تورکیا لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیادا

پەیڕەو ئەنوەر/ توێژەر

دەستپێک
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا جارێکی تر گرژی و ئاڵۆزیی تێ کەوتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، "مایک پۆمپیۆ" ڕای گەیاند: "ناکرێت فڕۆکەی F-35 بە ئاسمانێکدا بفڕێت کە سیسته‌می بەرگریی ئاسمانیی S400ی ڕووسیی تێدا چالاک و ئامادە بێت و لە هەمان کاتیشدا مووشەکی بەرگریی ئەمریکی بەکار بهێنێت، چونکە لە ڕووی سەربازی و تەکنیکی و جیۆ-ستڕاتژییەوە گونجاو نییە." لە بەرامبەریشدا سەرۆککۆماری تورکیا، "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" گوتی: "ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات دەست لە کاروباری ناوخۆی تورکیا وەربدات، بۆیە پێویستە پابەند بێت و سنووری خۆی نەبەزێنێت." لە لایەکی ترەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا، "مەولوود چاوشئۆغلۆ"، سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر کڕینی سیسته‌می مووشەکیی بەرگریی S400 لە ڕووسیا و وەرگرتنی لە مانگی تەمووزدا دووپات کردەوە و جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە ناڕەزاییی وڵاتی سێیەم لەمەڕ ڕێککەوتنی نێوان دوو وڵات، پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتییە.

لە بەرامبەریشدا مایک پۆمپیۆ جارێکی تر لە وتارێکیدا لە بەردەم لیژنەی دەرەوەی کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا داوای لە تورکیا کرد کە بڕیاری بەپەلە نەدات و هەڵە نەکات لە کڕینی مووشەکی بەرگریی S400ی ڕووسی، ئەگینا ڕووبەڕووی سزای ئابووریی سەخت دەبێتەوە. ئەم ململانێ و تەنگەژەیەی کە لە نێوان ئەمریکا و تورکیادا دروست بووە، پێدەچێت سەرەتای قەیرانێکی نوێ و تێکچوونی پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بێت؛ بەتایبەت ململانێکە ئەم جارە لەسەر پرسی چەک و سیسته‌می بەرگری و پەیکەر و بونیادی سەربازیی نێوان دوو وڵاتی گەورەی وەک ئەمریکا و ڕووسیایە لەسەر خاکی تورکیا.

ململانێ لەسەر چەک یان ڕۆڵ و پێگەی سیاسی

تورکیا وەک بونیادێکی سەربازی، بە هۆی پێگە جیۆپۆلیتیکییەکەیەوە بۆ ئەمریکا هەم لە ڕابردوو و هەمیش لە ئێستا و داهاتوو گرنگە و وڵاتێکی ستڕاتیژییە؛ بەتایبەت تورکیا هەر دوو کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئەندامێکی سەرەکیی ناتۆیە و یەکێک لە بنکە سەربازییە هەرە گەورەکانیشی بە ناوی بنکەی "ئەنجەرلیک"ەوە لەخۆ گرتووە و لە ڕابردوویشدا لە سیسته‌می ئاسایشی هەرێمی و پاراستنی بەها و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکیی بینیوە.

لە ئێستادا ئەردۆغان بە هۆی کێشەی سووریا و ڕووداوەکانی سووریاوە، لە ناویشیدا کێشەی کورد و شێوازی دروستکردنی ناوچەی ئارام و دووبارە دابەشکردنەوەی ئەو وڵاتە، دەیەوێت وەک گوشارێک لە بلۆکی ئەمریکا دوور بکەوێتەوە و دەستکاریی بونیادە سەربازییەکەی بکات و لە بەرامبەردا لە بلۆکی ڕووسیا نزیک ببێتەوە. ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی تورکیا لە ڕووسیا، پێشنیازی پێدانی سیسته‌می پاتریۆتی بۆ تورکیا کردووە لە پاڵ فڕۆکەی F-35دا، بەڵام تورکیا ڕەزامەند نەبووە، چونکە لە بنەڕەتدا کێشەکە پەیوەندیی بە کۆمەڵێک پرسی ترەوە هەیە کە سەرەکیترینیان پرسی سووریا و دووبارە داڕشتنەوە و پێدانی ڕۆڵە بە تورکیا لە سووریادا تاوەکوو بە ویست و دڵی خۆی بەشێک لە ئەکتەرە سیاسییەکانی نێو سووریا بچووک بکاتەوە و پەراوێزیان بخات.

گوشارەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر تورکیادا

ئەمریکا دەیەوێت بە هەر نرخ و ڕێگه‌یەک بێت تورکیا ناچار بکات کە لە ڕووسیا و سیسته‌مە بەرگرییەکەی دوور بکەوێتەوە، چونکە مووشەکی S-400 یەکێکە لە پێشکەوتووترین سیسته‌مە مووشەکییەکانی جیهان لەمڕۆدا و خاوەن چەندین تایبەتمەندیی هونەری و سەربازیی پێشکەوتوو و ناوازەیە. خودی تورکیایش ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەوان سیسته‌می مووشەکیی S-400 لە سیسته‌می پاتریۆتی ئەمریکی بە باشتر و گونجاوتر و پێشکەوتووتر دەزانن. لەگەڵ ئەمانەیشدا، ئەمریکا لە ئەگەری بێئومێدبوونی لە تورکیا لە کڕینی سیسته‌مە ڕووسییەکە، جارێکی تر پەنا بۆ کۆمەڵێک سزای تری ئابووری دەبات، چونکە ئەمریکا ئەم جۆرە چەکە بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ناتۆ دادەنێت و پێی وایە کە خودی ڕووسیا بە بیانووی ڕاهێنان و بەڕێوەبردنی سیسته‌مە مووشەکییەکە لە ڕێگەی سەرباز و کادیرە سەربازییەکانییەوە لە تورکیا دەست بۆ بردنی زانیاریی نهێنی لەسەر چەکە ئەمریکییەکان دەبات و دواجاریش ئەم پڕۆسەیە هەوڵێکی ڕژد دەبێت بۆ لاوازکردن و تواندنەوەی پێگە و ڕۆڵی ناتۆ و بەشێک لە ئەندامان و خودی بنکەی ئینجەرلیکیش لە تورکیادا.

سەرباری ئەمانەیش ئەمریکا ترسی لەوە هەیە بە هۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا، نەتوانێت وەک پێویست گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران؛ بەتایبەت وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتەکەی بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر ڕەت دەکاتەوە و ئەوان پێیەوە پابەند نابن. لێرەوە ئەمریکا چڕتر و قووڵتر پەنا بۆ دووبارە سزادانی تورکیا دەبات، بەتایبەت دۆخی ئابووریی ئێستای تورکیا زۆر خراپە و بەهای لیرە ڕوو لە دابەزینە و خەڵکیش بەگشتی لە حزبی فەرمانڕەوا (حزبی داد و گەشەپێدان) ناڕازییە و دۆخی ئاک پارتی و ئەردۆغانیش لە ئاستێکی خراپدایە و لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانیدا هەر دوو پارێزگه‌ی "ئیستانبۆڵ" و "ئانكارا"یان لەدەست داوە. سەرباری ئەمانەیش، ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی یەکێتیی ئەوروپاوە قەبارە و ڕێژەی گوشارەکانی بۆ سەر تورکیا زیاتر و گەورەتر بکات تاوەکوو زیاتر تورکیا گەماڕۆ بدات و قەیرانی ناوخۆیی و هەرێمیی بۆ دروست بکات و حزبی دەسەڵاتدار هێندەی تر لاواز بکات؛ تەنانەت دەکرێت ئەمریکا دەست بۆ سیناریۆی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی تورکیا لە ناتۆ ببات و دواتریش بنکەی ئەنجەرلیک لە تورکیا بگوازێتەوە بۆ وڵاتێکی تر. بەمەیش تورکیا وەک یەکەکی سەربازی، ناتوانێت بەهێز دەرکەوێت و سەرەڕای ئەوەی ناسنامە سیاسی-سەربازییەکەیشی بچووکتر و بێکاریگەرتر دەبێت.

دوا سەرنج

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا بە قۆناغێکی زۆر سەخت و ئاڵۆزدا تێ دەپەڕێت و، پێدەچێت لە سێ مانگی داهاتوودا ئەم گرژی و ئاڵۆزییە بگاتە لووتکە و، ئەمریکا گوشارەکانی چڕتر بکاتەوە و سزای ئابووری و دیپلۆماسی بخاتە سەر تورکیا. بەشێک لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە، پەیوەندیی بە سووریا و فۆڕمی ململانێی نێوان زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیاوە هەیە چونکە ئەم دوو زلهێزەی جیهان بەردەوام هەوڵ دەدەن ئەکتەر و هاوبەش و ڕووبه‌ری جیۆپۆلیتیکی و جیۆستڕاتیژی بۆ خۆیان زیاتر و فراوانتر بکەن؛ تورکیایش لەم کات و ساتەدا بە هۆی سیاسەت و ستڕاتیژەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر سووریا و ئەکتەرە کوردییەکانەوە نیگەرانە لە ئەمریکا و، بەمەیش دەیەوێت زیاتر خۆی نزیک بکاتەوە لە بلۆکی ڕووسیا و کڕینی چەک و ژێرخانی سەربازیی ڕووسی، تاوەکوو گوشار لەسەر ئەمریکا دروست بکات و چاو بە سیاسەت و هێڵە گشتییەکانی ستڕاتیژیی خۆی لە بەرامبەر سووریا و ئەکتەرە کوردییەکاندا بخشێنێتەوە؛ بەڵام ئەمریکا هێشتا بەردەوامە لەسەر دونیابینی و کارنامە سیاسییەکەی لە بەرامبەر سووریادا. لە لایەکی ترەوە ئەمریکا نیگەرانە لە کڕینی سیسته‌می بەرگریی S400ی ڕووسی لە لایەن تورکیاوە و پێی وایە بە کڕینی ئەم جۆرە چەکە، تورکیا لە چوارچێوەی سیاسەتی ئاسایشیی ئەمریکا دەرەدەچێت و دەچێتە نێو بلۆک و جەمسەری ئاسایشیی ڕووسیاوە؛ لە دەرەنجامیشدا ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا و ناتۆ زیانێکی گەورەیان بەردەکەوێت و جیۆپۆلیتیکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە ڕووی ئاسایشەوە بەرە گۆڕان و داڕشتنەوە دەچێت و ململانێکانی نێوان ئەمریکا و تورکیایش هێندەی تر پڕکێشمەکێشتر دەبن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples