قەرەنی قادری
لێڤ نیکۆڵایێڤیچ تۆڵستۆی (١٨٢٨-١٩١٠): "هەموو لە فکری ئەوەدان کە مرۆڤ بگۆڕن، بەڵام بەداخەوە هیچ کەس لە فکری ئەوەدا نییە خۆی بگۆڕێت!"
یهكسانی (بهرامبهری)ی ماف له نێوان ژنان و پیاوان، یهکێکە له مافه سهرهتایییهکانی کۆمهڵگهی مرۆڤایهتی؛ هەروەها دروشمی بەشێکە لە جیهانی پێشکەوتوو و فکری ئازاد. هەوڵدان لەم بوارەدا هەروا بەڕێوەیە و، سەرەڕای دەسکەوتی گەلێک مەزن، بەڵام لە بەشێکی گۆی ئەو زەوییەدا ململانێ و تێکۆشانی بێوچان هەروا بەردەوامە. بێ شک لەو پانتایییەدا، بەربەستیش گەلێک زۆرن.
ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بهگشتی و کوردستانی ئێمەیش بهتایبهتی، بههۆی قورساییی دهوری ئایین، داب و نهریت و پیاوسالارییەوە، ژنان نهیانتوانیوه، یان ڕێگهیان لێ گیراوه که بهگوێرهی کێشی چهندێتیی خۆیانهوه له شوێنی شیاودا ههڵسووڕێن. یهكسانیی ژنان لەگەڵ پیاوان، هاوکات کە بەشێکی گرنگە لە مافی مرۆڤ، بەشێکی جیانەکراوەیشە لە دیموکراسی. هەندێک لە زانایان لەسەر ئەو ڕایەن: "یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان، یەکێکە لە کۆڵەکەکانی دیموکراسی." بنەمای ئەم بۆچوونەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ژنان نیوەی کۆمەڵگەن.
دوای جەنگی جیهانیی دووەم، دوو چەمکی "بەدیموکراتیکردن" و "چاکسازی" دەبنە ناوەندی پڕۆژە و بڕیاری هێزە سێکیولار و پێشکەوتنخوازەکان لە کۆمەڵگەدا. یەکێک لە هەنگاوەکانی بەدیموکراتیکردنی کۆمەڵگە، ڕەوتی بەشداریکردنی ژنانە لەناو دامودەزگه حکوومی و حزبییەکاندا. واتە ژنانیش بە شێوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە کەڵک لە پلە و شوێنە گرنگەکان وەربگرن و، بەپێی توانا و چەندێتییان لە دامەزراوەکاندا، جێگەیان دیار بێت.
وتەیەکی بەتەمەن و باو هەیە کە دەڵێت: "ژنان نیوەی کۆمەڵگەن." ئاخۆ لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵ تەمەنی هەرێمی کوردستان، ئەم "نیوە"یە توانیویەتی جێگەی شیاو و بەپێی پێوەرێکی عەقڵانی و، بەگوێرەی قورسایییان لەناو دامودەزگهکانی هەرێمی کوردستان- لەوانە لە چاپەمەنییەکانی وڵاتەکەماندا- پلە و پۆستیان هەبێت؟ بێ شک وڵامەکەی نەرێنییە! کاتێک سەیری چاپەمەنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، ژنان لە چاپەمەنییەکان، بەتایبەتی لە بەشەکاندا، یان ڕوونتر بڵێم لە شوێنی دەسەڵات، ناوەند و ڕەوتی بڕیاردان لە چاپەمەنییەکاندا هیچ شوێنێکیان نییە!
تەنیا بوارێک کە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، پەرلەمانی کوردستانە، کە (٣٠.٦٣%)ی ئەندامانی پەرلەمان ژنان پێکی دێنن؛ واتە لە ١١١ ئەندام پەرلەمان، (٣٤)یان ژنن. بەو پێیە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا پلەی یەکەمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەست هێناوە. دوای هەرێمی کوردستانیش، "ئیسرائیل"ە؛ لە ١٢٠ ئەندامی کێنێسێت (پەرلەمان)، (٣٦ ژن) کە دەکاتە (٣٠%)ی ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ژنن.
چاپەمەنییەکان و دەور و پێگەی ژنان
چاپەمەنی یەکێکە لە کۆڵەکانی ڕاگەیاندن لە چاخی پەیوەندیکردندا؛ گەرچی ئەویش وەک لقێک لە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی بههۆی شۆڕش لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندندا ئاڵوگۆڕی چەندایەتیی بەسەردا هاتووە و بۆتە بەشێک لە جیهانی دیجیتاڵیی ڕاگەیاندن، بەڵام گرنگیی خۆی هەر پاراستووە. چاپەمەنییش وەکوو بەشەکانی تری ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، دوو دیوی هەن: دیوی دەرەوەی، کە بریتییە لە زانیاری، هەواڵ، ڕاپۆرت، سەرگەرمی، پیشەییبوون و ئەخلاق لە کاردا. دیوی دووەمی، کەمێک شاراوەیە کە ئەویش خۆی لە شێوەی بەڕێوەبردن، پەیوەندیی نێوان کارمەندان لەگەڵ یەکتر و کارمەندان لەگەڵ بەرپرسان، هەروەها پرسی بوودجە و دەور و پێکهاتەی مرۆڤی (ژنان و پیاوان)، بەتایبەتی دەوری ژنان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاپەمەنی و بەشەکانیدا.
چاپەمەنی، بەشێکە لە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی بۆ پەیوەندیکردن (گەیاندنی زانیاری و هەواڵ) بە هاووڵاتیان، کە ئەویش بە نۆرەی خۆی هەم کارتێکەرە و هەمیش ڕای گشتی چێ دەکات. هەروەها بەشێک لە هاووڵاتیان لە ڕێگەی چاپەمەنییەکانەوە ئاگاداری ڕووداو و دەنگوباسەکانی ناوخۆ و دەرەوە دەبن. بۆیە چاپەمەنییەکانیش دەتوانن ڕای گشتی لە ڕەندە بدەن و ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگەدا دروست بکەن؛ بەڵام پرسیار بۆ ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکان ئەوەیە، کە ئاخۆ ئەوانیش (چاپەمەنییەکان) لە ناوخۆی خۆیاندا ئەو توانا و مەیلەیان هەیە کە ئاڵوگۆڕ لە ناوخۆیاندا چێ بکەن؟
مەرجی سەرەکی بۆ هەر هزر، دامەزراوە و کەسەکان ئەوەیە؛ کاتێک باس لە چاکسازی و ئاڵوگۆڕی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگە دەکەن، یان بە ڕێگەی توێژینەوە، ڕاپۆرت و هەواڵەکانیانەوە ئەو ئاراستەیە یان ئەو پەیامە بە کۆمەڵگە دەدەن، کە ڕوو لە چاکسازییه و، هەروەها باس لە یهكسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دهکەن، ئاخۆ لە ناوخۆی خۆیاندا چەندە ئەو چاکسازی و یەکسانییە هەیە؟ ناکرێت کەرەسەکانی ڕاگەیاندن باس لە چاکسازی و یهكسانیی نێوان ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگەدا بکەن، بەڵام خۆیان بێبەری بن لەو داواکاری و ئاڵوگۆڕە ئەرێنییانە!
بەداخەوە تا ئێستا هیچ چەشنە پێشکەوتنێک بۆ پێگەیاندنی ژنان لە ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی-لەوانە لە چاپەمەنییەکاندا- نەکراوە. ژنان لە چاپەمەنییەکانیشدا هەروا پاشکۆی پیاوانن یان ئەوەتا لە پەراوێزی بڕیارداندان. چڕیی پیاوسالاری، داب و نەریت، کەلتووری پاوانکردن و پێکهاتەی پیاوانەییی حزبەکان، سەرەکیترین کۆسپن لەو بوارەدا. ئەوەیش لە حاڵێکدایە کە لەناو چاپەمەنییەکاندا بەردەوام باس لە چاکسازی، نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنان، مافی مرۆڤ، یهكسانی و دیموکراسی دەکەن.
بانگەشەی ئەو چاپەمەنییانە بۆ بەدیموکراتیکردن و چاکسازی، گەلێک ڕەوایە، چونکە تەنیا بەرژەوەندییەک کە ڕاگەیاندن بەدوایدا وێڵە، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە کە تێیدا مافی مرۆڤ پارێزراو بێت و دادپەروەری و بهرامبهری سەقامگیر بێت؛ هەروەها ئازادییەکان بەیاسایی کرابن و لەلایەن حکوومەت و دامەزراوەکانییەوە پارێزراو بن و، ڕاگەیاندنەکانیش پەرێزی ئازادییەکان خاوێن ڕابگرن. کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لە بەرژەوەندیی ڕاگەیاندندایە. بەڵام ئەوەندەیش ناڕەوایە کە لە پاڵ ئەم هەموو باس و لێدوانانەی پەیوەست بە دیموکراسی، چاکسازی و یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان، ئەم کەرەسانە نەیانتوانیوە لەناو خۆیاندا ئەم بانگەیەشە جێبەجێ بکەن و دیمەنی یهكسانیی ژنان و پیاوان لە دامەزراوەکەی خۆیان پیشانی کۆمەڵگە بدەن.
دیمەنێک لە پێکهاتەی بەڕێوەبەریی چاپەمەنییەکانی هەرێمی کوردستان، کە دەکرێت وەکوو ناسنامەی مرۆڤی (هاوکێشەی مرۆڤی/ ژنان و پیاوان) پێناسە بکرێت، ئهوهیه کە تا چەندە لە شوێنەکانی بڕیاردان لە چاپەمەنییەکاندا ڕەچاوی یهكسانیی نێوان ژنان و پیاوان کراوە، یان ئەوەتا ئاخۆ ژنان بەرپرسن و بەشێکن لە ڕەوتی بڕیاردان؟
ئاماری ساڵی ٢٠١١
ڕۆژنامهی خهبات - پارتی دیموکراتی کوردستان (5) کهسن؛ ههموویان پیاون.
ڕۆژنامهی کوردستانی نوێ – یهکێتی نیشتمانیی کوردستان (5) کهسن؛ (4)یان پیاون و یهکێکی ژنه.
ڕۆژنامهی ههولێر، دهستهی بهڕێوهبهرییهکهی (7) کهسن؛ سهرجهمیان پیاون.
ڕۆژنامهی ئاوێنه که دهستهی بهڕێوهبهرییهکهی (4) کهسن؛ گشتیان پیاون.
ڕۆژنامهی ئاسۆ (6) کهسن؛ گشتیان پیاون.
ڕۆژنامهی ڕۆژنامه - بزووتنهوهی گۆڕان (4) کهسن؛ ههموویان پیاون.
ڕۆژنامهی هاوڵاتی (3) کهس بهڕێوهی دهبهن؛ (2)یان پیاون، یهکێکی ژنه.
گۆڤاری لڤین (8) کهس بهڕێوهی دهبهن؛ گشتیان پیاون.
هەفتەنامەی ڕووداو (7) کهس بهڕێوهی دهبهن؛ گشتیان پیاون.
ههفتەنامهی ڕێگای کوردستان – حزبی شیوعیی کوردستان (4) کهس بهڕێوهی دهبهن؛ گشتیان پیاون.
ڕۆژنامهی پهیام، زمانحاڵی مهکتهبی تهنفیزیی یهکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان (6) کهس بهڕێوهی دهبهن، گشتیان پیاون.
کاتێک دامەزراوەیەک، یان ڕێکخراوێک باس لە یهكسانیی ژنان و پیاوان دەکات، بەر لە هەر شتێک، دەبێ خۆی لەو بوارەدا پێشەنگ بێت و قسەی پێ بێت. ناکرێت و ماقووڵ نییە بانگەشە بۆ یهكسانیی ژنان و پیاوان بکەیت، ڕاپۆرت بكهیت سەبارەت بەو زوڵمەی کە لە ژنان دەکرێت، هەروەها باس لە دۆخی نابهرامبهری و نایهكسانی لە نێوان ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگە و تەنانەت لە دامەزراوە حکوومییەکاندا بکەیت و، لە چاپەمەنییەکانیشدا بڵاوی بکەیتەوە، بەڵام ئاوڕێک لە ماڵی خۆت (دامەزراوەکەت) نەدەیتەوە!؟ پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تەنیا پەیوەندیی بە فکری کۆن و توێژە نەریتییەکانەوە نییە، بەڵکوو ئەم "تارمایی"یە چڕە، لەناو چاپەمەنییەکانیشدا گەلێک بەهێزە و بۆتە lifestyle؛ واتە بەشێک لە شێوازی ژیان.
ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٨یش، هەروا باس لە چەقبەستوویی لەو بوارەدا دەکەن. له پێکهاتهی بهڕێوهبهریی چاپهمهنییهکانی ههرێمی کوردستان، که شوێنی بڕیاردان، ههروهها ڕاپهڕاندنی ئهرک و کاری ڕۆژانهی چاپهمهنییهکانه، هیچ پلهیهک به ژنان نهدراوه. واتە ژنان بەشێک نین لە ڕەوتی بڕیاردان. ئهوهی لهو ناوهندانهدا دهور دهگێڕن، تهنیا پیاون؛ بۆ نموونە:
ئاماری ساڵی ٢٠١٨
ڕۆژنامەی خەبات (پارتی دیموکراتی کوردستان) ٤ کەس بەرپرسن؛ گشتیان پیاون.
کوردستانی نوێ (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ٥ کەس؛ هەموویان پیاون.
ڕۆژنامەی هەولێر: ٧ کەس؛ سەرجەمیان پیاون.
ههفتهنامەی ڕووداو: ٦ کەس؛ ههموویان پیاون.
گۆڤاری لڤین: ٦ کەس؛ گشتیان پیاون.
ئاوێنە: ١ کەس، ئەویش پیاوە (لە ئاوێنەدا هیچ باسێک لە جێگری سەرنووسەر، دیزاینەر و... نەکراوە!)
چاودێر: (ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر دەری دەکات)، ٤ کەس؛ هەموویان پیاون.
ههفتهنامەی باس: ٥ کەس؛ ههموویان پیاون.
گۆڤاری گوڵان: ١٧ کەس؛ ١٦ کەسیان پیاون.
ئاماری ساڵی ٢٠٢٣
ئەم کورته ئامارەی چەندان ساڵە (تەنیا لقێک لە ڕاگەیاندن/ چاپەمەنی) ئهوهمان پێ دهڵێت، که ئهم چاپهمهنییانه، سهرهڕای جیاوازی لە تهمهن و ڕهنگیانەوە، لە یەک خاڵی سەرەکیدا هاوبەشن، ئەویش "پیاوانەبوون"ی ئەو چاپەمەنییانەن و ڕەچاوی هیچ چەشنە یهكسانی و بهرامبهرییەک لە بەڕێوەبەرایەتییاندا نەکراوە. بەدیموکراتیکردن و چاکسازی، تەنیا لایەنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و... ناگرێتەوە، بەڵکوو پێویستە دامەزراوە کەلتووری و ڕۆشنگەرییەکان و لە پێشەوی هەموویانەوە، ڕاگەیاندن (چاپەمەنییەکان) بگرێتەوە و پێشەنگی ئەم یهكسانییەیش بن. ڕاگەیاندن، کە ئاڵقەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیانە، تەنیا ئەرکی هەر ئەوە نییە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە زانیاری، زانست، دەنگوباس و بڵاوکردنەوەی ئاڵوگۆڕەکانی جیهانەوە هەبێت، بەڵکوو دەبێ لە ناوخۆیدا سەکۆی یهكسانی (بهرامبهری) و پێگەیاندنیش بێت و، پێویستە لەو بوارەدا پێشڕهو بێت. ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، دەبێ لە ناوخۆدا شوێنی یەکسانی، پێگەیاندن و گەشەی تاکەکانی بێت؛ هەروەها پێویسته ژنانیش وەکوو پیاوان دەور و پێگەیان لە بڕیاردان لەناو چاپەمەنییەکاندا هەبێت. بۆیە دروشمی یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاوان لە کردەوەدا دەبێ ئەوە بێت، کە ژنانیش وەکوو پیاوان لە ئاستە باڵاکانی جاپەمەنییەکاندا دەور و پێگەیان هەبێت و بەشێک بن لە ڕەوتی بڕیاردان!