پێنووس

“ناڕاستییەکی ئاشکرا”

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێنووس

ماڵپەڕی پۆلیگراف (پڕۆژەی پشتڕاستکردنەوەی دەنگی ئەمریکا)، ڕەتکردنەوەی حکوومەتی ئێران سەبارەت بە پشتیوانیکردنی لە گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و ناوچەکانی دیکە بە “ناڕاستییەکی ئاشکرا” ناو برد. بە لێکۆڵینەوە لە ئامار و ژمارەی تاقمە میلیشیاکانی ناوچەکە و پەیوەندیی نزیکی نێوان سوپای پاسداران و بەتایبەتی سوپای قودس لەگەڵ ڕێکخستنی ئەو گرووپانە کە بە “میحوەری خۆڕاگری (موقاوەمە)” ناسراون، بانگەشەى کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەوەی کە هیچ پەیوەندییەکی بەو چەکدارانەوە نییە کە هێرشەکەیان بە درۆن (فڕۆکەى بێفڕۆکەوان) بۆ سەر بنکەی سوپای ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئوردن ئەنجام داوە، بە “درۆ”ی زانی.

هەر لە سەرەتای هێرشەکەدا، ئەمریکا بەرپرسیارێتیی هێرشی بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن بە ڕێگەی درۆن، کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی زیاتر لە 40 سەربازی دیکە، گەڕاندەوە بۆ گرووپی بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق.

لە یەکەم کاردانەوەدا، جۆن کێربی، ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا ڕای گەیاند، کە ئەم گرووپە (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) ڕێکخراوێکی ڕووپۆشە بۆ میلیشیاکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لەنێویاندا حزبوڵڵای کەتائیب.

هەر لەو ڕۆژەدا، سی بی ئێس نیوز بڵاوی کردەوە، کۆشکی سپی پلانی تۆڵەسەندنەوەی پێنتاگۆنی پەسەند کردووە – لەنێویاندا زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی بۆ سەر ستاف (کارمەندان) و دامەزراوەکانی ئێران لە عێراق و سووریا. هەروەها جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بەرپرسیاری ئەم هێرشە زانی و وتی: چەک بۆ ئەو کەسانە دابین دەکەن کە ئەم هێرشەیان ئەنجام داوە.

 پێش ئەوە، لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتبووى، تا چەند کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەم هێرشە “زانیاریی هەبووە یان نەیزانیوە”، “گرنگ نییە” لەم دۆخەدا، چونکە کۆماری ئیسلامی “پشتیوانیی دارایی و، لە هەندێک حاڵەتدا زانیاریی پێشکەوتوو و ڕاهێنانی سەربازی”ى بۆ ئەم گرووپانە دابین کردووە. بە گوتەی ئۆستین، ئەوان “گرووپی بەوەکالەتی ئێرانن.” بەڵام کۆماری ئیسلامی، بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی ڕەت کردووەتەوە.

ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەشەى ئەوەى کرد کە هیچ “گرووپێکی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، یان هێزە چەکدارەکانی ئێران” لە “عێراق، سووریا یان شوێنێکی دیکە”دا نییە کە “ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەژێر کۆنتڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بن بۆ ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە چالاکی بکەن یان ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن.” بەڵام تاقیکردنەوەی پۆلیگراف (پڕۆژەی پشتڕاستکردنەوەی دەنگی ئەمریکا) دەری دەخات کە ئەم بانگەشەیە ناڕاستە.

سی بی ئێس نیوز لەبارەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و میحوەری خۆڕاگرییەوە بڵاوی کردەوە کە “پەیمانگەی خزمەتگوزارییە یەکگرتووەکانی شاهانە” کە دامەزراوەیەکی بیرکردنەوەی بەرگری و ئەمنییەتی بریتانییە، مەزەندە دەکات کە لانی کەم ٤٠ گرووپی چەکداری هەن کە لە نزیکەوە لەلایەن IRGC پارەدار دەکرێن و تەنانەت  لە بنەڕەتدا بەڕێوە دەبردرێن.

بڵاوکراوەی ئەمریکی “Homeland Security Today” لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕای گەیاند کە گرووپە میلیشیاکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەرپرسیارن لە زیاتر لە سێ هەزار هێرشی تیرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٣.

هەڕوەها بە گوێرەی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا، سوپای قودسی ئێران که باڵى دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامییه، وەک خاڵی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی ئێران و هێزه بەوەکالەتەکانی کار دەکات و ڕاهێنان و چەک و پارەیان بۆ دابین دەکات.

بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی هاوبەشی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز و ئینستیتیوتی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، هێڵکاریی داتاکانی 12 گرووپی میلیشیای دیار کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا چالاک بوون. ئەم توێژینەوەیە کۆی گشتیی چەکدارانی ١٢ میلیشیاى، لە نێوان ١٢٤ بۆ ١٩٨ هەزار کەس خەمڵاندووە. سی ئێف ئاڕ جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆی ١٢ گرووپی میلیشایی، ٩ گرووپی ژێر کۆنترۆڵی ئێران لە ئاستی “بەهێز”دایە و لە سێ حاڵەتەکەی دیکەدا “مامناوەندە.”

چەکدارە شیعەکانی عێراق و لوبنان ئەو میلیشیایانە پێک دەهێنن کە کۆنترۆڵی ئێران بەسەریاندا بەهێزە. یەکێک لەوانە حزبوڵڵای لوبنان، کە حزبێکی سیاسی و گرووپێکی نیمچەسەربازیی لوبنانە، بە تێوەگڵانی لە کردەوە تیرۆریستییەکاندا بەناوبانگە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مەزەندەی کردووە کە حزبوڵڵا ساڵانە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار لە ئێران وەردەگرێت. هەروەها تاران ساڵانه نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار بۆ گرووپه فەڵەستینییەکان، له نێویاندا حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەڵەستینی دابین دەکات.

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ڕێگەی سوپای پاسدارانەوە پشتیوانیی لە گرووپە توندوتیژەکانی وەک کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق و گرووپی میلیشیای سەرایای ئەشەتەر لە بەحرێن و گرووپی حەماسی فەڵەستینی کردووە و ڕاهێنانی پێ کردوون. ئەمریکا، بریتانیا، یەکێتیی ئەوروپا، ژاپۆن، ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی دیکە، حەماسیان خستۆتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. هەروەها ناوەندی بیرکردنەوەی “سەنتەری ویلسۆن” لە واشنتۆن لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا ئاماژەى بەوە کردبوو، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە 16 ملیار دۆلاری بۆ پشتیوانی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و میلیشیاکانی بەوەکالەت لە سووریا، عێراق و یەمەن خەرج کردووە.

سەرچاوە: VOA

https://www.polygraph.info

image_pdfimage_print