هێزی نەرمی ئێران - بەشی سێیەم و کۆتایی

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

- نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت و ‌هێزی نەرم

ئێران ئەمڕۆ بۆتە ناوەندێکی باڵا و کاریگەر بۆ دەستکاریکردنی بەشە جیاوازەکانی جەستە و دووبارە نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەی فۆرمی ڕوخسار. دەکرێت بڵێین ئێران بە باوکی نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت و ڕوخسار لە جیهاندا دەناسرێت. ئەم جۆرە لە بڕاندسازی و سەرمایە سیمبوڵییە بۆ ئێران ناسنامەیەکی تایبەت بەو وڵاتەی دروست کردووە؛ بە جۆرێک هەر کاتێک باس لە نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت و جەستە دەکرێت، ڕاستەوخۆ ئێرانت وەک دەوڵەت و هێز و یەکەیەکی مەزهەبی بیر دەکەوێتەوە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ئێران لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاریی لووتی لووت ژمارەی پێوانەییی جیهانی هەیە و؛ بەتەنیا لە ساڵی ٢٠١٤دا ژمارەی ئەو نەشتەرگەرییانەی کە لە ئێران بۆ جوانکاریی لووتی لووت ئەنجام دراون، حەوت هێندەی ئەمریکا بووە؛ سەرەڕای ئەوەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جیاواز و هاووڵاتیانی بیانی بەگشتی بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت سەردانی ئێران دەکەن. هەر بەپێی ئاماری ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی ڕاینۆلۆژی/جوانکردنی لووت لە ئێران، ساڵانە زیاتر لە ٨٠ هەزار نەشتەرگەریی جوانکاریی لووتی لووت لەو وڵاتە ئەنجام دەدرێن کە بەشێکی ئەوانەی نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدەن هاووڵاتیی وڵاتانی دراوسێ و نەتەوە جیاوازەکانی ترن و، ئێران لە ڕێگەی ئەم سەرمایە مرۆیییەوە دەیەوێت جۆرێک لە بڕاندسازیی جوانکاریی لووت بەرهەم بهێنێت و سەرنجی دەوروبەری خۆی پێ ڕابكێشێت و دواتریش بیکات بە بڕاند و هێزی نەرم تاوەکوو ئاسانتر بناسرێتەوە و خێراتر هێژموونی مەزهەبی و کەلتووربی خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێت. لە لایەکی ترەوە چەند ئامارێکی تر باس لەوە دەکەن کە ڕۆژانە ٣٠٠ نەشتەرگەری و مانگانە ٢٠ هەزار نەشتەرگەریی جوانکاریی لووتی لووت لە ئێران ئەنجام دەدرێت و تاران وەک پایتەختی سیاسیی ئێران لەو پڕۆسەیەدا، پشكی شێری بەردەکەوێت. ئێران بەرەو ئەوە دەڕوات بە پایتەختی نەشتەرگەریی جوانکاریی لووتی دونیا ناودێر بکرێت.

چاندنەوەی قژ و ڕێگه‌کانی دووبارە ڕێکخستنەوەی قژ لە ئێران یەکێکی ترە لە نەشتەرگەرییە بەربڵاوەکان و، لەمەیشدا ئێران هێژموونێکی باڵای لە ناوخۆ و وڵاتانی دەورووبەری دروست کردووە و؛ تەنانەت لە هەندێک وڵاتانی دراوسێ بە سەدان کلینیک و ناوەندی چاندنەوەی قژ بە ستاف و تەکنیکی ئێرانی کراونەتەوە. ئامانجی سەرەکی لە پاڵ کۆکردنەوەی داهات و زیادکردنی سەرچاوەی داهات بۆ وڵاتەکە، دروستکردنی جۆرێک لە بڕاندسازی و هێزی نەرمە تاوەکوو ئێران وەک سەرچاوەیەکی باڵای هێز لە دونیادا پیشان بدات. ئێران لە ڕێگەی ئەم کردە و بڕاندسازییەوەی دەیەوێت بڵێت، من وەک دەوڵەت و توانای مرۆیی دەتوانم تەنانەت دەستکاریی جەستە و ڕوخسار و شێوەی هەمووتان بکەم و دووبار ڕێکی بخەمەوە و فۆڕمێکی ئێرانییانەی پێوە بلکێنم. ئەم پەیامەی ئێران ئەوە دەگەیەنێت کە ئێران بەرەو ئێمپڕاتۆربوون و زلهێزبوونی هەرێمی دەچێت و، دەیەوێت نمایشی ئەوە بکات کە ئێران هێزێکە هەم توانای دەستکاریکردنی سیسته‌می هەرێمی، جیۆپۆلیتیک، ڕێسا و سنوور و دەوڵەتانی دراوسێی هەیە و هەمیش دەتوانێت تاکەکانی ناو ئەو یەکە سیاسییانە بگۆڕێت و دەستکاریی فۆرمی ڕوخساریان بکات. پوختەی کردەکە ئەوەیە ئێران لە ڕێگەی نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت و جوانکردنی جەستەوە سەرنجی تاک و وڵاتانی دونیا و دەوروبەری بە کەمترین ماوە و تێچوو بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و وەک هێزی زاڵ خۆی بسەپێنێت.

- پڕۆسەی بەمەککەکردنی کەربەلا و هێزی نەرم

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدات سوود لەو ڕووبەرە جوگرافییە مەزهەبییە وەربگرێت کە لە عێراقدا هەیە بۆ ئەوەی کەربەلا و نەجەف بکات بە وێنەیەکی تەواو ئایینی و مەزهەبی و؛ دواتر بە فۆڕمی هێزی نەرم لە خزمەت ئامانج و بنەماکانی حوکمڕانیی وڵاتەکەی بەکاری بهێنێت. مەبەستی سەرەکیی ئێران لەم پڕۆژە و ستڕاتیژەی، بریتییە لە بەسیاسیکردنی حەج و دواتریش بەکارهێنانی وەک سەرچاوەیەکی هێزی نەرم لە دژی نەیار و ڕکابەرە مەزهەبییەکانی کە زیاتر خۆی لە سعوودیا و هاوبەش و هاوەڵەکانیدا دەبینێتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران، عێراق وەک حەوشەی پشتەوەی خۆی دەبینێت و بەکار دەهێنێت بەڵام دەیەوێت لە ڕێگەی پرس و ژێرخانە مەزهەبییەکەوە ئەو ئامانجەی خۆی خێراتر و باشتر بپێکێت و ئەنجامی بدات و، بەئاسانی بە کەمترین تێچوو بەسەر هێزە سوننییەکانی عێراق و ناوچەکە زاڵ بێت و گەماڕۆیان بدات. سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە بە شێوازێک داڕێژراوە کە ناسنامەی ئایینزاییی شیعە و شیعگەرێتی و سیمبولەکانی شیعە بەتەواوی زاڵ و کاریگەر بکات بەسەر عێراقدا و، ئەو وڵاتە وەک وڵاتێکی شیعی بناسێنێت و ململانێکانی خۆی لێ بەڕێوە ببات.

دەستەبژێری سیاسیی ئێرانی، کار بۆ ئەوە دەکەن ناوچە شیعییەکانی عێراق بەتایبەت نەجەف و کەربەلا و ئەو ناوچە و پارێزگه‌یانەی کە مەزاری ئیمامەکانی شیعە تێیاندا ئامادەییی هەیە، بکەن بە مەککەی شیعەکان و وێنەیەکی هاوشێوەی مەککەی سوننەکان و سعوودیای بۆ دروست بکەن و ساز بکەن؛ ژمارەی سەردانکەرەکان بۆ ئەو ناوچانە بەردەوام لە قەبارەی خۆی زیاتر بکەن و ناسنامە و میراتە مەزهەبییەکەی گەورە بکەن و بیکەن بە هاوشێوەی مەککەی سعوودییه‌کان. ساڵانە نوخبەی سیاسیی شیعی، سەردانکەرانی "ئیمام حوسێن" لە یەک هەفتەدا بە ١٥ ملیۆن و تەنانەت زیاتریش لە قەڵەم دەدەن و بڵاوی دەکەنەوە. ئەم ژمارەیە وەک هێزێکی نەرم، پەیامە بۆ فراوانخوازی و هێز و سەنتەری دەسەڵاتی شیعە لە عێراق و ناوچەکە. ئەم ژمارەی سەردانکەرانە لە كاتێكدایه‌، کە کەربەلا لە ڕووی قەبارە و ڕووبەرەوە بچووکترین پارێزگه‌ی عێراقە و؛ ئەو ژمارەیە لەگەڵ توانستی ڕووبەری جوگرافیی کەربەلا یەک ناگرێتەوە و ڕێی تێ ناچێت، بەڵام ئێران وەک سەرچاوەیەکی هێزی نەرم کەربەلا بەکار دەهێنێت و دەیەوێت وێنە و ناسنامەیەکی وەک مەککەی بۆ دروست بکات تاوەکوو لە ڕێگەی ئەو جوگرافییە مەزهەبییەوە زیاتر باڵادەست و خاوەن هێز و بڕیار بێت. سەرباری ئەمە، پێگەی ئایینی و مەزهەبیی سعوودیا کەم بەنەوە و ڕۆڵە ئایینییەکەی لێ بستێننەوە و گەماڕۆی بدەن.

هەرچەند لە دونیای شیعەدا "قوم" وەک سەنتەر و ناوەندی شیعەکان دەبینرێت و دەناسرێت و پێگەی ئایینی و ڕۆحیی خۆی هەیە و وەک مەرجەعێکی ئایینی و سیاسی هەژمار دەکرێت، بەڵام ئێران دیدێکی تایبەت و خواستێکی لەڕاددەبەدەریشی هەیە بۆ "نەجەف و کەربەلا" بۆ وەبەرهێنان و فراوانخوازیی مەزهەبی و گەورەکردنی جوگرافیای شیعەگەرێتی؛ چونکە کەربەلا و نەجەف گرنگیی جیۆپۆلیتیکی و سیاسیی خۆی هەیە و بەناوەندکردنی ئەم دوو ڕووبەرە و بەکارهێنانی وەک هێزێکی نەرم، ئامانج و خواستی ئێران لە بەرامبەر ڕکابەرە سوننییەکانیدا باشتر دەپێکێت، چونکە ئێران بە دوای ئەوە دەگەڕێت قیبلەیەکی تر و مەککەیەکی تر بۆ پەیڕەوانی شیعە بدۆزێتەوە و بونیاد بنێت و، لە قیبلەی سوننە و سعوودیا کەم بکاتەوە و هانی شیعەکانی ئێران و عێراق و جیهانیش بدات بۆ دەستبەرداربوونیان لە سعوودیا! بەمەیش کەربەلا و نەجەف بە باشترین پێگە و جوگرافیا و سەرمایە دەبینێت بۆ ئەم مەبەستە، چونکە مەزاری ڕێبەرانی گەورەی شیعە لەو ناوچەیەیه‌ و، ئەمەیش هەوڵ و ستڕاتیژێکی لەمێژینەی ئێرانە بۆ بەناوەندکردن و بەمەککەکردنی کەربەلا و لاوازکردنی سەرمایە ئایینی و مەزهەبییەکەی سعوودیا و، ساڵانە دەتوانێت لەم ڕێگەیەوە سەرنجی شیعەیەکی زۆری دونیا بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و پەلکێشی کەربەلا و نەجەفیان بکات لە بڕی مەککە و، عێراقیش زیاتر بکات بە حەوشەی پشتەوەی خۆی. تەواوی ئەم پڕۆسەیەیش بە ڕێگەی هێزی نەرمەوە بەڕێوە دەچێت و بەبێ بەکارهێنانی سەرباز و چەک! پڕۆسەی بەمەککەکردنی کەربەلا وەک ڕەگەز و فۆڕمێکی هێزی نەرم، بۆ ئێران خێرا و ئاسانە و تێچووی کەمە، چونکە میرات و سەرمایەی مەزهەبی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ جەنگ و هێزی ڕەق.

دەرەنجام:
کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو جۆرە هێزانەی کە زۆر بەچڕی و زۆر بەوردی بۆ زاڵبوون بەسەر نەیار و ڕکابەرەکانیدا بەکاری دەهێنێت، هێزی نەرم و سەرچاوەکانی هێزی نەرمە. ئەمەیش زیاتر لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ١٩٧٩دا بەڕژدی بیری لێ کراوەتەوە و کاری بۆ کراوە، چونکە ئێران وەک دەوڵەت چەندە پاڵپشتیی سەربازی و چەک و تفاق بە میلیشیا و گڕووپە چەکدار و یاخیبووەکان دەدات بۆ فراوانخوازی و هێژموونی لە ناوچەکە، دوو ئەوەندەیش پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی نەرم دەبات لە ڕێگەی تەکنیک و ڕەگەزەکانی وەک دیپلۆماسیی میللی، بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژیی شیعەگەرایی و بنەما و بەهاکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و ناسنامە و ستڕاتیژی شیعیزم لە ناوچەکەدا. بەمەیش دەوڵەتی ئێران و وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەدان دەزگه‌ و دامەزراوە و ڕێکخراوی خێرخوازی و ئایینی و فەرهەنگی و پەروەردەیییان لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران دروست کردووە، بۆ پیشاندانی ئێران وەک زلهێزێکی ناوچەیی و سەرنجڕاکێشانی نەتەوە و مەزهەب و ئایدیۆلۆژییه‌کانی تر بە لای خۆیدا. ئەم دامەزراوە و ناوەندانەی ئێران بە میتۆدێکی ڕێکخراو و سیسته‌ماتیک کار دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی، سەربازی و مەزهەبییەکانی ئێران و، تەکنیکەکانی وەک کار و کردەی خێرخوازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەرفەتی کار و خوێندن و سکۆڵارشیپ و کۆمەکی دارایی بۆ ڕاکێشانی هاووڵاتیانی نائێرانی و سوننەکانی وڵاتە عەرەبییەکان بەکار دەهێنن. هەرچەند لە پاڵ ئەمانەیشدا، زانکۆکان و ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن، پڕۆژەی هیلالی شیعی وەک پڕۆژەیەکی جیۆپۆلیتیکی و جیۆمەزهەبی، ناوەندە میدیایییەکان و دەزگه‌ خێرخوازییەکان، ئەدەب و دراما و سینەما و کەلتووری ئێرانی، بزوێنەری هەرە سەرەکی و کارپێکەری هێزی نەرمی ئێران و شیعەن لە دونیادا، بۆ ئەوەی بەبێ بەکارهێنانی هێزی ڕەق، ببن بە یاریزانێکی سەرەکی و خاوەن بڕیار و هێژموون.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples