندە ئەمریکا حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت و سزای سەپاندۆتە سەر بەرپرسان و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانی، بەڵام ڕۆیشتنی بەردەوامی پارە بۆ کەرتی غەززە ڕەنگدانەوەی ئەو سەختییەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە بڕینی هاوکارییە دارایییەکان بۆ حەماس ڕووبەڕووی دەبنەوە. چونکە ئەم گرووپە تا ئێستایش سوودمەندن لە پاڵپشتیی جیهانی عەرەبی و موسڵمانان.

بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، فەرمانگەی داراییی بزووتنەوەی حەماس لەژێر ئیدارەی جەبارین، لە باڵەخانەیەکی شووشەی تاریک لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا دەستی بە کارەکانی کردووە. ئەم گرووپە چەکدارە بە کڕینی پشک لە کۆمپانیا تورکییەکان، لەوانەیش لە بواری خانووبەرە و موڵک، وەبەرهێنان لەم بوارەدا دەکەن.

لە چاوپێکەوتنێکدا، جەبارین پارەدارکردنی حەماسی بە “شەرەف” ناو برد، بەڵام ڕۆڵی خۆی ڕەت کردەوە و وتی “ئەوە تۆمەتێکە و ڕاستەقینە نییە”. جەبارین هەرچەندە ئێستا ئەندامی حەماسە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەندامی لیواکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس نییە و دەڵێت: “ئیسرائیل هەوڵ دەدات هەموو شتێک تێکەڵ بکات. لیواکانی قەسام، جیا لە مەکتەبی سیاسیی حەماس، پەیوەندیی تایبەت بە خۆیان هەیە”.

تورکیا حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت و جیاوازی لە نێوان لقی سەربازی و سیاسیی ئەم گرووپە دەکات. تورکیا باس لەوە دەکات کە بازرگانییە یاسایییەکانی ئەم وڵاتە، ڕۆڵیان نییە لە دابینکردنی داراییی بزووتنەوەی حەماس و، سیستەمی داراییی تورکیاش خراپ بەکار نەهێنراوە. بەڵام جەبارین پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بازنەی نزیکی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەیە. بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل پێیان وایە ئەم کەسانە هاوکاریی حەماسیان کردووە بۆ دەستەبەری دارایی و دابینکردنی چەک.

بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن بە بەدواداچوون بۆ رێوشوێنە دارایییەکان، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە جەبارین یارمەتیی پاراستنی پەیوەندییە دارایییەکانی حەماسی لەگەڵ حزبوڵای لوبنان داوە لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ سەرافەکانی (ئاڵوگۆڕکارانی دراوی) ناوخۆیی. ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕای گەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان ملیۆن دۆلاری بۆ حەماس لە ڕێگەی حەواڵە و بەم دوایییەیش بە کەڵکوەرگرتن لە دراوی کریپتۆ گواستۆتەوە. ئەم پارانە لە ڕێگەی سەڕاف/پارەگۆڕەکانەوە لە بەیروت و ئەستەنبوڵ و ناوەندە بازرگانییە ناوچەیییەکانی دیکە دەگوازرێنەوە بۆ غەززە. هەرچەندە ئەمریکا لە دوای ئۆپەراسیۆنی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە زۆرێک لە کۆمپانیاکانی پەیوەست بە حەماسی گەمارۆ داوە، بەڵام پارەدارکردنی ئەم گرووپە چەکدارە لەلایەن ئێران و بەخشەرەکانی دیکەوە بەردەوامە. بە گوتەی بەرپرسانی ڕۆژاوایی، هاوکارییەکان بۆ ڕێکخراوە خێرخوازییەکان کە بنکەکانیان لە ئەوروپا، ئاسیا و وڵاتانی کەنداوە، کە بەرپرسانی ئەمریکا پەیوەندیدار بە حەماسیان دەزانن، زیادی کردووە.

“زاهر جەبارین” کێیە؟

زاهیر جەبارین لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری سەلفیت لە باکووری کەناری ڕۆژاوای فەڵەستین لەدایک بووە و گەورە بووە. هەر لە منداڵییەوە حەزی لە ئایین بووە و لە مزگەوتی گەڕەک ئاشنای بەرهەمەکانی “حەسەن ئەلبەنا” دامەزرێنەری ئیخوان موسلیمین بووە. ئیخوان موسلیمین بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی سیاسییە کە حەماس بەشێکە لێی. بەپێی چاوپێکەوتنێک لەگەڵیدا کە لە ڕۆژنامەی “فەڵەستین”دا کە لە غەززە بڵاو کراوەتەوە، جەبارین سەرۆکی گرووپێک بووە کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا پەیوەندیی بە “یەکەم ئینتیفازە” دژی ئیسرائیلەوە کردووە. یەکێک لە یەکەم کارەکانی جەبارین، نیگارکێشانی گرافیتی بوو لەسەر شەقامەکانی سەلفیت. لەو کاتەدا جەبارین پارەی لە دایکی وەردەگرت بۆ کڕینی چەک. بەڵام یەکەم بەشداریی گەورەی لە حەماسدا یارمەتیوەرگرتن بوو لە “یەحیا عەیاش”ى فەڵەستینی، بۆ ئەوەی فێری دروستکردنی بۆمبی دەستییان بکات.

بە وتەی یەکێک لە هاوکارەکانی جەبارین، بە تاوانی کوشتنی سەربازێکی ئیسرائیلی، سزای زیندانی هەتاهەتاییی بەسەردا سەپێنراوە. “یەحیا عەیاش” لە هەمان کاتدا لە ساڵی ١٩٩٦ بەهۆی تەقینەوەی بۆمب لەلایەن مۆسادەوە تیرۆر کرا. جەبارین لە زیندان فێری زمانی عیبری بووە و بڕوانامەی بەدەست هێناوە و وەک یەکێک لە بەرپرسانی حەماس بەڕێوەبەری کاروباری زیندانییەکان بووە. لە هەمان کاتدا کتێبەکەی نووسیوە، کە لە ساڵی ٢٠١١ دوای ئازادکردنی لە زیندان بڵاو کرایەوە.

لە ماوەی زیندانیبوونیدا بوو کە حەماس ئاستی جەماوەریبوونی بەرز بووەوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڵەستین سەرکەوتنی بەدەست هێنا. دوای ساڵێک ئەم گرووپە دەستی بەسەر غەززەدا گرت و بەسەر ئەم ناوچەیەدا زاڵ بوون. کاتێک جەبارین لە زیندان ئازاد کرا، حەماس تۆڕێکی کۆمپانیاکانی بۆ دابینکردنی دارایی بەڕێوە دەبرد. بارەگای کارە دارایییەکانی ئەم گرووپە لەو سەردەمەدا، شاری جددە لە عەرەبستانی سعوودى بوو. لەم ڕێگەیەوە حەماس دەیان ملیۆن دۆلاری لە ئێرانەوە بۆ لقی سەربازیی خۆی لە غەززە دەگواستەوە. هەروەها ئەو گرووپە خاوەنی بزنسی خانووبەرە بوون.

دوای سزا بەرفراوانەکانی ئەمریکا، جەبارین ماڵێکی نوێی بۆ دامەزراندنی تۆڕی ئیمپراتۆرییەتی داراییی حەماس لە ئەستەنبوڵ لە تورکیا دۆزییەوە. لەوێ دزەی کردە ناو بازنەی نزیکەکانی ئەردۆغان. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی مۆساد، جەبارین لە ساڵی ٢٠١٨ بە هاوکاریی هاوبەشە تورکەکان چووەتە ناو بازرگانیی ئۆتۆمبێل و خانووی گرانبەها لەم وڵاتەدا. ئەو، پێگەی خۆی بۆ دابینکردنی داراییی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەکار هێنا. لە ساڵی ٢٠١٨دا، مۆساد هاووڵاتییەکی عەرەبی ئیسرائیلیی دەستگیر کرد، لە کاتێکدا هەوڵی دەدا سەدان هەزار یۆرۆی کاش بگەیەنێتە کارمەندانی هێزەکانی ئەلقەسام لە کەرتی ڕۆژاوا. جەبارین ئەم پارەیەی لە ڕێگەی تورکیاوە گەیاندبووە دەستی.

ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩وە ڕاستەوخۆ سزای بەسەر جەبارین سەپاندووە و ڕای گەیاندووە: “ئەو، داڕێژەری تۆڕێکی دارایییە کە بتوانێت حەماس لە ڕێگەی تورکیاوە هاوکاریی دارایی کۆ بکاتەوە و وەبەرهێنان بکات و پارە سپی بکاتەوە.”

بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا، قەبارەی سامانی بازرگانیی عەقاراتی جەبارین لە تورکیا لانی کەم 500 ملیۆن دۆلارە. هەروەها جەبارین کۆنترۆڵی کۆمپانیاکانی حەماس لە جەزائیر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەکات. بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا، حەماس لانی کەم 75%ی پشکەکانی کۆمپانیای Trend GYOى بەدەستەوەیە کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا سەربەخۆکانی بازرگانیی خانووبەرە لە تورکیا. ئەم کۆمپانیایە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢وە کەوتۆتە ژێر سزاکانی ئەمریکاوە. بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکی، دامەزرێنەرانی ئەم کۆمپانیایە ڕەگەزنامەی تورکییان وەرگرتووە و لەژێر ناسنامەیەکی نوێدا لەم وڵاتەدا دەژین. ئەمریکییەکان دەڵێن ئەو کەسانە بەرپرسی بزووتنەوەی حەماسن کە بنکەکەیان لە تورکیایە و ئەکاونتەکانیان لەم وڵاتە بۆ سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی پارە بۆ کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژاوا بەکار دەهێنن. بەڵام کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاندووە کە هیچ ئەندامێکی حەماس ناناسن و مامەڵەکانیان شەفافن. جەبارین لەم دوایییانەدا زۆربەی کاتەکانی لە بەیروت بەسەر بردووە؛ لەوێیشەوە پارەی لە تارانەوە بۆ کەرتی غەززە لە ڕێگەی پارەگۆڕەکان و بە هاوکاریی حزبوڵڵا گواستەوە.

By Rory Jones, Benoit Faucon, Ian Talley and Abeer Ayyoub

سەرچاوە:

https://www.wsj.com

image_pdfimage_print