ڕۆڵی دەستەبژێری ڕۆشنبیر لە قەیرانەکاندا

مێژووی هەر گەل و نەتەوەیەک وەربگری، ئەو ڕاستییە دێتە بەرچاو کە بە چەندین قۆناغی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە و بەرز و نزمیی زۆری بەسەردا هاتووە و دەست و پەنجەی لەگەڵ زۆر بارودۆخی جیاجیادا نەرم کردوە. ئەمەیش، چونکە خودی ژیان و بەردەوامییەکەی، پێویستیی بەو شل و توندییەی بارودۆخ هەیە، لەبەر ئەوەی ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەلایەک هزر و هۆشی تاکەکانی کۆمەڵگە چەقبەستوو نەبێت و بجووڵێ و، بتوانن خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆیان دەستنیشان بکەن و کار بکەن بۆ سوودوەرگرتن لە هەلی بەرەوپێشچوون، دوای دیاریکردنی ئەو مەترسییانەی کە لەسەر ڕێیانن و دۆزینەوەی فاکتەرەکانی زاڵبوون بەسەریاندا، لە لایەکی دیکەیشەوە دەبێتە هۆی سوودوەرگرتن لەو بارودۆخە بۆ ئاییندەیان، دوای ئەوەی کە وەکوو مێژوو دەینووسنەوە و لای خۆیان تۆماری دەکەن.

بایەخی مێژوو بۆ هەر نەتەوەیەک ئەو کاتە دەگاتە ئاستی ڕاستەقینەی خۆی، کە لە نووسینەوەی و چەندێتیی بابەتیبوونیدا زۆرترین دڵنیایی هەبێت، بۆئەوەی بتوانرێت بە ئاوڕدانەوە لێی، واقعی ئێستا ئاسانتر و ڕوونتر ببینرێت. لە کڵاوەڕۆژنەی مێژووی ژیان و چالاکیی کۆمەڵایەتیی گەل و کۆمەڵگەکانەوە، دەردەکەوێت کە هەموولایەک بە دووانەیەکی حەتمیدا تێدەپەڕن، کە ئەوانیش بارودۆخی ئاسایی و باروودۆخی قەیرانە. خاڵی جێی سەرنج و بایەخ لێرەدا وەدەردەکەوێت کە پێویستە هەوڵبدەین لەوە تێبگەین کە لەو کاتانەی هاوسەنگیی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی لە بوارە جیاجیاکانی وەک بواری سیاسی-کۆمەڵایەتی-ئابووری- فەرهەنگی نامێنێت و، ئاریشەگەلێکی ئاڵۆز سەر وەدەردەنێن، کامانەن ئەوانەی کە ڕۆڵیان لە دووبارەوەسەریەکخستنەوەی کۆمەڵگەدا هەبووە و هەیە و، پشکی فرەتریان وەبەردەبڕێ بۆ مامەڵه‌کردنێکی ڕاستو تەندروست لەگەڵ هه‌لومەرجە ئانییەکاندا و خوێندنەوەیەکی بابەتییانە لە دەستنیشانکردنی ئەو فاکتەرانەی لە پشت سەرهەڵدانی قەیرانەکانەوەن. چونکە هەرچی کۆمەڵگەیە، وەک چۆن لە کۆمەڵێک دامەزراوەی کۆمەڵایەتی و دەزگه‌ی فەرمی و نافەرمی پێکدێت کە ڕۆڵ و کاریگەرییان بە گۆڕانی تەمەنی تاکەکان دەگۆڕێ،  هەر ئاوایش کۆمەڵێک چین و توێژ لەخۆدەگرێت کە هەر یەکەیان گرنگی و بایەخی خۆی لە سەردەم و بارودۆخێدا ڕادەنوێنن بەتایبەتی لە کاتی وەدەرکەوتنی قەیرانەکاندا (کە جێگەی باسی ئێمەیە). جا بە گەڕانەوەمان بۆ مێژوو، تەواو بەڕوونی ئەوە دەبینین کە لەوکاتانەدا کاریگەرترین چین لە کۆمەڵگەدا ئەوانەن کە پێیان دەگوترێت دەستەبژێری ڕۆشنبیر. هەر ئەوانیشن کە بە پاساوی ئاگابوونی زیاتریان لە خەڵکی ئاسایی، لەسەریانە شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەی کە لە وەها بارێکدا دەکەوێتە ئەستۆیان.

دەستەبژێری ڕۆشنبیر کێن؟

سادەترین ناساندن بۆ دەستەبژێری ڕۆشنبیر ئەوەیە کە، چینێکی کۆمەڵایەتین و بە ئامانجی ئاڕاستەکردن و ڕەخنەگرتن، بەشداری لە ئەرکێکی فکریی ئاڵۆزدا دەکەن، بۆ ئەوەی دواجار ڕۆڵی سەرەکی و باڵا لە پێکهێنانی کەلتوور و سیاسات و ستراتیژییەتی کۆمەڵگەدا ببینن. ئەمەیش چونکە ئەم چینە هۆشیارتر و ئاگاترن بە واقیعی ژیان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و، بەتواناترن بۆ ناسینی ئەو فاکتەرانەی کە لە پشت پەردەی ڕووە دیارەکانی بارودۆخی کۆمەڵگەوەن، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانەکاندا. هەر بۆیە، چاوی تاکەکانی کۆمەڵگەیان زیاتر لەسەرە و زۆرتر چاوەڕوانییان لێ دەکرێت کە هەوڵ بدەن لەسەر هەر دوو ئاستی خەڵک و سیستەمی ئیداریی وڵات و کاربەدەستانیان کاری جددی بۆ تێپەراندنی بارودۆخە نەخوازراوەکان بکەن. ئەمەیش بە خوێندنەوەیەکی بابەتییانەی بارودۆخەکە و تێگەیاندنی هەر دوو جەمسەرەکە لە ڕاستییەکان و دەرەنجامە ناباشەکانی و، خستنەڕووی ڕێگەچارەی جۆراوجۆر، پێش ئەوەی دۆخەکە لە گرێژنە بچێت. کەواتە لە وەها کاتێکدا ئەرکی چەند چینێکی کۆمەڵگە، بەتایبەت چینی دەستەبژێری ڕۆشنبیر، بە بەراورد بەوانی دیکە زێدەتر دەبێت و، کاریگەریشیان فرەتر دەبێت، لە باشکردن، یان بەپێچەوانەوە تێکدانی واقیعەکە.

فەیلەسووفی ئەڵمانی "جۆرج ویلهێلم فریدریش هیگڵ- ١٧٧٠-١٨٣١) دەڵێت: بەرپرسیارێتیی دەستەبژێری زانستی و ڕۆشنبیر، بریتییە لە کارکردنی بەردەوام لە پێناو دەر‌هێنان و ڕزگارکردنی گەل و نەتەوە لە بارودۆخی هەستکردن بە بنبەست و بێهیوایی و نەبوونی، ئەمەیش لە ڕێگەی وەکارخستن و وەگەڕخستنی هەموو ئەو هێز و وزە داهێنەرانەی تاکەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تواناداربوونیان، بە ئامانجی تێگەییشتن لە واقعی ئێستا و گەییشتن بە سبەینێیەکی باشتر، بە پشتبەستن بە بەهای مەعریفە، زانست، ئازادی و یەکسانی؛ چونکە هەموو ئەمانە کۆڵەکەی سەرەکین بۆ ژیانی مرۆڤەکان و جووڵاندنی مێژوو.

لەم سۆنگەیەوە، دەکرێت دەستەبژێری ڕۆشنبیر وەک ویژدانی کۆمەڵگە بە هەموو چینو توێژەکانییەوە سەیر بکرێت؛ چونکە ئەوانن لە ڕێگەی ڕۆچوون وردبونەوە لە کۆی سروشتی ژیان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی تاکەکان و شێوازی کارکردنی دامودەزگه‌کان و پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵات، دەتوانن تەواوی ئەو تابلۆیە ببینن کە واقعی کۆمەڵایەتی- سیاسی- ئابووریی کۆمەڵگەی لەسەر وێنا کراوە. ئەم ڕاستییەیش لە مێژووی وڵاتە ڕۆژاوایییەکاندا ئەزموون کراوە، بەتایبەتی دوای دەرکەوتن و ڕەگداکوتانی چەمکی دەوڵەت، بە مانا سەردەمییەکەی.

دەستەبژێری ڕۆشنبیر، بازنەی پێکەوەگرێدانی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بە هاووڵاتی و دەسەڵاتەوە. چونکە ئاگادارتر و عارفترن بە واقعی کۆمەڵگەکە و هەموو ئەو پرۆسە و گۆڕانکارییانەی کە ڕوو دەدەن و، کاریگەرییان لەسەر ئاییندەی ڕەوتی ژیانی کۆمەڵایەتیی تاکەکان هه‌یه‌ بە بەراورد بەو کەسانەی کە زۆرینەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و، بەردەوام لە چوارچێوەی سنووردا سەرقاڵی کارکردنن و، شوێنی ئیشکردنیان بترازێ کەمتر دەپڕژێنە سەر گرنگیدان بەو باسوخواسانەی کە دەسەڵاتدارانی دەوڵەت پێیەوە سەرقاڵن. جا کاتێک کە بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانێک (بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا)، ئەو ڕیتمەی ژیانیان لێ تێک دەچێت، ناتوانن بەئاسانی بڕوا بەو پاساوانە بکەن کە دەسەڵات وەکوو فاکتەری ڕوودانی قەیرانەکە باسیان لێوە دەکەن. هەر بۆیە زۆربەی جار، هاوکات لەگەڵ فڕێدانی تۆپی بەرپرسیارێتیی ئەو بارودۆخە لە لایەن هاووڵاتیانەوە بۆ گۆڕەپانی دەسەڵات، لە هەمان کاتیشدا دەربڕینی ناڕەزایەتیی توندی لێ دەکەوێتەوە، کە دەشێ هەندێکجار لە سەرچاوەیەکی سۆزەکی بێت، کە ئەمەیش خۆی دەبێتە هۆی لێکهەڵبڕانی هەر دوو لای کۆمەڵگە (هاووڵاتی و دەسەڵات) و، مێزێک نامێنێ بۆ لێکتێگەییشتن و گفتوگۆ لە پێناو دەرککردن بە بارودۆخەکە و یەکخستنی سەرجەم توانا مرۆیییەکانی کۆمەڵگە لە پێناو چارەسەرکردنو تێپەڕاندنی ئەو بارە ناهەموار و قەیراناوییە.

دروست لە بارودۆخێکی ئاوادایە کە ڕۆڵی ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی کە پێی دەگوترێت دەستەبژێری ڕۆشنبیر، وەدەردەکەوێت و، ئەوان لەسەریانە  وەکوو ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، بێنە ناو گەمەکە و، لە قاڵبێکی بێلایەنانەدا و بە پشتبەستن بە پاشخانی ڕۆشنبیریی خۆیان و، بەشێوەیەکی بابەتییانە خوێندنەوە بۆ واقعەکە بکەن و کاریگەریی خۆیان بەسەر هەر دوو جەمسەرەکەی کۆمەڵگەدا بسەپێنن. لە لایەک بۆ تێگەیاندنی هەموو لایەک لە فاکتەرەکانی پشت خوڵقاندنی ئەو فەوزایە و، لە لایەکی دیکەیشەوە بۆ یەکخستن و وەگەڕخستنی هەموو ئەو وزەو توانایانەیکە تاکی کۆمەڵگە و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانی کۆمەڵگە هەیانە.

لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا چ دەگوزەرێ؟

ناکرێت و نامانەوێت بڵێین کە لە ئێستای کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا دەستەبژێری ڕۆشنبیرمان هەر نییە، بەڵام دەکرێت بڵێین کە لە قەبارەی چینی کۆمەڵایەتی بچووکترن و، زیاتر لە شێوە و قه‌بارەی توێژێکی کۆمەڵایەتیی پشتبەستوو بە پاشخانی زانستی و ڕۆشنبیریی خۆیان دەردەکەون، کە بە پەرتەوازەیی و لێرەو لەوێ، قسە لەسەر پرسە گەرموگوڕ و گرنگەکانی کۆمەڵگە دەکەن. واتا، بەشێوەیەکی تۆکمە و یەکانگیر نین، بەو جۆرەی کە هەم هاووڵاتیان و هەمیش دەسەڵات وەکوو پێکهاتەیەکی ئاگا و بابەتی، لێیان بڕوانن و، چاوەڕوانیی ئەوەیان لێ بکەن کە بە قسەلەسەرکردنێکی زانستییانەی بارودۆخه‌کە و خستنەڕووی ڕێگەچارەکان بە ئامانجی تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی هەموو، یان هەر هیچ نەبێت بەشێکی ئاریشەکان، ڕۆڵی پۆزێتیڤ و کارایان هەبێت.

ئەو کەلێنە گەورەیەی کە لە نێوان دەستەبژێری ڕۆشنبیراندا هەیە، وای کردووە کە لەلایەک هەر یەکە و لە لای خۆیەوە بێگەڕانەوە بۆ ئەوانی دی، بە ئارەزووی خۆی شەنوکەوی بابەتەکان بکات و بیر لە پێویستیی کۆدەنگی نەکاتەوە، لە لایەکی دیکەیشەوە خۆدانەپاڵ حزبەکانی بەشێکیانی لێ کەوتۆتەوە و، وای کردووە کە هەندێکیان بە ڕەنگی حزبێک خۆیان سواغ بدەن (بەتایبەتی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان)، کە ئەمەی دوایی، هێندەی دی گرنگی و بابەتیبوونی لێکدانەوە و شیکارییەکانیانی کاڵ کردۆتەوە و وای کردووە کە  گوێیان لێ نەگیرێت. ئەمە جگە لەوەی کە هەندێکجار بەشیکی دیکە بە خۆدانەپاڵ ڕای گشتی (هاووڵاتیان)، ویستوویانە دڵسۆزی و هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆیان ڕابنوێنن، وەک ئەوەی لەبیریان چووبێت کە باڵەکەی دیکەی کۆمەڵگەیش (دەسەڵات)، هەر ئەندام و تاکی هەمان کۆمەڵگەن و هەڵقووڵاوی ناخی هەمان کەلتوورن و، هەر ئەوانیشن کە دەبێت لە کورسیی بەرامبەر، لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێکتێگەییشتن و یەکترقبووڵکردن دانیشن، بۆ چارەسەرکردنی قه‌یران و بارگرژییەکان.

هەموو ئەمانەو چەندین هۆکاری تر، وای کردووە کە غیابی دەستەبژێری ڕۆشنبیری ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتی لەو بارودۆخە قەیراناوییە ئابووری- سیاسییەی کە لە ئێستادا بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتووە، هەست پێ بکەین و، کاریگەرییەکی ئەوتۆ کە جێگەی باسکردن بێت، نە لەسەر هاووڵاتییان و نە لەسەر ئاستی دەسەڵات هەست پێ نەکەین. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەگەر کۆدەنگی و بێلایەنی و بابەتیبوونی خۆیان بپارێزن، چەندین کاری گەورەی ئانی و ستراتیژییان لەدەست دێت، جا چ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان بێت، چ بۆ گەییشتن بە ئاییندەیەکی باشتر. بۆ نموونە لە سادەترین ئەو کارانەی کە دەکرێت ئەنجامی بدەن:

١- هەوڵدان بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی و لێکتێگەییشتن لە نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵات.

٢- دروستکردنی تیمی زانستی بۆ هاوکاریکردنی دەسەڵات و حکوومەت، لە شیکردنەوە و دۆزینەوەی ڕێگەچارە مومکینەکانی تێپەڕاندنی قه‌یرانەکان.

٣- بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ هاووڵاتیان و ڕوونکردنەوەی هۆکارەکان و خوڵقاندنی فه‌زای پەیبردن بە واقیعەکە، بە ئامانجی خۆبەدوورگرتن لە ڕەفتاری سۆزەکی و توندوتیژی و کاری تێکدەرانە.

٤- بەکار‌هێنانی سەرجەم هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و دەرکەوتن تێیاندا، بە ئامانجی ڕوونکردنەوەی واقیعەکە بۆ هەموو لایەک و، خوڵقاندنی کەشوهەوای یەکترقبووڵکردن و پێکەوەکارکردن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەکانی ڕەواندنەوەی بارگرژی و ئاریشەکان.

ئەمانە کاری سادەن، بەڵام گرنگن، کە دەکرێت وەکوو بەشێکی چکۆڵەی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی دەستەبژێری ڕۆشنبیر لێی بڕوانرێت، بەتایبەتی لە بارودۆخە ناسەقامگیر و قەیراناوییەکاندا. چونکە دواجار، ئەگەر هەریەکە و تەنیا لە چوارچێوەی  تایبەت بە ژیانی خۆی ئاگاییی لەسەر کۆمەڵگەکەی هەبێت، ئەوە چاوی دەستەبژێری ڕۆشنبیری ڕاستەقینەیە کە زۆربەی هەرە زۆری کەلێن و قوژبنەکانی کۆمەڵگە دەبینێت و، لە هەموو بارودۆخەکاندا خوێندنەوەی زانستیی بۆ دەکات.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples