مەغزای گەشەپێدانی کۆمەڵگە  لە سیستەمی جیهانیدا  

 

عبدولڕەزاق محەمەد، دکتۆرا لە کۆمەڵناسی

زنجیرەی سێیەم و کۆتایی

لە دوو وتاری ڕابردودا باسی گەشەپێدان کرا؛ بە ڕەچاوکردنی مێژووی دەرکەوتنی ئەم چەمکە و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان و، هەروەها کاریگەریی فاکتەری سیاسی کە بەزۆری داردەستێکی هەرە کاریگەر بووە بە دەستی وڵاتان بەگشتی و وڵاتانی دەسەڵاتدار و خاوەن هێز بەتایبەتی، بۆ ئەوەی بیکەنە سەرچاوەی وەدەستهێنانی سەرمایەی ئابوورییان و بەتایبەت لەو فەزا و پانتایییەی کە وڵاتانی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی سروشتی و، هەژار بە سەرچاوەی هێزی سەربازی تێیدان. لەم ڕوانگەیەوە و بۆ شەنوکەوکردنێکی زانستییانەی ئەم بابەتە، قوتابخانە و تیۆریگەلێکی زۆر، سەریان وەدەرنا و قسەوباس و شیکردنەوەی زۆریان لەمبارەیەوە کرد، کە هەندێکیان پاڵیان وە پاڵ وڵاتە زلهێزەکان دەدا و هەندێکی دیکەیشیان خۆیان بۆ لایەنگری وڵاتە هەژارەکان یەکلایی کردبۆوە. جا ئێمە هەوڵمان داوە کە لەو هەموو پەرتەوازەيی و فرەڕەنگییەی بیروڕایە، سێ لە هەرە گرنگترین قوتابخانەکان بخه‌ینە بەر دید، کە ئەمە دوایینیانە لە ڕووی مێژوويى، هەروەها پێشکەوتنیشییەوە.

قوتابخانەی سیستەمی جیهانی 

لە دونیاى ئەمڕۆکەدا چەمکی سیستەم لە بەشە جیاوازەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتایبەتی لە کۆمەڵناسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا زۆر باوە و بە زۆر مانا بەکار دێت. سیستەم بەو مانایەی کە نێوەندێکی شیکردنەوە و دواتریش وەک تیۆرییه‌ک کە ڕوونکەرەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بێت، بەرهەمێکی هزریی زانستە جۆراوجۆرەکانە کە دواتر هاتۆتە ناو کۆمەڵناسییەوە.

هەموو سیستەمێک کۆمەڵە گۆڕانێکی جیاواز لەخۆ دەگرێت، کە هەر یەک لەم گۆڕاوانە کار و کاردانەوەیان لەسەر یەکتری هەیە. سیستەم وەکوو نێوەندێکی شیکاری بۆ تیۆردانەرانی سیستەمی جیهانی، مانای تایبەتی خۆی هەیە کە بەدڵنیایییەوە تێگەیشتنی ئەوانیش بۆ سەربەخۆییی گشت (کۆمەڵ) لە هەموو ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی خۆی، هەمان ئەو مانایە بوو کە بۆ واتای سیستەم لە پێش ئەواندا شاردرابووه‌وە.

لە نێوان ئەو تیۆرییە جۆراوجۆرانەی سەبارەت بە پەرەپێدان خراونەتە ڕوو، تیۆریی سیستەمی جیهانی، یەکێکە لەو تیۆرییانەی کە هەر لە دەیەی حەفتاکانەوە تا ئەمڕۆکەیش ڕووبەڕووی هەوراز و نشێوی زۆر بۆتەوە. لە دەیەى 1970 و لەو کاتانەی کە بیروباوەڕی تیۆردانەرانی ئەو سەردەمە زیاتر لەژێر ناونیشانی قوتابخانەی وابەستەییدا بوون، زۆرێک لە چەپڕه‌وه‌كان، شۆڕشگێڕان و ڕەخنەگرانی سیاسی لە وڵاتە جیاوازەکاندا ڕوویان لەم تیۆرییە کرد.

دەرکەوتنی قوتابخانەی سیستەمی جیهانی لە ڕووی ماوەی مێژوویییەوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە بە بەراورد لەگەڵ قوتابخانەکانی تری پەرەپێداندا، بەتایبەتی قوتابخانەی وابەستەیی؛ هەر بۆیە پەیوەندییەکی ئاشکرا لە نێوان قوتابخانەی وابەستەیی و قوتابخانەی سیستەمی جیهانیدا دەبینرێت.

دەیەی حەفتاکان سەردەمی برەوسەندن و ڕۆشناییی تیۆریی سیستەمی جیهانی بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دوو دیدگه‌ی سەرەکی لەو سەردەمەدا هەبوون؛ ڕوانگەی یەکەم:

 ئەو کۆمەڵناسانە بوون کە پێیان وابوو ئەم دەیەیە سەردەمی برەوسەندنی کۆمەڵناسیی ڕادیکاڵییە.

ڕوانگەی دووەمی کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدابوون کە ئەم دەیە دەیەی گەشەی کۆمەڵناسیی مێژوویییە، چونکە لەو سەردەمەدا بابەتگەلێک لەوبارەیەوە خرانە ڕوو کە دیارترینیان كتێبی "دەوڵەتی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان"ی تدا سکاچل (1979) بوو کە تێیدا بەدواداچوونی بۆ ڕەگوڕیشەی شۆڕشە گەورەکانی جیهان کردبوو، وەکوو: شۆڕشی یەکێتیی سۆڤیەت، چین، فەڕەنسا و ئینگلتەرا.

ناکۆکیی بەردەوامی نێوان تیۆریی نوێبوونەوە و وابەستەیی" وای کرد، دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ساڵانێکی قورس و سەخت بن. ململانێی نێوان ئەم دوو قوتابخانەیە تاکوو ناوەڕاستی دەیەی حەفتاکان درێژەی کێشا. ئەمەیش بوو بە هۆی ئەوەی توێژینەوەکان سەبارەت بە پەرەپێدانی جیهانی سێیەم تا ڕاددەیەک کەم ببنەوە؛ کە دواجار ئەمە بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە بیرمەندانی تیۆریی وابەستەیی، ئاراستەیەکی تریان بۆ دروست ببێت. هەر ئەمەیش ئەوانی بەرەو تیۆریی سیستەمی جیهانی برد.

بۆ سیستەمی جیهانیی دروست بوو؟

بە شێوەیەکی گشتی گرنگترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیۆریی سیستەمی جیهانی ئەمانەن:

  1. گەشەی ئابووریی خێرا و لەڕاددەبەدەری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەو ئەزموونانەی لە لایەن ئەوانەوە بەدەست هاتبوون.
  2. ئەو قەیرانەی لە نێوان وڵاتانی سۆسیالستیی وەکوو چین و یەکێتیی سۆڤیەت هاتە کایەوە، هەروەها داکشانەوەی ئابووریی وڵاتە سۆسیالیستەکان و کرانەوەی پێ بە پێیان بە ڕووی دونیای سەرمایەداریی ڕۆژاوادا.
  3. قەیرانی سەرمایەداری لە ئەمریکا، جه‌نگی ڤێتنام و گەمارۆی نەوت لە ساڵی (1975)دا، هەموو ئەمانە ئەوەیان نیشان دا کە دەسەڵاتی ئەمریکا بەسەر ئابووریی جیهاندا بەرەو کۆتایی دەچێت (لەو ماوە زەمەنییەدا).

کۆی گشتیی ئەم بابەتانە وایان کرد، کە بۆ یەکەم جار ئیمانوێل ڤاڵرشتاین (Immanuel Maurice Wallerstein) و هاوکارانی، هەوڵی هێنانەکایەوەی سیستەمێکی نوێ بدەن کە بتوانێت ئەو گۆڕانکارییانە ڕوون بکاتەوە و، بتوانن لەم ڕێگه‌یەوە دووبارە پێداچوونەوە بۆ ئەو بابەته‌ ترسناکانە بکەن کە لە دەیەی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەناو خودی گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی جیهاندا سەریان هەڵدابوو. دواتر ئەم دیدگه نوێیه‌یان ناو نا سیستەمی جیهانی.

ڤاڵرشتاین کاکڵەی سیستەمی جیهانی بەم جۆرە دەناسێنێت و دەڵێت: "سیستەمی جیهانی، سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە کە سنوور، پێکهاتە، گرووپە ئەندامەکانی و ڕێساکانی، شەرعییەتی تایبەت بە خۆی هەیە." ئەو پێی وابوو دیدگه‌ی سیستەمی جیهانی تیۆرییه‌ک نییە، بەڵکوو سەرکێشییەکە لە دژی ئەو شێوازانەی کە هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی توێژینەوە جۆربەجۆرەکانەوە، لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە بەسەر هەموو لایەکدا سەپێنراوە.

لێرەدا خاڵێکی گرنگ لە دیدگه‌ی سیستەمی جیهانیدا بەرچاو دەکەوێت، ئەویش تێبینی و قسەیانە لەسەر ئەو شێوازانەی کە پێشتر لە توێژینەوە و تیۆرییەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیڕەو کراون، لە نێوانیشیاندا: تیۆریی نوێبوونەوە و تیۆریی وابەستەیی.

"ڤاڵرشتاین" بابەتی هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی پەرەپێدانی، بەتەواوی خستۆتە لاوە و سیستەمی جیهانیی کردۆتە یەکەی توێژینەوەی خۆی و پێی وایە تەنیا لە چوارچێوەی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانرێت قسە لەسەر گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان بکرێت. ئەمەیش بەو مانایەی کە پێویستە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تەواو باسی ڕەهەندەکانی پەرەپێدان و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە بکرێت کە لە ڕێگەیانەوە لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، پێویستە سیستەمی جیهانی وەکوو یەکەی شیکردنەوە، بکرێتە یەکەی لێکۆڵینەوە.

تیۆریی سیستەمی جیهانی، وێڕای ئەوەی ئابووریی جیهانیی کردۆتە یەکەی شیکردنەوە، هەروەها سیستەمی مێژوویییشی لەسەر بنەمانی سێ جەمسەر دابەش کردووە کە ئەوانیش ناوەند، نیمچەدەوروبەر (نیمچەپەراوێز) و دەوروبەر (پەراوێز)ن. بەپێی ئەم تیۆرییە، پێویستە هەموو ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان لەناو دەقی یەک سیستەمی جیهانیدا دابەش و شی بکرێنەوە.  بەو پێیەیش کە هەموو لایەنە تایبەتمەندەکانی ناو سیستەمێک پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بۆیە دەتوانرێت هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەناو خودی ئەو سیستەمەدا ڕوو دەدات، لە ڕێگه‌ی هۆکارە ناوخۆیییەکانەوە ڕوون بکرێنەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا تیۆریی سیستەمی جیهانی بەتەواوی وێڵ نییە بە دوای ڕوونکردنەوەی چەمک و پێگەی پەرەپێدان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵکوو بە دوای ئەوەدا وێڵە کە لە ڕێگه‌ی ناسینی سیستەمی جیهانییەوە، ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤـ بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی دواتر بیانناسێت.

بە ڕای ڤاڵرشتاین پێکهاتەکانی سیستەمی جیهانی بۆ کۆمەڵگەکان  بەم شێوەیەیە:

     ناوەند:

  • شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بڵاو دەبێتەوە.
  • ڕێکخستنی کاری ئازاد.
  • دەوڵەتێکی بەهێز.

     نیمچەدواکەوتوو ( نیمچەپەراوێز): 

  • سیستەمی بەرهەمهێنانی هاوبەش بڵاو دەبێتەوە.
  • شێوەی جۆراوجۆر لە ڕێکخستنی کاری ئازاد و زۆرەمڵێیش بڵاو دەبێتەوە.
  • دەوڵەتێکی نیمچەبەهێز.

 

     دواکەوتوو (پەراوێز):

  • بڵاوبوونەوەی شێوازی کۆیلایەتی و بەرهەمهێنان.
  • ڕێکخستنی بەزۆەرەملەی کار.
  • دەوڵەتێکی لاواز.                                  

سیستەمی تیۆریی جیهانی، درێژەپێدەری بیروڕای کۆمەڵناسە کلاسیکییەکانی وەک: "مارکس"، "ماکس ڤیبه‌ر"، "پارێتۆ"، "سپنسەر"، "ئۆگست کۆنت" و "دۆرکایم"ە. هەموو ئەم کۆمەڵناسانە دەیانویست تیۆرییه‌کی گشتی دابنێن، کە بتوانێت گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان ڕوون و شی بکاتەوە. ئامانجی سەرەکییشییان لەم کارە، داڕشتنی کۆمەڵگەیەکی نوێیە بە پشتبەستن بە توێژینەوەی مێژوویی. لەگەڵ ئەوەی کە ئەوان لە ناوهێنانی ئەو کۆمەڵگەیەدا ڕای جیاواز و ناوی جیاجیایان بەکار هێناوە، وەک: کۆمەڵگەی نوێ، پیشەسازی، زانستی، باشتر، ئۆرگانی، بەڵام هەموویان لەسەر چەند لایەنێکی گرنگی ئەو کۆمەڵگه‌یە هاوڕا بوون، لەوانەیش پێویستی بۆ گەیشتن بەو کۆمەڵگەیەیە، هەروەها زاڵبوونی تەکنەلۆژی بەسەر مرۆڤدا. لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا ڤاڵرشتاین تیۆرییەکەی خۆی (سیستەمی جیهانی) لەگەڵ هەر دوو تیۆرییەکەی پێش خۆی (نوێبوونەوە و وابەستەیی) لە چەند خاڵێکی گرنگدا لێک جیا دەکاتەوە. هەرچی خاڵە جیاوازەکانی نێوان قوتابخانەی سیستەمی جیهانی و قوتابخانەی نوێگەرایییە، دەکرێت لە دوو خاڵدا کورت بکرێنەوە ئەوانیش:

  1. 1. شێوەی بیرکردنەوەی دیدگه‌ی سیستەمی جیهانی، دیالێکتیکییە، لە کاتێکدا لایەنگرانی قوتابخانەی نوێبوونەوە شێوەی میکانیکی بەکار دەهێنن.
  2. قوتابخانەی سیستەمی جیهانی بەپێچەوانەی قوتابخانەی نوێبوونەوەوە کە ئەوروپاییخوازە، تەنیا سەرنج ناداتە یەک جۆری پەرەپێدان.

سەبارەت بە جیاوازییەکانی نێوان قوتابخانەی سیستەمی جیهانی و قوتابخانەی وابەستەییش، دەکرێت لە چوارچێوەی ئەم خشتەیەدا ڕوون بکرێنەوە:

قوتابخانەی وابەستەیی     -       قوتابخانەی سیستەمی جیهانی

 

یەکەی شیکردنەوە      -       دەوڵەت – وڵات               -        سیستەمی جیهانی

میتۆدۆلۆژیی    مێژوویی- گەشەسەندن و داڕمانی دەوڵەت   -     دیراسە مێژوویییەکانی  سیستەمی جیهانی

پێکهاتەی تیۆری       -      ناوەند و دەوروبەر           -        ناوەند و نیمچەدەوروبەر و دەوروبەر

تەوەری لێکۆڵینەوە        -     دەوروبەر          -        نیمچەدەوروبەر-  دەوروبەر و ئابووریی جیهانی 

بەم پێیە قوتابخانەی سیستەمی جیهانی بەپێچەوانەی قوتابخانەی وابەستەیی (وەکوو یەکەى شیکردنەوە) کە جەخت لەسەر دەوڵەت یان وڵاتێک دەکاتەوە، ئەم قوتابخانەیە سیستەمی نێودەوڵەتیی کردووە بە یەکەی شیکردنەوەی خۆی. هۆکاری سەرەکیی دیدگه‌ی سیستەمی جیهانییش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە جیهانی نوێ لە چوارچێوەی ئابوورییەکی جیهانیی سەرمایەداریدا قاڵبی گرتووە؛ دەوڵەت یان وڵاتان هەر یەکەیان بەشێکی ئەم چوارچێوە گشتییەن.

ڤاڵرشتاین کاتێک باس لە تایبەتمەندییەکانی ئەو سێ کۆمەڵگەیە دەکات (ناوەند - نیمچەدەوروبەر – دەوروبەر)، بەم شێوەیە دەیانناسێنێت:

"کۆمەڵگەی ناوەند" خاوەنی گەشەیەکی خێرایە بە هۆی بوونی چالاکیی ئابووریی ئاڵۆز، بەڵام کۆمەڵگە پەراوێزەکان (وابەستەکان) چالاکییە ئابوورییەکان تێیاندا سادەیە و زیاتر بەرهەمهێنەری کەرەستە خاوەکان و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانن و لەژێر دەسەڵاتی کۆمەڵگە ناوەندەکاندان. هەرچی کۆمەڵگە نیمچەپەراوێزەکانیشن (نیمچە وابەستەکان)، بەشێک لە چالاکییە ئابوورییەکانیان وەکوو چالاکییەکانی کۆمەڵگە ناوەندەکانە، بەشەکەی تریش وەکوو هی کۆمەڵگە دەوروبەرەکانە و بە بەراوورد لەگەڵ کۆمەڵگە وابەستەکان کەمتر دەکەونە ژێر باری کۆمەڵگە باڵادەستەکاندا؛ ئەمانەیش ئەو کۆمەڵگەیانە دەگرێتەوە کە بەرەو گەشەسەندن دەچن.

سەبارەت بە چەندێتیی توانا یاخود چەندێتیی گونجانى جێبەجێکردنى هەر یەک لەم قوتابخانانە لە هەرێمى کوردستاندا، دەکرێت بڵێین کە دەرکەوتنى هەر یەکێک لەو قوتابخانانە پەیوەست بووە بە ڕووداوەکانى ماوەیەکى مێژوویى، کە تێیدا شەپۆلێکى گشتگیرى گەشەپێدانى جیهانى لە ئارادا بووە. ئەمەیش لە دەرەنجامەکانى بارودۆخى سیاسیى ئەوکات سەرچاوەى گرتبوون. هەر بۆیە جۆرە هاوسەنگییەکى لێکنزیک هەبووە بۆ سەقامگیرى. هەر ئەوەیش وای دەکرد وڵاتان (بەتایبەتى ئەو وڵاتانەى بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە جەنگى جیهانیی دووەمدا کردبوو)، بتوانن هەوڵى بەکارهێنان و ڕەچاوکردنى بنەما زانستییەکانى هەر یەک لەو قوتابخانانە بدەن بە ئامانجى گەشەپێدانى کۆمەڵگەکانیان. بەڵام هەرچى ئەو ناوچەیەیە کە لە ئێستادا پێى دەگوترێت هەرێمى کوردستان، لەبەر هەڵکەوتە جوگرافییەکەى کە هەمیشە جێگه‌ى یەکلاکردنەوەى بەرژەوەندیى وڵاتە زلهێزەکان بووە و ئەمەیش وای کردووە کە ناوچەکە بە شێوەیەکى بەردەوام سەقامگیرى بەخۆیەوە نەبینێت، بەتایبەتى لە ڕووى سیاسی و ئابورییەوە. هەموو ئەمانەیش هۆکارن بۆ ئەوەى بتوانین بڵێین لە ئێستاى هەرێمى کوردستاندا و لەیەک کاتدا دەشێ سوود لە هەر سێ قوتابخانە وەربگیرێت، بەتایبەتى لەو خاڵانەى خوارەوە:

  1. پرۆسەى نوێبوونەوە، بە ماناى گۆڕان دێت لە بارودۆخێکى کۆن و دواکەوتوو بۆ بارودۆخێکى باشتر و گەشەسەندووتر.
  2. مەبەست لە نوێبوونەوە تەنیا گۆڕانى لایەنى ماددیى کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو گۆڕان و نوێبوونەوە و گەشەسەندنى لایەنى مەعریفى و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییشە؛ بە جۆرێک کە لەگەڵ گۆڕانکارییە سەرەدەمییەکانى گونجاو بێت.
  3. وابەستەییى تەواوەتیى هەرێمى کوردستان بە هەر وڵاتێک، دەبێتە هۆى هەبوونى گریمانەى مەترسى لە هەر کاتێکدا بێت؛ واتە ئەو کاتەى وڵاتى پشتپێبەستوو دوچارى هەر کارەسات و قەیرانێک ببێتەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەرییە خراپەکانى لەم هەرێمەدا ڕەنگ دەداتەوە و ڕێگە لە گەشەسەندنى وڵات دەگرێت. هەر بۆیە پێویستە ئەم وابەسته‌یییە سنووردار بێت؛ بە جۆرێک کە لە بارودۆخێکى ئاوادا کاریگەریى نەرێنیى نەبێت لە بەردەم ئەو سیاسەتى گەشەپێدانەى کە لەم هەرێمەدا وەکوو ستراتیژییەتى حکوومەت داڕێژراوە و کارى بۆ دەکرێت.

هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە چالاکیی ئابووریی تێیدا بەرەو فراژووبوونە، بەڵام ئەو چالاکییە ئابوورییانە زیاتر خۆیان لەو جۆرە چالاکییانەدا دەبیننەوە کە چالاکیی ئابووریی دەرەکین؛ واتا وەبەرهێنانی بیانین و زیاتر ڕووکاری بیناسازییان هەیە. هەرچەندە هەموو ئەم چالاکییانەیش ڕوویەکی بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیان دەهێنن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کەموکورتی لە بایەخدان بە خزمەتگوزارییە سەرەکی و بونیادییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تر، لە کۆمەڵگەدا زەق دەکەنەوە. لەم ڕوانگەوە، دەکرێت بە خوێندنەوەیەکی زانستی و توێژینەوەیەکی مەیدانی سەبارەت بە ئاستی فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک: پەروەردە، تەندروستی، نیشتەجێبوون، ڕێگەوبان، ئاو و کارەبا لەناو کۆمەڵگەدا لە لایەک و، ئاست و جۆری ئەو چالاکییە ئابووری- کۆمەڵایەتییانەی تێیدا ئەنجام دەدرێن لە لایەکی ترەوە، تا ڕاددەیەک پێگە و جۆری کۆمەڵگە دیاری بکرێت. لە هەمان کاتیشدا ئەو پرسیارە بکرێت کە ئایا لە لایەک تا چەند چالاکی و گەشەسەندنی کۆمەڵگە لەگەڵ ڕەوت و ئاراستەی سیستەمی ئابووریی جیهانیدا ڕێ دەکات، لە لایەکی تریشەوە تا چ ڕاددەیەک ئەم کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەیەکی وابەستە یاخود نیمچەوابەستەیە لە چالاکییە ئابوورییەکانیدا؟ هەرچەندە بەتەنیا سەیرکردنی چالاکیی ئابووری لەناو هەر کۆمەڵگەیەکدا، ناکرێت وەکوو هۆکاری پەرەسەندنی ئەو کۆمەڵگەیە سەیر بکرێت. ئەمەیش یەکێکە لەو ڕەخنانەی کە "ئەنتۆنی گیدنز"  (Anthony Giddens) لە هەر سێ قوتابخانەکانی پەرەپێدان (نوێبوونەوە، وابەستەیی، سیستەمی جیهانی)ی دەگرێت، چونکە ئەو پێی وایە وێڕای ئەوەی کاریگەرییە ئابوورییەکان گرنگن، بەڵام هۆکارگەلێکی تری وەک "کاریگەریی جه‌نگ و هۆکارە ڕۆشنبیرییەکان"یش هەن کە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی وابەستەیی هەیە؛ بۆیە ناکرێت تەنیا سەرنج بدرێتە هۆکارە ئابوورییەکان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples