ئەمریکا و هێزی نەرم/ بەشی شەشەم و کۆتایی

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

- کایەی دیپلۆماسی؛ بڕبڕەی پشتی هێزی نەرمی ئەمریکا

کایەی دیپلۆماسی و دیپلۆماسییەت فۆڕم و شێوەیەکی تری هێزی نەرمی ئەمریکایە کە لە ڕێگەیەوە دەیەوێت پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دونیادا هەبێت و لە ڕێگەی دەزگه‌ و دامەزراوە و کەناڵە فەرمییە دیپلۆماسییەکانییەوە لە وڵاتانی تر ئامادەییی هەبێت و چالاک بێت و بجووڵێت و دواتریش هێژموون و باڵادەستی و خۆسەپاندن لە ڕێگەی کۆمەڵێک کردە و چالاکیی سیاسی، کەلتووری و زمان و ڕێسا و یاسای کۆمەڵایەتیی تایبەت بە خۆیەوە دروست بکات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باڵیۆزخانە، کونسوڵخانە و دەزگه‌ی نوێنەرایەتی و نێردەی دیپلۆماسیی تایبەتی خۆی لە ١٨٧ وڵات و ناوەند و ڕێکخراوی هەرێمی و نێودەوڵەتیی دونیادا هەیە! ئەمەیش بە گەورەترین و کاریگەرترین و فراوانترین تۆڕی دیپلۆماسی دادەنرێت لە جیهاندا. ئەمریکا هیچ وڵات و شوێن و کون و قوژبنێکی دونیا نەمایە، نوێنەر یان دەزگه‌یەکی دیپلۆماسیی خۆی لەسەر ئاستی باڵیۆزخانە، یان کونسوڵخانە، یان هەر ئاستێکی تری دیپلۆماسیی لێ دانەنابێت! لە هەر شوێنێک یەکە و ئەکتەرێکی سیاسیی دەوڵەتی یان نا-دەوڵەتی هەبێت، ئەمریکا پەیوەندیی دیپلۆماسیی خۆی لەگەڵدا دروست دەکات و لێی نزیک دەبێتەوە؛ ئامانج و مەبەستی سەرەکییش لێی، بەکارهێنانی پەیوەندییە دیپلۆماسی و کونسوڵییەکانە بۆ سەپاندنی هێژموونی سیاسی و کەلتووریی خۆی بەسەر ئەو ئەکتەرە سیاسییەدا و سەرنجڕاکێشان و وابەسته‌کردنی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بە سیاسەت و هێز و کەلتووری ئەمریکییەوە.

لە لایەکی ترەوە و لە ئاستێکی تردا، ئەمریکا لە ڕێگەی بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی دیپلۆماسییەتی لووتکە (Summit Diplomacy)، دەیەوێت نوخبەی سیاسیی وڵاتە جیاوازەکانی دونیا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و پەلکێشییان بکات. دیپلۆماسییەتی لووتکە، واتە کۆبوونەوە و بەیەکگەیشتنی سەرۆککۆمار، پاشا، سەرۆکوەزیران یان کەسی یەکەمی وڵاتەکان بە شێوەیەکی گشتی و گفتوگۆکردنی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا لەسەر پرسی جیاواز و ڕووداوە جیاوازەکان. ئەمریکا وەک زلهێزێک ساڵانە بەشێک لە دیپلۆماسییەتی لووتکەکان ئەنجام دەدات و ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی دەکات تاوەکوو پەیامێک بنێرێت و بڵێت کە خاوەن هێز و دەسەڵات و باڵادەستی و هێژموونم لە جیهاندا.

- ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هێزی نەرم

ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، یەکێکن لە ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکانی نێو کایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و شان بە شانی دەوڵەت ڕۆڵ دەبینن و بەشێکن لە بڕیاری سیاسی لەنێو سیسته‌می سیاسیی نێودەوڵەتیدا. ئەمریکا لە ڕێگەی ئەندامبوون و ڕۆڵی لە زۆرینەی ئەو ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییانە، هەمیشە هەوڵی داوە هێژموون و باڵادەستی و هێڵە فکری و ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی بسەپێنێت. ئەمریکا تا ئیستا لە زیاتر لە ٧٩ ڕێکخراو و ناوەندی نێودەوڵەتی ئەندامی تەواو و ئەندامی چاودێرە و؛ لە هەر یەک لە ڕێکخراوەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، بانکی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی، گرووپی ٨، گرووپی ٢٠، ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم و یەکێتیی تۆپی پێی جیهانی، ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و...، ئەمریکا وەک هەڵگری سیسته‌مێکی لیبڕاڵ و بنەماکانی لیبڕاڵیزم، هەوڵی داوە لە هەموو ئەو ڕێکخراوانەدا ئەم دونیابینی و سیسته‌مە فکرییەی خۆی باڵادەست بکات و بیکات بە دید و تێڕوانین و ئایدیۆلۆژیی ڕێکخراوەکە! یاخود بە لایەنی کەمەوە خۆی ڕێکخراوەکە ئاڕاستە بکات و بەشێکی زۆر لە بوودجە و لایەنە دارایییەکەی دابین بکات بۆ ئەوەی ئاسانتر و خێراتر بتوانێت ئەو ناوەندانە بەکار بهێنێت و وێنەیەکی ئەمریکییانەی پێ ببەخشێت و دواجاریش بیکات بە سەرچاوەی هێز و باڵایی بۆ وڵاتەکەی و لە ڕێگەیەوە ئامانج و ستڕاتیژییەکانی خۆی پێ بەدی بهێنێت. بەتایبەت هەنووکە هەر یەک لە ڕێکخراوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی نێودەوڵەتی، نوێنەرایەتیی بنەما و ڕەگەزەکانی لیبڕاڵیزم و بازاڕی ئازاد و سیسته‌می ئابووریی نیو-لیبڕاڵ دەکەن و ئەمریکایش ڕۆڵی سەرەکی لەو دوو ڕێکخراوە دەبینێت!

- یارییە ئه‌لیکترۆنییەکان/Video Games (ئەمریکا وەک زلهێزێکی نەرم لەنێو یارییە ئه‌لیکترۆنییەکاندا)

یارییە ئه‌لیکترۆنییەکان ڕشتەیەکی تری هێزی نەرمی ئەمریکایە لە سەرانسەری دونیادا. ئەم یارییانە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و پێشڤەچوونی زیاتری ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و کۆمپیوتەرە تاکەکەسییەکان و لەدایکبوونی مۆبایلی زیرەک و تابلێتەوە دەگۆڕێن و نوێ دەبنەوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەم یارییانە ئەنیمەیشن، پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگ و کردەی تەقەکردن لەخۆ دەگرێت! جگە لە لایەنی دارایی کە ساڵانە لە ڕێگەی فرۆشتنی ئەو یارییە ئه‌لیکترۆنییانەوە ملیاران دۆلار دەچێتە سەر داهاتی گشتیی ئەمریکاوە! لە سەرانسەری جیهاندا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بەکاربەری ئەم یارییانە لە هەموو وڵاتانی دونیا و لە هەموو نەتەوە و زمان و کەلتوورە جیاوازەکان خەریکی ئەم یارییانەن و تەنانەت لە هەندێک دۆخ و حاڵەتدا گەیشتۆتە ئاستی ئاڵوودەبوون و سەرسامبوون بە هەموو بەها و نۆڕمەکانی ئەمریکاوە. بەشێکی ئەم یارییانە لەگەڵ مێژووی سیاسی و ڕابردوو و یادەوەریی سیاسیی خودی ئەمریکا و ئەمریکییەکان تێکەڵ کراوە و گرێ دراوە و، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئەم یارییانەوە مێژووی سیاسی و ڕابردووی ئەمریکات بیر دەهێنێتەوە کە زیاتر ئەمریکا وەک هێزێکی بێوێنە و کۆڵنەدەر و گەورە و خاوەن هێژموون پیشان دەدات، بەتایبەت ئەو یارییانەی کە باس لە جەنگی ئەمریکا-ڤێتنام لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو و پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە ٢٠٠٣ و ئازادکردنی ئەڤغانستان لە ٢٠٠١ و سەرکەوتنەکانی جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکەن لە لایەن ئەمریکاوە.

تایبەتمەندیی بەشێکی ئەم یارییانە بریتییە لە بەپاڵەوانکردن و بەپاڵەوان پیشاندانی ئەمریکا لە دونیادا لە ڕێگەی هێز و سەرباز و سوپا و فڕۆکە و چەک و کەرەستە سەربازییەکانییەوە! هه‌روه‌ها ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و نەیارەکانی بە کەمترین ماوە و ئاسانترین ڕێگه‌ و شێوە. پەیامی سەرەکی و پەیامی گشتیی پشت ئەو یارییانە ئەوەیە بە جیهان بڵێت، کە ئەمریکا هێزێکە ناکەوێت و ناڕووخێت و نادۆڕێت بەڵکوو هەمیشە براوەیە و دەتوانێت بەسەر هەموو بەربەست و هێزە نەیارەکانیدا زاڵ بێت و سەر بکەوێت. لە لایەکی ترەوە، سەرنجڕاکێشانی بەکارهێنەرانی ئەو جۆرە یارییە بۆ ئەو هێزە سەربازی و پێشکەوتنە سەربازییەی کە ئەمریکا خاوەنییەتی و دروستکردنی وێنەیەکی بەردەوامی سەربازی ئەمریکییانەیە لە هزر و دونیابینی و خەیاڵی یاریکەرەکەدا.

دەرەنجام

ئەمریکا بە یەکێک لە سەرچاوە و ژێدەر و مەڵبەندە گەورەکانی هێزی نەرم دادەنرێت لە جیهاندا. ڕەنگە بەشێکی ئەم باڵابوونەی ئەمریکا لە بواری هێزی نەرمەوە، پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە ئەمریکا وەک یەکەیەکی خاوەن تێز و تیۆری، ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە بەرهەمهێنان و تیۆریزەکردن و داڕشتن و بەکارهێنانی هێزی نەرم لە دوای جەنگی ساردەوە. "جۆزێف نای، وەک تیۆریست و ئه‌كادیمییەکی ئەمریکی، چەمک و ڕەگەزەکانی هێزی نەرم دادەڕێژێت و بانگەشەی ئەوەیش دەکات کە ئەمریکا لە دوای جەنگی ساردەوە دەبێت زۆر بەقووڵی و بەفراوانی هێزی نەرم لە بری هێزی ڕەق بەکار بهێنێت چونکە هێزی نەرم هەم خێراترە و هەمیش تێچووی کەمترە و دەرەنجام و هێژموونیشی زیاترە.

ئەمریکا وەک یەکەیەکی سیاسی و خاوەن هێز لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمه‌وە هێزی نەرمی خۆی بەکار هێناوە، بەڵام لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالیستی، چڕتر و ڕژدتر و قووڵتر ڕووی لە بەکارهێنانی هێزی نەرم کردووە و لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپته‌مبەریشەوە جارێکی تر قووڵتر و ڕژدتر پەنای بۆ هێزی نەرم بردووە، بەتایبەت لەو ناوچە و هەرێم و وڵاتانەی کە هزری توندڕەویی ئایینی و تیرۆر لە گەشەی خێرادان و، بوون بە سەرچاوەی توندوتیژی و پەڕگیری و مەترسی بۆ سەر خودی ئەمریکا و جیهان بەگشتی.

دەرەنجام هێزی نەرمی ئەمریکی چەندین تایبەتمەندی و سیما و بنەمای هەیە؛ دەکرێت ئاماژە بە هەندێکیان بکەین و مانا جیاوازەکانیان ڕوون بکەینەوە بەم شێوەی خوارەوە:

١- هێزی نەرمی ئەمریکی گشتگیرە! گشتگیر بەو مانایەی، دەیەوێت هەموو جوگرافیایەکی جیاواز و وڵاتانی دونیا و ڕووبەرە جیاوازەکانی دونیا بگرێتەوە و لە هەموو شوێن و سووچێکی ئەم جیهانە ئامادەییی هەبێت و ڕۆڵ ببینێت.

٢- خێرا و کاریگەرە! واتە بە کەمترین ماوە و کات زۆرترین ئامانج دەپێکێت و هێژموون و باڵادەستی و خۆسەپاندن دروست دەکات.

٣- هێزی نەرمی ئەمریکا سەرچاوەکانی فرە و هەمەجۆرن؛ تێکەڵەیەکن لە کەلتوور و زمان و بڕاندەکان و شێوەی ژیان و تەکنەلۆژی و دیپلۆماسییەت و سینەما و فیلم و هاوکاریی مرۆیی و هتد. ئەمەیش ئامانج لێی، کاریگەربوون و فراوانبوون و دەورەدانی ئەکتەرە سیاسییەکانی دونیایە لە ڕێگەی هێزی نەرم و بەبێ بەکارهێنانی هێزی ڕەق.

٤- ئەمریکا لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزە نەرمەکەیەوە هەموو نەتەوە، ئایین، مەزهەب، بیروباوەڕ، گرووپ و کەمیونیتییە جیاوازەکانی دونیا دەکاتە ئامانج، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە وێنەیەکی گەردوونیی ئەمریکییانە لە جیهاندا بەرهەم بێنێت. سەرەنجامیش سەپاندنی چوارچێوە و وێنەیەکی تەواو ئەمریکییانەیە بەسەر هەموو نەتەوە و کەلتوورە جیاجیاکانی دونیاوە و، سەرسامکردنی جیهانە بە توانا شاراوە و هێزە بێسنوورەکەی ئەمریکا؛ سەرەڕای ئەوەی سەپاندنی باڵادەستی و هێژموونی ئەو وڵاتەیە بەبێ بەکارهێنانی هێزی ڕەق و سەرباز و سوپا و فڕۆکە و لەدەستدانی توانای مرۆیی و بەفیڕۆدانی پارە و کوژرانی هاووڵاتیانی.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples