ڕۆڵی خێزان لە بەکه‌لتوورکردنی پەرەپێدانی مرۆییدا

زنجیرەی دووەم

خێزان و ئەرکەکانی

کۆمەڵناسان لەسەر ئەوە کۆکن کە خێزان دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە و چەمکێکی جیهانییە، چونکە لە هەموو سەردەمێک و لە هەموو شوێنێکدا هەبووە و هەیە و بەردەوامیش دەبێت، هەر خێزانەکانیشن کە کۆمەڵگە پێک دەهێنن و بەردەوامیی پێ دەدەن.

خێزان، هەم پارێزەر و هەم فەراهەمکەر و هەمیش فێرگەی تاکەکانە، جا ئەگەر ئەو خێزانە لە بچووکتریین شێوە و قەبارەیشیدا بێت. لەناو خێزاندا پەیوەندییەکی سۆزەکی هەیە، کە وا لە تاکەکان دەکات گوێڕایەڵ و ئه‌نجامدەری ئەو دابونەریت و پڕەنسیپانە بن کە لە ڕێگەی پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییەوە فێر دەکرێن، یان بە تێپەڕبوونی زەمەن لە هزریاندا وێنا دەبێت.

ئۆگست کۆنت، خێزانی وەکو یەکەمین شانەی جەستەی کۆمەڵگە ناساندووە و دەڵێت: یەکەم شوێن و خاڵی دەستپێکە بۆ گەشەسەندن و، ئەو نێوەندە کۆمەڵایەتییە سروشتییەیە کە تاکی تێدا دروست دەبێت. هەروەها، بە نیزامێکی بنچینەیی و گشتیی دادەنێت کە بە بوونی، بەردەوامیی کۆمەڵگە گەرەنتی دەبێت؛ چونکە هەر لە خێزانەوە، خێزانی تازە دروست دەبێت. هەر ئەمەیشە وای کردووە خێزان لە هەموو دامەزراوەکان و کۆمەڵەکانی تری کۆمەڵگە گرنگتر بێت و یەکەم کۆمەڵە ودامەزراوەیشە بۆ تاک و، هەر لەوێیشدا کەسایەتیی تاکەکان دروست دەبێت.

وێڕای ئەوەی خێزان لە پێکهاتە و شێوە و ئەرکەکانیدا، بە جیاوازیی سەردەمەکان و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان، جیاواز بووە و تا بە ئەمڕۆیش ئەم جیاوازییە لە فۆڕم و ئەرک و تەنانەت ناویشدا بوونی هەیە. بەڵام، باسکردنی ئەم بابەتە لێرەدا ئامانجی ئێمە نییە، بەڵکوو دەمانەوێت ئەو ڕووەی خێزان نیشان بدەین کە پەیوەستە بە چەندێتیی کاریگەری بۆ نەخشاندنی دابونەریت و شێوازەکانی کارلێکی کۆمەڵایەتیی تاکەکانی لەناو کۆمەڵگەدا لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییەی کە دواتر و لە ڕێگەی چالاکییەکانییاندا ئەدای دەکەن.

ڕەفتار و کارلێک و چالاکیی تاکەکان لەناو کۆمەڵگەدا، ڕەنگدانەوەی ئەو پرۆسە فێرکارییەیە کە خێزانەکان لە ڕێگه‌ی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییەوە بەبەریاندا دەکەن. لەگەڵ ئەوەی لە سەردەمی ئێستادا زۆرێک لەو ئەرکانەی خێزان کە پێشتر بەرامبەر ئەندامەکانیان هەیانبوو، لە لایەن دامەزراوەی تر ئەنجام دەدرێن؛ بەڵام دیسان خێزان بایەخی خۆی هەر بەبەرزی هێشتۆتەوە و لە پلەی یەکەمی هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی تردا دێت. تەنانەت لە مۆدێرنترین کۆمەڵگەیشدا، زۆربەی کات هەر خۆی پێشەوایەتیی دروستکردنی کەسایەتیی ئەندامەکانی دەکات، بەتایبەتی لە ٥ بۆ ١٠ ساڵی یەکەمدا (کە بەڕای زۆربەی پسپۆڕانی بواری دەروونناسیی کۆمەڵایەتی، ئەم ماوەیە بۆ دروستبوونی جۆری کەسایەتیی تاکەکان زۆر گرنگە). بەڵگەیش بۆ ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە لە سەردەمیانەترین فۆڕمی خێزاندا، توانیویەتی چوار ئەرکی گرنگ لەخۆ بگرێت و بیپارێزێ، ئەوانیش ئەمانەن:

١- ئەرکی بایه‌لۆژی ٢- ئەرکی دەروونی ٣- ئەرکی کۆمەڵایەتی ٤- ئەرکی ئابووری.

چەمکی پەرەپێدانی مرۆیی و ئامانجەکانی

دوای ئەو شوناسە سادەیه‌ی بۆ خێزانمان کرد، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە گەر بێت و لە خێزانەکانەوە، هەر لە قۆناغەکانی سەرەتای ژیان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە، گرنگیی پەرەپێدانی مرۆیی بخزێنرێتە ناو هزر و فەرهەنگی ئەندامانی خێزان، پێشڤەچوونەکان چەندە ئاسانتر بۆ قۆناغەکانی دواتریان ڕەنگڕێژ دەکرێن و، له‌ ئه‌نجامدا کۆمەڵگە بە هەموو كه‌موكوڕییه‌‌کانییەوە سوودمەند دەبێت و پێش دەکەوێت.

مادامێکی پرۆسەی پەرەپێدانی مرۆیی هێندە بۆ کۆمەڵگە گرنگ بێت و، خێزانیش ئەو دامەزراوە کۆمەڵایەتییە کاریگەرە بێت، بە دڵنیایییەوە بەهێزیی پەیوەندیی ئەم دوو چەمکە بە هەموو ئەرکەکانیانەوە، گەرەنتیی پێشڤەچوونی کۆمەڵگە دەکەن.

ناساندنی چەمکی پەرەپێدانی مرۆیی بە شێوەیەکی تەواو، کارێکی ئاسان نییە، لەبەرئەوەی بازنەی کارکردن و کارایی، هێندە فراوانە کە هەموو جومگە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت، هەر لەسەر ئاستی خودەوە بگرە تاکوو دامەزراوە و چالاکییە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئیداری و فەرهەنگییەکانی تاک. هەر لەبەر ئەوەیشە کە ئێمە هەوڵ دەدەین لە هەر بوارێک قسەمان کرد ئەو ڕووەی پەرەپێدانی مرۆیی بخەینە ڕوو، بە ڕەچاوکردنی ئەو ئەرکە هاوبەشەی لەگەڵ ئەرکی خێزان وێک دەچن یان لێکنزیکن. بە ڕەچاوکردنی ئەم بابەتە، دەکرێت بڵێین کە پەرەپێدانی مرۆیی بریتییە لە پەرەپێدانێکی هەمەلایەنەی سەرچاوەکانی ئەو ژینگەیەی کە کار دەکات بۆ باشترکردنی ئاستی کۆمەڵ لە ڕووی تەندروستی، پەروەردە، کۆمەڵایەتی و دەروونی، بە ئامانجی بەدیهێنانی فراژوویەکی تەواوەتی لە ڕێگه‌ی بەکارخستنی هەموو ئەو توانا شاراوە مرۆیییانەی لە کۆمەڵگەدا هەن، بۆ ئەوەی ببن بە ئەندامێکی سوودبەخش و بەرهەمهێن، تا دواجار لە پراکتیزەکردنی پلانی پەرەپێدانی وڵاتدا پشکدار بن و، لە ڕووبەڕووبونەوەی هەموو ئەو به‌ره‌نگاری (تەحەددا)یانه‌ و ڕێگرانەی کە دێنە سەر ڕێگه‌ی تاکەکان بەتوانا بن و، بتوانن دەست و پەنجەیانی لەگەڵدا نەرم بکەن.

توانای تاکەکانی کۆمەڵگە، لە خێزانەکانەوە سەرچاوە دەگرێ. جا کاتێک خێزانەکان ئەندامەکانیان وا ڕابهيێنن کە بۆ کۆمەڵگەکەیان هێندە کاریگەر و هێندە گرنگن، بە دڵنیایییەوە ئەو فەزایە لە هزریان دەخولقێ کە ئەوان دەتوانن ئەو کارە بکەن کە تاکەکان لە کۆمەڵگە پێشکەوتووه‌کاندا ئانجامیان داوە و، بەرهەمەکەیشی لە خۆشگوزه‌رانی (ڕه‌فاهییه‌ت)ی ژیانی کۆمەڵایەتییاندا دەچننەوە.

ئامانجەکانی پەرەپێدانی مرۆیی

١- دروستکردن و چالاککردنی هەستی پشکداربوونێکی ئیجابی لە ڕێگه‌ی وەدیهێنانی پڕه‌نسیپ (مبدأ) و هەستی متمانە بەخۆبوون.

٢- پەرەپێدان و بەهێزکردنی توانای تاکەکان (ئەندامانی خێزان) بۆ چارەسەرکردنی کێشەگەلە جۆربەجۆرەکان. ئەمەیش بە یارمەتیدان و ڕاهێنانیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو کێشانە و بە جۆرێک فێر بکرێن کە بزانن چۆن فاکتەرە سەرەکییەکانی کێشەکان دەستنیشان بکەن و ڕێگه‌کانی چارەسەریشیان پێ بگوترێت. بەم جۆرە، نەوەیەکی تازە لە سەرکردەی کارا دروست دەبێت.

٣- دۆزینەوە و پەرەپێدانی هەموو ئەو توانا و هێزە مرۆیییانەی کە لەناو خێزانەکاندا هەیە و سەیرکردنیان وەکوو سەرچاوەیەکی گرنگ لەسەر ئاستی خود و کۆمەڵگە.

٤- بنیاتنانی کەسایەتیی تەواو و تۆکمە لە ڕێگه‌ی پێدانی ئەو ئەزموون و توانایانەی لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەدا هەیە. لێرەدا ڕۆڵی خێزان هێندە کاریگەرە کە خۆی دەبێتە هۆکاری باش یان ناباش بۆ هەڵچنینی توانای ئەندامەکانی، یاخود بەپێچەوانەوە پووکاندنەوەی، چونکە لەسەریەتی ئەندامەکانی لە ڕابردووی پڕئەزموون ئاگادار بکاتەوە و تواناییی خۆیشی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی دواجار بتوانرێت بۆ ئەندامەکانی، سەرچاوەی هیز بێت.

٥- پەرەپێدان و دروستکردنی دڵسۆزی و وه‌فاداری (ولاء) و هەستی خۆشویستنی وڵات و خاک لە لایەن تاک و کۆمەڵەکانەوە. ئەمەيش وا دەکات هەموو تواناکان بە جۆرێک بەکار بخرێن کە بەرهەمهێن و سوودبەخش بن. خێزان، ئەو دامەزراوەیە کە گرنگترین ڕۆڵی لەم بوارەدا هەیە و دەتوانێت ئەو هەستە لە ناخی ئەندامەکانیدا بچەقینێ و بە جۆرێک پەروەردەی بکات کە تاک نرخی خۆی لە خاکەکەیەوە بزانێت و هەست بکات کە بە گرنگیدان بە تواناکانی خۆی و متمانە بەخۆبوونی، خزمەتی وڵات و نیشتمانەکەی دەکات.

٦- ڕاهێنانی تاکەکانی کۆمەڵ لەسەر مامەڵەکردنیکی باش لەگەڵ سەرچاوە جۆربەجۆرەکان، جا چ سەرچاوەی سروشتی، یان ماددییەکان بێت.

ئەگەر لە بەشێک لە کۆمەڵگەکان، بەتایبەتی کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا، ڕۆڵی خێزان و ئەرکەکانی، گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتبێت بەڵام کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا تاکوو ئێستایش ڕووە گشتییەکەی خێزانی پاراستووە و تا ڕادەیەکی زۆر، هەر لەو قاڵبە کاریگەرەدا ماوەتەوە کە ئەندامەکانی گوێڕایەڵیی لێ دەکەن. ئاگەر لەسەر ئاستی خودیش ئەو پابەندییە هێندە بەهێز نەبێت، بەڵام زۆر جار سروشتی کۆمەڵگەی کوردی، وا دەکات تاکەکان تا ئەو ڕادەیە بە خێزانەکانیانه‌وه‌ پابەندبن کە وێنای هەموو ڕووەکانی بکەن بەتایبەتی ڕووە باشه‌کانی، چونکە چەندێتیی ئەو پابەندییە لە لایەن کۆمەڵگەوە وەکو پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی کەسایەتیی تاکەکان بەکار دێت. لە سۆنگەی ئەم ڕاستییەوە، دەشێ ئەم بابەتە وەکو خاڵێکی پۆزەتیڤ و باش سەیر بکرێت و، وەکو فاکتەرێکی کاریگەر بۆ دروستکردنی هەستی ناسینی گرنگیی پرۆسەی پەرەپێدانی مرۆیی لای تاکەکانی کۆمەڵگە، لەسەر هەردوو ئاستی پەرەپێدانی خود و خێزانەوە، بەکار بهێنرێت. ئەمەیش، بە بەشی خۆی ڕۆڵی کاریگەری له‌سه‌ر بەکه‌لتوورکردنی پەرەپێدانی مرۆیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەبێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples