قەرەنی قادری
حکوومەت یان کابینەی نوێ، ئاکامی ڕاستەوخۆی دەنگی هاووڵاتیانە کە لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا یەکلا دەکرێتەوە. سندووقەکانی دەنگدان، پزدانی حکوومەتی داهاتوون (بڕیاری هاووڵاتیان) کە لەوێدا گەرا دادەنێت و دوایی بەگوێره‌ی ڕێککەوتنی سیاسی، پۆستەکان دابەش دەکرێن و حکوومەت دروست دەکرێت. ئەرکی هەر حکوومەتێک ئەوەیە کە ژیانی هاووڵاتیان (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئازادییەکان) ڕێک بخاتەوە و، سەروەریی یاسا (حکوومەتی یاسا) لە وڵات‌دا بچه‌سپێنێت، هەروەها بە زەبری دیپلۆماسی و هێزی ڕەقەوە پارێزگاری لەو یەکە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە بکات کە هەڵبژاردنی گشتی تێیدا کراوە.
ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵدا کە حکوومەت دەبێ بیکات (خزمەتگوزاری و پاراستنی ئاسایشی تاک، گرووپ، نەتەوە و نەتەوەیی)، ئەرکی ئەوە و نابێت بە هیچ شێوەیەک منەت بەسەر هاووڵاتیانەوە بکات و قەرزداریان بکات؛ بەڵام ڕێک بەپێچەوانەوەوە، ئەوە حکوومەتە کە تا چوار ساڵی داهاتوو دەبێ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بیت، چونکە بەپێی فەلسەفەی دەنگدان و ئەرکی سندووقەکانی دەنگدان، ڕێککەوتنێکی چوار ساڵە لە نێوان هاووڵاتیان و حزبە سیاسییەکاندا دێتە گۆڕێ، ئەویش بە مەرجی باش و باشتربوونی ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەوان.
دیموکراسی تەنیا ئەوە نییە کە هاووڵاتیان لە ڕۆژی دەنگداندا ڕوو لە سندووقەکان بکەن و حزبی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن (دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات) و، دوایی تا چوار ساڵی داهاتوو ڕوو لە ماڵەوە بکەن و خانەنشین بکرێن، بەڵکوو بەشێکی تری دیموکراسییش ئەوەیە کە حکوومەت دەبێ سەرەتاییترین پێداویستییەکانی هاووڵاتیان وه‌كوو: ئاو، کارەبا، کار، شوێنی ژیان، خوێندنگە، نەخۆشخانە، ڕێگەوبان، دابینکردنی ئازادییەکان و حکوومەتی یاسا، هەروەها خزمەتگوزاریی ڕۆژانە کە دەبێ دامەزراوە حکوومییەکان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پێشکەشی هاووڵاتیانی بکەن، دابین بكات؛ ئەمانە ئەرکی حکوومەتن. هەر لەبەر ئەوە، حکوومەت یان حوکمڕانی ئیمتیاز نییە، بەڵکوو بەتەواوەتی ئەرکە!
گه‌ر حکوومەت لە چوار ساڵدا بە هۆی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاری و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان، بەربەرەکانی بە دژی نادادپەروەری، ڕاستکردنەوەی لارییەکان، ڕووبەڕووبوونەوە دژ بە گەندەڵی و گەندەڵکاران و بەفیڕۆدەرانی سامانی وڵات هەنگاو بنێت و لەو بوارەدا لێبڕاو بێت، بەبێ شک درز و مەودای نێوان هاووڵاتیان و حکوومەت کەم دەکاتەوە و هاووڵاتیانیش حکوومەت بە هی خۆیان دەزانن؛ هەر لەو ڕێگوزەرەیشەوە ئاسایشی نەتەوەیی بەهێز و بەهێزتر دەبێت. بەم پێیە حوکمڕان دەتوانێت متمانەی هاووڵاتیان بۆ داهاتوویش مسۆگەر بکات!
ڕێژەییبوونی دیموکراسی؛ کات و شوێن
کاتێک باس لە دیموکراسی دەکرێت، زۆر پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە دیموکراسی بابەتێکی ڕێژەیییه، چونکە له ته‌مه‌نی زیاتر لە دوو هه‌زار ساڵیی خۆیدا، به‌رده‌وام ڕووی له گه‌شه‌سەندن بووه. حوکمڕانیی سه‌ر به‌م چه‌مکه‌یش هه‌میشه جێی باس و لێدوان بووه، که سیسته‌می دیموکراسی له وڵاتێک‌دا چۆن به‌ڕێوه بچێت. شێوه‌ی داڕشتنی ده‌سه‌ڵات و میکانیزم، هەروەها ئه‌و چه‌مکانه‌ی که له کات و شوێنێکی دیاریکراودا ده‌سه‌ڵاتی دیموکراتیک پێناسه ده‌که‌ن، کامانەن؟ له کۆتاییدا، به چ شێوه‌یه‌ک ئه‌م سیسته‌مه ده‌توانێت باشترین به‌ڕێوه‌بردن (ئیداره) له وڵات‌دا سه‌قامگیر بکات، تا کۆمه‌ڵگه له گشت بواره‌کانیدا گه‌شه بستێنێت؟
دوو بۆچوون لەم بوارەدا هەمیشە جێی مشت‌ومڕ بوونە: ئاخۆ حکوومەتێکی تێکنۆکرات بێت کە بە ڕێگەی چەند پسپۆر و فەیلەسووفەوە وڵات ئیدارە بکەن، یان بە هۆی کەسانی لێهاتوو و شارەزاوە وڵات بەڕێوە بچێت؟ ئەگەر باس لە "حکوومه‌تی تێکنۆکراتی" دەکەین، پێویستە باس لە تەمەن و سەرهەڵدانی ئەم دەستەواژەیە بکەین کە ته‌مه‌نی ناگاته به سه‌د ساڵ و له لایه‌ن ڕۆشنبیران و نووسه‌رانەوە هاتۆتە ناو زانسته سیاسییه‌کانه‌وه و گه‌ڵاڵه‌ی فکریی بۆ داڕێژراوە.
حکوومه‌تی Technocracy به‌و مانایه لێک دراوەتەوە که سیسته‌می سیاسی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌بێ به هۆی که‌سانی تێکنۆکراته‌وه به‌ڕێوه بچێت، که پێکهاته‌ی ئه‌مانه بریتی ده‌بن له: ئه‌ندازیاران، ڕۆشنبیران، پیتۆڵ و کارناسان. به‌ڵام له جیهانی دیموکراسیی ناڕاسته‌وخۆدا (دیموکراسیی نوێنەرایەتی)، حکوومه‌تی تێکنۆکرات بەردەوام ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە بووەتەوە که ئاخۆ حکوومه‌تی تێکنۆکراتیک ده‌توانێت جێگه‌ی حکوومه‌تی دیموکراتیک بگرێته‌وه؟
پێشینه‌ی "تێکنۆکراسی" بۆ سه‌رده‌می یۆنانییه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ئه‌وکات به ناوی techno واته "هونه‌ر و زیره‌ک"ی و kratos به مانای ده‌سه‌ڵات لێک درایه‌وه و بە "ده‌سه‌ڵاتی زیره‌که‌کان و هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن" ناوی ده‌رکرد. یه‌کێک له‌وانه ئه‌فلاتوون (٤٢٨ – ٣٤٨ پ. ز) پێی وا بوو، کە "ده‌سه‌ڵات ده‌بێت له لایه‌ن "ئێلیت" واتە هه‌ڵبژارده (نوخبه)کانی کۆمه‌ڵگه‌وه به‌ڕێوه بچێت، هه‌روه‌ها پێویسته ئه‌وان به‌باشیی سه‌ریان له فه‌لسه‌فه‌یش ده‌ربچێت." ئه‌فلاتوون نه‌ک ته‌نیا له‌م بواره‌دا ئاڵقه‌یه‌کی گه‌لێک ته‌سکی بۆ چین و توێژه‌کانی سه‌رده‌می خۆی له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا دروست کردبوو، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت له بواری فه‌لسه‌فه و فێرکردنیشدا ئه‌م بازنه ته‌سکه‌ی پاراستبوو و گرینگییه‌کی تایبه‌تی به "ئێلیت"ه‌کانی کۆمه‌ڵگه ده‌دا. له‌سه‌ر ده‌رگه‌ی فێرگه به‌ناوبانگه‌که‌ی (ئه‌کادیمیا) دروشمی "که‌سێک که بیرکاری نه‌زانێت، بۆی نییه بێته ژووره‌وه"، چه‌مکی خەستی پاوان له لای ئه‌فلاتوون بوو، که هه‌م له بواری ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییه‌وه و هه‌میش له بواری فێربوون و فێرکردن‌دا خۆی نیشان ده‌دا.
له ڕه‌وتی زه‌مەندا، ئه‌م تێڕوانینه‌ی ئه‌فلاتوون جێی باس بوو و هاوکاتیش په‌ره‌ی پێ ده‌درا. "سه‌ن سیمۆن"ی فه‌ڕه‌نسی (١٧٦٠-١٨٢٥)، سۆسیالیستی پێش مارکس (١٨١٨-١٨٨٣)، باسی له‌وه ده‌کرد که له داهاتوودا، ده‌سه‌ڵات ده‌که‌وێته ده‌ست "پیتۆڵان" و "ئه‌ندازیاران"ی کۆمه‌ڵگه‌وه.
له ساڵی ١٩٣٢ و له سه‌رده‌می قه‌یرانی ئابووری له ئه‌مریکادا، له زانستگه‌ی کۆڵۆمبیا لە لایه‌ن چه‌ند ڕۆشنبیرێکه‌وه کۆمیته‌ی تێکنۆکراسی ڕاگه‌یه‌ندرا. ئه‌م کۆمیته‌یە پێی وا بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌م قه‌یرانه ئابوورییه ڕزگاری بێت، پێویسته تێکنۆکراته‌کان وڵات به‌ڕێوه به‌رن. حکوومه‌تی تێکنۆکراتیی ئه‌م نووسه‌رانه په‌یوه‌ندیی به قه‌یرانی ئابوورییه‌وه هه‌بوو که ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه، ده‌بێ ئه‌ندازیاران و کارناسان وڵات به‌ڕێوه به‌رن. ئه‌مە ته‌نیا گه‌ڵاڵه‌یه‌کی فکری بوو و به‌س. پێویسته ئه‌مه‌یش بگوترێت، که ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه به‌ته‌واوه‌تی له لایه‌ن حوکمڕانانی ئه‌مریکاوە وه‌لاوە نه‌نرا، بەڵکوو تەنیا له بواری ئابوورییەوە به داڕشتنی پلان و ڕاوێژکردن، که‌ڵک له تێکنۆکراته‌کان وه‌رگیرا، به‌ڵام حکوومه‌ت هه‌روا له لایه‌ن سیاسەتوانانه‌وه به‌ڕێوه دەچوو.
بەم هۆیەوە، جارێکی تر ململانێ له نێوان "ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ندازیاران" (حکوومه‌تی تێکنۆکراسی) و "حکوومه‌تی دیموکراسی" سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه و ئه‌و باسه‌یش هاته‌وه گۆڕێ، که کاتێک حکوومه‌تی دیموکراسی له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن پێک دێت و ئه‌م حکوومه‌ته‌یش ده‌بێ له به‌رامبه‌ر هاووڵاتیاندا وه‌ڵامده‌ر و به‌رپرسیار بێت، هه‌روه‌ها حکوومه‌تی دیموکرات، که ده‌بێ گوێ له هه‌موو چین و توێژێکی کۆمه‌ڵگه بگرێت، ئایا "حکوومه‌تی تێکنۆکراسی" ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی هه‌ن؟ ئه‌م باسه به زه‌ره‌ری تێکنۆکراته‌کان شکایه‌وه.
دیموکراسیی ناڕاسته‌وخۆ و ده‌سه‌ڵاتی لێهاتووەکان
له سیستەمی دیموکراسیی ناڕاسته‌وخۆدا (دیموکراسیی نوێنه‌رایەتی) که له لایه‌ن حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت و له‌م سه‌رده‌مه‌یشدا، به ڕێژه و پله‌ی جۆراوجۆر له وڵاته دیموکراته‌کاندا به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ئەم شێوە حوکمڕانییە له‌سه‌ر بنه‌مای پێنج خاڵی گرینگ، سیسته‌می سیاسیی وڵات به‌ڕێوه ده‌بات:
١- سیسته‌می ململانێی حزبی بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، که زۆرینه و که‌مینه‌ی لێ ده‌که‌وێته‌وه (دەسەڵاتی زۆرینە و پاراستنی مافی کەمینە).
٢- هه‌ڵبژاردنی ڕێکوپێک (له کاتی خۆیدا)، ڕه‌وا و ئازاد.
٣- ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆ.
٤- ڕاگه‌یاندنی ئازاد.
٥- پشتیوانی له مافی مرۆڤ.
به‌گوێره‌ی ئه‌م سیسته‌م و پێناسانه، "حکوومه‌تی تێکنۆکراسی" ناتوانێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕێوه به‌رێت، به‌ڵكوو له مێژووی مۆدێرنی ئه‌م چه‌ند ده‌یه‌دا، شێوه‌یه‌ک له حکوومه‌ت له وڵاته پێشکه‌وتووکانی ئه‌وروپا، ئه‌مریکا و شوێنه‌کانی دیکە پێک هاتووە، که به حکوومه‌تی Meritocracy واته حکوومه‌تی لێزان و لێوه‌شاوەکان ناوی ده‌رکردووه. له حکوومه‌تی "لێزان و لێهاتووەکان"دا که‌سانی خاوه‌ن توانا و لێوه‌شاوه به‌ڕێوه‌بەرن. مێژووی خزمه‌ت (ئەزموون) و پلەی خوێندەواری له دامه‌زراوه حکوومی و ناحکوومییه‌کان، هەروەها لێوه‌شاوه‌یییان بنه‌مایه بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات. پله‌ی خوێنده‌واری و ئه‌زموون له بواری کاروباری سیاسی، دوو کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کین بۆ شێوه حکوومه‌تی Meritocracy، که له‌مێژه له ئه‌وروپادا حوکمڕانی دەکات.
هۆکاره‌که‌یشی ڕێک بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که له کاتی هه‌ڵبژاردندا، کاتێک حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کان به‌رنامه‌ی کاریان بۆ چوار ساڵی داهاتوو پێشکه‌ش به هاووڵاتیان ده‌که‌ن، کۆمه‌ڵه که‌سی به‌توانایش له‌ناو حزبه‌که‌یاندا بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئاماده ده‌که‌ن. چاوخشاندنێکی خێرا به جوگرافیای سیاسیی ئه‌وروپا ئه‌مه ده‌رده‌خات، که وه‌زیر، جێگر و سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌م وڵاتانه گشتیان سه‌رۆک و ئه‌ندامانی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کانن، که ئاڵقه‌ی سه‌ره‌کیی بەڕێوەبردنی وڵات له‌ده‌ست ئه‌وانە، بێ شک بە پەرلەمانیشەوە. له بواری ڕاوێژکارییشدا له‌سه‌ر بنه‌مای "زیره‌کی، لێوه‌شاوه‌یی و توانایی"، که‌سه‌کانی خۆیان ده‌ستنیشان ده‌که‌ن و لە مەیدانی بیرکردنەوە و بڕیاردانیشدا دەوری زۆر گرینگ دەگێڕن و دەبنە بەشێک لە پرۆسەی بڕیاردان!
به‌ڵام له پاڵ ئه‌مه‌یشدا، سه‌رتاپای دامه‌زراوه حکوومییه‌کان به‌حزبی ناکه‌ن، به‌ڵکوو لە ئاستی خوارەوەی دامه‌زراوه‌کاندا دەور بە که‌سانی پسپۆر، کارناسان، هه‌روه‌ها له بواری ئابوورییشدا، شوێن بە ئه‌ندازیاران ده‌درێت. واته که‌سێکی لێوه‌شاوه و گونجاو بۆ شوێنێکی گونجاو.
بێ‌شک ناکرێت مێژووی دیموکراسی، پێشکه‌وتن و گەشە جیهانییەکەی به هه‌رێمی کوردستانه‌وه گرێ بده‌ین، یان پێی بچوێنین و لە کۆتاییدا دەقاودەق لە هەرێمی کوردستان پیادەی بکەین. پێویستە و دەبێ دیموکراسی بەگوێرەی ڕێژە و ڕەوتە مێژوویییەکەی سەیری بکرێت، به‌ڵام ده‌کرێت و پێویسته له وڵاتی ئێمه‌یشدا گشت دامه‌زراوه حکوومییه‌کان، به ڕاوێژکاره‌کانیشیانه‌وه، بیرێکی جددی له "لێوه‌شاوه‌یی، زیره‌کی و توانایی"ی ئه‌و که‌سانه بکەنەوە، که له داموده‌زگه حکوومییه‌کاندا داده‌مه‌زرێن. مه‌رجی سه‌ره‌کی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی ژیرانه، "لێوه‌شاوه‌یی، زیره‌کی و توانایی"ی ئه‌و که‌سانه‌یه که حوکمڕانیی وڵات ده‌که‌ن. بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر کارەکان و وڵامدەری لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا، دوو بنەمای هەرە سەرەکین لە حکوومەتی لێهاتوو و لێوەشاوەکاندا.
کوردستانێکی بەهێز، لە گرەوی خزمەتگوزاری، دابینکردنی ئازادییەکان، سەروەریی یاسا و پاراستنی یەکەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سوپاییی هەرێمی کوردستاندایە؛ گشتی ئەمانەیش بە کابینەیەکی بەهێز، ئازا لە بڕیاردان، واتە حکوومەتی شارەزا و لێهاتووان دەکرێت!