محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان/ زانکۆی تاران
پوختە
ئەم نووسینە دەیەوێ ئەوە بخاتە ڕوو کە ناسیۆنالیزمی ئەرێنی لە چوارچێوەی نیشتمانپەروەری، بە ڕەچاوکردنی نۆڕمە مرۆیییە جیهانییەکان و دیموکراسی لە سەردەمی پەرەسەندنگەرایی و بەجیهانیبووندا، بەردەبازێکە بۆ پێشکەوتن. بۆ ئەم مەبەستە، بە ڕەچاوکردنی هۆکارەکانی کزبوونی هەستی نیشتمانپەروەری، پێویستە سیاسەتێکی ژیرانە، بە مەبەستی نەتەوە-دەوڵەتسازی و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی "ئاڤانگارد" (پێشهنگ)ی پەرەخواز، دابندرێت، بۆ ئەوەی نەتەوەیەک لەناو کەشی شۆڤینیزمی ناوچەیی و هەژموونخوازیی وڵاتانی ئایدیۆلۆژیکدا، لە لایەک لە ئاسیمیلاسیۆنی ژیار و فەرهەنگی، کە بەشێکە لە سەرمایەی مرۆیی لە جیهان، پارێزراو بێت و لە لایەکی دیکە، بە نیگایەکی پەرەگەرا لەگەڵ شەپۆلەکانی دیموکراسیدا بەرەو پێشکەوتن هەنگاو بنێت. بۆ ئەم مەبەستە ئەم نووسینە، لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، لە دوورەدیمەنی شوناسپارێزی (ناسنامهپارێزی) دەدوێ.
پێشەکی
بەپێی پڕۆسەی بەجیهانیبوون (Globalization) و مۆدێرنیزم و دژایەتی لەگەڵ نەریت، ئایدیۆلۆژیای وەک نەتەوەگەراییش چوونەتە ژێر پرسیار؛ بە جۆرێک کە لە سەردەمی بەجیهانیبوونی شەپۆلە نوێیەکانی دیموکراسی و زاڵبوونی گوتاری پەرەسەندندا هەستی ناسیۆنالیستیی نەرێنی و شۆڤینیستی، بە مانای خۆبەسەروەرزانین و وەلانانی "ئەویتر"، جێی خۆی داوەتە نیشتمانپەروەری (Patriotism) و دیموکراسیی مۆدێرن، لەسەر بنەمای دۆستتەوەرییەکی کانتی (Immanuel Kant) و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش، کە لەچاو نەتەوەگەرایییەکی توندڕەوانە بیچمێکی ئەرێنی و عەقڵانی و دوور لە دەمارگرژی و جیاکاری (تبعیض)ی هەیە. ناسیۆنالیزم بە واتا فەلسەفی و سیاسییەکەی، پەیوەندیی بە پەیدابوونی چەمکی نەتەوە، بەتایبەتی دوای شۆڕشی پیشەسازی و شۆڕشی فەڕەنسا، هەیە کە بەزەقی لە سەدەی هەژدەیەمدا ڕەنگی دایەوە و لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕش لە دژی کۆڵۆنیاڵیزم پتر بڵاو بووهوە؛ بە جۆرێک کە لە مەیدانی یاسای نێودەوڵەتییشدا ڕەهەندی یاساییی وەرگرت. بەڵام نیشتمانپەروەری ڕیشەی مێژووییی کۆنتری هەیە کە لە گرێدراوێتیی نێوان تاک و ئەو شوێنەی تاک لێی ژیاوە دەدوێ و، بە ناسیۆنی کلاسیک ناو دەبرێ، کە بۆ بەر لە مۆدێرنیزم دەگەڕێتەوە و ڕەهەندێکی ڕۆمانتیکی هەیە. (Ahmadi, 2008: 29) ئەم وڵاتپەروەرییە عەقڵانییە لە چاوی بژاردەکان لە واری ئابووریدا دەبینرێ. لە زمانی بژاردەکان، چەمکی ناسیۆنالیزم لەناو وڵاتانی پەرەسەندووی ڕۆژاواییدا بۆ "بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری" گۆڕاوە و ئێستا ئەم چەمکە زیاتر بە "بەرژەوەندیی نەتەوەیی" مانا دەکرێت. هاوکات لە لای خەڵکی ئاساییشدا لەناو دیموکراتیکترین وڵاتی پێشکەوتووی جیهانیدا لەناو مۆسیقا و ستادیۆمی تۆپانێدا بەڕوونی دیارە؛ لێرەدا یارییە وەرزشییەکان جێی سەرنجن، چونکە نەتەوە و ناسیۆنالیزمیش دەتوانن لەناو پێشبڕکێی وەرزشیدا وەک سیمبول خۆ بنوێنن و کاریگەریی سیاسی و جیۆپۆلیتیکیی خۆیان هەبێت. (رئیس السادات، 1400: 186) بە جیاکردنەوەی دوو چەمکی ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەری، ئامانجی ئەم نووسینە دۆزینەوەی وەڵامە بۆ ئەم پرسیارە: هەستی نیشتمانپەروەری چییە و چۆن دەکرێ ئەم هەستە بە شێوەیەکی ئەرێنی بۆ مەبەستی پێشکەوتن تەیار بکرێت؟ بە نیگایەک بۆ جیهانی پێشکەوتوو و گوتاری زاڵی دیموکراسی، وەڵامی سەرەتایی ئەوەیە کە نیشتمانپەروەری ڕێگەیەکە بۆ پەرەسەندنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، بێ ئەوەی زیان بەر دیموکراسی بکەوێت.
چوارچێوەی تیۆری
نیشتمانپەروەری گەڕانەوەیە بۆ خود بە شێوەیەکی ناڕکابەرانە و عاقڵانە کە لە هەڵسەنگاندنی سیستەمی کۆمەڵایەتی-سیاسیی ناوخۆیییەوە سەرچاوە دەگرێ و گرنگی بە نۆرمگەلی مرۆیی دەدات و دەبێتە هۆی فراوانبوونی ویژدانی ڕەخنەگرانە لە نێوان هاووڵاتیاندا. (هاشمیانفر، 1393: 201) ئەم نیگایە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کلاسیکی سەدەی هەژدەی ئەوروپا جیاوازە، هەروەها لە نیشتمانپەروەری بە شێوەی مێرکانتلیزمی سەدەی نۆزدە جیایە؛ واتا زیاتر دەچێتە ناو دونیای دیموکراتیکی مۆدێرن. لەو بارەوە "دەیڤید ئیمیل دوركهایم" (David Emile Durkheim) نیشتمانپەروەریی ئاوا دەناسێنێ: "هەستێک کە تاکەکانی کۆمەڵگە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە جۆرێک کە ئەو کەسانەی ڕۆڵیان لە دروستکردنی ئەو هەستەدا هەیە لە ڕێگەی تۆڕێکی هەستەوەرییەوە بەیەکەوە گرێ دەدرێن." دوركهایم ئامانجی نەتەوەیی و ئامانجی مرۆیی وەک یەک دادەنێ و لەو باوەڕەدایە هەر دەوڵەتێک دەبێتە ئۆرگانێک لەسەر بنەمای ئامانجی مرۆیی تا ئەو جێیەی کە دەزانێت ئەرکی سەرەکیی ئەو فراوانکردنی سنوورەکان نییە، بەڵکوو بەرزکردنەوەی ئاستی ئەخلاقیی ئەندامانییەتی. کەواتە کۆمەڵگەکان دەبێ لە ڕووی هەبوونی باشترین جۆری دامەزراوە و هەبوونی دامەزراوەی ئەخلاقی، شانازی بە خۆیانەوە بکەن نەک بەهۆی گەورەتر و دەوڵەمەندتربوون لەچاو کۆمەڵگەکانی دیکە. بەم پێوەرە، لەناو تیۆریی نیشتمانپەروەریدا، پەیوەندییەکی ئەرێنی لە نێوان گرووپی خۆیی، گرێدراوێتی، هەستی بەرپرسیارێتی و دڵبەستن هەیە کە جیاوازە لە پەراوێزخستی "ئەویتر" و قبووڵنەکردنی گرووپێکی دیکە. ئەمەیش بە بەراوردکرنێکی ئەرێنی و ستاندەر و کاتی لەگەڵ ڕەفتارێک لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری دەکرێت، کە دەبێتە هۆی دروستکردنی هاوسەنگی لە هەستی نەتەوەییدا و پێشمەرجێکیشە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، هەروەها نابێتە هۆی دوژمنایەتی لەگەڵ نەتەوەکانی تر. (هاشمیانفر، 186-191)
لەو بارەوە هابێرماس تەنیا نیشتمانپەروەرییەکی یاسایی (Constitutional Patriorism) بە جۆرێکی ڕێپێدراو و بە شوناسدۆزیی سیاسی و دیاریکردنی شوناسی مەدەنی دادەنێت. لەو ئەتمۆسفێرە یاسایییەدا تاکەکان لەناو مامەڵەیەکی کۆمەڵایەتی، کە تێیدا ئەگەری دووبارە پێناسەکردنەوەی شوناسی کۆیی هەیە، لەگەڵ یەکتر دەکەونەوە گفتوگۆ و پەیوەندییەکی ئازادانە کە دەبێتە هۆی عەقڵانیبوونی شوناسی گشتی. لەناو ئەو کەشە ئازادەدا هاووڵاتییان پڕۆسەی فێربوونی بەشداریی دیموکراتیک و بنەما گشتییەکان (Universal) بە شێوەیەکی نیشتمانپەروەرانە پەسەند دەکەن. لە دیدی هابێرماس، دیموکراسی و هاووڵاتیبوون دەبێ لە واری سیاسی، کۆمەڵایەتی، كهلتووری و مافی ئەخلاقی خۆیییانەدا (خۆماڵی)، [پێناسەی ئەخلاق بەپێی بۆچوونی گرووپێک بە شێوەیەکی تایبەت و جیاواز])، بە شێوەیەکی نیشتمانپەروەرانە لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور و جۆرێک لە یەکێتیی جیهانی، خۆی بنوێنێ. لە دیدی مۆلەر، نیشتمانپەروەریی یاسایی جۆرێکە لە گرێدراوێتی کۆمەڵگەیەکی نوێ کە جیاوازە لە ناسیۆنالیزم و نێونەتەوەگەرایی (Cosmopolitanism). ئەم چەمکە ڕێچارەی کێشەی وەفاداریی سیاسییە لەناو کۆمەڵگەیەکی فرهكهلتووریدا. ئەم جۆرە نیشتمانپەروەرییە، بە فەرهەنگی یاساییی تایبەت بە خۆی، نۆڕمی جیهانیی بەلاوە گرنگە و ڕێگەیەکیشە بۆ گرێدانی نۆڕمی تایبەت بە هەستی نەتەوەیی و نۆڕمگەلی گشتی و جیهانی. (هاشمیانفر، 186-191)
پەرەسەندن بە پەیژەی نیشتمانپەروەریدا
نیشتمانپەروەری جۆرێکە لە ناسیۆنالیزمی ئەرێنی کە بەبێ ئەوەی بەرەو ئایدیۆلۆژیا بڕوات و ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە "ئەویتر"ێک پەراوێز بخەن یان گرووپی خۆیان "لەویتر" بە بەرزتر بزانن، بە خۆشەویستی و وەفاداری بۆ نیشتمان و نەتەوەکەیان لە پێشکەوتنی وڵاتدا، بە نیگایەکی ڕەخنەگرانە و پێشداوەرینەکردن، بەشدار دەبن. لەم دەفرەدا سەرمایەی کۆمەڵایەتی گەشە دەکات؛ بەتایبەتی ناسیۆنالیزم لە جۆری مەدەنی-تاکگەرا کە تێیدا نەتەوە بریتییە لە کۆمەڵێک تاک، چالاکی و دەسکەوتی ئابووری بەهۆی گرنگییەکەی بەهای هەیە و تاکەکان گەشەی ئابووری بە بەشێک لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی دادەنێن. (موثقی، 1393 :26) ئەمەیش لە عیزەتی نیشتمانی سەرچاوە دەگرێ کە توخمەکانی بریتین لە: دیدی عاتیفیی خەڵک، دادوەریی جیهانی (بۆچوونی وڵاتان و خەڵکی جیهان)، ڕەزامەندیی لە چۆنێتیی ژیان و پێشکەوتنی نیشتمانی. بە واتایەک، دیموکراتیزەبوون، پەرەسەندنی ئابووری، ئازادیی هەڵبژاردن و عیزەتی نەتەوەیی، کاریگەرییان لەسەر ڕەزامەندی لە ژیان و دڵخۆشییش هەیە. (Inglehart, 2008)
جێی ئاماژەیە ناسیۆنالیزم بەتەنیایی نابێتە ئایدیۆلۆژیا چونکە نەتەوەگەرایی تەنیا بەشێکە لە نیزامی نۆڕمی کۆمەڵگەیەک. ناسیۆنالیزم لە تهك جۆری کەسایەتی و نەژادپەرەستی، یەکێک بووە لە توخمەکانی نازیزمی هیتلەر و، نازیزم هیچ کات یەکسان نەبووە بە ناسیۆنالیزم. سیستەمی نۆڕمی ئەمریکاییش بە هەمان شێوە پێکهاتەیەکە لە دیموکراسی، لیبڕالیزم و ناسیۆنالیزم. (احمدی و فاضلی، 1386: 23) لێرەدا مەبەست لە نیشتمانپەروەری (National attachment) هاوگری و کۆککردنی کۆمەڵگەیە بە مەبەستی پەرەسەندن. بە دیدی پەرەخوازانە ئەگەر تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیەک لە ناوخۆدا هاوڕا و هاودید و کۆک نەبن، ئەوا کێشە بۆ سەقام و ئاسایش دروست دەبێت و پەرەسەندنیش خەوشی تێ دەکەوێت. لەو بارەوە ئۆگەنسکی و زۆر تیۆریسیەنی دیکەی پەرەسەندنی ئابووری لەو باوەڕەدان، تا ئەو کاتەی یەکێتیی گشتی و نەتەوەیی لە دەورەی ئامانجه مەزنهكان لە کۆمەڵگەیەکدا ساز نەبێت، پەرەسەندن ناگاتە جێ. (سریع القلم، 1381: 157) لە ڕوانگەی مێژوویی، پەرەسەندن و پیشەسازییش لە ڕێگەی دەوڵەتی نەتەوەیی و ڕکابەرایەتیی نێوان نەتەوەکانی ئەوروپا سەری گرت. واتە، ناسیۆنالیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی تەیار بە مەبەستی ئامانج و بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا.
هۆکاری لاوازبوونی هەستی نیشتمانپەروەری
بەشێک لە هۆکارەکانی لاوازبوونی هەستی نیشتمانپەروەری، بۆ گوتاری وەک ئەنترناسیۆنالیزم و جیهاننیشتمانی (Cosmopolitanism) دەگەڕێتەوە. لە کاتێکدا نیشتمانپەروەری دەتوانێ بە شێوەیەکی دیموکراتیک و مافتەوەرانە لەگەڵ جیهاندا بسازێ. بەڵام بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهانی سێیەم بەهۆی نەبوونی دەوڵەتی پەرەخوازیی نەتەوەیییهوه، لهو ئامانجهیان فهشهلیان هێنا. بەشێکی ئەم فهشهله بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەستەواژە و بیری وەک ئەنتهرناسیۆنالیزم، بەتایبەتی لەناو وڵاتانی پەیڕەوی بلۆکی ڕۆژهەڵات، ناسیۆنالیزمی کپ کردۆتەوە. لە وڵاتانی موسڵمانیشدا سەرهەڵدانی ئەنتهرناسیۆنالیزمی ئیسلامی (لاهووت) بە شێوەیەکی توند ناسیۆنالیزمی نەتەوەییی شۆردۆتەوە.
هۆکارێکی لاوازبوونی هەستی نیشتمانپەروەری بۆ ناهۆشیاریی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە، کە ئەمەیش دەبێتە هۆی خۆبەکەمبینی لەچاو نەتەوە سەردەستەکان. ئەم خۆبەکەمبینییە ئاستی بەشداریی چالاکانە دادەبەزێنێ و دواجار سەرمایەی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات. هەروەها ئەگەر لە وڵاتێکدا جیاکاری هەبێت، ئەوا جۆرێک لە نامۆیی (Alienation) بۆ هەندێک گرووپ و پێکهاتە دروست دەبێت. بەتایبەتی کاتێک بژاردەی هزری تووشی ئەو نامۆیییە بن و چینی ناوەڕاستیش بێهیوا بێت، ئەوا نیشتمانپەروەری زیانی بەردەکەوێت و دواجار دەبێتە هۆی خۆدۆڕاندنی نەتەوەیی؛ ئەمەیش لە بەرگرینەکردن لە خاک و دیاردەی کۆچدا بەڕوونی دیارە. ئەگەرچی لە وڵاتانی ژێردەستدا کاتێک دوژمنێکی دەرەکی و هاوبەش هەیە، هەستی نیشتمانپەروەری لە بەرامبەر "ئەویتر"دا بەهێزە، بەڵام لە دوای ئازادی، بەهۆی نەبوونی سیاسەتی فەرهەنگی و دروستبوونی هەستی نامۆبوون لەناو بەشێکی خەڵکدا، متمانە لاواز دەبێت و ئاستی بەشداری، پتر دادەبەزێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئامانجگەراییی سەردەمی خەبات، لە سەردەمی ئازادیدا ببێتە تراویلکە. هەروەها لە دوای ئازادی دەسەڵاتێکی ئەمنییەتتەوەر دێتە سەر کار، کە دیدی بۆ هەموو شتێک بە شێوەیەکی ئەمنییەتییە کە ئەمەیش هاوسەنگیی ڕەوتی پەرەسەندن تێک دەدات و ڕەنگە زیانێکی هەستپێنەکراویش لە هەستی نیشتمانپەروەری بدات. هەروەها لەناو هەر کۆمەڵگەیەکدا جگە لە شوناسی کۆمەڵایەتی، هەندێک وردەشوناسی گرووپی هەن کە پێکەوە شوناسی گشتی پێک دێنن؛ هەر کات شوناسە گرووپییەکان پشتگوێ خران، زیان بەر هەستی نیشتمانپەروەری دەکەوێت.
بە هەمان شێوە هەر تاکێک شوناسێکی کەسی خۆی هەیە، ئەگەر ئەو کەسە لە ئەنجامی ناشایستەسالاری، کە عیزەتی نیشتمانی دەباتە ژێر پرسیار و جیاکاری، کە هەستی بێگانەبوونی تاک لەناو کۆمەڵگەدا دەورووژێنێ و ئاستی هاندان دادەبەزێنێت، ئەوا هەستی نیشتمانپەروەری لە کزی دەدات. بەپێچەوانەوە هەر کات بژاردەی هزری و هونەری، مەیدانی پێ درا و بووە جێی شانازیی نەتەوەیەک و دەستکەوتی زانستی و هونەر و ئەدەبیاتی گەلێک بەرز نرخێنرا، ئەوا پاڵنەرێک بۆ پێشکەوتن و عیزەتی نەتەوەیی و هەستی نیشتمانپەروەریش ساز دەبێت. (Evans, Kelly, 2002: 303–338) بەڵام، ئەوەی ئێستا دەبینرێ تێکچوون و لەبیرچوونەوەی ئەو پێشینە ژیارییەیه کە بەرەو ئاوابوون دەڕوات. بە گوتەی ئیبن خەلدوون لەو دۆخەدا عەسەبییەت (solidarity یا Association)، کە ڕۆڵێکی میکانیکیی لەناو کۆمەڵگەدا هەیە، لاواز دەبێت و کەلێن لە نێوان بەرە و چینەکانی پێشوو و ئێستادا دروست دەبێت.
بەتایبەتی لە وڵاتانی دواکەوتوو و ناشایستەسالاردا ئەو کەلێنە لە نێوان چینی سەردەمی شۆڕش و نەوەی دوای شۆڕشدا بەڕوونی دیارە و ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانیش گەندەڵی بێت. ئەمەیش هۆیەکە بۆ ئەوەی هیوای شۆڕش، کە لەسەر بناغەی باوەڕ هەڵچنرابوو، ببێتە خهونێكی دوور یان ببێتە ئامانجێک کە هەر نەیەتە دی. لە زۆر شوێندا کە دەسەڵاتێکی تۆتالیتەر لە دەرەنجامی خەباتی شۆڕشگێڕهكان ڕووخاوە، حکوومەتی جێنشین نەیتوانیوە ئاستی ئومێد بە ژیان لەناو هەمان کۆمەڵگەدا بەرز بکاتەوە؛ تەنانەت لە دیدی خودی ئەو شۆڕشگێڕانە، ئەگەرچی دەسەڵاتی داگیرکەر لاچووە، کەچی ئامانجی دڵخوازی خۆیان نەهاتۆتە دی. لەو کاتەدا دیدی ئەمنییەتی بەسەر هەموو شتدا زاڵ دەبێت، ئەمەیش هۆیەکە بۆ ئەوەی پسپۆڕی و شارەزایی جێی خۆی بداتە بەڵێندارێتی (دهروهستهیی) و وەفاداری؛ ئیتر لەو کەشەدا ناشایستەسالاری ڕەگ دادەکوتێ و ئەم دۆخە دەبێتە زەمینەی بێئینتیمایی بۆ وڵات و نەتەوە. یەکەمین گەوزی ئەجەلیش ئابووریی وڵات دەیکات و لە ئاکامدا پەرەسەندن لەپێ دەکەوێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزی ئابووری و هێزی سەربازیی وڵاتیش عیزەتی نیشتمانی بەرز دەکەنەوە، بەڵام کاتێک لاڕێ دەبێ، بەپێچەوانەوە ئاستی هەستی نیشتمانپەروەری دادەکشێ.
بەهێزکردنی هەستی نیشتمانپەروەری
یەکێک لە نیشانەکانی نیشتمانپەروەری، دیدگهی ڕەخنەگرانەی تاکە لە پێناو بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی وڵات. بەو نیگایەی کە نیشتمانپەروەری دیمەنێکی بەرین دەخاتە بەرچاوی تاکی بینا و پرسیاركهر و دواجار حەزی گۆڕانی ئەرێنی لە کۆمەڵگە و وڵاتدا دەبزوێنێ، کەسی نیشتمانپەروەر ئەو نۆڕمانەی بۆ گرنگن کە لە بەرژەوەندیی گشتیدان. ئەوان بە دیدێکی ڕەخنەگرانە و ڕەخنەوەرگرانە خاڵی بەهێزی وڵات دهبینن و هەوڵ دەدەن خاڵی لاوازیش ببینن و بیناسن بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن.
لە سەردەمی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کاریگەرییە قورس و قووڵەکانی هەرێمی ئەلیکترۆنیک، بەتایبەتی تەکنەلۆژیای پەیوەندی و زانیاری کە سنووری گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی گۆڕیوە، بە گوتەی کاستێڵز کۆمەڵگەیەکی تۆڕشێوە (Network Society)ی بونیاد ناوە، پێویستە سیاسەت بەوریایییەوە لەسەر كهلتوور بە دەوری خۆی ڕابێت. بۆ وێنە، بۆ بنیاتنانەوەی هەستی نیشتمانپەروەری گرنگترین شت گرێدانەوەی خەڵکە بە شوێن و شوناسە لەمێژینەکەی. شایانی ئاماژەیە، لە ڕووی زانستی تاقیگەیییەوە ڕەنگە گرێداروێتی (ئینتیما)ی خەڵک بە خاک جێی سەرنج بێت. واتە، بەهۆی ئەوەی هێڵە سەرەکییەکانی DNAی مرۆڤی ناوچەیەک لەگەڵ خاکێکدا نزیکن لە یەکتر، ڕەنگە ئەو گرێدراوێتییەی شوێن و مرۆڤ زیاتر بێت. ئەگەر ئەم بیرۆکەیە نەسەلمێت، واتا، ئەگەر هێڵە وردەکانی DNAی خەڵک دیاری بکرێت، ڕەنگە هەستی نەتەوەگەرایی لە ڕووی خوێن و نەژاد کاڵ بێتەوە، بەڵام بە واتایەکی مرۆڤکرد، بەپێی ڕوانگەی دەروونناسانە، مێژووی هاوبەش و حەزە نۆستالژییەکانی هاوبەش دەتوانن هەستی گرێدراوێتی بە گرووپێکی تایبەت بەهێز بکەن کە دەبێتە هۆی ڕهخساندنی بهستێن و زهمینهیهك بۆ شوناسسازی. کەواته، شوناسی نەتەوەیی پڕۆسەی وەڵامدانەوەیەکی ئاگایانەی هەر نەتەوەیەکە بۆ پرسیارەکانی دەورووبەری خۆی لەبارەی ڕابردوو، چۆنێتی، کات، گرێدراوێتی، ویستی سەرەکی و هەمیشەیی، ژیوار، پێگەی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و دەروونی و نۆڕمگەلی وەرگیراو لە شوناسی مێژوویی؛ کۆمەڵێک نیشانە و شوێنەواری ماددی، ژیانی، کەلتووری و دهروونی (سایكۆلۆژی) کە دەبنە هۆی جیاوازی لە یەکتر. ئەگەر هەڵسەنگاندنی خەڵک لە شوناسی نەتەوەیی ئەرێنی و پەسەند بێت، ئەوا ئینتیمای نەتەوەیی دروست دەبێت و ئەگەر هەڵسەنگاندنەکە نەرێنی بێت بە جۆرێک کە بڕکی ئومێد ببڕێت، هەستی بێهیواییی بەدوادا دێت و شەقڵی نەتەوەیی دەشکێت. (هاشمیانفر، 1393: 196)
سیاسەتی وزەبەخش
بە مەبەستی وزەدان بە هەستی نیشتمانپەروەرییەکی دیموکراتیک و پەرەخواز، پێویستە کار لەسەر شوناس، واتا "کێیەتی" و "چییەتی"، بکرێت. بەتایبەتی لەناو کۆمەڵگەکانی ئیسلامی پێویستە ئەم کارە بە نیگایەکی چەندڕەهەندی بکرێت. جێی باسە، لە وڵاتانی ئیسلامیدا ئەگەر وازیش لە ناسیۆنالیزمی نەرێنی بهێنرێ، بەو پێیەی کە ئایین بەشێکە لە شوناسی نوێی نەتەوە موسڵمانەکان و لە هەندێک شوێندا دین پاڕادۆکسی لەگەڵ ناسیۆنالیزم و تەنانەت ئەنتهرناسیۆنالیزمیشدا هەیە، نیشتمانپەروەری لەسەر بنەمای شوناس وەک ناسیۆنالیزمێکی ئەرێنی (ناسووت) هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ ئامۆژگارییەکانی ئیسلامدا نییە. لەم سەردەمەدا، واته لە چاخی دروستبوونی کۆمەڵگەی تۆڕشێوەدا، پرسی شوناس جگە لەوەی کێشەی بۆ وڵاتانی پەرەسەندوو دروست کردووە، لە جیهانی سێیەمیشدا کێشەی وەک مۆدێڕن و پێشمۆدێرنی ناوەتەوە و لەو ناوەدا نەتەوە بێدەوڵەتەکانیش، جگە لەوەی کێشەی نێوان فیزیک و مێتافیزیکیان تێدا زەق دەبێتەوە، لەناو کەشی هەژموونگەرایی بە سیاسەتی نەرمی کەلتوورسازییەکی تاکڕەهەندی و ئایدیۆڵۆگدا کێشەی توانەوە و لەناوچوونیان بۆ دروست بووە. بۆیە پێویستە ڕیشەناسیی نەژادی و نەتەوەیی بە مەبەستی شوناسناسی لە ڕوانگەی مێژوویی و تەنانەت پێش مێژوویش بکرێت، چونکە ئوستوورەناسی کاریگەریی لە مێژووی نووسراویش پترە و ئەو ئوستوورە کۆنانە لەلایەن شوناسی نوێی دینیش پەسەند دەکرێن و ڕەنگە دژایەتی ڕوو نەدات. یەکێک لەو نموونانە ئوستوورەی "ڕۆستەم"ە لە لای ئێرانییەکان کە دینی ئیسلامیش قبووڵیەتی. بە هەمان شێوە کوردیش دەتوانێ "دیاکۆی مەزن" و "کاوەی ئاسنگەر" بکاتە خاڵی هەستیاری مێژووی خۆی و لەو کەلێنە مێژوویییەوە گۆڕانکارییەکانی ئەوسەردەم بناسێندرێن. لە لایەکی دیکەوە پێویستە جگە لە بڵاوکردنەوەی پنجی سیکۆلاریزم، بە نیگایەکی زانستی و هێرمنۆتیکانە بەرەو نوێگەراییی دینی و پڕۆتستانتیزمی ئایینی هەنگاو بنرێت. هەروەها پێویستە کەسایەتیناسی بکرێت و ناوی ئەو کەسایەتییە کاریگەر و لێهاتووانە بێنە ناساندن و ناویان زێڕنووس بکرێت. بۆ وێنە کەسایەتییەکانی نەتەوەیی بە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسانەی مێژوویی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت و بناسێندرێن. تەنانەت پێویستە حیکایات و مێژووی زارەکی، کە زۆر کاریگەر و شانازیهێنن، بناسێندرێن و بەرهەمی وەک فیلم و ئەنیمەیشن و...یان لێ دروست بکرێت.
میتۆد و میکانیزمی کار
ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین وێڕای ئەوەی گوتاری ڕیالیزم و لیبڕالیزم تیۆریی سەرەکیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن، بەڵام زۆر وڵات و نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە "سووڕێکی ئیسرافیلی" ئامرازی كهلتووریی وەک نۆڕم، باوەڕ و سیمبولەکان بەکار دێنن بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەیی لە ناوخۆدا بەهێز بکەنەوە و بیکەنە پردی دیپلۆماسی لەگەڵ کۆمەڵگە و وڵاتانی دیکە. تەنانەت هەندێکیان بە گزیی كهلتووری، شانازییەکی ناڕاست بۆ خۆیان تۆمار دەکەن و گەرەکیانە بەم جۆرە ناسیۆنالیزمی نەتەوەیییان ڕیشەدار بکەن. هەروەها هەستی "ئەویتر" و ڕق "لەویتر" دەکەنە پەرژینێک بۆ پاراستنی یەکێتیی ناوخۆیی. لە کاتێکدا نەتەوە ژێردەستەکان، بەتایبەت ئەو نەتەوانەی کە پێشینەی شارستانی و فەرهەنگییەکی ڕەسەنیان هەیە دەتوانن بە شێوەیەکی دیموکراتیک و دوور لە ڕەفتاری شۆڤینیستی و دوور لە پێناسەی "ئەویتر" وەک دوژمن، بە خۆناسی و خۆفامییەوە دڵ بدەنە نیشتمان و نەتەوەیەکەیان بۆ ئەوەی ڕایەڵ و پۆی پەرەسەندن هەڵبەستن. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم نەتەوە و پێکهاتانە چارەیان نییە جگە لە دانانی سیاسەتی شوناسپارێزی، چونکە لە مێژووی هاوچەرخدا ئەوە سەلماوە کە دۆخی خراپی هەندێک لەو پێکهاتە بێدەوڵەتانەی وەک ئەرمەنی و کورد وای کردووە، ناسیۆنالیزمی عەقڵانی و ئەرێنی ببێتە "درێشووکەیەک بۆ گەڕانەوەی مست"ی شۆڤینیستییانەی نەتەوە باڵادهستەکان. لە ڕاستیدا، شەوارەی جیهان بریتییە لە ڕووناکاییی كهلتووره جیاوازەکان کە هەر یەکەیان چرایەکن لە شارستانییەتی مرۆیی و ئەگەر هەر یەک لەو چرایانە بکوژێتەوە، ئەوا ڕووناهیی بەشێک لە مێژوو و كهلتووری مرۆیی لە جیهاندا دەمرێتەوە. کوردیش وەک نەتەوەیەک خاوەنی مێژوو و ژیارێکی کەونار و فەرهەنگێکی تایبەت بە خۆیەتی کە لە دەوڵەمەندکردنی شارستانییەت و كهلتووری ئەم جیهانەدا پشکی هەیە. بەڵام بەهۆی سیاسەتی نەتەوە باڵادەستەکان و نەژادپەرەستانی هەژموونخواز هەوڵی ئاسمیلەکردن (هاوشێوهكردن)ی دراوە و ئێستایش بە نەرمەئامرازی کەلتووری لە زۆر شوێندا هەوڵی تواندنەوەی دەدرێت. بەتایبەتی، لە جیهانی گلۆباڵیزەبووی ئەمڕۆدا لە ڕێگەی سوپای سایبێریی شۆڤینیستهکان خەریکە ئەم کارە دەکرێت و لە باشووری کوردستانیشدا سیاسەتێک بۆ بەرگرییەکی ڕەوا و ئەرێنی دانەنراوە. بە واتایەکی کورتتر، وەک پێویست سوود لە تەکنەلۆژیای نوێ و ڕاگەیاندنەکان وەرناگیرێ تاکوو شوناسی کوردی بپارێزرێ و ئەم كهلتووره کوردییە ئەرێنییە بە جیهان بناسێنرێ.
بەم نیگایە، یەکێک لەو کارانەی کە کەمتر سەرنجی دراوەتێ، پاتۆلۆژی (زیانناسی)ی کۆمەڵگەیە بە شێوەیەکی مێتۆدۆلۆژیک و شێوازمەند. ئەوەی کە کراویشە زیاتر بە شێوەی ئازاد قسە لەگەڵ خەڵک کراوە. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم پاتۆلۆژییە و دۆزینەوەی کێشەی خەڵک، بە شێوەی پرسیارنامە بکرێت نەک لە ڕێگەی میدیاوه. بۆ نموونە گرنگە بە مەبەستی ڕیشەناسیی کێشەی شوناس، تیمی پسپۆڕ دیاری بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە شیکاری بۆ گوتەی بژاردەکان بکرێت بۆ ئەوەی زیانە سەرەکییەکان بناسرێن و دەستەبەندی بکرێن و پلانیان بۆ دابندرێت. دوای وەدەستهاتنی داتا و زانیاری و ڕاوێژ لەگەڵ پسپۆڕان، پێویستە دیسان قسە لەگەڵ ئەو کەسایەتییە سیاسی و بژاردە هزرییانە بکرێتەوە کە کاری تایبەت بە وارەکەیان کردووە تا دەگاتە قۆناغی تێربوونی تیۆری (اشباع نظری، Theoretical Saturation) بۆ ئەوەی سیاسەتسازی بکرێت و کاری درێژمەودای لەسەر بکرێت. بەم جۆرە پێویستە سەرەتا، بژاردە (نوخبه)کانی شایستە، زانا، ژیر، ورد و تیژبین، خاوەنهەست، بە باوەڕ و بەڵێندار بە چاوێکی خەسارناسی (زیانناسی) کێشە دەروونییهكان بدۆزنەوە و کاری لەسەر بکەن.
کۆبەند
لە سەردەمی هەراوی بەجیهانیبووندا پێویستە نەتەوەکان بە ڕەچاوکردنی کەلتوور و دوورەدیمەنی ئامانجەکانیان، بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی، بە وێنەی چوار بەورەکەی ئاسیا، مامەڵە لەگەڵ بەجیهانیبووندا بکەن بە جۆرێک کە لەناویدا نەتوێنەوە. بە نیگایەکی پەرەتەوەر، هەستی نیشتمانپەروەری دەبێتە هۆی هاندان بۆ بەشدارییەکی ئاڤانگارد (پێشهنگانه) و چالاکانە بە مەبەستی پێشکەوتنی وڵات و پاراستنی شوناس. ڕۆییشتن بەرەو شارستانییەتی نوێی جیهانی، پێویستی بە قبووڵکردنی "ئەویتر" هەیە، لە هەمان کاتدا دەکرێ هەر نەتەوەیەک بە هەستی نیشتمانپەروەری و شوناسپارێزییەوە ببێتە سەرمایەیەکی جیهانی و لە دەوڵەمەندترکردنی فەرهەنگی جیهانیدا چالاکانە بەشدار بێت؛ بە جۆرێک کە نیشتمانپەروەری و جیهاننیشتمانی پێکەوە ببەستنەوە. لەگەڵ بەهێزکردنی دیموکراسی، پێویستە بە خۆشەویستی بۆ خاک و عیزەتی نەتەوەیی، کۆمەڵگەیەکی ئاڤانگارد و پێشکەوتووخواز لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی ئەرێنی بونیاد بنرێت؛ بۆ ئەم مەبەستە باشترین کار ئەوەیە کە شوناسی خۆماڵی زیندوو بکرێتەوە و نیشتمانپەروەرییەکی ئەرێنی و دیموکراتیک بە ڕەچاوکردنی یاسا و نۆڕمه جیهانییه ههمهپهسهندهكان دروست بکرێت.
سەرچاوەکان
احمدی، حميد و حبيب الله فاضلی، ناسیونالیسم، مشکلە هویت و دولت ملی در تئوری اجتماعی، فصلنامە سیاست، شمارە 4، 1386.
سریع القلم، محمود، عقلانیت و توسعه یافتگی ایران، تهران: مرکز پژوهشهای علمی و مطالعات استراتژیک خاورمیانە، 1381.
هاشمیانفر، سیدعلی، ڕضا اسماعیلی، سید ضیاء هاشمی و مینا جلالی، واکاوی مفهومی دلبستگی ملی، فصلنامە مطالعات و تحقیقات اجتماعی، شمارە 3، 1391.
موثقی، سید احمد، ناسیونالیم، دولت و توسعه، فصلنامه سیاست، شمارە 3، 1393.
رئیس السادات، محمد تقی متقی، افشین متقی، سید نصرالله سجادی و حسین ڕبیعی، سنجش نقش ورزش در برساخت گرایشهای هویت خواهانە، فصلنامە علمی مطالعات ڕاهبردی ورزش و جوانان، شمارە 51، 1400.
Ahmadi, H., and Fazeli, H. A (2008), Nationalism, the problematic of identity and national state in social theory, Politic quarterly, Vol (37), Issue (4): 21-40. (Persian).
Evans M., Kelly J. (2002), National pride in the developed world: Survey data from 24 Nations. International Journal of Public Opinion Research, 14 (3): 303–338.
Ronald inglehart (2008), Roberto Foa, Christopher Peterson, and Christian Welzel “Development, Freedom, and Rising Happiness”.