قەرەنی قادری
لە (٢٥-٩-٢٠١٧، ڕۆژی ڕیفراندۆم)دا، ئەو پەیامە بە عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا و جیهان درا: کوردستان خاوەنێکی مێژووییی هەیە و ئەویش کورد و ئەو نەتەوانەن کە لەمێژە ڕەگیان لە زێدی خۆیاندا داکوتاوە و بۆ ناو ناخی مێژووی خۆیان شۆڕ بوونەتەوە؛ کوردستان هی ئەوانە!
ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان، سەرەتا و شۆڕەسواری چەمکی دەوڵەتسازی و نەتەوەسازییە. ڕیفراندۆم، قەڵافەتبەرزکردنەوەی نەتەوەی کورد بوو کە بەردەوام هەڕەشەی توانەوەی لەسەرە. ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان، نەتەوەی کوردی لە پەراوێزنشینییەوە ڕزگار کرد و دروشمی سەربەخۆیی، دەوڵەتسازی و نەتەوەسازی بوونەتە بابەتی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و، ئەو چەمکانەیش لەناو کۆمەڵگەدا دەستاودەست دەکرێن. لە زەینی خۆتدا دەوڵەت دروست بکە؛ ئەمە ئەو سەرەتایەیە کە مێژوو بە چەشنێکی تر دەنووسرێتەوە. هەر خۆت، مێژووی خۆت بنووسەوە. ڕیفراندۆم، نووسینەوەی مێژووی خۆمان بوو!
ڕیفراندۆمی ٢٥-٩-٢٠١٧، دیمەنێکی تریشی لە کەشوهەوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەموو جیهان پیشان دا و لە سەرووی هەمووانەوە، دەمامکی لە ڕووی عێراق، تورکیا، سووریا و کۆماری ئیسلامی هەڵدایەوە. گەمارۆی ئابووری، داخستنی سنوورە ئاسمانی و زەوییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو پەیامەی گەیاند کە پرسی ئێمە لەگەڵ ئەواندا تەنیا سیاسی نییە، بەڵکوو کێشەیەکی عەقڵییە و، بۆیان هەرس نابێت کە کورد سەربەخۆ و خاوەنی دەوڵەتی کوردستان بێت.
تاران، بەغدا، ئانکارا و دیمەشق چییان دەوێت؟
ئەوان، کورد و کوردستان بە بەشێک لە خاک و نەتەوەی خۆیان دەزانن؛ ئەمەیش لە لای ئەوان شتێکی کاتی نییە، بەڵکوو بابەتێکی هزری، سیاسی، جوگرافی و ستراتیژییە. هەر لەبەر ئەوە جیا لە یاریی بچووک بچووک لە نێوان خۆیاندا، بەڵام کۆکن لەسەر ئەوە کە بە ههموو توانایانەوە بەر بە هزری سەربەخۆییخوازی لە کوردستاندا بگرن. ئەگەر کوردستان- هەر پارچەیەک لە کوردستان- سەربەخۆ بێت، ئەوان تووشی قەیرانی ناسنامەیی دەبن و مێژوویان لێ هەڵدەوشێتەوە، چونکە کوردستان بە بەشێک لە خاکی خۆیان دەزانن و نەتەوەی کوردیش بە بەشێک لە نەتەوەی خۆیان، یان لانی کەم بە "قەوم" ناوی دەبهن.
ڕیفراندۆم، پێوەرێک بوو بۆ ناسینی گشت هاوکێشەکان لەو دەڤەرەدا؛ هەروەها پیشانی ئێمە، ئەوان و جیهانی دا، کە دیموکراسی، مافی مرۆڤ، پێکەوەهەڵکردن، ئازادی لە هەڵبژاردنی جێگرەوە و بەدیموکراتیکردنی ئەو دەڤەرە، بەربەستی سیاسی، هزری و مێژووییی زۆری لەبەردەمدایە. ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان، کلیلی کردنەوەی ئەو دەڤەرە تاریکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئێمە لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا، ڕووبەڕووی ئەو تاریکییە بووینەوە.
ڕیفراندۆم، ڕۆژی تاپۆکردنی باشوووری کوردستان بوو لەسەر دانیشتووانەکەی (خاوەنماڵ) و، ئاکامی ڕیفراندۆمیش کە زیاتر لە "٩٠%" بوو، واژووی بە تاپۆیەکەوە نا و ئیتر ناسڕێتەوە. ڕیفراندۆم، واژوو و ماف بوو و، کەسایەتیی بە خاک و هاووڵاتیانی باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان) بەخشی!
ڕێکخستنەوە و کۆدەنگیی ناوخۆیی
ئێستا دوای ساڵێک بەسەر ڕیفراندۆمدا، دۆخی ناوچەکە بەتەواوەتی گۆڕاوە و، بەردەوامیش لە گۆڕانی چۆنایەتیدایە. هەر ئەوانەی دژ بە ڕیفراندۆم بوون (تاران، بەغدا، ئانکارا و دیمەشق)، ئێستا لە قەیراندا دەژین. سروشتی قەیرانیش وایە؛ لەوانەیە و دەکرێت بۆ باشووری کوردستان ببێتە دەرفەت، بەڵام ئەگەر وریا نەبین و لە هەڵسەنگاندنی هاوکێشە و تواناکانیانەوە تووشی هەڵە بین یان سەرپێیی بڕوانینە ڕووداو و قەیرانەکان، ئەگەری ئەوە هەیە کە دۆخەکە بەپێچەوانە بە دژی ئێمە هەڵگەڕێتەوە. بەڵام لەسەریەک، بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی سەربەخۆییخوازاندایە!
هەر شەکاوە بێ ئاڵای وڵات!
هەر ڕاوەستاو بێ کوردستان!