ئەمریکا و هێزی نەرم- بەشی سێیەم

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

- یاریی باسکە؛ هێزێکی نەرم و کاریگەر

یاریی باسکە یەکێکە لە یارییە وەرزشییە بەکۆمەڵییە گەورەکان و خاوەن جەماوەرێکی زۆرە لە جیهاندا. یارییەکی سەرنجڕاکێش و پڕجۆش و خرۆشە چونکە جووڵە و تەکنیکی جوان و ناوازە لەخۆ دەگرێت. ئەم یارییە بەگشتی وا لە وەرزشوان دەکات کە گرنگییەکی بێئەندازە بە توانا جەستەیییەکان و جووڵە و تاکتیکەکانی بدات، بەتایبەت لایەنی ڕێکی و درێژیی باڵا و وردبینی و هتد. بەگشتی ڕەشپێستەکان بە هۆی باڵابەرزی و بەهێزیی جەستەیانەوە، توانیویانە تا ڕاددەیەکی زۆر لە ڕێگەی ئەم یارییەوە ناسنامەیەکی تر بۆ خۆیان بەرهەم بێنن و دیدی بەشێکی زۆری جیهان لەسەر مەسەلەی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری بگۆڕن. هەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ دەتوانن ئه‌م یارییه‌ بكەن.

لە ڕووی مێژوویییەوە، ئەم یارییە لە ئەمریکا سەر هەڵدەدات و دکتۆر "جیمس نیسمس" مامۆستا لە پەروەردەی جەستەیی لە زانکۆی "کانزاس سیتی بلورانس" پێشنیاری کرد. سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم یارییەیش لە ساڵی ١٩٠٠ بوو؛ بە هۆی سەربازە ئەمریکییەکانەوە بووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ زۆربەی وڵاتانی دونیا و فراوانتر بووە و بووە بە یارییەکی جەماوەری و لەناو خودی ئەمریکایش خول و پاڵەوانێتیی تایبەتی بۆ کراوەتەوە کە بە NBAی خولی یانە پیشەگەرەکانی ئەمریکا ناسراوە.

لە ئێستادا تەنیا لە ئەمریکا نزیکەی ٢٠ ملیۆن یاریزانی تۆپی باسکە هەیە و هەموو ڕەگەز و پێکهاتە و نەتەوە و ئایین و گرووپێکی کۆمەڵایەتی لەخۆ دەگرێت. دوو لە ئەستێرە هەرە بەناوبانگەکانی ئەم یارییە "مایکڵ جۆردەن" و "کۆبی براینت"ن کە هەوادارێکی زۆریان هەیە، هەم لە ناوەوەی ئەمریکا و هەمیش لەسەر ئاستی جیهان. بە شێوەیەکی گشتی ئەم یارییە وەک بەرهەم و یارییەکی ئەمریکی لە جیهاندا دەردەکەوێت و دەناسرێت و وەک توخمێک لە هێزی نەرم لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا ئامادەییی هەیە و خەڵکانێکی زۆر سەرسامن پێیەوە؛ ئەمەیش دواجار بووە بە سەرچاوەیەک بۆ ڕاکێشان و بەستنەوە و سەرسامکردنی بەشێک لە هەواداران و خەڵکی ئاسایی بە ئەمریکا، یان بە لایەنی کەمەوە بەشێکی زۆری خەڵک لە دونیادا کە گوێی لە ناوی یاریی باسکە دەبێت یان ئەم یارییە دەبینێت ڕاستەوخۆ ئەمریکای بیر دەکەوێتەوە و لە ڕێگەی ئەم یارییەوە وێنەیەکی تەواو ئەمریکییانەی لە هزر و مێشک و دونیابینییدا چەسپیوە.

- کۆمپانیای ئەپڵ؛ بڕینی هەموو سنوورەکان

کۆمپانیای ئەپڵ لە ١ی نیسانی ١٩٧٦ لە کالیفۆڕنیا دامەزراوە و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٧دا کۆمپانیاکە کارەکانی فراوان دەکات و کۆمپیوتەری کەسی (PC) بەرهەم دەهێنێت و بەرهەمەکانی سمارت فۆنی وەک: ئای فۆن، ئای پاد، ئای پۆد، ئای ماک و ئای تونس بڵاو دەکاتەوە. ئەم کۆمپانیایە نزیکەی ١١٥٠٠٠ (سه‌د و پازده‌ هەزار) فەرمانبەری هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا و ڕێژەی فرۆشتنی بەرهەمەکانی لە ساڵی ڕابردوودا ٣٢٠٤٨ (سی و دوو ملیار و چل و هه‌شت ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی بووە. ساڵی ٢٠٠٨ کۆمپانیای ئەپڵ ڕووبەڕووی وەرچەرخانێکی گەورە دەبێتەوە بە هۆی ئەوەی توانیی ناوبانگێکی زۆر پەیدا بکات، له‌به‌ر جوانی و سەرنجڕاکێشی لە دیزاین و ڕیکلام بۆ بەرهەمەکانی. سەرەڕای ئەمە کۆمپانیاکە کۆمەڵێک فەرمانبەری لێهاتوو و پسپۆڕی هەیە لە بواری فرۆشتن، کە بەردەوام فرۆشی بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە بەرز دەکەنەوە و لەگەڵ لۆگۆیەکی سەرنجڕاکێشی تایبەت بە کۆمپانیاکە. ئەپڵ لە زمانی ئینگلیزی بە مانای "سێو" دێت. دیارە هەم کۆمپانیاکە و هەمیش ئەمریکا وەک دەوڵەت، هەوڵی داوە لە ڕێگەی ناو و چیڕۆکی پشت لۆگۆکەوە سەرنجی بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی جیهان بۆ ئەم بەرهەمە ڕابکێشێت؛ ئەمەیش لە ڕێگەی ئەو حیکایەتەی کە گوایە دامەزرێنەری کۆمپانیاکە "ستیڤ جۆبس" لە کات و ساتی منداڵیدا لە خێزانێکی زۆر هەژار پەروەردە دەبێت و بەمەیش بەشە ژەمی خواردنی بەیانیانی ستیڤ تەنیا سێوێک دەبێت! بەیانییەک ستیڤ زۆر برسی دەبێت و درەنگیشی دەبێت بۆ قوتابخانە، بۆیە قەپێک لە سێوەکەی دەدات و سێوەکەی دەخاتە نێو جانتاکەیەوە و بەرەو قوتابخانە بەڕێ دەکەوێت و به‌ده‌م ڕێگه‌ی قوتابخانەوه‌، سێوەکەی ستیڤ لە جانتاکەی دەکەوێتە خوارەوە و هاوڕێکانی گاڵتەی پێ دەکەن و ئەمەیش دەبێتە مایەی نیگەرانی و پەرێشانیی ستیڤ. بۆیە ستیڤ ئەم چیڕۆکە تایبەتەی خۆی دەکات بە لۆگۆ و تێکەڵ بە کۆمپانیا و بەرهەمەکانی دەکات کە زیاتریش مەبەست لێی، سەرنجڕاکێشان و نزیککردنەوەی بەکارهێنەرە لە بەرهەمەکانی. ئەم کۆمپانیایە ئەمڕۆ داهاتەکەی گەیشتۆتە یەک تریلیۆن دۆلار و لە زۆربەی کیشوەر و وڵاتانی جیهاندا بەرهەمەکانی دەفرۆشرێت و بەکار دەهێنرێت، بەڵام بەکارهێنانی بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە، بەتایبەت ئای فۆن و ئای پادەکانی، ڕاستەوخۆ وێنەیەکی ئەمریکیت لە هزر و ئەندێشەدا جێگیر دەکات و دەبەستێتەوە بە ژیان و بیرکردنەوە و وابەستەبوون بە ئەمریکاوە؛ بەتایبەت کە بە سیسته‌مێکی تایبەت بە خۆی کار دەکات کە بە IOS ناسراوە و بانگەشەی ئەوەیشی بۆ دەکرێت کە لە ڕووی سێکیوریتی و ئاسایشەوە سیسته‌مەکە بەهێزە و هاک ناکرێت و کەس ناتوانێت وا بەئاسانی بچێتە نێو سیسته‌مەکەوە؛ ئەمەیش وەک هێما و ئاماژەیەک بۆ بەهێزیی ئەمریکا و سیسته‌مە ئەمنی و ئاسایشییەکەی لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆیدا.

- کۆمپانیای فۆرد؛ وەک هێمایەک بۆ بەهێزیی ئەمریکا

کۆمپانیای فۆرد کە ئەمڕۆ یەکێکە لە کۆمپانیا قەبەکانی دونیا لە بواری ئۆتۆمبێڵ، بە توخمێکی سەرەکیی هێزی نەرمی ئەمریکا دادەنرێت و لە ساڵی ١٩٠٣دا دامەزراوە و بارەگاکەی لە "میشیگان"ە. تایبەتمەندیی بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە بریتییە لە بەهێزی و گەورەییی لاشە و بزوێنەری ئەم ئۆتۆمبێڵە و خێرایی لە ڕۆیشتندا و زاڵابوونی بەسەر هەموو بەربەستەکانی ڕێگه‌دا؛ ئەمەیش وەک هێمایەک بۆ بەهێزی و گەورەیی و خێراییی ئەمریکا و زاڵبوونی بەسەر ڕکابەرەکانی لە دونیادا.

"هێنری فۆرد" وەک سەرمایەدارێکی ئەمریکی، خاوەنی ئەم کۆمپانیایە بوو و یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین سەرمایەدارەکانی ئەمریکا. هێنری فۆرد یەکەم ئۆتۆمبێڵی دروست کرد کە چینی ناوەند دەیتوانی بیکڕێت و بەمەیش ئۆتۆمبێڵی کردە ئامراز و کەرەستەیەکی ڕۆژانە و دواتریش کاریگەریی تەواوی لەسەر شێوازی ژیان لە سەدەی بیستەمدا دروست کرد و شۆڕشێکی لە بواری گواستنەوە و پیشەسازیی گەیاندن لە ئەمریکا و جیهاندا بەرپا کرد. داهاتی ساڵانەی ئەم کۆمپانیایە دەگاتە سەرووی ١٤٦ ملیار دۆلار و ژمارەی کرێکارەکانی دەگاتە ٢١٣٠٠٠ (دوو سه‌د و سێزده‌) هەزار کرێکار و لە ٩٠ وڵاتی دونیادا لق و ئۆفیسی تایبەت بە خۆی هەیە.

ئەم کۆمپانیایە ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتاندا ئۆفیس و بەشی سێرڤس و چاککردنەوەی تایبەت بە خۆی هەیە و بەردەوامیش ڕێژەی بەکارهێنەری بەرهەمەکانی لە زیادبووندان و ڕاوستەوخۆیش وای لە بەکارهێنەرانی کردووە کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەم جۆر ئۆتۆمبێڵەوە وێنەیەکی تایبەتی ئەمریکا و بەهێزی و عەقڵە گەورە پیشەسازییەکەی ئەمریکای بیر بهێتەوە، یان بە لایەنی کەمەوە ئەمریکای وەک زلهێزێک ببینێت و لە خەیاڵیدا بمێنێتەوە و دواجاریش کەلتوور و هێزە ئابووری و سیاسییەکەی خۆی لە بەرامبەر هیزێکی وەک ئەمریکا و بەرهەمە پیشەسازییەکەیدا، وەک هێزێکی بەزیو بێتە بەرچاو.

- کۆکا کۆلا؛ ئەو هێزە نەرمەی کە لە هەموو شوێنێکی دونیادا ئامادەیە

کۆمپانیای کۆکا کۆلا یەکێکە لە کۆمپانیا ناودار و بەناو و دەنگەکانی دونیا لە بواری خواردنەوەی گازی و بەرهەمی شلی کاربۆناوی و بۆ یەکەم جار لە سەدەی ١٩ و لە ساڵی ١٨٨٦ لە لایەن دەرمانسازی ئەمریکی "جۆن ستیس پێمبێرتن"ەوە داهێنراوە. بارەگای ئەم کۆمپانیایە لە "ئەتلانتا" لە ویلایەتی "جۆرجیا"ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەم کۆمپانیایە کۆمەڵێک بەرهەمی خواردنەوەی جیاوازی هەیە، لەوانە: کۆکا کۆلای بێکافائین، کۆکا کۆلا بۆ ئەوانەی کە پارێزی دەکەن، کۆکا کۆلای بێشەکر، کۆکا کۆلا بە تامی مانۆ و ڤانێلا و گێڵاس و هتد). ئامانج لە جۆراوجۆریی بەرهەمەکانی، جگە لە لایەن و ڕەهەندە بازرگانییەکەی، سەرنجڕاكێشانی وڵاتانی دونیا و گەلانی دونیایە بۆ خواردنەوەی ئەمریکی و شێوازی ژیانی ئەمریکییانە.

بەپێی ئامارەکان ١٠ هەزار کۆکا کۆلا لە هەرچرکەیەکدا لە جیهاندا دەخورێتەوە و ئەمەیش گوزارشتێکی یەکجار قووڵ و فرەڕەهەند لە هێژموونی هێزی نەرمی ئەمریکی دەکات لە ڕێگەی کۆکا کۆلاوە لە دونیادا. کۆکا کۆلا لە ٢٠٠ وڵاتی دونیادا دەفرۆشرێت تەنیا لە دوو وڵات نەبێت، ئەویش "کوبا" و "کۆریای باکوور"ن؛ ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی کۆکا کۆلا و چەند بەرهەمێکی تر و سیاسەتە کەلتووری و فەرهەنگییەکەیەوە، جۆرێک لە هێژموونی کەلتووری و شێوەی ژیان و بیرکردنەوە و خواردن و خواردنەوە بەسەر وڵاتانی تری دونیادا بسەپێنێت و وێنەیەکی یەکجار گەورەی ئەمریکا بخاتە نێو ئەندێشە و خەیاڵی هەموو تاکێکی دونیاوە؛ جا سەر بە هەر نەتەوە و ئایین و کەلتوور و جوگرافیایەک بێت. هەر یەک لە کوبا و کۆریای باکوور لە ڕوانگەی ململانێ و نەیارێتی و کێبڕکێکانیانەوە ڕێگری لەوە دەکەن کە هێزی نەرمی ئەمریکی لەنێو وڵاتەکەیاندا ئامادەییی هەبێت و کاریگەری لەسەر کەلتوور و نەتەوە و سیسته‌مە سیاسی و فەرهەنگییەکەی وڵاتەکەیاندا دروست بکات، لە کاتێکدا ئەم کاریگەری و باڵایی و سەپاندنە فەرهەنگییەکەی ئەمریکا لە ڕێگەی هێزە نەرمەکەیەوە، زۆرینەی وڵاتانی دونیا و کیشوەرە جیاوازەکانی جیهانی گرتۆتەوە.

لە لایەکی ترەوە بەپێی وتەی خودی کۆمپانیای کۆکا کۆلا، وشەی "کۆکا کۆلا" لە دوای وشەی OKی ئینگلیزییەوە بەربڵاوترین و کاریگەرترین وشەیە کە هەموو خەڵکی لە جیهاندا بەئاسانی تێی دەگەن و دەزانن چییە و ڕۆژانە بەکاری دەهێنن و لە ڕێگەی کۆکا کۆلاوە وێنەیەکی تایبەت بە ئەمریکایان دێتە بەر چاو، کە زیاتر نوێنەرایەتیی زلهێزبوون و دەوڵەتبوون و بڕیاردانی ئەمریکا دەکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دونیادا. لێرەوە کۆکا کۆلا تەنیا وەک کۆمپانیا و دامەزراوەیەکی بازرگانی دەرناکەوێت، بەڵکوو بەشێکی سەرەکی و بنەڕەتییە لە هێزی نەرمی ئەمریکا و بەشێکە لە سیاسەتی کەلتووریی ئەم وڵاتە و بەئاسانییش خۆی گەیاندۆتە زۆرینەی وڵاتان و پەیوەندیی لەگەڵ زۆرینەی نەتەوە جیاوازەکانی دونیایشەوە دروست کردووە؛ هەم وڵاتانی دۆستی ئەمریکا و هەمیش نەیارەکانی!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples