زنجیرەی سێیەم
لە چوارچێوەی تیۆرییە کلاسیکییەکانی کۆمەڵناسیدا، یەکێک لە بەربڵاوترین و دیارترین تیۆرییەکانی، تیۆریی بونیادگەراییی وەزیفییە کە لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدهیەمەوە لە لایەن زانا و کۆمەڵناسی بریتانی (هێربێرت سپێنسەر) باسی لێوە کراوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ ئامریکا و، لە لایەن "تالکۆت پارسۆنز" و زۆرانی تر لە سەدەی بیستەمدا، قسەی زیاتر و بنەمای زانستیی پێشکەوتووتریان بۆ دانا. جا سەرچاوەی سەرهەڵدان و دواتر ئەم گۆڕانکارییانەی کە بە کاریگەریی لێکدانەوەی زانستەکانی تر و ئەو ڕەخنانەی لێی گیران، چۆن وایان کرد بە چ ئاقارێکدا بڕوات، جێگه و مەبەستی قسەلەسەرکردنی ئێمە نییە لەم بابەتەدا، بەڵکوو ئەوەی دەمانەوێت ئاخافتنی لەبارەوە بکەین ئەوەیە کە ئەم تیۆرییە بە شێوەیەکی زۆر سادە بخەینە ڕوو و، لە ڕوانگەی ئەم تیۆرییەیش چاوێک بەسەر گرنگیی ئەو ئەرک و وەزیفانەدا بخشێنین کە سێکتەرە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگە (کە گرنگترینیان سێکتەری پەروەردەیە)، هەیانە و پێویستە ئەنجامی بدەن، جا چ لەناو خودی سیکتەرەکاندا بێت یاخود ئەو وەزیفانەی کە لەناو کۆمەڵگە و لەگەڵ سێکتەرەکانی تری کۆمەڵگەدا جێبەجێی دەکەن. دواتر بپرسین کە ئایا کارکردنی ئەم سێکتەرە (پەروەردە)، لەناو خودی خۆی لە لایەک و، دواتر بە هەماهەنگیکردنی لەگەڵ سێکتەرەکانی تری ناو کۆمەڵگە لە پرۆسەی بەکەلتوورکردنی پەرەپێدانی مرۆیی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، تا چەند پرۆسەکە ئاسانتر و خێراتر دەکات، پێچەوانەکەیشی، تا چ ئاستێک کاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت و، پرۆسە و خواستەکەمان لەسەرەخۆتر وەدوا دەخات؟
ناوەڕۆکی تیۆریی بونیادگەراییی وەزیفی
لە سادەترین دەربڕیندا، دەکرێت بڵێین کە تیۆریی بونیادگەراییی وەزیفی پێی وایە، هەموو کۆمەڵگە یان دامەزراوە و ڕێکخراوێک وەکو بونیاد و پێکهاتەیەکە، کە خودی ئەو بونیاد و پێکهاتەیە دابەش دەبێته سهر چەندین بەش و ڕەگەزی پێکهێنەر، هەروەها ئەو ڕەگەز و بەشانەیش ئەرک و وەزیفەی تایبەتیی خۆیان هەیە و ئەنجامی دەدەن. هەر بە ئەنجامدانی ئەو ئەرک و وەزیفانەیشیانە کە کۆمەڵگە یان دامەزراوە و ڕێکخراوەکە بەردەوامیی دەبێت و لەسەر پێی خۆی دەمێنێتەوە.
کەواتە هزری بونیادگەراییی وەزیفی، بڕوای بە بوونی بونیادی کیان و یەکەگەلێکی کۆمەڵایەتی هەیە و، لە هەمان کاتیشدا بڕوای بەو ئەرک و وەزیفانەیش هەیە، کە بەش و ڕەگەزە سەرەکی و پێکهێنەرەکانی دامەزراوەیەک لەناو خودی ئەو دامەزراوەیە ڕای دەپەڕێنن و، بە هەمان شێوەیش بڕوای بە ئەرکی خودی دامەزراوەکەیش هەیە وەکوو یەکەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ دامەزراوەکانی تری ناو کۆمەڵگە، کە پێکهێنەری کۆمەڵگەن.
ئەمە ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت کە وەک چۆن خودی مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتییە و بۆ تێرکردنی پێداویستییەکانی، دەبێت لەگەڵ تاکەکەنی تری کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەدا لە پەیوەندیدا بێت، بە هەمان شێوەیش دامودەزگه و یەکە کۆمەڵایەتییەکانی تری کۆمەڵگە لە سەرجەم سێکتەرەکاندا، پێویستە لە ڕێگەی کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە، لە کار و چالاکییە پۆزەتیڤەکانی نێوانیاندا بەردەوام بن.
پەروەردە و فاکتەر و ئامانجەکانی
کە باس لە سێکتەری پەروەردە دەکرێت، پێویستە ئەو مەودا و پانتایییە فراوانە بهێنینە پێش چاومان کە لەناو کۆمەڵگەکاندا بەگشتی و، کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بەتایبەتی هەیەتی و، تەنیا لە قوتابخانەدا کورتی نەکەینەوە، چونکە ئەگەر لە ڕوانگەی تیۆریی بونیادگەراییی وەزیفیدا سەیری بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە خودی ئەم سێکتەرە چەندین ڕەگەز و پێکهێنەری هەیە، کە بە کارکردنی هەموویان، قەوارەی پەروەردە پێک دەهێنن. هەروەها دەبێت بپرسین کە ئایا چەند لە سەدی ئەندامانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ (قوتابی و مامۆستا) یان ناڕاستەوخۆ (ئیدارییەکان و دایک و باوک) لەم سێکتەرەدا ڕۆڵیان هەیە و لای خۆیانەوە بۆ بەردەوامیی ئەم کەرەتە، کار و وەزیفەیان هەیە و لێبڕاوانە کاری تێدا دەکەن. هەروەها، بەردەوامیی ئەم سێکتەرەیش و، پەیوەستی بە سێکتەرەکانی ترەوە، تا چەند فاکتەری فراژۆییی کۆمەڵگەیە، بەتایبەتی بۆ بواری ئابووری.
پەروەردە بە هەموو دامەزراوە و ئاستەکانییەوە، هەم لایەنە زانستی- ئەکادیمییەکەی، هەمیش لایەنە ئیدارییەکەی، هێندە ڕۆ چووهتە ناو ناخی کۆمەڵگە، کە پشکی هەرە گەورەی بۆ خۆی و تاکەکانی بردووە. بە جۆرێک خستۆتە ژێر باڵەکانییەوە، کە چالاکییەکانی دواتریشیان هەر چاکی و فەزڵەکەی بۆ پەروەردە دەگەڕێتەوە، جا چ ئەوانەی کە دەبن بە کەسانی ئاکادیمی یان سیاسەتمەدار، دەسەڵاتدار و بزنسمانەکانی وڵات و ئەوانەیشی کە جومگە ئیدارییەکان بەڕێوە دەبەن. بە تەعبیرێکی سادەتر، هەر کۆمەڵگەیەک گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینی و، کێرڤی سەرچاوەکانی بەهێزبوونی ئابووری (کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی، گەشتیاری ....هتد) بەرز بووهوه، ئەوە بهبێ دوودڵی، یەکێک لە فاکتەرە بەهێزەکانی بریتییە لە کەرتی پەروەردە، کە وای کردووە تاکەکانی کۆمەڵگە متمانەیان بە خۆیان هەبێت و ئەو سەرچاوە مرۆیییانەی کە لەبەردەستیدان، بە جۆرێک ئاراستەی کردوون کە زۆرترین سوودییان لێ وەربگیرێت.
باخچەی ساوایان، یەکەم یەکەی کۆمەڵایەتییە (دوای خێزان)، کە تاکی کۆمەڵگە ڕووی تێ دەکات. بۆیە هزری ئەو تاکە، ئەو لاپەڕە سپییەیە کە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی فەزای دەرەوەی خێزانەکەی مەعریفەی تێدا بنووسێت. ئەوەیشی کە بە ناونیشانی وەزیفیی خۆی وەکوو مامۆستا و چاودێر، یەکەم وشەی لەسەر دەنووسێت، بەرپرسی یەکەمە لە بەکارخستن، یان بەپێچەوانەوە پەکخستنی تواناکانی ئەو تاکەی کە لەو قۆناغەدا پێی دەگوترێت منداڵ.
داڕشتنی سیستەمی پەروەردەییی وڵات، کە خۆی لە سیاسەتی گشتی و دواتر ستراتیژی و پرۆگرام و بەرنامەی پراکتیزەکەردا دەبینێتەوە، پێوستیی بە ئیرادەیەکی یەکگرتوو هەیە لەگەڵ ڕەچاوکردنی سروشتی ژینگەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە و، بەهەمان شێوەیش ئاستی پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیە. ڕەچاوکردن و بەهەندوەرگرتنی هەموو ئەمانە، گهرهنتیی كاركردنی باش و دەرەنجامی باشی پەروەردەن. بەڵام، لەبیرمان نەچێت كه هیچ سیستەمێکی پەروەردە، تەنیا بە باشکردنی مەنهەج و پرۆگرام ناتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت کە ئامادەکردن و سوودوەرگرتنە لە توانای مرۆییی تاکەکانی کۆمەڵگەکەی، بەڵکوو چەندە پرۆگرام گرنگە، هێندەیش کار و وەزیفەی ئەو پێکهێنەرانەیش گرنگن کە خودی کەرتی پەروەردە، بە شێوەیەکی کارا بەڕێوەی دەبەن و لەسەر پێ دەیهێڵنەوە.
ئەرکی هەر یەکێک لەو ڕەگەزە سەرەکییانەی سێکتەری پەروەردە، جیاوازە لەوی دی، بەڵام لە ڕووی گرنگییەوە هەر هەموویان تەواوکەری یەکترن. بۆیە هەر کەموکورتییەک لە یەکێکیاندا هەبێت، کار لەوی تریان دەکات و دەرەنجامە نێگەتیڤەکەیشی لە کەرتی پەروەردەدا وەدەر دەکەوێت، کە دواجار ئەو خراپی و ئاریشەیە پڕیشکی بەر بنیاتەکانی تری کۆمەڵگە دەکەوێت، بەتایبەتی لە لایەنی ئابوورییەوە. هەر ئەم کەموکورتییانەیش، دەبێتە سەرچاوەی ئاریشەگەلێکی زۆر، هەر لەسەر ئاستی دەروونیی تاکەکەسەوە بگرە، تا دەگاتە کێشە و ململانێی سیاسی و فەرهەنگی، کە بە چارەسەرنەکردنی، دواجار دەخزێتە ناو کەلتوور و، لە جیاتی ئەوەی کەلتووری "بەڵێ دەتوانم ئەنجامی بدەم" (ئەم قسەیە پەیامی تاکەکانی کۆمەڵگەی کۆریای باشوور بوو لە دەیەکانی ٦٠-٧٠ دا، لە چوارچێوەی پرۆژەی ستراتیژیی نیشتمانیی گوندی نوێدا)، کەلتووری متمانەبەخۆنەبوون، هزری تاکەکان دەئاخنێت.
مادامێکی سێکتەری پەروەردە، هێندە کاریگەرییەکی زۆری بۆ بەکارخستنی ئەو توانا مرۆیییانەی کۆمەڵگە هەبێت، بۆیە سادەترین ئەرک و وەزیفەی ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی، ڕۆڵ و کاریگەریی گەورەیان دەبێت و، هەرگیز ناکرێت ڕەفتاری مامۆستایەک یان پابەندیی قوتابییەک (ئەگەر لە سادەترین فۆڕمیشیدا بێت) بەهەند وەرنەگیرێت. بۆیە، زۆر پێویستە ئەو فەزایەیان بۆ فەراهەم و بخولقێندرێت کە بتوانن هەقی ئەرکەکەیان بدەن و بە باشترین شێوە وەزیفەکەیان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی دواتر بتوانرێت ئەو پێوەرە ئیداری و ئەخلاقییانەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت کە گهرهنتیی باش بەڕێوەچوون و کارکردنی سێکتەرەکەیە.
گرنگیی پەروەردە لە گەشەسەندنی کۆمەڵگەدا
دەیڤید ماکلیلاند، دەروونناسی ئەمریکی دەڵێت: یەکێک لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی گەشە و فراژۆییی ئابووریی کۆمەڵگە، لایەنی دەروونیی تاکەکانە. ئەو، ئەم هەستەیشی ناو ناوە "خواست بۆ پێشکەوتن" و، پێی وایە بۆ دروستبوونی ئەم بیروڕا و هەستە، پەروەردە ڕۆڵی سەرەکیی هەیە و لە ڕێگهی پەروەردەوە، دەکرێت ئەم هەستە بکرێت بە بەشێک لە کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵگە. هەر ئەمەیش وا دەکات دواجار گەشەپێدان لە کوێی کەرتەکانی تری کۆمەڵگەدا ڕوو بدات، بەتایبەتی لە کەرتی ئابووریدا کە گرنگترینیانە.
ڕەهەندی سێکتەرەکانی پەروەردە، هێندە زۆرن کە بۆ باسکردنیان پێویستیمان بە لێکۆڵینەوەی زانستیی بەربڵاو هەیە. بەڵام، ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت بە زمانێکی سادە و لە قاڵبی وتارێکدا باسی بکەین ئەوەیە، کە زمانی لۆژیکیی سەردەم پێمان دەڵێت بۆ کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوو و ژیانێکی خۆشگوزهران (ڕهفاهی)، پێویستە پەروەردە بکرێتە هەوێنی پەرەپێدانی توانای تاکەکان. چونکە، ئەوە تاکەکانن کە بە بەکارهێنانی توانا هزری و جەستەیییەکانیانەوە سیاسەت و ستراتیژیی سێکتەرەکان دادەڕێژن و، هەر ئەوانیشن کە پراکتیزەی دەکەن.
پەیکەری دانیشتووان لە هەرێمی کوردستاندا، ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەم هەرێمە لە ڕوی توانای مرۆیییەوە دەوڵەمەندە، بە جۆرێک کە لە کۆی نزیکەی ٥ ملیۆن دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (٣،١) ملیۆن، تەمەنیان لە نێوان ١٥-٦٣ ساڵیدایە، کە ئەم تەمەنەیش واتە هێزی کارکردن و چالاکیی هزری و جەستەیی. سادەتر بڵێین، واتە زۆرینەی دانیشتووان دەتوانن لە بونیادنان و بەرەوپیشبردنی کۆمەڵگەدا بەشدار بن، هەر یەکە و بەجۆرێک و لە بوارێکدا.
دەمێنێتەوە بڵیێن کە دەکرێت کەرتی پەروەردە، دەروازەیەکی گەورە بێت بۆ کاراکردنی ئەو لێشاوە زۆر و زەوەندەی توانا مرۆیییەکان کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لە سادەترین ڕێگاوە، کە ئاشناکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بە گرنگی و بایەخی ئەو توانایەی کە لە خودی ئەودا هەیە. ئەمەیش هەر لە قۆناغەکانی باخچەی ساوایانەوە تا دەگاتە ئاستی زانکۆکان، هەروەها کارکردنی بەردەوام لە بواری هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بە مەبەستی ڕەنگکردنەوەی ئەو توانا کاڵبووەوە و شاراوانەی کە لەناو کۆمەڵگەدا هەن بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکان و گوندەکان. بە هەمان شێوەیش لۆژیکی متمانەبەخۆبوون لە جومگە سەرەکییەکانی یەکە کۆمەڵایەتی و دامودەزگهکاندا بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی تاکی کۆمەڵگە، متمانەبهخۆبوونی لا دروست بێت و، پێی وا نەبێت تواناکانی لە لایەن کۆمەڵگەوە پەراوێز خراوە. بۆ ئەم مەبەستەیش، دەکرێ دەزگهکانی ڕاگەیاندن (بینراو، بیستراو، خوێندراو)، بەکار بهێنرێن و ببن بە بەشێکی کارا لە پرۆسەی بەکەلتوورکردنی پەرەپێدانی مرۆییدا.
|