پێنووس

سەردانەكەی سوودانی بۆ كۆشكی سپی: ئاماژە و ئەنجامە چاوەڕوانكراوەكان

د. یاسین تەها،  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

لەنێو گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سێبەری دووكەڵی جەنگی غەززەدا، بڕیارە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەگەڵ شاندێكی حكوومیدا یەكەم سەردانی خۆی بۆ كۆشكی سپی لە 15ی نیسانی 2024 ئەنجام بدات. سەردانكردنی ئەمریكا یەكێكە لە نەریتە سیاسی و دیپلۆماسییە باوەكانی سەرۆكوەزیرانەكانی عێراق لە پاش 2003، بەڵام بەهۆی ئەوەی سوودانی سەرۆكایەتیی كابینەكەی “چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە” دەكات كە خۆی بە نەیاری ئەمریكا دەزانێت، ئەم سەردانە هەندێك تایبەتمەندی و فۆكەسی زیاتری لەوانەی پێش خۆی لەسەرە و، دەشێت خوێندنەوەی جیاواز هەڵبگرێت. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی ئاماژەكان و لێكەوتە و كاریگەرییەكانی ئەو سەردانە چاوەڕوانكراوە هەڵوێستە دەكات.

پێكهاتەی شاندەكە و گرنگیی سەردانەكە بۆ سوودانی

ئامادەكارییەكانی سەردانەكە لەلایەن تیمێكى ڕاوێژكاریی سەرۆكایەتیی وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق “فوئاد حسێن”ەوە ئەنجام دەدرێن؛ بڕیاریشە شاندی هاوەڵی سوودانی بۆ ئەمریكا بریتی بێت لە: وەزیری دارایی، سەرۆكی بانكی ناوەندی، وەزیری بازرگانی، وەزیری نەوت، وەزیری كارەبا، وەزیری ڕۆشنبیری[1]. چاوەڕوان دەكرێت لە هەرێمی كوردستانیشەوە نوێنەر هاوەڵییان بكات. هەرچەند سەردانەكە حكوومی و فەرمی و تەوەرە سەرەكییەكەی، پەیوەندییەكانی هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئەمریكایە، بەڵام بۆ كەسایەتیی سیاسیی سوودانی، گرنگیی تایبەتی هەیە، چونكە دەركەوتن لە كۆشكی سپی بە شێوەیەكی فەرمی، یەكێكە لە ڕێگەكانی نمایش وەك كارەكتەرێكی سیاسیی پەسەندكراو لە بەردەم ئەو وڵاتانەی پەیوەندیدارن بە دۆسیەی عێراق. بە بۆچوونی هەندێك لە شارەزایان دەركەوتنی فەرمی لە تەنیشت سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكان پێوەرێكی زێڕینە لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەیش بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی؛ بۆ كەسێكی وەك سوودانییش دەشێت چانسی لە هەڵبژاردنی 2025دا بەهێز بكات[2]. ئەوەیشی پاڵپشتیی ئەم بۆچوونە دەكات لاوازیی ڕایەڵەكانی زۆربەی هێزە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە لە وڵاتانی ڕۆژاوا، بەتایبەت كە ئەم حكوومەتەی ئێستا بە هاوپەیمانی و پاشكۆیەتیی ئێران تۆمەتبارە و زۆر جار یەكێكە لە ئامانجەكانی لۆبیی پاڵپشتیی ئیسرائیل.

لەسەر ئاستی كەسی، بۆ سوودانی گرنگە وەك دەوڵەتمەدار دەربكەوێت و قەرەبووی بەشێك لە كەموكوڕییەكانی سەركردایەتییە سیاسییەكەی بكاتەوە لە بواری پەیوەندیی دەرەكی، چونكە ناوبراو لە سەركردەكانی نەوەی دووەمی سیاسییە شیعەكانە كە هەر لە ناوخۆی عێراق بووە و ئەزموونی ژیان و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا نییە وەك سەرۆكوەزیرانەكانی پێشتر.

هاوكات لەگەڵ ئەو نیمچە كۆدەنگییەی لەسەر گرنگیی سەردانەكە هەیە، لە بەرەی ڕكابەرانی سوودانییەوە لەنێو شیعەكان، ئاراستەیەك هەیە لە بایەخی سەردانەكە كەم دەكەنەوە بە پاساوی ئەوەی “هەموو ئاماژەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە بایدن دەڕوات و ترامپ دێت.” لە وەڵامی ئەوانەیشی دەڵێن ئەمریكا دەوڵەتی دامەزراوەکانە و گۆڕانی سەرۆك زۆر شت ناگۆڕێت، ڕەخنەگرەكان دەڵێن “بینیمان چۆن ترامپ لە خولی پێشوودا، هەموو شتێکی پێش خۆی پشتگوێ خست.”[3] بەڵام بۆچوونی تر پێی وایە كۆمارییەكانیش بەرژەوەندییان هەیە لە عێراق لە چەشنی كۆمپانیای “هانویڵ”ی تایبەت بە وزە كە بە كۆمپانیایەكی پشتیوانی كۆمارییەكان دەناسرێت لە ئەمریكا[4]؛ بەم دوایییانەیش سوودانی گرێبەستی گازی سروشتیی لەگەڵدا نوێ كردوونەتەوە[5]. دەشێت ئەمەیش ئامادەكاری بێت بۆ ئەگەری هاتنەوەی كۆمارییەكان بۆ كۆشكی سپی. ئەم كۆمپانیایەیش یەكێكە لەو تاقەمە كۆمپانیا ئەمریكییانەی پێشتر لە عێراق گرێبەستیان لە بواری گازی سروشتی هەبووە [6].

سەرباری ئەمانەیش هێشتا بۆچوونێك هەیە پێی وایە كۆی سەردانەكە “پرۆتۆكۆڵی”یە و ڕێكکەوتننامەی گەورەی لێ شین نابێت جگە لەوانەی پێشووتر كە هەن؛ هێندە هەیە ڕەنگە لە دۆسیەی دارایی، سوودانی هەندێك داواكاری بۆ بانكە سزادراوەكان بكات. مەرجیش نییە هەرچی سوودانی داوای بكات ئەمریكا لەسەری ڕازی بێت، بەتایبەت لە بواری ئاسایش و سەربازی؛ بەتایبەت کە ئەمریكا لە بەردەم هەڵبژاردنە و ئەگەری گۆڕانكاری لە ئیدارەی ئەمریكادا كراوەیە[7].

تەوەرە گشتییەكانی سەردانەكە

بەپێی ئەو ڕاگەیەنراو و لێدوانە فەرمییانەی هەن، تەوەرە سەرەكییەكانی سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتۆن چەند بوارێك لەخۆ دەگرێت وەك: پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەردوو وڵات، ئاییندە و چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دۆسیەی كارەبا و گازی سروشتی و وزە، هاندانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان بۆ وەبەرهێنان، كۆمەكی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەگەڵ پشتیوانیی ئەمریكی لە بوارەكانی كەلتوور و مۆزەخانەكان؛ لە پەنا ئەمانەیشدا دۆسیە ئابووری و بازرگانییەكان ئامادەییی بەهێزیان دەبێت، لەوانەیش ئاسانكاریی بانكی و هاتنی دۆلاری زیاتر بۆ عێراق، لەگەڵ هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەك بۆ ئەوەی عێراق پارەی گازی سروشتیی هاوردەكراوی ئێران (10 ملیار دۆلار) لە ڕێگەی بانكەكانی كەنداوەوە حەواڵە بكات بۆ ئەوەی بانكەكانی خۆی تووشی گەمارۆ نەبنەوە[8]. ئەگەر ئەم ناونیشانە گشتییانەیش ورد بكرێتەوە هەر یەك لەوانەیش لەمپەر و هاندەری چوونەپێشیان جۆراوجۆرە. دووان لەوانەیش كە زۆر سەرەكین، بەڕووی چەند ئەگەرێكدا كراوەن، ئەوانیش دۆسیەكانی سەربازی و ئاسایشن لەگەڵ دارایی و دۆلار:

– دۆسیەی ئاسایش و سوپا:

حكوومەتی عێراق لەژێر گوشاری گرووپە شیعە چەكدارەكان و لێكەوتەكانی جەنگی غەززە سەرەتای 2024 ڕای گەیاند، لەگەڵ ئەمریكا دەستی بە دانوستان كردووە لەبارەی سێ تەوەرە: مەترسییەكانی داعش، بەهێزكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، گەیشتن بە خشتەیەكی كاتی بۆ كۆتاییهاتنی ئەركی “هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش”؛ بە جۆرێك پەیوەندیی ئەمنیی هەردوو لا بچێتە ئاستی دووقۆڵی بەپێی ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی عێراق_ ئەمریكا  كە ساڵی 2008 واژۆ كراوە[9].

لە پاش ئەم پێشهاتەیشەوە هەموو لێدوان و بەیاننامە فەرمییەكانی عێراق جەخت لە گرنگیی گەیشتن بە كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەنەوە بۆ ڕازیكردنی گرووپە شیعەكان كە ئێستا لە حاڵەتی ئاگربەستدان. لای خۆیشیانەوە گرووپە شیعەكان بەردەوامن لە گوشار و، سەقفی داواكارییەكانیان بەرز كردووەتەوە بۆ ئەوەی سوودانی لە ئەمریكا كارێك بكات “واشنتۆن كۆتایی بە دەستیدەستیكردن بهێنێت لە دۆسیەی كشانەوە لە بنكە سەربازییەكان و، هەژموومی خۆیشی لەسەر گرێبەستەكانی پڕچەككردنی عێراق هەڵگرێت[10]. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە باڵیۆزە بەهێزەكەی ئەمریكا لە عێراق، “ئیلینا ڕۆمانۆڤسكی”، پێش سەردانەكە كەوت و هۆشداریی دا لەوەی داعش هێشتا مەترسییە، هەروەها ئەوەیش کە باسی كۆتاییهاتنی هاوپەیمانیی داعش لە ئارادا نییە![11]؛ هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا “ئیان ماکاری”، نوێنەری ئەمریکی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش بەڕوونی ڕای گەیاندووە “لە ئێستادا هیچ پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە”[12]. ئەمەیش بەو مانایە دێت سەردانەكەی سوودانی پێ ناچێت هیچ لە هاوكێشەی ئەمنی و سەربازی بگۆڕێت و، ئەوكات دۆخەكە كراوەیە بەڕووی دەستپێكردنەوەی چالاكیی گرووپە چەكدارە وەلائییەكان و پێداگرییان لەسەر كشانەوەی ئەمریكا كە لە پاش 2020 و كوشتنی “سولەیمانی” و “ئەبو مەهدی موهەندیس”ەوە بووەتە ئامانجێكی ستراتیژییان. 

لە ڕووی كردەیییەوە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، لەمپەری زۆری لەپێشە و بەدەرە لە توانای سوودانی و حكوومەتی عێراق لەبەر چەند هۆكارێك:

_ ئیدارەی بایدن لە ساڵی هەڵبژاردندا ڕیسكی لەو جۆرە ناكات، بەتایبەت کە هێشتا دۆسیەی كشانەوەی پڕ لە فەوزای ئەفغانستان پاكتاو نەكراوە.

_ جەنگی غەززە و ئاسایشی ئیسرائیل و ئاسایشی هاوپەیمانەكانی تری ئەمریكا لە ناوچەكە (ئوردن و كوێت و سعوودیا و وڵاتانی تری كەنداو)، ڕێگرە لە كشاندنەوەی كتوپڕی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراق و بەجێهێشتنی بۆ باڵە ئێرانییەكان.

_ زۆربەی سیستەم و كەرەستە سەربازییەكانی عێراق ئەمریكین و بەبێ ڕاوێژكاری ئەمریكی و بەبێ ئەپدەیتی ئەمریكی دووچاری كێشە و تەنگژەی زۆر دەبنەوە و، عێراقیش ناتوانێت پێداگریی زۆر بكات[13].

_ بە كشانەوەی ئەمریكا بەو جۆرەی گرووپە شیعەكان دەیانەوێت، عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ئەندامانی ناتۆ دەكەوێتە كێشە و دابڕانەوە، چونكە هیچیان بەبێ ئەمریكا ئامادەی هاوكاری و مانەوە نین لە جەنگی داعش.

_ سوپای عێراق و سیستەمی ئەمنیی وڵاتەكە، توانای بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە دەرەكییەكانی نییە بەبێ پشتیوانیی ئەمریكا؛ بەتایبەت کە داعش و ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014 هەمیشە مەترسییە[14].

_  وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، لە واشنتۆن ڕاشكاوانە ڕای گەیاند، كورد و سوننە و بەشێك لە شیعە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا نین لە ئێستادا و بۆ ئەمەیش پاساو و هاندەریان هەیە، بەڵام شیعەكان ئەمەیان بەئاشكرا نەوتووە[15]. ئەمەیش كە ڕاستییەكە و ماوەی پێشوو لە دانیشتنێكی پەرلەماندا ئەمە دەركەوت، خۆی لە خۆیدا هێندەی تر دۆسیەی كشانەوە ئاڵۆزتر دەكات و پاساوی مانەوەی ئەمریكییەكان زیاتر دەكات، بەپێچەوانەی خواستی گرووپەكان و یاریكردن بە وشە لە لێدوانە فەرمییە حكوومییەكانی عێراق.

_ لە دەرەوەی هاوكێشەی عێراقیش ئەگەر هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش نەمێنێت، چیتر ئەمریكییەكان ناتوانن لە ڕووی یاسایییەوە عێراق بكەنە بنكە و پێگەی پشتیوانیكردن لە هێزە سەربازییە بچووكەكەیان لە سووریا؛ ئەو هێزەی ڕۆژهەڵاتی فورات ئەگەرچی ژمارەیان كەمە (900 سەرباز)، بەڵام بەرامبەر پێگەی ڕووسیا و ئێران، پێگەیەك بۆ ئەمریكا لە سووریا مسۆگەر دەكەن. هەروەها كشانەوەی ئەمریكا لەوێ دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی داعش لە هەندێك ناوچەی شڵۆق؛ ئەمەیش گورز دەبێت لە دەسكەوتەكانی جەنگی هاوپەیمانان دژی داعش بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا. شتێكی ڕوونیشە هە بۆشایییەك لەو وڵاتە دروست بێت، ئەگەر داعش پڕى نەكاتەوە، ئەوە دەبێتە پێگەی ئێران و ڕووسیا. ئەمەیش بۆ ئەمریكا و ئیدارەی ئێستا سیناریۆیەكی نەخوازراوە[16].

بەپێی ئەو ئاماژانەی بەردەستن ڕەنگە ئەمریكا هەندێك لە قەبارە و ژمارەی هێزەكانی خۆی لە عێراقدا بگۆڕێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا ئەوەی گرووپە شیعە وەلائییەكان چاوەڕێی دەكەن و هەوڵی بۆ دەدەن لە كۆتاییهاتنی هەژموونی سەربازیی ئەمریكا و كشانەوەی سوپاكەی لە پاش سەردانەكەی سوودانی، تا ڕاددەیەك دوورە و لە هەموو حاڵەتێكدا عێراق مەحكوومە بە “ڕێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی 2008” كە پەیوەندیی هەردوو لای كردووەتە دوورمەودا و درێژخایەن[17].

_ دۆسیەی دۆلار و ئابووری:

لە ناوەندی سیاسیی شیعیدا سەردانەكەی سوودانی جگە لە “گەیشتن بە لێكگەیشتنی كردنەدەرەوەی سوپای ئەمریكا و كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی”، ئامانجێكی تری سەرەكی، هەڵگرتنی بەندوباوە لەسەر دۆلار و متمانەكردنە بە ئەمریكا بۆ سووككردنی سزا لەسەر هەندێك لە بانك و كۆمپانیاكان كە بەشی زۆریان هی لایەنە شیعەكانن[18]. بەرپرسیارێتیی ئەمریكا لەم پرسەدا كە 20 ساڵە بەردەوامە و پەیوەستە بە هەژموونی یاساییی واشنتۆنەوە بەسەر داهاتی نەوتی عێراق بە دۆلار بەپێی ڕێككەوتنی عێراق لەگەڵ پۆڵ بریمەر (2004) [19]، یەكێكە لە نیگەرانییەكانی هێزە شیعەكان، بەتایبەت پاش ئەوەی بەم دوایییانە كە ئەمریكا زنجیرەیەك سزای بەسەر دامەزراوە دارایییە شیعییەكاندا سەپاند بە تۆمەتی هاوكاریكردنی دامەزراوە دارایییە ئێرانییە سزادراوەكان. بە شێوەیەكی بەردەوامیش نیگەرانی و قسەوباسی ئەوە لە ئارادایە كە ئەمریكا توانا و هێزى یاساییی خۆی بەسەر داهاتی نەوتی عێراق بۆ گوشاركردنی سیاسی بەكار دەهێنێت[20].

هادی عامری كە یەكێكە لە سەركردەكانی چوارچێوەی شیعی، پێداگرە لەسەر ئەوەی سەروەریی ئابووری و داراییی عێراق هیچی كەمتر نییە لە سەروەریی نیشتمانی؛ باسی ئەوەیشی كردووە ئەوان خوازیارن كۆتایی بەو سەرێشەیە بێت كە دۆلاری عێراق ڕەهن و دیلی نێو بانك و بەندوباوەكانی ئەمریكا بێت[21]. بەڵام تێكڕای لێدوانە ئەمریكییەكان، چ لە واشنتۆن و چ لە عێراق، باس لە چاكسازیی بانكی دەكەن و هیچیان باسیان لەوە نەكردووە عێراق ئامادەیە بۆ ئەوەی ئەمریكا دۆلارەكانی بەتەواوی ئازاد بكات.

هاوكات لەگەڵ ساغبوونەوەی هەواڵی سەردانی سوودانی بۆ كۆشكی سپی، نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق ڕووی لە داكشان كرد و هاتە ژێر نرخی 0150 دینار بۆ هەر دۆلارێك و تا ئاستی 0147 دینار، لە كاتێكدا چەند مانگێك بەر لە ئێستا نزیك بووەوە لە ئاستی 0160 دینار. هەندێك ئەم دابەزینە بە هیواهەڵچنین لەسەر سەردانی سوودانی دەبینن و هەندێكی تر پێیان وایە یاریی بازاڕی ڕەش و بازرگانەكانە و دابەزینەكە كاتییە[22]؛ بەتایبەت بەیاننامەی كۆشكی سپی لەبارەی سەردانی سوودانی بەڕوونی ئەوەی تێدا هاتووە كە بایدن و سوودانی جگە لە داعش لەبارەی چاكسازییە دارایییەكان و سەربەخۆییی عێراق لە كەرتی وزە گفتوگۆ دەكەن[23]. ئەمەیش بە مانای دووركەوتنەوە لە ئێران و ڕێگریكردن لە ئاودیوكردنی دۆلار و شەفافكردنی جووڵەی دۆلار دێت و هیچ ئاماژەی ئەوەی تێدا نییە عێراق دەستكراوە بكرێت لە مامەڵەكردن بەو یەدەگەی لە دۆلار کە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكادا هەیتی.

پرسەكانی هەرێم لە ئەجێندای سەردانەكە  

بەپێی لێدوانی باڵێوزی پێشووتری ئەمریكا لە عێراق، ڕۆبەت فۆرد، دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكێك دەبێت لە تەوەرەكانی باس لە نێوان دامەزراوەكانی ئەمریكا و شاندی عێراق بە سەرۆكایەتیی سوودانی[24]. لە سەروبەندى ئامادەكارییەكانی سەردانەكەیشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، “ئەنتۆنی بلینكن”، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، باسی لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە، هەروەها هانی بەغدای داوە کێشەکان چارەسەر بکەن “چونكە سوودە ئابووورییەکانی بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت.”[25] هەر لەم بەینەیشدا و زیاتر لە دوو هەفتە پێش سەردانەكە، سیناتۆری كۆماری، “تۆم كۆتۆن” و حەوت لە هاوڕێكانی لە كۆنگرێس نامەیەكی تایبەتیان ئاراستەی بایدن كردووە لەبارەی سوودانی كە نیگەرانیی پێوە دیارە و باسیان لە هەندێك پرسی كوردستان كردووە و بە بایدن دەڵێن: “حکوومەتی عێراق بەشێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ تاران دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان کار دەکات، لەنێویاندا بڕینی هاوکارییە دارایییەکانی حکوومەت و داخستنی بۆڕیی نەوتی عێراق _ تورکیا، کە بەشێکی زۆری ئابووریی کوردستانی لەسەر بەندە”.

 لە نامەکەدا ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەران و سێناتی ئەمریکا داوای دانانی پێشمەرجی بۆ سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا دەكەن لە چەشنی “داواكردنى ئەوەى كە دەستبەجێ بۆڕیی نەوتی عێراق – تورکیا بکرێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە”. پرسێکی دیکە کە لە نامە هاوبەشەكەدا جەختی لێ کراوەتەوە، ناردنی شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە: “پێویستە داوا لە حکوومەتی عێراق بکەیت کە دەست بکاتەوە بە ناردنی شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان”.[26]، بەڵام بەو پێیەی نامەكە زیاتر لەلایەن سیناتۆرەكانی حزبی كۆماری نووسراوە كە ڕكابەری بایدنن، دەكرێت یەكێك لە هاندەرە گەورەكانی كێبركێ سیاسییەكانی نێوخۆی ئەمریكا بێت. بەپێی ئەزموونەكانی پێشووش نموونەی لەم جۆرە نامانە بۆ سەرۆكەكانی ئەمریكا هەبوون و ئەنجامی زۆر گەورەیشی لێ نەكەوتووەتەوە، بەتایبەت كە ژمارەی كۆنگرێسمانەكان زۆر نییە. هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكن، جەختی كردووەتەوە، ئەوان “خوازیاری دیتنی سوودانی و بایدنن لە كۆبوونەوە” چونكە لە تێڕوانینی ئەواندا “عێراق هاوبەشێكی گرنگی ئەمریكایە بۆ بەرقەراركردنی ئاسایشی ناوچە.”[27]

بەهۆی ئەوەیشی سەردانی سوودانی بۆ ئەمریكا چەند ڕۆژێك پاش سەردانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی دێت، بۆچوونێك لەنێو هەندێك لە چاودێرانی سیاسیی عێراق هەیە كە خواست و پێداگرییەكانی هەرێم، سێبەریان بەسەر دیدارەكانی دامەزراوە ئەمریكییەكان و سوودانییەوە دەبێت، بەتایبەت لە بواری هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم[28]. چاودێری تری بیانی هەن باسیان لەوە كردووە جگە لە دۆسیەی نەوت، بایدن لەگەڵ سوودانی باسی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵییش دەكات، بەتایبەت كە هەندێك دزەپێكردن ئاماژە بەوە دەكەن ڕاوێژكاری ئاسایشی ئەمریكا پێشتر بە سوودانیی وتووە، “پێویستە سەردانەكە لە كەشێكی باشدا بێت و بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەكان لەگەڵ هەولێر هەبێت.”[29]  ئەم خواست و پێداگرییە ئەمریكییەیش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەمریكا پێی وایە باشبوونی پەیوەندیی بەغدا و هەولێر لە قازانجی ئۆقرەییی عێراقە و گرژیی نێوان هەردوو لایش لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیدا ناجۆرە؛ بەتایبەت قسەیەك هەیە كە ئەمریكا بەو چاوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات كە هاوپەیمانێكی جێگیرە لە عێراق[30]. وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە سەروبەندى ئامادەكارییەكانی سەردانی سوودانی لە ئەمریكا ئەوەی نەشاردەوە، کە كورد لەگەڵ مانەوەی سوپای ئەمریكادان لە عێراق و سوننەكان و بەشێك لە شیعەكان لەمەدا هاوڕان[31].

بەپێی هەندێك زانیاریی بەردەستیش بەر لە سەردانی پێشووی سوودانی بۆ نیویۆرك لە ساڵی ڕابردوو، بۆ ڕێگەخۆشكردن بۆ سەردانەكە بڕیاری خەرجكردنی سێ مانگ قەرزی بۆ هەرێمی كوردستان دابوو؛ دەشێت ئاسانكاریی لەم شێوەیەیش بۆ ئەم سەردانە دووبارە ببێتەوە و سوودانی و تیمەكەی خوازیاری ئەوە نین لە واشنتۆن دووچاری ڕەخنە و گازندە ببنەوە لەسەر درێژەكێشانی پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

كۆبەند

سەردانی سوودانی بۆ واشنتۆن و دیداری لەگەڵ بایدن، دەرفەتێكە بۆ پیشاندانی پاڵپشتیی ئەمریكا لە عێراق لە سایەی حكوومەتی چوارچێوەی شیعی بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، بەڵام پێشبینی ناكرێت گۆڕانكاریی گەورە لە پەیوەندییەكانی هەردوو لا دروست بكات و پێشهاتی چاوەڕواننەكراوی لێ بكەوێتەوە، بەتایبەت لە دۆسیەی مانەوە یان كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كە ملكەچە بۆ زۆر كارتێكەریی دیكەی ئاڵۆز.

سەردانەكە بۆ كارەكتەری سەرۆكوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی، هەلێكی باشی پیشاندانی توانا و پەسەندكراوییە لە دەرەوەی عێراق و، دەشێت ببێتە كەرەستەیەك لە پرۆژەی دروستكردنی ڕێبەرایەتی و سەركردایەتیی سیاسیی ناوبراو؛ بەڵام بەڕووی لێكەوتەی خراپیشدا كراوەیە ئەگەر گرووپە چەكدارە شیعەكان بێهیوا ببن لەوەی لە ڕێگەی سوودانییەوە بە ئامانجەكانیان بگەن كە بەرتەسككردنەوەی هەژموونی ئەمریكایە لە كایەی ئەمنی و سەربازیی عێراق.

لە سەردانەكەی سوودانیدا پرسەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت دۆسیەی نەوت ئامادەییی دەبێت و ڕەنگە شاندە عێراقییەكە گوێبیستی هاندانی زیاتر ببن بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكان، بەتایبەت كە سەردانەكەی سوودانی بە دوای سەردانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتۆن و لۆبیی ژمارەیەك كۆنگرێسماندا دێت بۆ داكۆكی لە هەرێم. بەڵام جێبەجێكردنی ئەو خواستە ئەمریكییەكەیش، ملكەچە بە ئاڵۆزییەكانی هاوكێشەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كە ئێستا لە دۆخی ئامادەكاریی پێشوەختەی هەڵبژاردنی داهاتوودان و وەك پردی پەڕینەوە تەماشای ئەم كابینەیەی ئێستا دەكەن، نەك چەترێك بۆ چارەسەرە درێژخایەنەكان.

[1]  https://bit.ly/3VzZj3N

[2]  https://bit.ly/43Df8su

[3]  https://bit.ly/3IZw6YD

[4]  https://bit.ly/3VAoeV5

[5]  https://pmo.iq/?article=1541

[6]  https://bit.ly/3TXX1ua

[7]  https://bit.ly/4cFI5sa

[8]  https://bit.ly/3TATujZ

[9]  https://bit.ly/4afdorS

[10]  https://bit.ly/49fb6rB

[11] https://bit.ly/3TFUeoh

[12]  https://bit.ly/3vwD0S5

[13]  https://bit.ly/49gURKC

[14]  https://bit.ly/4aCk4Ap ؛

https://bit.ly/43FPWBK

https://bit.ly/43EdR4u

[15]  https://bit.ly/3TATujZ

[16]  https://bit.ly/3TAW9ug

[17]  https://bit.ly/3PHWjPi

[18]  https://bit.ly/4cFI5sa

[19]  https://bit.ly/49iWAz7

[20]  https://bit.ly/49gURKC

[21]  https://bit.ly/4cFMnjg

[22]  https://bit.ly/3VHMFjk

[23]  https://bit.ly/3VAmNWv

[24]  https://arbne.ws/3VynL5N

[25]  https://bit.ly/49ik5s5 ؛

https://bit.ly/4agPJHy

[26]  https://bit.ly/3IXw6Zi ؛

 https://bit.ly/49dtAZn

[27]  https://bit.ly/3TWAgGY

[28]  https://bit.ly/3xgZaIC

[29]    https://bit.ly/3IYt8Uo

[30]    https://bit.ly/3IYt8Uo

[31]  https://bit.ly/3TATujZ

image_pdfimage_print