پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران
ئەوەى کە دەبێ بگوترێ: ئايا جەنگە ڕاستەقینەکە هەڵگیرساوە؟
ئەمە پرسیارێکی سەیرە: ئایا دواى 39 ڕۆژ لە جهنگ، دەکرێ ئەو پرسیارە بکەینەوە؟ یان دەشێ بوترێ: ئایا جهنگ لە قۆناغی کۆتاییدایە؟ لە لایەکی تریشەوە پرسیارێکی گەلێک عەنتیکەیە، تایبەت دواى ڕاگەیاندنى جهنگ و دەستپێکردنى دانوستان… بەڵام دەکرێ تەنیا یەک پرسیار لەو بارەیەوە بکەین: ئایا دانوستانێک لەنێوان دوو لایەندا بەرەنجامی دەبێت، کە هەردووکیان خۆیان بە براوە و سەرکەوتوو بناسێنن و ئەوەیش بدرکێنن کە لە هەمان کاتدا تەواوى ئامانجەکانیان بەدی نەهێناوە؟ کەواتە: وەڵامەکە “نەخێر”ە. تا ئێستا ئەو جەنگەى کە دەبێ یەکێک لەو دوو بکەرە سیاسییە بدۆڕێ لە گۆڕەپانی جەنگ و، بۆڕ بدرێ بە پێوەرەکانى جەنگ، ڕووی نەداوە؛ ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ هزرى سیاسیی ستراتیژیى دەوڵەتداریى هەردوو لا و ئاستى هەڵکشانی جەنگ.
تا هەنووکە هەردووکیان خوازیارى ڕێکكەوتنن، بەڵام هەر یەکەو بە مەرج و ئەجێنداى خۆى. ئێران مەبەستیەتى لەگەڵ ئەمریکا ڕێک بکەوێ و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەرچاو بگرێ، تەنانەت بیشیانپارێزێ، بەڵام بەو مەرجەى سیستهمە سیاسییەکەى بمێنێتەوە و تایبەتمەندیی خۆى لەدەست نەدا- ئەوان بەرەنگار دەبنەوە تا بمێننەوە. ئەمریکا و ئیسرائیل مەبەستىان نەمانى ڕژێمی کۆمارى ئیسلامی نییە، بەڵکوو مەبەستەکە لاوازکردنى و خستنەژێر هەژموونى ئیسرائیلە و، دەبێت لە خولگەى ستراتیژییەتى ئەمریکادا کار بکات؛ ئیدی کێ حوکم دەکات گرفت نییە.
پێوەرەکانى هەڵگیرسانی جەنگى فراوانی نێوان ئەمریکا و ئێران چین؟
هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەگەنە حاڵەتى بنبەست و هیوایەک بۆ ڕێکكەوتن نامێنێتەوە. کەوتنەوەى خەسارەتێکى گەورەیە، بهتایبەت لە ئەمریکا. سیستهمى هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست تا هەنووکە دووچارى ئیفلیجبوونى تەواو نەبووە. تێوەگلانی گشتى ڕووی نەداوە، بهتایبەت دەوڵەتانى کەنداو و تورکیا. کاریگەریى زۆر خراپی لەسەر ئاستى ئابوورى و وزەى جیهان، جارێ هەر لە سەرەتایدایە. ئەمریکا هیچ نیازێکی بە گۆڕینی سیستهمى سیاسیی ئێران نییە. هەردوو لا خوازیارى وەستاندنى جەنگەکەن، بەڵام ئەو حاڵەتە دەبێت لەگەڵ بەدیهێنانى ئامانجەکان هاوتەریب بێت. ئەمە بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە، چونکە کاریگەریى زۆر نەرێنیی لەسەر پێگەى ئەمریکا لە ناوچەکە و جیهان دەبێت؛ تەنانەت دوور نییە سیستهمى جیهانى لە تاکجەمسەرییەوە بۆ فرەجەمسەری بگوازێتەوە؛ بهتایبەت ئەو بژاردەیە زۆرتر دێـتە پێش کاتێک ئەمریکا لە ناتۆ بکشێتەوە. بەڵام ئەم بژاردەیە ئەوەندە ئاسان نییە کە ڕۆژاوا بەرهەمی زیاتر لە 77 ساڵی تەمەنى سەربازی و ستراتیژیى خۆى بخاتە چنگ چین و ڕووسیاوە، کە بەدوایدا هەژموونى بلۆکی ڕۆژاوا هەرەس پێ دێنێت. هەر بۆیە دەشێ بۆ ئەم قۆناغە مەحاڵ بێت، چونکە ئەمریکا لەو بارەیەوە دوو گرفتى سەرەکیی هەیە: بەپێی ماددەى 13 لە پهیمانی ناتۆ، دواى یەک ساڵ لە پێشکەشکردنى داواکارى، دەتوانێت لە ئەندامێتیی ناتۆ بکشێتەوە. لەسەر ئاستى ئەمریکاش ئەو کشانەوەیە پێویستى بە دوو لەسەر سێی ڕەزامەندیى ئەندامانى کۆنگرێس هەیە؛ کە ئەمەیش لەگەڵ هەڵوێست و پێگەى ئێستاى ئەمریکا یەک ناگرێتەوە.
دەکرێ بپرسین: ئایا هێڵە سوورەکانى بەرەو جەنگى فراوان بەزێنراون؟
لەگەڵ ئەوەیشدا زۆربەى هێڵە سوورەکانى ئەمریکا و ئێران لەلایەن یەکدییەوە بەزێنراون؛ لاى ئەمریکا: ملدانى ئێران بە تەسلیمبوون بە داواکارییەکانى، زەرەرلێکەوتنى زۆر لە ئەمریکا، داخستنى دەروازەکانى هاتوچۆى وزە و ئابووریى جیهان، لێدانی هاوپەیمانەکانى. ئەمانەیش زۆربەیان پێشێل کراون، بەڵام لە بەرانبەر تەسلیمبوونى ئێراندا چارەسەر دەبن. ئەو هێڵە سوورانەى کە لەلایەن ئێرانەوە کێشرابوون، ئەوانیش لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێشێل کراون، وەک: لێدانی فراوانی ڕاستەوخۆ لە ئێران، هەوڵ بۆ گۆڕینی سیستهمە سیاسییەکەى، گەمارۆیەکی خنکێنەرى ئابوورى و لێدان لە ژێرخانى وڵات و هتد. کەواتە تەواوى هێڵە سوورەکان بەلاى ئێرانەوە پێشێل کراون؛ ئەوەى ماوەتەوە تەنیا گۆڕینی سیستهمى سیاسییە. ئەوەیش تاکە خاڵی بەهێزى ئێرانە، کە تا هەنووکە ئەمریکا هیچ ئەلتەرناتیڤێکی بۆ دەسەڵاتى سیاسیی ئێران نییە؛ هەر ئەوەیشە تووشی شۆکی کردووە.
باس لە سیناریۆکانى جەنگ دواى چل ڕۆژ کارێکی ئاسان نییە، چونکە هاوکێشە و ڕایەڵەکان زۆر تێکەڵاو بوون و ڕەهەندەکان و کاریگەریشیان لە سنوورى ئاسایییان ترازاون. بێجگە لە خەمڵاندنى تراژیدییانە بۆ ئاسەوارەکانى قەیرانەکە، هیچی دی لە ئارادا نییە؛ ئەوەندە نەبێ، کە لەلایەن ئێرانەوە جەنگى مانەوەیە و لەلایەن ئەمریکاشەوە هەژموون و ئابڕوو و پێگەیەتى لەسەر ئاستى جیهان و ڕکابەرى لە بەرانبەر چین و ڕووسیا. بەڵام ئەوەى کە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ زیاتر دەکات، سێ ڕەهەندی سەرەکییە: هەڵکشانی کۆمەکییەکانى ڕووسیا و چین بۆ ئێران، لەگەڵ هاتنەناوەوەى دەوڵەتانى کەنداو و تورکیا، دواتریش کەوتنەوەى قەیرانی ئابووریى دژوار لەسەر ئاستى جیهان. دوو ڕەهەندی یەکەم و دووەم، جەنگى فراوان و دژوار و دوورمەودا و مانەوەى سیستهمی سیاسی دەگەیەنن لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
دەبێت چۆن باس لە سیناریۆکانى جەنگ بکەین؟
دواى چل ڕۆژ لە گرژییەکان، ناکرێ باس لە سیناریۆکان بکەین لەسەر هەردوو ئاستى ئێرانی و ئەمریکا؛ لەو مەودایە ترازاوە، بهتایبەت کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان لە گۆڕەپانی جەنگ بەتەنیا بینییەوە و بەناڕاستەوخۆیش ڕووسیا و چین دەستیان بە ئێرانەوە گرتووە تا لە بەرگرى بەردەوام بێت و دەسەڵاتە سیاسییەکەى نەکەوێت. لەو بارەیەوە دەکرێ لەسەر ئاستى چەند لایەنێک باس لە تێڕوانینیان بکەین بۆ جەنگەکە:
لاى ئەمریکا سیناریۆکانى جەنگ پوخت دەبنەوە لەمانە: تا هەنووکە ئێران تەسلیم نەبووە و بەرگرى بۆ مانەوە دەکات، لاى ئەمریکاش هیچ ئەلتەرناتیڤێکى کەمگرفت بۆ دەسەڵاتى سیاسیی ئێران لەبەردەستدا نییە. هەر بۆیە بۆچوونەکان ئەوەندەى باس لە هەڵکشان دەکەن، هێورکردنەوە ناگرنە خۆیان. هەرچی کراوە، دەبێت جەنگ لە بەرژەوەندیى ئەمریکا و ئیسرائیل کۆتاییی پێ بێت و ئەوەیش گەمەیەکی سفرییە بەلایانەوە دەرهەق بە ئێران. دەبێت ئێرانێک لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بمێنێـتەوە کە هاوبەشی ستراتیژیی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت.
سیناریۆى هەڵکشانی جەنگ لە ماوەیەکی کەمدا لە بەرژوەندیى ئەمریکایە، بەڵام ڕووسیا و چین لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەکى بۆ ئێران، بوار بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە مەودایەکی نزیکدا نادەن. تەنانەت لە ئەنجومەنى ئاسایش دەنگیان بە پڕۆژەیاساى کردنەوەى گەرووى هورمزدا، چونکە کردنەوەى گەرووى هورمز بە بڕیارێکی نێودەوڵەتى، دوو ڕەهەندى تێدایە: بەنێودەوڵەتیکردنى دۆسیەکە، کە لە بەرژەوەندیى ئەمریکایە، دواتریش لاوازکردنى ئێران لە گۆڕەپانی جەنگدا و لێسەندنەوەى کارتە بەهێزەکەى ئێرانە بۆ گوشار.
سیناریۆى دووەم بۆ ئەمریکا: هێورکردنەوەى قۆناغبەندییە. ئەمەیش بەنێودەوڵەتیکردنى دۆسیەکەیە و، دەبێت هاتنەناوەوەى نەتەوە یەکگرتووەکانى بەدوادا بێت و بڕیارى تایبەت لە ئەنجومەنى ئاسایشەوە بۆ قەیرانەکە دەربچێت؛ هەروەها دەبێت ئێران بە زۆربەى داواکانى ئەمریکا ڕازی بێت کە ئاکامەکەى یان ڕووخانى سیستهمەکەیە یان دەسەڵاتێک لە ئێراندا بوونى دەبێت کە شوێنکەوتەى هەژموونى ئیسرائیل و ئەمریکا دەبێت. لەم سیناریۆیەیشدا چین و ڕووسیا بەو لێکدانەوەیەى ئەمریکا ڕازی نین و، تا بۆیان دەکرێت هەرگیز ناهێڵن ئێران بکەوێت.
سیناریۆى سێیەم لاى ئەمریکا بۆ ئەم قۆناغە، قەتماغەدانى هەژموونى ئێرانە لەسەر ئاستى ناوەوە و دەرەوە؛ بەوەى کە لەسەر ئاستى ناوەوە: ڕاگەیاندنى ئاگربەست (ئەمەیش کارێکی قورسە، ڕێکكەوتن لەسەر بنەماکانى ئاگربەست کارێکی زۆر قورسە و لایەنەکان پابەند نابن پێوەى، چونکە ئەجێنداى هەردوو لا بە سەد وهەشتا پلە لێك جیاوازن. ئاگربەست وەک ویستگەیەک بۆ پشوو و سەرلەنوێ خۆئامادەکردنەوە بۆ جەنگێکی وێرانکەر، هیچی دی نییە، تەنیا تروسکایی تێیدا ئەوەیە کە ئێران لەو ڕێگەیە بەپێی قۆناغ پرۆسەى تەسلیمبوون جێبەجێ بکات)، زیادکردنى قەیرانەکان، سەپاندنى هەندێ پرەنسیپی نێودەوڵەتى لە بوارى مافەکانى مرۆڤ و دیموکراسییەت، پتەوکردنى هاوپەیمانێتى لەگەڵ دەوڵەتانى ناوچەکە و دراوسێکانى ئێران، دروستکردنى چەند فلاى زۆنێک لەناو خاکی ئێران وەک دیفاکتۆ، تایبەت لە ناوچەکانى ئازەرنشین و کوردستانی ڕۆژهەڵات و بهلوچستان- کە گەرووى هورمزیش دەکەوێـتە ناوییەوە-، بەڵام فلای زۆنەکان لە مۆدێلی دوورگەى تایوان دەبن نەک هەرێمی کوردستان، چونکە مۆدێلی یەکەم هیچ بڕیارێکی لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ دەرنەچووە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان بڕیارى 688 هەیە. مۆدێلی تایوان قەیرانەکە بەکراوەیی دەهێڵێتەوە، بەڵام مۆدێلی هەرێمی کوردستان جۆرێک پشتیوانیی نێودەوڵەتیى بەبەردەوامى هێشتەوە، تا ئەو ساتەى کە مافەکانى لە دەستوورى عێراقدا چەسپاند.
ئەم سیناریۆیەیش لەلایەن ڕووسیا و چین لەسەر ئاستى نەتەوە یەکگرتووەکان دژایەتى دەکرێ و هاوکاریکردنیان بۆ ئێرانیش بەردەوام دەبێت.
بەڵام بە شێوازێکی گشتى چەند ڕەهەندێک کاریگەرى لەسەر هەڵوێستى ئەمریکا دروست دەکەن: هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا، هەڵوێستى کۆنگرێس، گوشارەکانى ئەوروپا، تەسلیمنەبوونى ئێران بە مەرجەکانى ئەمریکا، جەنگ زیاتر لە دوو مانگ بخایەنێت؛ چونکە لەو حاڵەتەدا لە دەستێوەردانى سەربازیی کاتى کە لە دەسەڵاتى سەرۆکدایە لەو 60 ڕۆژەدا، دەگۆڕێ بۆ جەنگ و دەسەڵاتى کۆنگرێس.
سیناریۆکانى جەنگ لاى ئێران لە نێوان جەنگى دژوار و سەرتاسەری و ڕێکكەوتندایە. ئەوان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەن ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت، بەسەرتاسەریى بکەن و لە هەوڵی تێوەگلانی هەموو دەوڵەتانى ناوچەکەن. ئەمەیش تێچوو و کاریگەریى جەنگ لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانى ناوچەکە گرانتر دەکات، لە هەمان کاتیشدا بایەخ بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەدات تا لهوێوه لە دوو ڕەهەند سوودمەند بێت: دۆزینەوەى دەرچەیەک بۆ قەیرانەکە، قۆستنەوەى کات.
لە بەرانبەر ئەوانەیشدا ئەوەى کە زۆر بایەخى پێ دەدەن، بەرەى ناوخۆیە، کە جەخت لەسەر چەند ڕەگەزێک دەکەنەوە بۆ ناوخۆ: بەڕێوەبردنى وڵات و دروستنەبوونى ئاژاوه، پاراستنى سیستهمە سیاسییەکە و نەڕووخانى، سەرکوتکردنى خۆپیشاندان، بەهێزکردنى گوتارى نیشتمانپەروەرى و بەرگرى، گرنگیدان بە پتەوهێشتنەوەى لێدانەکانى میلیشیا پرۆکسییەکان لە دژى ئیسرائیل و ئەمریکا، لێدان لە هەر ئۆپۆزیسیۆنێک کە خۆى بە ئەلتەرناتیڤی دەسەڵات بزانێت لە ئێران.
ئەوەى کە تەحەکوم لە هەڵوێستى ئێران دەکات لە مەوداى داهاتووى جەنگ، سێ ڕەهەندی سەرەکین: ئایا چین و ڕووسیا تاچەند تواناى پاراستن و هێشتنەوەى دەسەڵاتى سیاسیی ئێرانیان هەیە؟ ئایا میلیشیا پرۆکسییەکان تا کەى دەتوانن لە هێرشەکانیان لە عێراق و لوبنان و یەمەن بەردەوام بن؟ ئایا بارودۆخى ناوخۆى ئێران دواى نەمانى ژێرخانى وڵات، هەر ئاوا لە سوودى دەسەڵات دەمێنێتەوە و لە دژى ڕاناسێ؟
دەوڵەتى چین گەرچی بێلایەنێکى ئەکتیڤە: هەوڵی ڕاگرتنى جەنگ دەدات بە بڕیارێکی ئەنجومەنى ئاسایش، هێشتنەوەى پەیوەندییە ئابوورییەکانى بێ ئەوەى بخزێـتە جهنگەوە، هاوکاریکردنى ئێران بە شێوازی ناڕاستەوخۆ، ئەم جەنگە بە دەرفەتێک دەزانێ بۆ فراوانکردنى هەژموون و پێگەى خۆى لە ناوچەکە و وێناکردنى ئەمریکاش وەک هێزێکی شەڕانگێز، ئەو جەنگە بە دەرفەت دەزانێ تا پێگەى ئەمریکا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى لەق بکات و وەک هێزی یەکەم لەبەرچاو نەگیرێت، ئەوەیش سیستهمى جیهانى لە تاکجەمسەرییەوە بەرەو فرەجەمسەرى سەر دەکێشێ. لەو حاڵەتەیشدا چین هاوشێوەى ئەمریکاى ئەمڕۆی لێ دێت و هەژموونى زیاتر دەبێت.
هەڵوێست و سیناریۆکانى ڕووسیا بۆ جەنگ زۆر لەوەى چین دەچن و بە دەرفەتێکی خوێنبەربوونى سیاسی و سەربازیی دادەنێن بۆ ئەمریکا، بە شێوەیەکیش ڕۆژاوا لە میدیاکانیاندا وێنا دەکەن کە بەرەى شەڕاگێزن، بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوانیان: مانەوەى سیستهمى سیاسیی ئێران، گوتار دژى ڕۆژاوا و دزێوکردنى کەسێتییان، هەردووکیان لە هەوڵدان زۆرترین قازانجیان لەو جەنگەوە دەست کەوێت و ئاژاوهکەیش بۆ فراوانبوونى هەژموونیان لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان زیاد بکەن.
بەڵام لە کۆى سیناریۆکانى جەنگ، دەتوانین بڵێین: جەنگ لەو سنوورەى ئێستادا دەمێنێتەوە و کاریگەرییەکى وێرانکەرى بۆ ناوچەکە لێ ناکەوێتەوە تا ئەو کاتەى سێ ڕەهەند نەیەنە ناو هاوکێشەکەوە: بەشداربوونى دەوڵەتانى کەنداو، بەشداربوونى تورکیا، قەیرانێکی ئابووریى سنووردار لەسەر ئاستى ناوچەکە و جیهان.
ئایا عێراق بە سیناریۆکانى جەنگ لەوە زیاتر کاریگەر دەبێت پێیان؟
بەڵێ بۆ عێراق جەنگەکە هێشتا سەرەتاى هاوکێشە یەکلاکەرەوەکەیە، کە چارەنووسی دەسەڵاتى سیاسیی ئەم وڵاتە دەخاتە مەترسی و گۆڕانەوە. ئەو پەیامەیش ماوەیەکی زۆرە لەلایەن ئەمریکاوە بە عێراق دراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى عێراق لە مەوداى ستراتیژییەتى ئێرانیدا زیاتر دەخولێتەوە وەک لە ئەمریکا، هیچ لە داواکانى ئەمریکایان جێبەجێ نەکرد. دواهەمین ئاگادارکردنەوەکانى ئەمریکا بۆ عێراق لەو بارەیەوە، بانگێشتى باڵیۆزی عێراق بوو لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا دواى ئاگربەستى جهنگی نێوان ئەمریکا و ئێران.
عێراق دوو هەڵوێستى جیاوازى لەسەر ئاستى سیاسی سەبارەت بە جەنگ هەیە: لەسەر ئاستى فەرمی، بهتایبەت ئەنجومەنى وەزیران، لەگەڵ تێوەگلان لە جەنگ نییە، بەڵام لەسەر ئاستى هەندێ گرووپ و پەرلەمانتار، پشتیوانی ڕاستەقینەى ئێرانن. گرووپە پرۆکسییەکانیش لاى هەمووان ناسراون و بەشدارن لە حکوومەت و پەرلەمان و هاوکارییش دەکرێن. بەڵام ئەوەى دەمێنێتەوە “دەستەى حەشدی شەعبی”یە کە ڕاستەوخۆ بەپێی یاساى ژمارە 40ى ساڵی 2016 سەر بە سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیرانن؛ کەواتە لێدان لە حەشدی شەعبی، لێدانە لە یەکێک لە گرنگترین دەسەڵاتەکانى وڵات، کە دەسەڵاتى ڕاپەڕاندنە. کەواتە عێراق ناتوانێت بەو جەنگە کاریگەر نهبێت و تێوە نەگلێت، چونکە: گەرچی لەسەر ئاستى دامەزراوەى فەرمی نەچۆتە ناو جەنگ، بەڵام لەلایەن هەندێ گرووپی پرۆکسییەوە عێراقى کردۆتە گۆڕەپانى جەنگ و بڕیارى یەکلاکەرەوەیش هەر لاى ئەوانە نەک ئەنجومەنى وەزیران.
لە ماوەى جەنگدا بە شێوەی کردارى دەرکەوت، کە گرووپە پرۆکسییەکان دیوە ڕاستەقینەکەى وڵاتن و ئەوانەى دامەزراوەکان تەنیا کار بەڕێ دەکەن. لە لایەکی تریشەوە سروشتی جوگرافیی عێراق لەگەڵ ئێران، جیاوازە لە بەرەکانى ترى گرووپە پرۆکسییەکان؛ عێراق خۆى سنوورى بە ئێرانەوەیە و بە بەرەى پێشەوەى جهنگ ئەژمار دەکرێت.
لەو حاڵەتەدا عێراق تواناى ڕاگرتنى هاوسەنگیی پەیوەندی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا نییە. ناکرێ ئەو هەموو گرووپە پرۆکسییە، کە هەندێکیان خۆیان بە بەشێک لە سوپاى عێراق دەزانن و هێرش دەکەنە سەر ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، حکوومەتى فیدراڵی تواناى ڕێگریی نەبێت. ئەمەیش دووچارى گوشارى زۆرى دەکاتەوە لەلایەن ئەمریکاوە و، قەیرانی سیاسی و ئاسایش و ئابوورى بەدواى خۆیدا دێنێت. لە ئاکامیشدا پرۆسەى سیاسیی وڵات لە یەکڕیزی و تەبایییەوە بەرەو لێکترازان و دووبەرەکى دەبات.
ئەو سیناریۆیانەى کە لە قۆناغی نوێی جهنگدا پەیوەندیدارن به عێراقهوه، دەکرێ بەم شێوەیە بن:
سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەى جهنگ. لەو حاڵەتەیشدا هێرشەکان لە هەموو بەرەکاندا وێرانکەرتر دەبن و کەمترین دەرفەت بۆ ئێران لە وەڵامدانەوە دەهێڵدرێتەوە و زۆر کاریگەر دەبن. هەر لەو سیناریۆیەیشدا هێرشەکان بۆ عێراق و لە ناوخۆدا زۆرتر دەبن و جیۆپۆلیتیکی وڵاتیش لەنیوان شیعە و سوننە و کورد گۆڕانکاریى بەسەردا دێت و، پانتاییی شیعە بەرتەسکتر دەکرێتەوە؛ بەڵام گرفتەکە ئەوەیە كه، ئایا ئەو حکوومەتەى کە هەیە، بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، یان زمانحاڵی هەموو لایەنەکان دەبێت؟
سیناریۆیەکی تر بۆ عێراق ئەوەیە ماوەیەک بارودۆخەکە هێور ببێتەوە. لەو حاڵەتەیشدا عێراق دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕێت. بەڵام ئەو کارە ئاسان نییە، چونکە لە لایەک لە عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر ئەمریکا و لە لایەکی تریشەوە ئەگەر ڕۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێت، کاریگەریى زۆر کەم دەبێت.
ئەى ئەگەر جهنگەکە درێژخایەن بوو؟ ئەمە بۆ عێراق تا بڵێی قورسە و بەرگەى ئەو بارودۆخە ناگرێت، چونکە ئەمریکاش بەو شێوەیەى ئێستا لە حکوومەتى عێراقی قبووڵ ناکات. لە جهنگی درێژخایەندا؛ شەڕی پرۆکسییەکان زۆرتر دەبێت، دامەزراوەکانى دەوڵەت لاواز دەبن، پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوە و ناوخۆ تا بێت ئاڵۆز دەبن، هەژموونى گرووپە پرۆکسییەکانى ئێران بەسەر حکوومەت و بارودۆخى سیاسیی وڵات زۆرتر دەبێت، بهتایبەت لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق، دابەشبوونى سیاسی و لێکترازان، سەرهەڵدانەوەى داعشیش ئەگەرێکی زۆرە، قەیرانى ئابوورى و هەناردەنەکردنى نەوت، بارقورسی بۆ وڵات دروست دهكات و هتد. هەر بۆیە ئەم سیناریۆیە لە بەرژەوەندیى عێراق نییە.
کاتێ جهنگ دەست پێ دەکاتەوە، لەوانەیە یەکێک لە ئەگەرەکان ڕووخانى ڕژێم بێت لە ئێران، یان پێکهێنانى حکوومەتێک بێت هەر لە سەرکردەکانى ئێستا، بەڵام بە ئەجێنداى ئەمریکا و ئیسرائیل ڕازی بن. لەو حاڵەتەدا پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران گۆڕانى بەسەردا دێت. ئەو مەرجانەى کە ئەمریکا هەیبوو بۆ عێراق، دەبێت بێ سێ و دوو جێبەجێیان بکات و حکوومەتێک لە عێراق دێـتە ئاراوە کە شوێنکەوتەى ئەمریکایە و گرووپە پرۆکسییەکان پێگەى کاریگەریان نامێنێت، عێراقێک دهبێت كه بە سیستهمى فیدراڵی بەڕێوە دەبردرێت و هتد. ئەمەیش لە بەرژەوەندیى عێراقە گەرچی هەندێ لایەنى سوننى و شیعی و کورد لێی زەرەرمەند دەبن!
لە تەواوى سیناریۆکانى تایبەت بە عێراق، ئاییندەى وڵات مسۆگەر نییە و دووچارى دابەشبوون و ئاژاوه دەبێتەوە.
کۆبەند
- جهنگ بەردەوام دەبێت، ئەمریکا هەوڵ دەدات تەواوى خاڵە بەهێزەکانى ئێران نەهێڵێت، تا ناچارى بکات خۆى بەدەستەوە بدات.
- تا هەنووکە ئەمریکا به نیازی گۆڕینی سیستهمى سیاسیی ئێران نییە، بەڵام تا ئەوپەڕی تواناى خۆى، گوشار دەخاتە سەر ئێران و وێرانی دەکات.
- ئەمریکا لە گەڕی دواى هەرەسهێنانى دانوستان، توندوتیژتر و خاپوورکەرتر دەبێت، بەڵام هەوڵ دەدات زوو ئەو کارە ئەنجام بدات، تا لەو ماوە کەمەدا- کە پێ دەچێ بە لاى ئەمریکاوە دوو هەفتە بێت- چین و ڕووسیا فریاى هاوکاریى ئێران نەکەون.
- ترەمپ هەوڵ دەدا تا دوو هەفتەى تر یەکلایی بکاتەوە، چونکە ئەوەى کە لە دەسەڵاتى سەرۆکی ئەمریکایە، بۆ ماوەى دوو مانگە و بریتییە لە دەستێوەردانى سەربازی نەک جەنگ؛ دواى ئەو ماوەیە بۆچوون بۆ دەستێوەردانە سەربازییەکە، دەگۆڕێ بۆ جەنگ و دەبێتە دەسەڵاتى کۆنگرێس. ئەوەیش هەڵوێستێکی قورسە بۆ حزبی کۆمارى و بۆ خودى ئەمریکاش.
- ئەگەرى تێوەگلانی عێراق لە گەڕی جهنگی پێش دانوستان زۆرترە. بەوەیش پرۆسەى سیاسی لە عێراق دووچارى هەرەس دەبێتەوە.
- گرووپە پرۆکسییەکان چالاکتر دەبنەوە و ئەم جارە شەڕی مان و نەمان دەبێت. هەرێمی کوردستانیش لەوانەیە لە جارێ پێشوو زیاتر زەبرى بەرکەوێت.
- پرۆسەى سیاسیی هەرێم بەئاشکرا کاریگەریى جهنگی ئێران و ئەمریکاى پێوە دیارە و بەرە سیاسییەکانیش لە دژى یەکتر تا دێت ڕوونتر دەبنەوە. کەواتە هەرێم لەبەردەم قۆناغێکی دژواردایە لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە. دەیشکرێ دانانى سەرۆککۆمار وەک بۆمبێکی داڕێژراو وابێت بۆ هەرێم لەسەر ئاستى ناوخۆ و پەیوەندییەکانى لەگەڵ بەغدا، چونکە ئەوەى ئێستا لە بەغدا لەسەر ئاستى سەربازی و سیاسی و ئابوورى حوکم دەکات، بریتییە لە گرووپە پرۆکسییەکان.








