وەڵامگۆیی، نیشاندەرێک بۆ پاڕادایمی حوکمڕانییەکی پەسەند

 

محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران

پوختە

ئەم نووسینە لە بارەی سازوکار و ئاستی وەڵامگۆبوونی حکوومەت وەک نیشاندەرێکی پاڕادایمی حوکمڕانیی باش بە شێوەیەکی سیستەماتیک، لە ناو کۆمەڵگەیەکی لە حاڵی گەشەدا، دەدوێ. ئامانج لە ورووژاندنی ئەو بابەتە، خستنەڕووی چییەتی و چۆنییەتی و دیاریکردنی سنووری وەڵامگۆیییە. گرینگیی ئەو بابەتە، بە ڕەچاوکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی گشتی و ئامانجە باڵاکانی گەل، لەوەدایە کە دیوارێکی جیاکەرەوە لە نێوان حوکمڕانیی باش لەگەڵ کەشی ئانارشیک و پۆپۆلیزم دادەنێت. دەرەنجام دەگاتە ئەوەی کە پێویستە حکوومەت و کەرتی تایبەت و کۆمەڵگە، بە مەبەستی باشتر بەڕێوەبردن، بە سیستەمێکی پێناسەکراو وەڵامگۆ بن. بە تایبەتی حکوومەت دەبێ بەپێی کات و کار و شوێن لە بەرانبەر دامەزراوەی پەیوەندیدار، میدیا و خەڵکدا ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، بەگوێرەی قۆناغ و هەلومەرج، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە ئێستا و داهاتوودا وەڵامگۆ بێت.

پێشەکی

بەستێنی سەرەکیی پەرەسەندن و بەهێزبوونی حکوومەت، پەرەپێدان و بەهێزکردنی کۆمەڵگە، هەروەها هاوڕێیەتی و هاوڕایەتیی کۆمەڵگەیە لەگەڵ ئامانجە سەرەکییەکانی گەل و حکوومەت. یەکێک لە گرینگترین ئامرازەکانی زەمینەسازیی پەرەسەندنیش حوکمڕانییەکی باشە بە کلیلی حکوومەتێکی شایستەسالار لە ڕێی نوخبە ڕاستەقینەکان (Elite). هەندێک لە پرەنسیپەکانی حوکمڕانیی باش، بریتین لە بەرپرسیاربوون و وەڵامگۆبوونی حکوومەت (Responsible government) لە بەرانبەر هاووڵاتیاندا بە گوێرەی یاسا. کاتێک حکوومەت، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی (Responsible)، جگە لە وەڵامی ئێستا، وەڵامی نەوەی داهاتوویشی پێ بێت، ئەوە دوورەدیمەنیی پەرەسەندنی پایەدار و بەردەوامیش باشتر وێنا دەکرێت، هەروەها دیدی ئەو حکوومەتە بە دیدێکی دووربڕ و دووربین دادەندرێت. وەڵامگۆبوونی حکوومەت یەکێکە لە بنەما سەرەکی، هەستیار و ئاڵۆزەکانی ئەو دوورپێکانە. چونکه وەڵامگۆبوون، وەک چەمکێکی کۆمەڵایەتی و مافێکی سەرەکیی هاووڵاتیان، پێوەرێکە بۆ بەدیموکراتیکردنی حکوومەت و کۆمەڵگە. هەروەها بەرپرسیارێتی و وەڵامگۆبوون، لە پشت شووشەی شەفافییەتەوە، کۆمەڵگە و حکوومەت لە یەکتر نزیک دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕەزامەندی و هەڵکشانی متمانە و، تێیدا ئاستی بەشداری و "ڕەوایەتی" (مشروعیت)یش بەرز دەبێتەوە (Franck, 1992: 50) و دواجار فاندامێنتاڵ (Fundamental)، کە هەم سەرمایەی کۆمەڵایەتی [سەرمایەی مرۆیی و سەرمایەی فەرهەنگی] لەخۆ دەگرێ و هەم دامەزراوەکان، لەم بەستێنەدا گەشە دەکەن. بەڵام ئەم وەڵامگۆیییە بەپێی هەلومەرجی تایبەت گۆڕانی بەسەردا دێت و بە گوێرەی بارودۆخی سەردەم، زەمینە و میکانیزمی تایبەت بە خۆی گەرەکە. کەچی لەو وڵاتە پێشنەکەوتووانەی کە شەتڵی دێموکراسییان هێشتا شلک و ساوایە بەبێ ڕەچاوکردنی چوارچێوەی بەرپرسیارێتی، بیرۆکراسی و دیپلۆماسیی نهێنی، پێیان وایە وەڵامگۆیی ئەوەیە کە لە ڕاگەیاندنەکاندا هەرچی "لە بن بەڕەیە دەبێ بێتە سەر بەڕە". بە سەرنجدان بە پرسی تێکەڵبوونی وەڵامگۆیی نابەرپرسانە لە وڵاتانی کەمئەزموون، پرسیاری سەرکی ئەوەیە کە ئایا وەڵامگۆبوون شتێکی ڕەهایە و دەبێ هەموو بەشەکانی حکوومەت و کارە ڕابردەکانی و بڕیارەکانی داهاتووش بە ڕوونی لە لایەن هەموو کەسێکەوە ببینرێن؟ بەپێی دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتێکی تایبەت و بەپێی ئاستی ئاگاییی کۆمەڵگە، وەڵامی پێش تاوتوێی بابەت ئەوەیە که پێویستە حوکمڕانیی باش بەپێی ئامانجە باڵاکانی گەلێک بێتە دی و وەڵامگۆبوونیش وەک توخمێکی حوکمڕانیی باش بە شێوەیەکی ڕێژەیی و سنووردار و گونجاو بەپێی یاسا، کات، شوێن و پەیوەندیی سیستماتیک بکرێت.

وەڵامگۆیی وەک بزوێنەری حوکمڕانیی باش

بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەڕێوەبردنی ئەو پرسانەن کە لە بەرژەوەندیی گشتیدان و ئەمەش پێویستی بە دروستبوونی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی (Kim, 2011) هەیە و، بە سەرەکیترین بەشی بەڕێوەبردنی گشتی دادەنرێت. یەکێک لە خانە سەرەکییەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، وەڵامگۆبوونی بەرپرسانە. ئەگەرچی وەڵامگۆیی پێناسەیەکی دیار و تانوپۆیەکی چنراوی نییە، بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ دێموکراسی، بەرپرسیارێتی و حاکمییەتی یاسادا وەک نیشانەی بەڵێندارێتی و بەرپرسیاربوونی حکوومەت لە بەرانبەر هاووڵاتیاندا ڕەوایەتی دەداتە دەسەڵات و دەبێتە هۆی کارایی و کاریگەریی زیاتری حکوومەت (Bovens, 2005: 1). وەڵامگۆیی لە ڕێگەی شەفافییەت لە کاروباری سیاسی، دروستبوونی ڕکەبەرایەتی لەسەر بنەمای حزب، ئازادیی کۆمەڵگەی مەدەنی، ناناوەندگەرایی، دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پەیوەندی لەسەر بنەمای متمانە لە ناو کۆمەڵگەدا ڕێک دەخرێت، تاکوو لەو ڕێگەیەوە کردەوەی هاووڵاتیان لە بەرانبەر یەکتر و کردەوەی ڕێبەرانی سیاسی لە بەرانبەر خەڵک، لەسەر بنەمای پەیڕەوی لە بەرپرسیارێتی، ڕێک بخرێت. (مقیمی، 1400) لە ناو بیرۆکراسیدا، یەکێک لە هەنگاوە دیموکراتیکەکانی حکوومەتی پەرەگەرا ئەوەیە، وەک حکوومەتێکی دیموکراتیک و ڕاستگۆ، لە بەرانبەر هاووڵاتیاندا خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بە سیستەمی پەرلەمانیی ڕاستەقینە بە پێوەری هەڵبژاردن، وەک چەتری یێکایەتی، هەنگاو بنێت و هەمیشە لە پرسە گشتییەکاندا بەرانبەر بە گەل وەڵامگۆ بێت. چونکە لەناو کەشێکی دیموکراسیدا، که ئاسایش و دڵنیاییی دەروونی پێوەیە، ئاستی بەشداریی گشتی هەڵدەکشێ و حکوومەت مەشرووعییەت پەیدا دەکات. لە کەشێکی شەفافدا، بەرپرسانی وەڵامگۆ بە سیمبولی حیسابپاکی دادەنرێن، چونکە وەک کەسی عەمەلگەرا، خۆویستانە و سیمبولئاسا، لە بەرانبەر مێژوو و هاووڵاتیاندا وەڵامگۆن. هەروەها وەک چۆن تیشکی خۆر ڤایرۆس لەناو دەبات، شەفافییەت و وەڵامگۆییش لە داکشانی ڕێژەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی ڕانتی تایبەت کاریگەرییان هەیە و ئاستی مەشرووعییەت بەرز دەکەنەوە. بەو نیگایە، وەڵامگۆیی سێ ئامانجی سەرەکی هەیە: یەکەم، ئامرازێکە بۆ چاودێریکردنی حکوومەت و ڕێگری لە خراپبەکارهێنانی دەسەڵات؛ دووەم، چاودێریی بەکارهێنانی دروستی سەرچاوە نیشتمانییەکان بەپێی یاسا و ڕێزگرتن لە نۆڕمەکان و سێیەم، ئامرازێکە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریی گشتی. (ذاکری، 1390) جگە لەو ئامانجانە، لەو جۆرە حوکمڕانییەدا خەڵک و نوێنەرانی گەل خۆیان لە ناو ئاوێنەی حکوومەتدا دەبیننەوە. واتە، هەر کاتێک فەرهەنگ و سیستەمی وەڵامگۆیی ساز بوو، ئەو کات هاووڵاتیان هەست بە ئەمنییەتی دەروونی دەکەن و خۆیان بە بەشێک لە حکوومەت دەزانن و حکوومەتیش بە بەشێک لە ژیانی سیاسی و ئابووریی خۆیان و زامنی مافەکانیان دەزانن و، ئامادەن بەرگری لێ بکەن. لەم جۆرە حوکمڕانییەدا، بزاوتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ناوەوە بۆ دەرەوەیە، ئەم گۆڕانە دەبێ هەستی هاووڵاتیبوونی لە ناو کردەوەی دەوڵەت تێدا بێت و دەوڵەت ببێتە دەوڵەتێکی کۆمەڵگەتەوەر و هاووڵاتیپەسەند.

جۆرەکانی وەڵامگۆیی

بە گوێرەی جواروجۆربوونی ئەرک و دابەشکردنی بەرپرسیارێتی، هەروەها بەپێی پێشکەوتن، وەڵامگۆیی شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە. لە نموونە شێوازێکدا، وەڵامگۆیی و وەرگرتنی ڕەخنە و بەخۆداچوونەوە کارێکی ڕەفتارییە و پەیوەندی بە پرەنسیپ و فەرهەنگی کەسێکی کراوە و ڕەهەنداوی و بەڵێندارەوە هەیە. واتە، بەشێکی پەیوەندی بە کەسایەتی و ئەخلاقی دیموکراتیکی بەرپرسێکی وەڵامدەرەوە (Responsive) هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەڵامگۆیی چوارچێوە و پێوەری دیاریکراو (Keohanem 2005: 29) و چەندین شێوەی هەیە؛ بە گشتی لێرەدا دوو جۆری وەڵامگۆیی کلاسیک و وەڵامگۆیی مۆدێرن جێی تێڕامانن. یەکێک لە شێوەکانی وەڵامگۆیی کلاسیک، وەڵامگۆیی سیاسییە کە پەیوەندی بە ئادابی دێموکراسی و ئاستی مەشرووعییەتەوە هەیە و، وەک سیستەمی وێستمینستری (Westminster) لە ناو سازوکاری هەڵبژاردن و پەرلەماندا سیستماتیک دەکرێت. وەڵامگۆیی بیرۆکراتیک جۆرێکی دیکەیە، کە پەیوەندی بە کاروباری ئیداری و جیاکردنەوەی یاسادانەر لە جێبەجێکارەوە هەیە و، تێیدا بەرپرسانی ئیداری کۆنتڕۆڵ دەکرێن. وەڵامگۆیی پیشەیی پەیوەندی بە زانست و پسپۆڕییەوە هەیە. لە وەڵامگۆیی مۆدێرندا وەڵامگۆیی کارکرد دەبینرێت کە پەیوەندی بە ئامانج و دەرەنجامەوە هەیە، واتا دەرەنجامەکان ڕێژەی وەڵامگۆیی دیاری دەکەن. لە بەرانبەردا وەڵامگۆییی گوتاریی هەیە، کە کراوەیی و شەفافییەت بە پێوەر دادەنێت.

گۆڕانی پاڕادایمی

لە مێژووی دووردا دەسەڵاتدار و کاربەدەست لە بەرانبەر هاووڵاتیاندا هێندە وەڵامگۆ و بەرپرسیار نەبووە، بە پێچەوانەوە لە کۆندا خەڵک لە بەرانبەر دەسەڵاتدا وەڵامگۆ بوون؛ بەڵام لە سەردەمی مۆدێڕندا وەڵامگۆبوونی حکوومەت لە بەرانبەر گەل، هێما و هەنگاوێکی گرینگە بۆ چوونە ناو قۆناغی دیموکراتیزاسیۆن. لەو کەشەدا وشەی بەرپرسیارێتی لە بەرەنجامی وەڵامگۆبوون واتای چەمکانە وەردەگرێت؛ چونکە بەرپرس دەبێ بدرێتە بەر پرسیار و وەڵامی ڕوون و ڕەوانی پێ بێت. ئەم چەمکە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو پێشتر دەچێ؛ بە جۆرێک که ئێستا وەڵامگۆبوونیش بان و سنووری خۆی هەیە. بە واتایەک، سیستەمی وەڵامگۆبوون پەیوەندی بە بەستێن و ستراکچەری سیاسی و ئیداریی شوێنێکی تایبەتەوە هەیە و، ناکرێ سیستەمی وڵاتێکی پێشکەوتوو بە ژئۆپۆلەتێکی جیاواز کۆپی بکرێتە سەر وڵاتێکی دیکە، کە بەپێی ژئۆپۆلەتیک ستراتیژییەکانی دەگۆڕدرێن. دیارە هەر دەوڵەتێک، بەپێی ئایدۆلۆژیای حوکمڕانیی خۆی، وەڵامگۆیی دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆی و جیاوازییەک لە نێوان کارایی و دێموکراسی دادەنێت. (نرگسیان، 1390) بۆ نموونە، ئەگەر لە ناو حوکمڕانییەکی شایستەدا وەڵامخواز بیەوێ بە مەبەستی کۆنتڕۆڵی حکوومەت وەڵامگۆیی و بەرپرسیارێتی بکاتە کلیلی شەفافییەت، بە پێچەوانەوە، لەژێر پەردەی دیپلۆماسیی نهێنیدا دەوڵەت و بەرپرس لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکان، لە قۆناغێکدا، چوارچێوە و سنوورێک بۆ وەڵامخواز دادەنێن.

جگە لە سەردەم و ئایدۆلۆژیای تایبەت، وەڵامگۆیی بەپێی شۆڕشە زانستی و گۆڕانە پاڕادایمییەکانیش دەگۆڕێن، بە جۆرێک کە پێکهاتە تیۆرییەکەی تووشی ئاڵوگۆڕ دەبێت. واتە، پێشتر ئەگەر حکوومەت بە بەرپرس و سیاسەتدانەر دانرابا و خەڵک بە پەیڕەوکار و موشتەری، ئێستا وەڵامگۆبوون لە کەشێکدا دێتە دی کە حکوومەتێکی بەهێز، کەرتی تایبەتێکی بەهێز و کۆمەڵگەیەکی بەهێز بێتە کایەوە. لەو کاتەدا حکوومەت، کەرتی تایبەت و کۆمەڵگە، هەر یەک بەپێی پشکی خۆی، بەرپرسیار و وەڵامگۆ دەبن. (وارث، 1380) لێرەدا وەڵامگۆیی لە کەرتی گشتی و دەوڵەتی بۆیە گرینگی پتری هەیە، چونکە پەیوەندییەکی زیاتری بە بەرژەوەندیی گشتییەوە هەیە. هەر بۆیە ڕێژەییبوون، سنوورداربوون و نیزاممەندبوونی وەڵامگۆیی لە کەرتی دەوڵەتیدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

سیستماتیککردنی وەڵامگۆیی

وەڵامگۆیی، لە بەستێنی دێموکراسیدا، لە وڵاتانی پەرئەستێندا دەگاتە ئاستێکی بەرز و تێیدا هەڵبژاردن، یاسا و میدیا بە ئامرازگەلی وەڵامگۆیی بە مەبەستی پەرەسەندنی دێموکراسی هەژمار دەکرێن. بەڵام لە هەندێک وڵاتی تازە پێگەیشتوودا، که دێموکراسییەکی بێ پێناسە، وەک داکشانی (Reductionism) کۆمۆنیزمی مارکس لە لایەن لێنین، ڕەوی گرتووە، وەڵامگۆیی لە ئاستێکی نەویتر و ڕێژەیی دایە. واتە، پێویستە وەڵامدانەوە بەپێی زنجیرەی پەیوەندیی دامەزراوە و پۆست ڕێک بخرێت و لەسەر بنەمای پەیوەندی و بەرژەوەندیی گشتی و چۆنییەتی و جۆری وەڵامدانەوەی بەرپرسان بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە بەرانبەر هاووڵاتیان بە مەبەستی بەڕێوەبردنێکی کاریگەرانەی دەوڵەت لە هەموو بوارەکاندا دیاری بکرێت. کەچی لە وڵاتانی پێشنەکەوتوودا، که تازبەتازە سازوکاری دێموکراسیان، بەبێ هەبوونی ئەزموون، مێژووی هزری و فەرهەنگی دێموکراسی، داناوە، وەڵامخوازی، لە ناو ئۆپۆزیسیۆن و میدیا و سۆشیالمیدیاداکانیاندا، خەریکە لە چوارچێوەی پەیوەندی و بەرژەوەندیی گشتی دەچێتە دەرێ و پێویستی بە خوێندنەوەی سایکۆلۆژیای کۆمەڵەکی هەیە. لەم کۆمەڵگە پێشنەکەوتووانەدا وەڵامگۆیی و شەفافییەت لە ئازادیی بیروڕا جیا ناکرێنەوە. لە کاتێکدا نیزامی بیرۆکراسی وەڵامگۆیی و شەفافییەت بە مانای بڕیاردانە بە گوێرەی یاسا پێناسەکراوەکان. بۆیە پێویستە وەڵامگۆیی بە شێوەیەکی سیستەماتێک جێبەجێ بکرێت. چونکە لە کەشی پۆپۆلیزمدا وەڵامگۆیی لە ئاستی تاکدا لەرزۆک و لاڕێ دەبێت؛ کەواتە بۆ ئەوەی وەڵامگۆییەکی ڕاستەقینە ساز بێت، پێویستە جگە لە دامەزراوەسازی (Institution Building) جۆر و شێوازی بەرپرسیارێتی وەڵامدانەوە، بەدامەزراوەیی (Institutionalized) بکرێت. ئەم شێوە ڕەفتارە سیاسییە بازاڕی ئۆپۆزیسیۆنی پوپولیستیش دەگۆڕێت و ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە بەستێنی شکڵگرتنی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینەی بەرپرسیار، وەڵامگۆ، خەمخۆر، ڕکابەر و ئاکارمەند.

لێرەدا مەبەست ئەوە نییە دەوڵەت بە مۆدی سیستەمی کۆمۆنیستی هەموو شتێک گل داتەوە و کەس بۆی نەبێت هیچ بزانێت، چونکە گەڕانی زانیاری بە پێش چاو و زەینی هەر تاکێکدا بەشێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان. لە هەمان کاتدا پێویستە هاووڵاتیان و ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوە بزانن، که لە سیاسەتدا شتێک بە ناوی سایلێنتکردنی دەزگەی دیپلۆماسی (Silent Diplomacy) هەیە، که ئەگەر بە چاوی کۆدشکێنی سەیری هەواڵەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو بکەین، تا ڕادەیەک بۆنی ئەو دیپلۆماسییە نەبینراوە دێت. بەو ڕوانگەیەوە، پێویستە وەڵامگۆیی بۆ خزمەتگوزاریی گشتی و وەڵامگۆیی لەبارەی سیاسەتە تایبەتییەکانی دەوڵەت لە یەکتر جیا بکرێتەوە. بە واتایەک وەڵامگۆیی لە لایەن بڕیاردەران و بەرپرسیارانی کەرتی دەوڵەتی و کەرتی تایبەت لە بەرانبەر پرسە گشتییەکانی ناو کۆمەڵگە و بەرژەوەندیی دامەزراوەکان، واتای حوکمڕانیی باش دەدات. لێرەدا شەفافییەتیش بە مانای بەردەستبوونی داتا و زانیاریی بۆ ئەو کەسانەیە کە پەیوەندییان بەو بڕیارانەوە هەیە و، لەناو سیاسەتەکاندا بەشدارییان هەیە نەک ماڵی خۆت بە تەواوی بکەیە شووشەیەکی ڕوون.

چوارچێوە و سنووری وەڵامگۆیی

بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە سەردەمی نوێدا لە ناو وڵاتانی تازە پێگەیشتوودا کە بەشێکیان زۆر ئایدۆڵۆگ و پڕ لە کێشەی سیاسی و ئەمنین، کارێکی هەستیارە. تەنانەت لەوانەیە دەوڵەتێکی پێشنەکەوتوو بەوە هەراسان بێت کە ببینێ دەوڵەتی جیرانی بەرەو پێشکەوتن هەنگاو دەنێت؛ بۆیە، بە هەستی ڕکەبەرایەتی، هەوڵ دەدات ئەو دەوڵەتە ڕەوگرتووە لە ناوەوەدا ناکارا بکات. لە سەردەمی گۆڵۆبالیزەبوونیشدا دەزگە هەواڵگرییەکانی دەوڵەتانی دژبەر هێندەیان پێویستی بەوە نییە خەرجی زۆر بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و ناسینی ژێرپێستی کۆمەڵگەیەکی ناوشیار بکەن، هەر ئەوەندە کە هێزی سایبەریی ئەوان لە ژووری مۆنیتۆرینگەوە سێرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کۆمەڵگە بێ ئاگا و خەوتووە بگرن، بەسە بۆ ئەوەی هەموو شتیان بێتە دەست و بەم جۆرە دەتوانن، جگە لە تێگەیشتن لە دەروونناسیی کۆمەڵەکی، پەی بە کۆد و زانیارییە نهێنییەکان ببەن و ئەندازیاریی پێچەوانەی بۆ داڕێژن. بۆیە ناکرێ بابەتی بەرپرسیارێتی و وەڵامگۆیی لە وڵاتێکی پێشکەوتوو و وڵاتێکی پێشنەکەوتوو و خاوەن کێشەی بونیادی وەک یەک دابنرێت.

لە کۆمەڵگەکانی دێموکراتیک و پێشکەوتوودا زۆر بابەت هەر بە شاراوەیی دەمێننەوە و گەلێک جار شەمەندەفەری سیاسەتەکان لە دەوڵەتانی پێشکەوتوودا بە چرای کوژاوە و بەبێ دەنگی دەڕۆن تاکوو لە دۆخێکی بێ مەترسیدا بگاتە شوێنی مەبەست. لەو ڕێگوزەرەدا، ئەگەر کەمێک زەینی بدەینێ دەبینین کە وڵاتانی زلهێز و پێشکەوتوو هەندێک لە دیکیۆمێنتەکانیان ڕەدەبەندی و پۆلێنبەندی دەکەن بە جۆرێک کە تا دەیان ساڵ کەس دەستی پێڕاناگا و هەر کات ئەو دیکیۆمێنتانە لە مەترسی چوونە دەرێ، ئەو کات دەکەونە بەر دەستی لێکۆڵەران. بۆ نموونە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو تەواوی سیاسەتی نەفتیی خۆی ناداتە ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکان، تەنانەت زانکۆ سەرتۆپەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو بەشێک لە زانیاری و زانستیشیان پۆلێن کراون و کەس ناتوانێ هەموو داتا و زانیاری و تەنانەت زانستە نوێکانیان لە هەموو کاتێکدا ببینێ.

بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەوەی کە لە ناو کۆمەڵگەکانی نوستوودا جێی سەرنجە بەشێک لە هونەرمەند و ڕووناکبیرانیان، کە هونەر و ڕووناکبیرایەتی بۆیان بۆتە نان و خۆراک، تەنها بۆ ئەوەی شتێکی جیاوازیان گوتبێ ئەوەی نابێ بیڵێن بە زمانێکی زبر و شڕ دەیڵێن، ئەمەش دەبێتە هۆی چاولێکەری و بڵاوبوونەوەی کەلتووری زمانێکی خاڵی لە ئەدەب و بەشێک لە گەنجانی وێبگەرد پێیان وایە ڕۆشنبیربوون ئەوەیەکە پەردەی نهێنییەکان بدڕێنن و هەرچی بە دەمدا هات ڕێگەی لێ نەگیرێت و جاڕ بدرێت. لە کاتێکدا تەنانەت ناکرێت قوتابییەک و زانکۆییەک توێژینەوەیەک بەبێ ڕەچاوکردنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەبێ پرسی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێک بخات و کۆدی هەستیاری تێدا بدرکێنێت. بەڵام لە وڵاتێکی دواکەوتوودا، کە هێشتا مۆد و مۆدێلی دێموکراسی تێدا لێک ناکرێتەوە، بەشێک لە ڕووناکبیران و بژاردەکانیشیان پێیان وایە دەبێ هەموو سیاسەت و بەڵگەنامەکان بە ئاشکرایی بخرێنە بەردەست.

لە ناو جیهانی دیموکراسیدا دەبێ ئەوە بزانین کە، بەپێی ئاست و توانای عەقڵیی کۆمەڵگە و دۆخە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، پێویستە جۆری دیموکراسی لەگەڵ دۆخی گشتی وڵات خۆماڵیزە بکرێت. لەگەڵ ئەوەی هەڵکردنی چرای شەفافیەت پێویستەیەکی گرینگی پەرەسەندنە، بەڵام لەم قۆناغەدا کە هێشتا فەرهەنگی دیموکراسی لە ناو زەینی خەڵکدا، تەنانەت لە وڵاتانی لەحاڵی پەرسەندندا، جێ نەکەوتووە، ناکرێ حکوومەت هەموو باروبەری خۆی لەبەر چاوان هەڵڕێژێت و هەموو شت بۆ ڕاگەیاندن و شەقام، بەبێ تێڕوانین لە ئاسایشی نەتەوەیی، بڵێت.

بە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی مێژوویی ئەگەر لەو بابەتە بڕوانین، دەبینین که ئەم جۆرە ڕەفتارە لەناو کۆمەڵگەی گوندیدا جێی تاوتوێیە. لەناو کۆمەڵگە گوندییەکاندا بەهۆی بێ بابەتی و دونیایەکی بچووکی تەنگەدیمەن، سنووری تایبەتی کەسیی ڕەچاو ناکرێت و سەرکێشان بۆ ناو کاروباری یەکتری زۆرە. لە قۆناغی دواتردا کاتێک شاری بێشوناس، بەبێ تێپەڕاندنی پڕۆسەی شارنشینی بە شێوەیەکی سروشتی، لەو گوندانەوە سەریانهەڵدا و بەجیهانی بوونیش بەبێ هاتنی فەرهەنگی گڵۆباڵیزە هاتە ناو ئەو کۆمەڵگەیانە و هاوکات پاوانخوازانی پۆپۆلیستیش سەریان هەڵدا، لەو کاتەدا دێموکراسی دەبێتە ئامرازێک بۆ دروستبوونی کەشێکی ئاناڕشیک و کەلتووری چەقەخانەی مزگەوت و کانیی ژنان و شەونشینی زستانانی گوند دێتەوە سەر مۆنیتۆری تەلەفزیۆن و پەیجەکانی ئینترنێت و دوور لە یاسا و ڕێسای ڕاگەیاندن کەلکی خراب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگیرێت. (قادری، 2022: 109) بە واتایەک، مۆدێرنیسم لەناو کۆمەڵگەی دواکەوتوودا نەبۆتە هۆی گۆڕانێکی ڕیشەیی لە چۆنییەتیی بیرکردنەوە، بەڵکوو بۆتە هۆی دووبارەبەرهەمهاتنەوەی هەندێک کەلتووری سوننەتی. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین هەمان ئەو کەلتوورە گوندییە بە گۆڕینی وشەی قەڵەمی و بریقاوی بۆتەوە بنەمای پرسیاری ڕۆژنامەوانانیش. یەکێک لەو کۆمەڵگەیانە کوردستانە کە تێیدا شەفافیەت بە واتای ڕووکردنی هەموو زانیارییەک دێت بەبێ پۆلینبەندی، لە کاتێکدا دەبێ میکانیزمێک بۆ ماتریالیزەکردنی زانیارییەکان هەبێت. لەو کەشە سنوورپسێنەدا، کورد ئەگەر سایلێنت دیپلۆماسیشی هەبێت، بژاردەی ژیر و ڕاستەقینەشی هەبن، میدیا و ڕووناکبیرانی ئەم وڵاتە بۆ دیاربوونی خۆیان هەموو شتێک ئاشکرا دەکەن. لە کاتێکدا بەشێک لە پرسەکانی کورد پرسی ستراتیژیکن و دەبێ لانی کەم لە قۆناغێکدا بە شاراوەیی بمێننەوە.

باس و پێشنیار

بەو دیدەی کە نیشاندەری وەڵامگۆیی بەشێکە لە سازبوونی پاڕادایمی حوکمڕانیی باش، پێویستە وەڵامدانەوە لە مەیدانی کاردا پتر ڕەنگ بداتەوە. واتە، ئەگەر وەڵامگۆبوونی تاک، بەرپرس و لایەنێک تەنها قسەی پۆپۆلیستیانە بێت و ئەگەر لە مەیدانی کاردا جێبەجێ نەکرێت، تەنها سەرکەوتنێکی کورتماوە و کورتمەودای لێ دەکەوێتەوە و لە داهاتووی دووردا وەڵامدانەوەی بێعەمەل دەبێتەوە هەڕەشە و کەسەکە وەبن شەپۆلێک دەکەوێت، کە خۆی دروستی کردووە. لەم دەرگەیەوە پێویستە سیستەم و نیزامی وەڵامگۆیی لە شێوەی پۆپۆلیستی و وێنەیی دەربچێت و لە مەیدانی کاردا بەدامەزراوەیی بکرێت و جێگە و پێگەی تایبەت بەم نیزامە وەڵامگۆییە لە ناو کۆی سیستەمی بەڕێوەبردندا دابندرێت. بۆ ئەوەی حوکمڕانیی باش بە شێوەی ڕێژەیی (Relative) دروست بێت، پێویستە ئامرازی وەڵامگۆیی لە شێوازی هێما و دروشم دەربچێت و نیزاممەند بکرێت، بە جۆرێک کە لە ناو هەموو دامەزراوەکانی حکوومەتدا سیستەمی وەڵامگۆیی (لە سەرێ بۆ خوارێ) ببێتە چوارچێوە و فەرهەنگی کاری حکوومەت و دامەزراوە گشتییەکان و بخزێتە ناو هەناوی خەڵک. بۆ ئەم مەبەستە دەکرێ کەلک لە چەند میکانیزمێک وەربگیرێت، بۆ وێنە دەکرێ هەر چەند مانگ جارێک بەرپرسان کارکردی خۆیان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پەیوەندی یا ڕاستەوخۆ بۆ خەڵک بخەنە ڕوو. سیستەمی کارای وەڵامگۆیی خۆی دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی بەرنامەڕێژیی و بە جۆرێک یەکسانە بە بەرنامەدانان؛ ئەم سیستەمە دەبێتە بەرچاوڕوونییەک بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکان. بەم شێوەیە دامەزراوەیەک دەزانێت کە لە ماوەی ساڵێکی کاریدا، بەپێی بودجەی تەرخانکراو و توانای سیستەمی و ئامانجەکان، چەندە کارایی و کاریگەریبەخشی (Government Effectiveness) هەبووە. لە دوای ئەم هەنگاوە هەنگاوی چاکسازیی پڕۆسە دێت و دەر دەکەوێت، کە بەربەستەکانی پێش کاریگەریبەخشی چین و چۆنن و بۆ ساڵی داهاتووی کاری، چاکسازی لە هەمان بەرنامە و سیاسەتدا دەکرێت. دەرکەوتەی ئەم جۆرە سیستەمە کارایی و کارامەیی، لە گشت کارەکان، لێ دەکەوێتەوە.

بەڵام، وێڕای لایەنە باشەکانی شەفافییەت، بەرپرسیارێتی و وەڵامگۆیی، لە دانانی سیاسەتدا پێویستە شتێک بە ناوی سایلێنت دیپلۆماسی هەبێت. بە تایبەتی بە تێبینی وەڵامگۆییەکی دەرەنجامی و کارکردتەوەر، پێویستە بەڕێوەبردنی بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردنی چۆنییەتی و جۆری وەڵامگۆیی بە هەند دابنرێت. پێویستە وەڵامگۆیی بەپێی نۆڕمەکان (دەبێ و نابێ) لە یەکتر جیا بکرێنەوە. واتا وەڵامگۆییی بیرۆکراسی، یاسایی، سیاسی و پیشەیی بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە یەکتر جیا بکرێنەوە. لە ڕووی فەرهەنگییەوە، سەرەتا پێویستە سنوورێک بۆ ئاشکراکردنی زانیارییە تایبەتییەکان لە قۆناغی جیا جیا دابندرێت و جگە لە یاسا و دانانی سیستەم، کەلتووری سنوورزانین ساز بکرێت. پێویستە لە قۆناغە هەستیارەکاندا، دەوڵەتمەداران و نوخبە هزرییەکان، ڕاگەیاندن و خەڵک بە ڕاشکاوی فێری ئەوە بکەن، کە بەشێک لە زانیارییە پۆلێنبەندکراوەکان تایبەتن بە بەرپرسان و سیاسەتدانەران و دەچنە ناو خانەی ئاسایشیی نەتەوەیی و، تا دەرکەوتنی دەرەنجام و دوورکەوتنەوە لە ئەگەری مەترسیی سەربەمۆر دەمێننەوە. کاتێک بەرپرسێک لە پەرلەمان قسە دەکات پێویستە بە میدیاکان بڵێن دانیشتنی داخراو، بەبێ بەشداری میدیاکان، بەڕێوە دەچێت. هەروەها نابێ بەڵگە و بەڵێننامە نهێنییەکان بە ناوی شەفافسازییەوە بدرێنە بەردەست پەرلەمانتار و ڕۆژنامەنووسان. بەم کارە هەم خەڵک فێر دەبن کە مافی زانینی هەموو زانیارییەکیان، لە هەموو کاتێکدا نییە و، هەم ڕاگەیاندنەکانیش فێر دەبن کە ڕکابەریی بۆ زانینی زیاترین زانیاری و بڵاوکردنەوەیان بە مەبەستی ڕاکێشانی بینەری زۆرتر، کارێکی مەترسیدارە. باشترین نموونە وانەی ئەو مەترسییە، ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان بوون کە لە کاتی شەڕی داعشدا، ببوونە دیدەوان و مۆنیتەری زانیاری بۆ داعش.

 

سەرچاوەکان

ذاکری، محمد و اسدی، اسماعیل و لطفی، هادی، تبیین الگوی پاسخگویی و نظارت بر نظام اداری در حکومت علوی از منظر رابطه بوروکراسی و دموکراسی، (فصلنامه رسالت مدیریت دولتی، سال دوم، شماره چهار، 1390).

قادری، قەرەنی، پیاسەیەک بەناو کۆڵانەکانی سیاسەت و میدیادا، (هەولێر: دانیشفەڕ، 2022).

نرگسیان، عباس، تغییر در مفهوم پاسخگویی عمومی در رویکردهای مختلف مدیریت دولتی، (مدیریت فرهنگ سازمانی، شمارە 23، 1390).

Bovens, M. (2005). Public Accountability. In E. Ferlie, L. Lynne, & C. Pollitt (eds). The Oxford Handbook of Public Management (pp. 182–208). Oxford: Oxford University. Press.

Franck, M Thomas, “The Emerging Right to Democratic Governance”, 86 AM. J. INT'L L. 46-64, 1992.

Grant, Ruth. W, Keohane, Robert. O, "Accountability and Abuse of Power in World Politics", Vol.99, No. 1, American Political Science Review, 2005.

Kim J-B, Li Y, Zhang L. Corporate tax avoidance and stock price crash risk: Firm-level analysis. Journal of financial Economics. 2011; 100 (3):639-62.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples