محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی تاران
پوختە
لەسەردەمی پێشکەوتنی ڕەهوانئاسای جیهان، یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی دەوڵەتانی دواکەوتوو ئەوەیە کە بەزانایی سوود لە توانای سەرمایەی مرۆیی، کە سەرەکیترین ئامرازی پەرەسەندنە، وەرناگرن؛ ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی سیاسەت و بەرنامەکان تووشی گێژاو بن یان بە شێوەی هەوڵ و هەڵە بچنە پێش، نەک بە ستراتیژییەکی دووربینانە. دواجار دەکەونە ناو قەیران و ناچار هەر ڕۆژەی بەرنامەیەکی سیلدار و نەساغ لە ئامانج بار دەکەن. ئاکامەکەی دەبێتە بێهیوایی و ماندووبوونی دەستەبژێرەکان، تێچوویەکی زۆر، نەمانی متمانە، کزبوونی حەزی بەشداریکردن، شکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و لاوازبوونی ڕیوایەتی ڕەوایەتی. هۆیە سەرەکییەکهی ئەوەیە ناشایستەسالاری، بەئەنقەست یان بەنەزانین، بۆتە دیاردەی دەوڵەتەکانی دواکەوتوو. ئەم نووسینە لە گۆشەنیگای "یۆرگن هابێرماس" تیشکی خستۆتە سەر تا و پەتای ناشایستەسالاری بەهۆی هەڵەتێگەیشتن لە دامەزراندنی دەوڵەتی تەکنۆکرات.
سەرەتا
لەبەر چرای شیعری هێمن (دوای نەجات، بۆ ئاوەدانی و خۆشیی خاپوورە وڵات ــــــ کۆمەڵێکی چاک و پاک و ڕاست و وردبینم دەوێ) ڕێڕوونییەک لە زەیندا دەنەخشێ ئەویش ئەوەیە کە، پێشکەوتن تەنیا بە زانایانی هەمەلابین و وردبین دێتە دی. بە واتایەکی دیکە، "لە هیچ شوێنێکی دونیادا مۆدێرنیزاسیۆن و گۆڕانی بنچینەییی کۆمەڵگه لە خوارەوە دەستی پێ نەکردووە" (کاتوزیان و قربانپور، 1386)، هەمیشە دەستەبژێرە هزرییەکان سوکانداری ڕەوتسازیی گەشەسەندن بوونە. لەم سەردەمەدا وەک چۆن یاریزانێکی تۆپی پێ کڕیاری ڕکابەرانەی هەیە، دامەزراوە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانیش لە هەوڵی دۆزینەوە و دانانی کەسانی شایستەن بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانیان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان. لێستر تارۆ، تیۆریسیەنی ناودار، پێی وایە کە لە هەزارەی سێیەمدا سەرەکیاتی ڕکابەرایەتی بریتییە لە ئاستی باڵای هۆش، زانایی، زانستی ژیرانە و شایستەییی هێزی مرۆیی، نەک بەتەنیا سەرچاوەی دیکەی خودادی وەک نەوت. (قهرمانی، 1385) بەڵام یەکێک لە کۆڵەوارییەکانی کۆمەڵگه بەجێماوەکان ئەوەیە کە شوێنی دەستەبژێرانی ژێهات بەرتەنگە یان بەرەواژییە.
لە زۆر وڵاتی ئایدۆڵۆگدا ئەم کارە بەئەنقەست دەکرێت؛ واتا دەسەڵاتپەرەستەکان حەز بە ڕوخساری لێهاتووان ناکەن و ڕەشاییی لەشکری ڕەشۆکان بە چینی ناوەند و توێژی ڕۆشنبیران ناگۆڕنەوە. ئاکامی ئەم جۆرە دەوڵەتانە، درەنگ یان زوو، جگە لە تۆماری خاڵی تاریکی مێژوو و بوون بە سووژەی ڕەخنەی تەنزاویی هونەرمەندان و کەوتنە ناو کەنداڵی قەیران و گڵۆڵە هەڵدێران، هیچی تر نییە. گۆ و دوانی ئەم قەڵەمە لەسەر ئەوان نییە، بەڵکوو تیشکی وتار بۆ ئەو وڵاتانەیە کە حەز و خوازەی پێشکەوتنیان هەیە، بەڵام بەهۆی نەزانینی نوخبە ئامرازییەکان (Power Elites) ناتوانن بۆ سازکردنی حکوومەتێکی شیاوسالار ئێسكبهنییهكی لۆژیکانە بۆ دەوڵەت هەڵچنن. بەو تێڕوانینەی کە پایەکانی شایستەسالاری بریتییە لە شایستەویستی، شایستەناسی، شایستەدۆزی، شایستەگیری، شایستەپەروەری، شایستەداری و دواجار شایستەدانان (شیخ اسمعیلی، 1390)، زۆر جار وێڕای ویست، بەهۆی وردنهبوون و کەمسەرنجی، لاڕێیی دروست دەبێت. لەم نووسینەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێین کە بۆچی حکوومەتی شیاوسالار، لەناو ئەو دەوڵەتە جیهان سێیەمیانەی کە مەیلی شایستەخوازییان هەیە، دروست نابێت؟ گریمانەی سەرەکی ئەوەیە کە لاوازیی تێگەیشتنی زانستیانە لە ناسینی شیاوان و هەڵگرتنی دروشمی تەکنۆکراسی دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی ناشیاوسالار (Kakistocracy).
چاوگی تیۆریی ئەم بابەتە بە چاویلکەی چەمکی مریتۆکراسی (Meritocracy) دەبیندرێت کە بە واتای لایەنگری لە گوتاری لێهاتوویی و لێوەشاوەیی دێت؛ جێپێی کۆنفۆسیۆس و ئەفلاتوونیش، وەک یەکەمین ئەو کەسانەی کە باسی شایستەسالاری دەکەن (رشیدی، 1383)، لەم نووسینەدا دیارە. جۆرناسی و میتۆدی لێکۆڵینەوە، شێوەی وەسفی و شیکاری ئاناتۆمییە بەمەبەستی خەسارناسی؛ بەشی بابەتیی وتاریش وەرگێڕانی ڕاستەوخۆیە. لەم نووسینەدا مەبەست لە چەمکی شیاوسالاری، هەڵبژاردن و دانانی کەسانی زانا، ژیر و خاوەن ئای-کیۆ (IQ)ی باڵا، لێزان، ئاستبەرز، وردبین، چەندڕەهەندبین، پسپۆڕ و شارەزای چەندوارین بۆ بەڕێوەبردن و کاروباری دەوڵەتی.
چییەتیی چەمکی شیاوسالاری
هەویری شایستەبوون و ناشایستەبوون بەپێی پێناسە زۆر و جیاوازەکان ئاوێکی زۆر هەڵدەگرێت. مایکل یۆنگ شایستەسالاری وەک سیستەمێک پێناسە دەکات کە تێیدا هەل و بەستێن بۆ کەسانی ڕێبەر و بەڕێوەبەری دەستەبژێر و توانامەند ساز دەبێت. (Young, 1985) هەروەها کەسانی وەک بیلتۆن، مەک کێل لەند و لاوسون وگارود هەر یەکەی پێناسەی خۆی بۆ شایستەبوون هەیە (حبی، 1390: 17) و، دەکرێ بڵێین هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە هەڵبژاردنی کەسەکان بەپێی توانا، زانست، ژیرایەتی و عەقڵانییەت، زەمینەی ڕەوتسازی بۆ شایستەسالاریی پێوەیە. لەم ڕوانگانەوە، شیاوسالاری پێویستییهکی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنە کە تێیدا بەرپرسان لەسەر بنەمای توانایی و شایستەیی دەستنیشان دەکرێن نەک لەسەر بنەمای دەسەڵاتی ماددی، پێگەی کۆمەڵایەتی، خزمایەتی، دۆستایەتی و تیمی تایبەت. بەپێی سەردەمی زانستمەدارانە و تەکنەلۆژی و گۆڕانی سەرسوڕهێنەری پیشەسازی، گرینگیی هێزی مرۆیی زیاتر لە جاران دەرکەوتووە؛ ئەمە وای کردووە دەوڵەتەکان زیاتر بەرەو سیستەمی شایستەسالاری هەنگاو بنێن. لەناو کۆمەڵگەی شایستەسالار شتی وەک قەبیلەگەرایی، حزبسالاری و خزمسالاری جێی نابێتەوە. (وقار، 1398) سیستەمی شایستەسالار سیستەمێکە کە تێیدا کەسانی پێکراو لە کاتی گونجاو لە شوێنی شیاو دادەندرێن و بەمەبەستی پێکانی ئامانجە باڵاکان سوودیان لێ وەردەگرن. بە زمانی سادە، بەپێی پەندی "سپاردنی کار بە کارزانان" لێرەدا زیاتر لەم بابەتە ورد دەبینەوە و بابەتەکە دێنینە ناو باسی تەکنۆکراتیزم و لەگەڵ نیگای سیاسی و سیاسەتی، بەراوردی دەکەین.
زیانناسیی ناشایستەسالاری
ڕووی زیانناسی لەسەر بەهەڵە تێگەیشتن لە دروستکردنی دەوڵەتێکی شیاوسالارە کە پێوەری پێگۆڕیان بۆ شایستەیی دیاری کردووە. بۆ وێنە بڕوانامەتەوەری بۆتە پێوەرێکی گرینگ لەم جۆرە وڵاتانە بە بێ ئەوەی بیر لە هاوسەنگیی نێوان بڕوانامە، ماکی زانست، عەقڵ و کەسایەتی کەسەکە بکرێتەوە. ڕیشەیەکی بەهەدەردانی سەرمایەی شیاوان لەم جۆرە وڵاتانە، سەرهەڵدانی دیاردەی نەناسینی شایستەسالاری درۆیینە لەسەر پێوەر و هەڵسەنگاندنی دەرەجەی قوتابیانی دەرەجەبەرز و ئاستنزم و هۆشکۆڵ. ڕەگیشی بۆ خزمایەتی، حزبایەتی و بازنە و تاقمی تایبەت دەگەڕێتەوە. هەندێک جاریش پلەبەرزبوونەوە وەک پەیژە دەبیندرێت و پێیان وایە ئەو کەسەی ئەوەندە ساڵە بەڕێوەبەری گشتی بووە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ببێتە وەزیر.
هەروەها، لە ئایدیۆلۆژیکترین وڵاتیشدا، کە تەنانەت هونەرمەند و پەیامنێرانیش بە مەتر و پێوانی "خۆیی" و "ئەو"ی تر دەستنیشان دەکرێن، بەدەگمەن هەبووە کە کاروباری سیاسەتی و ئیداری و پەرلەمانی بدرێتە سێلێبریتییەکان؛ مەگەر ئەوەی هونەرمەند و میدیاکارەکە پسپۆرێتیی ڕاستەقینەی هاوتەریبی هەبێت. بەپێچەوانەوە ڕەنگە ئەوە بەدی بکرێت کە کەسێکی سیاسەتمەدار دوای خانەنشینی و دوورکەوتنەوە لە مەیدانی سیاسی، بێتە ناو واری هونەری و میدیایی یان کەسێکی سیاسی وەک ڤلادیمێر پووتین لایەنی هونەرییشی هەبێت، بەڵام ناکرێت تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێک لەناو کەشی دیموکراسیی کۆمەڵەکیی دیجیتاڵی (mass democracy in the age of digital) و بزووتنەوەی زەرد (yellow vest movement) و میدیای ئۆلیگارشیک ناوی دەرکردووە کارێکی پسپۆڕانەی ئاڵۆزی پێ بسپێردرێت. بەتایبەتی لەو سەردەمە پڕرکابەرەی دیموکراسیدا کە سەرکەوتن و داکەوتنی سیاسەتێک کاریگەریی بۆ سەر شهرعییهتی دەسەڵات دەبێت و داهاتووی دامەزراوە و ڕێکخراوەکان بەندە بە هەبوونی بەڕێوەبەر و سوکانداری بەتوانا، تیژبین و لێزان، لەناو کۆمەڵگەدا ڕەوایەتی بەو کەس و لایەنە دەدرێت کە لێوەشاوەتر بن. هەروەها ناکرێت تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێک بڕوانامەی هەیە، بکرێتە ناخودای زانکۆ و وەزارەتێک؛ تەنانەت ئەگەر بڕوانامە و پسپۆڕییەکەی لەگەڵ زانست و کەسایەتییەکەی هاوسەنگ بێت، دیسان ناکرێ کاری دەوڵەتی پێ بسپێردرێت، چونکە کاری بەڕێوەبەری و دەوڵەتی، هەندێک تایبەتمەندیی دیکەی بانتەکنیکی (meta-technical) گەرەکە.
لە ڕوانگەی ئیپیستمۆلۆژی، عەقڵانییەت بەرزترین توخمی سەردەمی مۆدێرنیتەیە. یەکێک لە مەترسییە نادیارەکانی بەردەم ڕەوتی پێشکەوتن، پەیوەندیی بە لاوازیی عەقڵی فرەڕەهەندبینییەوە هەیە کە لە ئەنجامی هەڵگرتنی دروشمی تهكنۆكراسی (Technocracy) و دروستکردنی عەقڵانییەتی ماشینیزم (Mechanism) لە دوورمەودادا ڕوو دەدات. لە ڕوانگەی پەرەسەندن ڕەنگە ئەو کاتە وڵاتێک پێش بکەوێت کە سیاسییەکان بوار بە تەکنۆکراتەکان بدەن و کەشی تەکنۆ-سیاسی (Techno-political) ساز بێت. ئەم وتەیە تا ئێرە ڕاستە، بەڵام لە دیدگەی یۆرگن هابێرماس عەقڵی ئامرازی و تەکنیکی بەتەنیا عەقڵێکی سنووردارە (پولادی، 1383: 52).
کاتێک تەکنۆکڕاتێک بەبێ شارەزایی لە واری زانستی سیاسی، سیاسەتی و کۆمەڵناسی بە عەقڵێکی ئامرازیانە (Instrumental rationality) تەنیا بە لۆژیکی ژمارەكانی بیرکاری بێتە جێگەی سیاسەتزانێکی بانتەکنیکی، بەهۆی نیگای تەسکی تاکەڕەهەندییهوه زیانێکی قەرەبوونەکراو بە ڕەوتی بەڕێوەبردن دەگەیهنێت. ئەم بۆچوونە وەک ئەوە وایە پسپۆڕێکی ئەندازیاریی میکانێک بکرێتە وەزیری پیشەسازی کە کارێکی زیانهێنەرە. زۆر لە دەوڵەتە دواکەوتووەکان بەو خەیاڵەی کە شیاوسالاری بونیاد دەنێن، بۆ نموونە، دێن پسپۆڕێکی گیای بژار (weeds control) دەکەنە سیاسەتدانەری واری کشتوکاڵ، بەبێ ئەوەی پسپۆرەکە زانستی بەرنامەڕێژی، بەڕێوەبردن و سیاسەتی هەبێت. یان وەرزێرێکی زۆر بەئەزموون دەکەنە بەڕێوەبەرێکی واری کشتوکاڵ، بەبێ ئەوەی وەرزێرەکە لە کاری بهڕێوهبردنی کشتوکاڵی سەر دەربێنێت. ئەم جۆرە نەزانینکارییە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی تەکنۆکراسیی ناشیاوسالار و دواجار زیانی زۆری بۆ ڕەوتی پێشکەوتن دەبێت. تیرێژی ئەم بابەتە زیاتر لەسەر حکوومەتی تەکنۆکراتیستییە و لەو كۆڵانهوه دەچینە ناو خوێندنەوەی بابەتییانە.
خوێندنەوەی بابەتی: وەزارەتخانەکان
لەم بەشەدا لە وێنەی گشتالت (Gestalt) و گشتبین، دێینە سەر لقە نموونەیەکی بابەتی کە وەک فەکتێک خۆ دەنوێنێت و لە لایەنە کوالێتییەکەی ورد دەبینەوە. لە وڵاتانی پاشکەوتوو زۆر کەسی ڕۆشنبیر و شاعیر دەکرانە وەزیری فەرهەنگ؛ هونەروەری زۆر بەرز دەکرایە وەزیر کە لە لایەک لە کاری سەرەکیی خۆی دوور دهخرایەوە، لە لای ديكه کاری جێبەجێکاری و دەوڵەتداری، کاری ئەو نەبوو. تەنانەت مۆسیقارێکی بەتوانا دەکرایە بەڕێوەبەر و حکوومەتدار؛ لە ئاکامدا هەم زیان بە واری هونەر دەگەییشت، هەم کاری حکوومەت و بەڕێوەبردن وەئامان دەهات. هۆیەکەی ئەوەیە کە ئەم جۆرە دەوڵەتمەدارانە وا دەزانن ڕۆشنبیرێک دەتوانێت ببێتە وەزیری فەرهەنگ. بەپێچەوانەوە کەسێکی بێهونەر کە زانستی فەرهەنگسازی و سیاسەتی فەرهەنگیی هەبێت، بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتی فەرهەنگ زۆر باشترە لە هونەرمەند، شاعیر و ڕۆشنبیرێک کە جیاوازیی نێوان فەرهەنگسازیی سۆبژێکتیڤیتە و ئۆبژێکتیڤیتە و سیاسەتی فەرهەنگیی پۆزەتیڤیتیستی نەزانێت و شارەزاییی زانستییانەی لەبارەی فەرهەنگسازیی ورد و درشت، فەرهەنگسازیی تاکڕەهەندی، بەستێنسازیی فەرهەنگی، پەرەسەندنی فەرهەنگی و تواناسازی (Capacity building) نەبێت. ئاکامی ئەم نەزانینکارییە دەبێتە هۆی ئەوەی هەر کەسە لە پسپۆڕی و هونەری خۆی لا بدات و پێی وا بێت تەنیا پلە و پایەی دەوڵەتی، ڕێزهێنەرە و هەموو کارێک بکەن تا بگەنە پێگەی بەرپرسێکی چوار یان چەندساڵە. ئاکامی ئەم کارە وەک ڕۆژی ڕوون دیارە کە چۆن کۆمەڵگە بەرەو نەزانینگە غلۆر دەبێتەوە. ئەم جۆرە وڵاتانە پێیان وایە کەسانی تەکنۆکرات و پسپۆڕ دەتوانن و دەزانن کاروباری حکوومەت و بەڕێوەبردن بەڕێوە بەرن. بێ ئاگا لەوەی کە ئەم پێوەرە ئەندازیارییانە بەرتەسک و ناڕەهەندبینە بۆ پەرەسەندنی هاوسەنگ دەبێتە هۆی ئەوەی نیگای سیاسی و سیاسەتی و بەرنامەڕێژی لە کزیی بدات؛ تەنانەت زۆر لە ڕژێمهكانی دەوروبەر بەهۆی زاڵبوونی نیگای ئەندازیارانەی خوار و خێل ڕووخاون. ئەم جۆرە ناشیاوسالارییەی کە لە ئاکامی سپاردنی کاروباری دەوڵەت بە تەکنۆکراتەکان دروست دەبێت، ڕوویەکی شاراوەی هەیە و لێکەوتی زۆر خراپترە لە دانانی هونەرمەند و میدیاکارێک بۆ کارێکی هەستیار و پڕپێچی دەوڵەتی. لێرەدا وەک نموونە سەرنج دەدەینە ڕەوتی ناشیاوسالاری لەناو وەزارەتخانەکانی وڵاتانی دواکەوتوو.
لە خوێندنەوەی نموونەیی، بەو پرسیارانە دێینە پێش کە ئایا وەزیری پیشەسازی دەبێ ئەندازیار بێت؟ وەزیری تەندروستی دەبێ پزیشک بێت؟ وەزیری کشتوکاڵ دەبێ پسپۆرێکی کشت و چاندن بێت؟ زۆر کەس بە ئەرێ وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە و پێیان وایە دەبێ هەر وەزیرەو بەپێی ناوی وەزارەتخانەکە پسپۆر بێت. بێ گومان وەزارەتخانەیەک پسپۆریگەلێکی تێدایە؛ بە گریمانەی پسپۆرێتی، وەزیرێک دەتوانێ تەنیا لە یەکێک لە پسپۆڕییەکان، لەچاو دەیان پسپۆریی دیکە، شارەزاییی هەبێت و لە بەشەکانی دیکەی هەمان وەزارەتخانە ئەگەر وەک خەڵکی ئاسایی نەبێت لانی کەم لێی نازانێت. پرسیاری گشتیتر ئەوەیە، ئەدی پسپۆریی پێویست بۆ پیشەی وەزارەت چییە؟
وەزیر دەبێ چ پسپۆرێتییهكی هەبێت؟ نموونەوەڵام ئەوەیە کە، بابەتی پزیشکی پەیوەندیی بە لەشی مرۆڤەوە هەیە، لە کاتێکدا بابەتی وەزارەتی تەندروستی، بەرنامەڕێژی و سیاسەتدانانە بۆ سیستەمی تەندروستی، بوودجە، بەڕێوەبردنی هێزی مرۆیی و شتی لەم جۆرە. هەرچەندە ئاشنابوون بە زانست و پیشەی پزیشکی یان پسپۆربوون لە یەکێک لە دەیان پسپۆرێتیی واری پزیشکی ڕەنگە بەسوود بێت، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمهكانی تەندروستی، ئەم پسپۆرێتییه مەرجی پێویست نییە؛ تەنانەت هەندێک جار پزیشکایەتیی وەزیر بۆ وەزارەتی تەندروستی زیانبهخشیشە. هەروەها بابەتی زانستی کشتوکاڵ، لەخۆگری بابەتی وەک داچاندن، ئاودێری و دروونە، لە کاتێکدا وەزیرایەتی لە وەزارهتی کشتوکاڵ پێویستیی بە زانستی بەڕێوەبردنە لە واری کشتوکاڵ کە هاوشێوەی زانستی کشتوکاڵ و داچاندن نییە. ئەم لۆژیکە بۆ گشت وەزارەتەکان، کەم و زۆر، هەر ڕاستە. بۆیە پێویستە لەبارەی چییەتیی "پسپۆریی وەزارەتی"، لێکۆڵینەوە بکەین نەک تایبەتمەندیی وەزیر. (اشتریان، 1395)
چییەتیی وەزیرایەتی
یەکەم، فرەزانی لە تیۆرییەکانی سیاسەتی و تیۆری پەیوەندار بە وەزارەتخانە: یەکەمین پسپۆری بۆ وەزیرێک، توانای تەدبیری تیۆرییە بۆ بهرهوپێشبردنی کاروباری وەزارەتخانە. وەزیر دەبێ دەرکی تیۆریی لەبارەی وەزارتخانەی خۆی هەبێت و بتوانێت گرینگترین مۆدێلەکانی حوکمڕانیی تایبەت بە وەزارەتخانەکەی خۆی بزانێت و توانای بهكرداریکردن و خۆماڵیکردنی تیۆرییەکانی هەبێت. بۆ وێنە، شته سەرەکییهكانی بەشێکی پیشەسازی لەچاو بەشێکی دیکە بزانێت یان لۆژیک و مۆدێلی پێشکەوتن لە وارێکی پێشەسازی (پیشەسازیی پارچە یان پیشەسازیی ناکانزایی یان تەکنیکی پەیوەندی و زانیاری)، کە پێویستی بە شیکاری پیشەیی، ئابووری، مێژوویی و کۆمەڵایەتی هەیە و لەناو چوارچێوەی تیۆرێکی سیاسەتی یان بەڕێوەبەری سیستەماتیکدا ئەگەری دەبێت، بزانێت. تیۆریسیەنبوون تایبەت نییە بە فەیلەسووف و چواردیوار و بانی ئاکادیمیک؛ وەزیرێک ئەگەر تیۆریسیەنیش نەبێت لانی کەم دەبێ تێگەیشتنێکی ڕوونی لە تیۆرییەکانی سیاسەتی بۆ کاروباری خۆی هەبێت. زۆر ساویلکانەیە ئەگەر پێمان وابێت وەزارەتخانەکانی وڵاتانی پەرەسەندوو، تەنیا گیرۆدەی کاروباری ڕۆتینی ڕۆژانەن. زۆربەی سیاسەتەکانی وەزارەتخانەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو مۆدێلی سیاسەتییان (Policy model) هەیە.
دووەم، فرەزانی لە بەڕێوەبردنی زانستە پەیوەندارەکان بە وەزارەتخانە: یەکێک لە پسپۆرییە پێویستەکان بۆ وەزیرێک، توانای بەڕێوەبردنی زانستە (knowledge management) جۆراوجۆرەکانی پەیوەندار بە وەزارەتخانە و هەڵێنجانی ڕێکارە لە کۆی ڕاوێژکاره پسپۆرەکانی خۆی. وەزارەتخانەیەک بەپێی ئەو جۆراوجۆرییەی کە هەیەتی، لەگەڵ کارناس و پسپۆری جیاواز لە پەیوەندیدایە؛ لە بوودجە و بەرنامەڕێژی بگرە تا دەگاتە پسپۆریی ورد و بابەتی تایبەت بە وەزارەتخانە، دەبێ گرێدان و تێکەڵکردن و هاوێریان بۆ بکرێت تاکوو سیاسەت و هەنگاوی پێویستی لێ دەربهێندرێت. هونەری وەزیرێک لەوەدایە کە بتوانێت بەڕێوەبردنی زانستی (knowledge management) پێویست بکات. سەرچاوهی زانستی، پیشەیی، ئەزموونی و بیری جۆراوجۆر، وەک سەرچاوەی دارایی و ئیداری، پێویستییان بە زانستی بەڕێوەبردنە. ئەگەر وەزیر توانای بەڕێوەبردنی ئەم زانستانەی لاواز بێت و خۆئاگایی و هۆشیاریی لەبارەی ئەم زانستانەوه کەم بێت، بۆشایییەکی گەورە لەناو سیستەمی بەڕێوەبردن دروست دەبێت؛ بەتایبەتی ئەگەر بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان تەنیا لە سەرچاوەی دارایی و ئیداریدا ببیندرێت و نەخزێندرێتە ناو سەرچاوەی زانستی.
بەڕێوەبردن، پسپۆڕی و تەکنیک و زانستی جۆراوجۆر لەناو وەزارەتخانەیەکدا، خۆی پیشە، پسپۆڕی و لێزانییە کە پێویستیی بە ڕاهێنان و شارەزایی هەیە. ئەم جۆرە پسپۆڕییە کەمتر دەبیندرێت و لە زانکۆکانیشدا بە شێوەیەکی ڕوون باس ناکرێت. هیچ دامەزراوەیەکیش ئەرکی پەروەردەی کەسانی ئاوای بەپێی ئەم پێوەرانە هەڵنەگرتووە. ئاكامەکەی دەبێتە ئەوەی کە، لە پلەی یەکەمدا پێوەر و شته سەرەکییهكانی دەستنیشانکردن بۆ وەزارەتی تەندروستی ببێتە پسپۆری لە مێشک یان هەناو، یان بۆ وەزارەتی پەروەردە، پسپۆرێکی فێرکاریی سەرەتایی بکرێتە وەزیر، یان بۆ سوکانداریی وەزارەتی کشتوکاڵ پسپۆرێکی گیای هەرز دابندرێت، کە یەکێکە لە پسپۆرییە گرینگ و بهنرخهکانی واری کشتوکاڵ و، سەرنج نادرێتە ئەوەی کە پسپۆڕیی گیای هەرز و بژار تەنیا یەکێک لە سەدان پسپۆرییە کە دەبێ لە وەزارەتی کشتوکاڵدا بەهەند وەربگیرێت و ئەم پسپۆرییە بەتەنیا پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبردن و سیاسەتی کشتوکاڵییەوە نییە.
سێیەم، پسپۆریی سیاسی: مەبەست لە پسپۆریی سیاسی، هەبوونی بڕوانامەی زانستی سیاسی یان سیاسەتی گشتی نییە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە کاری بەڕێوەبەری لە بەشی دەوڵەتی، سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسییە لە کەشێکی پڕ لە بەرژەوەندی. سیاسەت خۆی زانستی دەسەڵات، سەپاندنی دەسەڵات و نفووز و ئیرادەیە. مەیدانی دەوڵەت مەیدانێکە کە دەسەڵاته جۆراوجۆره کۆمەڵایەتییهكانی تێدا دەردەکەون. توانای سازکردنی تێگەیشتن، کۆسازی، بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ڕێژەیی، بڕواپێهێنانی تاکی و کۆیی، کۆکسازیی دەسەڵاتەکان و شکڵدانی ئیرادەی سیاسی، گرینگترین ئهركی دەوڵەتەکانە کە لەلایەن سیاسەتمەدارانی پیشەیییهوه دێتە دی. ڕاستییهكهی، سەرەکیترین تایبەتمەندیی کاراییی دەوڵەت، توانای شکڵدان و شکڵگرتنی ئیرادەی سیاسییە. ئەگەرنا، هێزە فرە و جیاوازەکانی ناو دەوڵەت و حکوومەت، کە مەیلی دوورییان هەیە، دەوڵەت تووشی ترازان دەکەن. "پسپۆڕیی سیاسی"، تەکنیک و هونەرێكه کە بەهۆی نەبوونی زانست و هۆشیاری و خۆئاگاییی تەواوهوه، زۆر کەسی تووشی لادان و لادەری کردووە. زۆر کەس پێیان وایە سیاسهتكردنی وەزیرێک بریتییە لە فریوکاری، باجدان، دووڕووی و چەندڕوویی. یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە سیاسەت لەگەڵ فریوکاری، تاقمبازی، ناڕاستی و نامەردی وەک یەک دادەندرێت و ئەمە بۆتە نموونەی چالاکیی سیاسیی هەندێک لە لاوان. لەبیرمان نەچێت کە ڕاستی و ڕاستکاری باشترین سیاسەتە. سیاسەتزانی، زانست و توانایی و لێزانیی پیشەییی خۆی گەرەکە. (اشتریان، 1395)
چوارەم، شارەزایی لە کاروباری وەزارەتەکانی دیکە: پێویستە وەزیر لە وارەکانی بەشەکانی دیکەی دەوڵەتدا شارەزایییەکی باشی هەبێت بۆ ئەوەی بەرنامەکان یەکتر نەبڕن و گەشەسەندنی هاوسەنگ دروست بێت. لە ژاپۆن زۆربەی وەزارەتەکان گەورەن و چەندین بەشی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرن، بۆ ئەوەی بەرنامە و سیاسەتەکان پارادۆکس (لێكدژی) دروست نەکەن و بوودجەکان بەهەدەر نەڕۆن. لە وڵاتێک کە وەزارەتەکان ناهەماهەنگ و جیا بن، پێویستە دەرکی وەزیر لە وارەکانی دیکە ڕند بێت. شایانی باسە پێڕستی پسپۆرییەکان بەم چوار شتە سنووردار ناکرێت و کۆمەڵگەی سیاسی پێویستیی به گفتوگۆی زیاتر ههیه لهم وارهدا.
دەرەنجام
شایستەسالاری قوماشێکی قەوارە بەرینە و لە وتارێکدا هەڵناوێزێندرێت. سەردەم، سەردەمی شایستەسالارییە و ئەو دەوڵەتانەی بەم ڕێگهیەدا نەڕۆن، ڕەوتی پێشکەوتنیان لاڕێ دەبێ. بەپێی ئەو زیانناسییەی لێرەدا تیشکی بۆ هاوێژرا، دەرکەوت کە ئەو دەوڵەتانەی تێگەیشتنی هەڵەیان بۆ شیاوسالاری هەیە نائاگایانە ستراکچەری دەوڵەتی ناشاستەسالار دادەمەزرێنن. نادیدەگرتنی دیدی سیاسی، سیاسەتی و بانتەکنیکی و زاڵکردنی ڕوانگەی پسپۆرگەراییی تاکڕەهەندی، دەبێتە هۆی تەسکبینی و لاوازیی سیاسەت و نەبوونی ستراتیژی؛ بەرهنجامی تەکنیکسالاریی تەنگبینانە دەبێتە هۆی تێکشکانی ئامانجەکان و دروستبوونی شێوازی بەڕێوەبردنی ماندوو و هێواشی گلان و هەستانەوە. گریمانەی سەرەکیی ئەم وتارە لێرەدا دەبێتە وەڵامێکی سەلمێندراو، ئەويش ئەوەيە کە نەناسینی شیاوان، هەڵگرتنی دروشمی تەکنۆکراسی و ئەندازیارگەرایانە، بەبێ نیگای فرەڕەهەندی و قووڵ، دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی ناشیاوسالار و کورتمەودا و لەدەستدانی شهرعییهت لە دوورمەودا. بەگوێرەی خوێندنەوەی بابەتی، پێویستە وەزیرێک توانای سوودوەرگرتنی لە مۆدێل و تیۆرییەکانی ژێرکۆمهڵهی (بهشهكۆمهڵه) خۆی هەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە وەزیر تیۆریسیەنی زانستی بەڕێوەبردن و سیاسەت بێت. وەزیر دەبێ وەک چۆن سەرچاوەی دارایی و ئیداری بەڕێوە دەبات، دەبێ توانای بەڕێوەبردنی زانستی دامەزراوەیی و نادامەزراوەیی، بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجە سیاسەتییەکانی هەبێت. دەبێ وەزیرێک لێوەشاوەییی پێویستی بۆ سازکردنی کۆدەنگیی سیاسی هەبێت و لە واری هەموو وەزارەتەکان شارەزاییی هەبێت و دیدگهیەکی فرەجۆر و فرەڕەهەندی هەبێت، بەتایبەتی لەو سەردەمەدا کە زانستە "نێوان زانستی"یەکان برەویان سەندووە. لەم ديدگەیەوە هەر کات کار بە کاروانی کارزانان سپێردرا، ئەوکات دەوڵەتێکی شایستەسالاری بانتەکنیکی، هەمەلابین، وەڵامدەر و شهرعی بونیاد دەنرێت.