محەمەد کەریمخان، دکتۆرای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران
پێشەکی
لەناو زانستی سیاسیدا، كهلتووری سیاسی، کە گۆشەیەکی تایبەتە لە كهلتووری گشتی، سەروکاری لەگەڵ بەشی نائاگای زەین و ڕەفتاری کۆمەڵ و تاکدا هەیە. بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، لەناو ئەندامانی سیستهمێکی سیاسیدا، كهلتووری سیاسی ڕوانینی تاکە لە بەرانبەر سیاسەت و، هەر سیستهمێکی سیاسی نموونەیەکی تایبەتیی هەڵوێستی سیاسییانەی خەڵکە. لەسەر ئەم بنەغانە كهلتوورییە، پەیوەندیی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگە كهینوبهینێكی دیالێکتیکییە. بۆیە دەوڵەتانی پەرەخواز سەرنجی تایبەتییان بۆ دیالۆگی نێوان كهلتووری سیاسی و كهلتووری گشتی هەیە و لەسەر ئەم ڕوانینە، سیاسەتی كهلتووری دادەڕێژن، چونکە پەرەسەندنی وڵاتێک گرێدراوی كهلتوورسازییە. لەم دەراوەدا، زۆر وڵاتی زلهێز و چەکخانەیی هەبوون کە کەمتر کاریان بە نەرمەئامرازی كهلتووری سیاسی دەکرد، بەڵکوو زیاتر سیاسەتی ماتۆریزە (بهماشێنیكردن)یان گرتە بەر؛ بۆیە هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کورت وەک دێوێکی پۆڵایین دەرکەوتن، بەڵام لەناوخۆدا، تان و پۆیان لێک هەڵپچڕا. لەم داڵانەوە، لەناو ئەزموونی دهسهڵاتی کوردییش، واری كهلتوور بەگرنگ دانەندراوە. لە کاتێکدا ئەگەر نیازی پەرەسەندن و بەهێزبوونی وڵات هەبێت، ناسینی كهلتووری سیاسیی کۆمەڵگە و كهلتوورسازی، یەکێکە لەژێرخانیترین ئەو شتانەی کە سهرخانیان لەسەر دادەڕێژرێت. بەڵام پێدەچێت له باشووری کوردستان بە چاویلکەی قاڵبداری کلاسیک سەیری کاری سیاسی و ئابووری بکرێت و ئاسۆی کۆمەڵایەتی-كهلتووری هێندە بەهەند دانەندرێت؛ ئەمەیش کێشەیەکی بێهەستە کە دواجار دەبێتە هۆی پەرەنەسەندنی سیاسی.
ئەم جۆرە نیگایە پێشتر لە زۆر وڵاتی "ڕانتییەر"ی دیکەی وەک ئیماڕات و عومانیش هەبوو، بە جۆرێک کە تەنیا گەشەی ئابوورییان بە پەیژەی سەرکەوتن دەزانی؛ بەڵام پێدەچێت لەم دوایییانە ئەوانیش وەئاگا هاتبنەوە و گەیشتبنە ئەو بڕوایە زانستییەی کە پەرەسەندن لەسەر سێ پایەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دادەندرێت. بەم نیگایە ئێستا بزاوتێکی كهلتوورسازی لەو وڵاتانە دەبیندرێت. ئەم نووسینە، بەهۆی کەمیی ئەدەبیاتی پەیوەست بە کوردستان، بە ئامانجی چۆنێتیی شکڵگرتنی كهلتووری سیاسی، دەیەوێ لە گرنگیی كهلتوور بدوێت و تێیدا وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە كهلتووری سیاسی لە هەرێمی کوردستان، چ کارتێکەرییەکی لەسەر پەیوەندیی نێوان خەڵک و حکوومەت دەبێت؟ وەڵامی سەرەتایی ئەوەیە کە سیاسەتی كهلتووری، بەتایبەتی لە بەشی كهلتووری سیاسیدا، لاوازە؛ واته زیاتر بەناو لوولەیەکی درێژدا سەیری سیاسەت دەکرێت؛ بۆیە درزی بەرینی نێوان خەڵک و دهسهڵات نابیندرێت. ئەم ئاخاوتنە بە میتۆدی "ئانالیزی وەسفی" بە مەبەستی ناسینی پرس دێتە نووسین.
چییەتیی كهلتووری سیاسی
کۆمەڵناسیی سیاسی هەوڵێکی هزرییە بۆ شرۆڤە و بهیانكردنی دیاردە، ڕەفتار و پێكهاتهی سیاسی لە ڕێگەی ئابووری، کۆمەڵایەتی و كهلتوورییهوه. (بشیریە، 1374: 18) كهلتووری سیاسییش، وەک دانگێکی سەرەکیی کۆمەڵناسیی سیاسی، بە دوای چەمکە جێکەوتووەکانی وەک ئایدیۆلۆژیای سیاسی، سروشتی نەتەوەیی و دەروونناسیی نەتەوەکانە، کە بەرهەمی مێژووییی سیستەمی سیاسین (احمدی، 1397: 109) ئەگەرچی بابەتی كهلتووری سیاسی هەر لە سەردەمی پەیدابوونی زانستی سیاسییهوه لەناو یۆنانی و ڕۆمییەکان، بەتایبەت لەناو گوتەی سوقڕات، ئەفلاتۆن و ئەرەستۆدا هەبووە (رفیع، 1397)؛ بەڵام بە مانا ئەمڕۆیییەکەی، یەکەم جار ئەمریکییەکان بۆ سەرخستنی سیستەمی سیاسی، گرنگییان بە كهلتووری سیاسی دا و بۆ ئەم مەبەستە بیریان لە سیاسەتی كهلتووری کردەوە و بە دیدێکی دەروونناسیی سیاسی، دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسیی سیاسی سەرنجیان دایە تایبەتمەندییەکانی كهلتووریی کۆمەڵگە کە مێشک و بینای ڕەفتاریی سیاسیی خەڵکی لەسەر هەڵچنراوە. بۆ وێنە، دیموکراسیی سەرەتایی لە ئەمریکا بە جۆرێک بوو کە، دامەزراوەکان ڕۆحی مەدەنیی خەڵکیان دەگواستەوە. (احمدی، 1397: 108) بەڵام زۆر جار لە زۆر وڵاتدا بەپێی داتای پێوانەیی و ئاماری، تەنیا لە ڕووی بەشداریی خەڵکهوه لە هەڵبژاردنەکان، بە شێوەیەکی تاکەڕەهەندی، كهلتووری سیاسی هەڵدەسەنگێندرێت؛ لە کاتێکدا بازنەی كهلتووری سیاسی لە بابەتی هەڵبژاردن بەرینترە. واتا كهلتووری سیاسی، کۆمەڵە ڕوانگە، باوەڕ، نۆڕم، پێوەر و هەستی زۆربەی ئەندامانی ناو کۆمەڵگە دەگرێتەوە لە بەرانبەر سیاسەت و حکوومەت، کە پێکهێنەری گوتار، بنەمای هزری و ئاگاییی زەینی و چوارچێوەی ڕەفتاریی سیستەمێکی سیاسییە. كهلتووری سیاسی وەک دەزگهیەکی چەمکییانە، زیاتر لە مێژووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەزموونی کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرێت و جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان حکوومەت و زۆرینەی کۆمەڵگە، لەسەر بنەمای ڕێز، بەشداری و یەکێتی، میکانیزە دەکات.
كهلتووری سیاسی بە درێژاییی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەژێر کاریگەریی هۆکاری جۆراوجۆری وەک دۆخی جوگرافی، سیستهمی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی-کەلتووری ساز دەبێت و دواتر لە پڕۆسەیەکی بەردەوامدا بنەجێ دەبێت و لە پشتێکەوە بۆ پشتێکی دیکە دەگوازرێتەوە. (رفیع، 1397: 23) لێرەدا مێژووی گەلان پتر جێی سەرنجە. بە بۆچوونی هانتینگتۆن، دۆخی ئێستا بەری سەردەمی ڕابردووە؛ بۆیە هەر جۆرە نموونەیەکی پێشکەوتنی كهلتووری، دەبێ بەپێی هەگبەی كهلتووری و مێژووییی هەر نەتەوەیەک دابڕێژرێت. کەواته، ڕەفتاری کۆمەڵایەتی لە بەستێنی مێژوویی-كهلتووریدا شکڵ دەگرێت کە ماکی ڕەفتاری سیاسییش پێک دێنێت. ئەم چەمکە فرەئاڵۆز و باسهەڵگرە؛ هەروەها لق و پۆپیشی لێ دەبنەوە؛ بۆ وێنە، ئێستا بابەتی وەک نەژاد، ڕەگەز و چینیشی هاتۆتە سەر. بۆیە بۆ ناسینی چییەتیی كهلتووری سیاسی و پەیوەندیی نێوان كهلتوور و سیاسەت، پێویستە پلۆرالیزمی كهلتووری و وردەكهلتوورەکانیش وەک كرده (ئەکت) و واقع (فەکت)ی سیاسی، بە بن و ڕیشەوە بناسرێن.
پەیوەندیی نێوان كهلتوور و سیاسەت
بابەتی سەرەکیی کۆمەڵناسیی سیاسی، تاوتوێی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت، دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی دەوڵەت لە لایەک و کۆمەڵگە، دەسەڵاتی خەڵک و هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەکی دیکەیە. لە دیدی کۆمەڵناسیدا، کارکردی تاک و گرووپ لە نۆڕم و بەهاکانی ناو کۆمەڵگەوە وەرگیراون، بۆیە شیکاری ڕەفتار و كهلتووری سیاسی دەچێتە ژێر کاریگەریی بهکۆمەڵایەتیبوونی تاکەکان، كهلتوور و سیستهمگهلی گرووپی. (رهبرقاضی، 1395: 103) بەم جۆرە ستراکچەری سیاسی دادەندرێت. پەیکەر و دیواربەندی سیاسی، دامەزراوە و ناوەندی سیاسین کە دەسەڵاتیان هەیە و جۆرە پەیوەندییەکی دامەزراوهیییان بەیەکەوە هەیە کە لەسەر ئەم بینا سیاسییە، یاسا دادەندرێن. لەو بارەوە، مۆنتێسکیۆ پەیوەندییەک لە نێوان كهلتوور و سیستهمی یاسایی و سیاسی دەبینێت و سیستهمی یاسایی و سیاسی بە پەیڕەوکاری كهلتوور دادەنێت. (رفیع، 1397: 26-27) لە پەیوەندییەکی دیالێکتیکیدا، وەک چۆن كهلتووری گشتی کاریگەریی لەسەر پەیکەری سیستهمی سیاسی هەیە، سیستهمی سیاسییش کاریگەریی لەسەر گۆڕانی كهلتووری گشتی و نیگای كهلتووری سیاسی هەیە. لە ڕوانگەی كهلتوورگەرا، کەلتوور، برنجە (پێکهاتە) و پێکهێنەرێکی پایەیی بینای سیاسییە و هەر گۆڕانێک لە بینای سیاسی پێویستی بە گۆڕانی كهلتووری سیاسییەوە هەیە. لە بەرانبەردا، هەر سیستهمێکی سیاسی، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، پێویستی بە بڵاوکردنەوە و دانانی كهلتوورێکی سیاسییە. بە واتایەک هەماهەنگیی نێوان بینای سیاسی و كهلتووری سیاسی دەبێتە بەستێنگەی سەقامگیریی سیاسی و پەرەسەندنی سیاسی. ڕوانگەی پێكهاتهگەرا (Structuralist)، كهلتوور بە پەیڕەوکار دادەنێت و پێكهاتهی سیاسی بە هۆکار و پێکهێنەری كهلتووری سیاسی و نۆڕمی گشتی دادەنێت. بەڵام ڕوانگەی لێکدراو، باوەڕی بە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان كهلتووری سیاسی و ستراکچەری سیاسی هەیە؛ بە شێوەیەک کە كهلتوور پێکهێنەری باوەڕ، نۆڕم، نیگا و گرێدراوبوونە. کارەکتەری سیاسییش هەندێک جار پەیکەربەندیی سیاسی دەپارێزێت و هەندێک جار هەوڵی گۆڕینی دەدات؛ پەیکەری سیاسی، کە بەشێکی كهلتووری سیاسییە، توانای هەڵبژاردەکانی ئەو کارەکتەرە سنووردار دەکات. کەواتا ستراکچەری سیاسی بە سوودوەرگرتن لە دەسەڵات و میكانیزمی کۆمەڵگەوەرگرانە، ڕۆڵی گرنگی لە پتەوکردن و چەسپاندنی كهلتووری سیاسی هەیە.
كهلتووری سیاسی؛ ڕێخۆشكهری پەرەسەندن
یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکانی سەر پڕۆسەی نوێسازی (Modernization) و پەرەسەندنی سیاسی، كهلتووری سیاسییە. لەو ڕوانگەوە، هۆکارێکی سەرەکیی پەرەنەسەندنی سیاسی، لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، بۆ بابەتگەلی مێژوویی، دەروونی و کەلتووری دەگەڕێتەوە و دامەزراوەی لەسەر هەڵدەچندرێت. دامەزراوەکانیش ئەم بابەتە تایبەتانەی، کە لەناو کۆمەڵگەدا باون، دەیگوازنەوە ناو مەیدانی سیاسەت. بەم شێوەیە كهلتووری سیاسی دەتوانێ پڕۆسەی پەرەسەندنی سیاسی بەرەو پێش ببات. (سیونگ یو، 1381) هەرچەندی كهلتوور، نۆڕم، ئامانج و ئاگاییی هاوبەش پتەوتر بکرێت، سەرمایەی کۆمەڵایەتی چاکتر شکڵ دەگرێت و گۆڕانی كهلتووریی لێ دەکەوێتەوە. (رهبرقاضی، 1395: 104) بەو ئەندازەیەی كهلتووری سیاسی بەرەو دیموکراتیزەبوون بڕوات، پەرەسەندنی سیاسییش پتر دروست دەبێت. لەو بەستێنەدا، یەکێک لە سەرچاوەکانی گرنگ و کاریگەر لەسەر كهلتووری سیاسی، متمانە و بەشدارییە، کە دەبنە مایەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، کە زیاتر لە ڕێگەی سەرچاوەی مرۆیی، وەک شارەزاییی مرۆیی، پەیدا بووە و توانای تاکەکان بۆ ڕەفتاری کۆمەڵایەتی بەرز دەکاتەوە. (رهبرقاضی، 1395: 104) وەک گوترا، كهلتووری سیاسی هەمان سیستەمی دەروونیبووی زەینی هەڵسەنگێنەری خەڵکە (رفیع، 1397: 35) و سیستەمی حوکمڕانی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر دابنێت. ئامانجی بەدەروونیکردنی کۆمەڵگە فێربوونی نۆڕم و شێوازی بیرکردنەوە و دەستوورێکە بۆ ڕەفتاری سیاسیی تاک. (رفیع، 1397) ئەم سیستەمە دەروونییە سێ جۆرە كهلتووری لێ دەبنەوە: سنووردار-پەیڕەو، پەیڕەو-بەشدارانە و بەشدارانەی سنووردار. كهلتووری سیاسی، هەندێک جار بەستووە و تاکەکان هیچ چاوەڕوانییەکیان لە سیستەمی سیاسی نییە و هیچ وێنایەکیان بۆ سیستهمی سیاسی نییە. لە كهلتووری بەشدارانەدا خەڵک وشیارن و لەناو سیستەمی سیاسیدا ڕۆڵیان هەیە و کارایی و کاریگەرییان زۆرە و تێیدا زەمینەیەکی لەبار بۆ پەرەسەندن هەموار دەبێت. لە كهلتووری پەیڕەودا، خەڵک بەئاگایە؛ واتا، یان لایەنگری سیستەمی سیاسییە یان دژە، بەڵام بەهۆی لاوازبوونی دامەزراوەکانهوه کاراییی سیاسییان کەمە. ئەو جۆرە كهلتوورە پلەیەک لە كهلتووری بەشدارانە لەخوارترە. لێرەدا سەرکەوتووترین سیستەمی سیاسی، سیستەمی بەشدارانەیە کە لە کەناراوی متمانەدا دروست دەبێت و تێیدا سەرمایەی کۆمەڵایەتی پشکۆژە دەکات؛ سەرمایەیەک کە لە بژاردە و گرووپەکان پێک دێت. بەم جۆرە، لەناو سیستەمە سیاسییەکاندا لانی کەم دوو كهلتووری سیاسی هەن: یەکیان كهلتووری سیاسیی بژاردەکانە و ئەوی تر كهلتووری سیاسیی کۆمەڵەکانە.
كهلتووری سیاسیی بژاردەکان سەروکاری لەگەڵ ئیمتیاز، هەست و نموونەی ڕەفتاریدا هەیە کە لەناو سیستهمی سیاسیدا لە ڕێگەی سووڕی کاری تایبەتییەوە ڕۆڵ دەگێڕێت. كهلتووری كۆمهڵهییش لە ڕوانگە و لایەنگریی خەڵکهوه لە هەمبەر سیاسەت شێوه دەگرێت. (رفیع، 1397: 29) كهلتووری بەشداری، زیاتر لەناو کۆمەڵگەی سێکۆلاردا ڕەو دەگرێت. واتا، كهلتووری سیاسیی دیموکراتیک لەو جۆرە کۆمەڵگەیانە سەرکەوتوو دەبێت کە بەرەو عەقڵانییەت و سێکۆلاریزم دەبزوون. بەڵام كهلتووری سیاسی [وڵاتانی جیهانی سێیەم] هێشتا بەرەو بیناکردنی سیاسەت-سیستەم نەچووە و لەسەر بنەمای سیاسەت-تاک وەستاوە. هۆیەکەیشی ئەوەیە کە ئەم وڵاتانە لەپێشدا نەریتی سیستەمییان نەبووە تا كهلتووری سیستەمسازییان تێدا دروست بێت. ئەگەر وڵاتێک بەرەو پاڕادایمی سیاسەت-سیستەم نەڕوات و ئەگەر یاسا و چوارچێوەی دیار و پێناسەکراوی ڕکابەری لەناو ئابووریدا نەیهتە جێی حەزە تاکییەکان، نەمامی سەرمایەی کۆمەڵایەتییش ناڕوێت و مەودای نێوان خەڵک و حکوومەت زیاتر دەبێت؛ بەم جۆرە، كهلتووری سیاسی شێوەیەکی سینووسیی دەبێت. (سریع القلم، 2022)
كهلتووری سیاسیی کوردی
بە دیدی ماکس وێبهر، كهلتوورە ئاسیایییهكان لەگەڵ كهلتووره ڕۆژاوایییهكان جیاوازن و ئەم جیاوازییە کاریگەریی لەسەر جۆری دیموکراسیی ئەو وڵاتانە هەیە. واتا جیاوازیی دینامیکیی ناو کۆمەڵگەکان لەسەر جۆری كهلتوور دەدیترێن؛ بۆ وێنە تایبەتمەندیی شاراوەی ناو ئایین بۆتە هۆی ئەوەی كهلتووری سیاسیی خەڵکی کۆریای باشوور بچێتە ژێر کاریگەریی کۆنفۆشیۆسیزم. (رهبرقاضی، 1395: 142) بە واتایەکی گشتیتر، وێبهر پێی وایە دامەزراوە سیاسی و ئابوورییهكان تەنیا لەناو چوارچێوەی خۆیاندا شیاوی تێگەیشتنن؛ لەسەر ئەم بنەمایە، ڕوانگەی كهلتووری، خانەوادەیی و ڕێسای لۆژیکییش دەتوانن کاریگەری لەسەر واقع (فەکت)ی سیاسی و ئابووری دابنێن. (رفیع، 1397: 26) حکوومەتەکانیش بەم ڕوانگەیە لەناو کۆمەڵگەدا گرنگی بە واری سیاسی دەدەن کە تێیدا تاکەکان بابەتگەلێک لەبارەی سیاسەت، سیمبول، نۆڕم، نەریت، بەها، باوەڕ و ئاداب فێر دەبن و لەسەر پایەی ئەم پڕۆسەیە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ سیستەمی سیاسی دیاری دەکەن. وەک هەر کۆمەڵگەیەکی خاوەن تایبەتمەندیی دەروونی، کۆمەڵگەی کوردییش تایبەتمەندیی خۆی هەیە کە دەبێ بەپێی ئەو تایبەتمەندییانە سیاسەتی كهلتووریی بۆ دابندرێت. لە بازنەیەکی فراوانتردا، کوردستان لەناو کۆمەڵگەی "ڕۆژهەڵاتی ناڤین"ێکدا شیاوی شیکردنەوەیە کە جیاوازیی شارستانی و كهلتووریی لەگەڵ ڕۆژاوادا هەیە. بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی کە ئەدەبیاتێک لە كهلتووری سیاسیی کوردیدا دروست نەبووە و، زەینی گشتییش زۆر نەگۆڕاوە؛ بۆیە کۆپیکردنی بیری دیموکراسی بەبێ خۆماڵیکردنی كهلتوورەکەی، مەودای پتر لە نێوان حکوومەت و کۆمەڵگەی عەشیرەیی دروست دەکات. لەو ڕوانگەوە، پێویستە مۆدێرنیزە و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی کوردییش لە دەروونەوە بزێت و كهلتوورە بیانییەکان بەپێی نۆڕمەکانی ناو کۆمەڵگە و دۆخی کەلتووریی کۆمەڵگەی کوردی خۆماڵی بکرێن و لە ڕووی فەلسەفییهوه، دەبێ سەرنج بدرێتە دێتێرمێنیزمی (Determinism) مێژووی کەلتوور و ڕەفتاری کوردی. بۆ نموونە، کۆمەڵگەی کوردی پێویستە لە دەروونی دینەوە بەرەو پەرەسەندن بڕوات و ڕەنگە خێراترین و باشترین ڕێگە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ڕوانگەی عەقڵگەراییی ئایینی بێت.
لێرەدا دەکرێ بە دوو چاویلکە سەیری ڕەوتی كهلتووری سیاسیی باشووری کوردستان بکرێت: یەکەم، بەشێکی كهلتووری سیاسیی کۆمەڵگەی کوردی، بەرهەمی مێژووی خەلافەتی ئیسلامییە. لە بەشەکەی دیکەدا، کۆمەڵگەی کوردی باشوور، جگە لەوەی كهلتووری هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵگەکانی هاوشێوە هەیە و لەگەڵ کوردەکانی پارچەکانی دیکە وێکچوونی زۆرە، هەندێک وردەكهلتووری تایبەت بە خۆی هەیە کە لە فێرخانەی سیستهمی ستەمگەریی عێراقەوە دەروونی بووە. لە پاشینەی دوورتریش، كهلتووری میرنشینە کوردییەکان، پڕە لە ڕقگێڕان و ستەمکاری. (احمدی، 1390) لە یەک ڕەهەنددا، جاران دوو بنەماڵە شێخ یان ئاغا، کە دەسەڵاتی ناوچەیییان هەبوو، لەبەر خووی ئیرەیی یەکگر نەبوون؛ لە کاتێکدا جیاوازیی هێز لە نێوان ئەو بنەماڵانە لەگەڵ بنەماڵەیەکی دەسەڵاتداری نەتەوەیەکی دیکەی ناوچەکە، چەند سەر ئەسب و ژمارەیەک سوار و تیر و شیر بووە و تێیدا کورد هەلی سەرکەوتنی هەبووە. ئەم خووە نەرێنییە، برینی شەڕی ناوخۆیشی خوێڕێژ کردووە. ئەم خووە ڕشکاوییە هەر ماوە و ئێستا هاتۆتە ناو ڕۆشنبیران و سیاسییەکانیش. بۆ وێنە، ئێستا دوو ئهکادیمی بەهۆی خووی ئیرەیی، تیخی زمان لە یەکتر دەسوون. لە ناخی ئەم کێڵگە کەلتوورییەدا دەسەڵاتی هەرێمێکی کوردی ڕواوە کە جینۆمی (Genome) تۆوەکەی تراژن نەکراوە (Trans genesis) بەڵکوو تەنیا تارای دیموکراسی بە هێشووەکەیەوە دادراوە. هەروەها دەسەڵاتی کوردی، کە کاریگەریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و دەوڵەتە ڕانتییهریست و نەفتینەکانی لەسەرە و، بەهۆی سەرچاوەی خوداپێداوی و ئابووریی تاکبەرهەمی، منەتی بە کۆمەڵگە نەماوە، شکڵ پێدەری ڕەفتاری کۆمەڵگەیە. بەپێی ئەم كهلتوورە ڕەفتارییانە کۆمەڵگەی باشوور هێشتا حکوومەتی باوکسالار بە باو دادەنێت.
لە ڕوانگەیەکی دیکەوه، وێڕای گۆڕانکاریی ڕواڵەتییانە و پێشچاو، کە زیاتر دیاریی جیهانی گلۆباڵیزەن، لە دەروونەوە هەندێک خووی بنچینەیی هەروەک خۆیان دەمێننەوە، چونکە بە چاوی سەر نابیندرێن و کەمتر سەرنج دەدرێتە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم خووە ڕووخێنەرانە. کاتێک کۆمەڵگە کەوڵ بکەین، دەبینین درۆ، دووڕوویی، چەندکەسایەتیبوون، ڕیاکاری، فێڵبازی، تەمەلوق و ماستاوچێتی، ئیرەیی، بێئیرادەیی، تاکپەرەستی و پارەپەرستی لەناو کۆمەڵگەدا زۆرە و بەئاسانی ئەم خووە نەرێنییانە دەگوازرێنەوە ناو دەسەڵات و هەندێک جار سیستەماتیکیش دەبن؛ بەتایبەتی ئەگەر دەسەڵات شیاوسالاری نەکاتە ئامانجی سەرەکی، ئەم دۆخە کار دەکاتە سەر هەڵوێستی خەڵک لە بەرانبەر سیاسەت و حکوومەت و، دواجار بێمتمانەیی و بێهیوایی دروست دەبێت. ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە لە یەک ساتدا بڕیار دەدات و تاک لە یەک چرکەدا هەستی خۆی بە هەستی گشتی دەبەستێتەوە؛ واتا، پتر دەروەستی هەستە نەک گرێدراوی لۆژیک؛ بۆیە بە هەر فریکوێنسێکی بڵیند و نەوی، ڕەفتاری سینووسیی لێ چاوەڕوان دەکرێت. تەنانەت وردەكهلتوورێک، کە بەڕواڵەت پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە سیاسەتەوە نییە، لەوانەیە دواجار ببێتە داشەهارە بۆ سەر گیانی سیاسەت. لە نموونەیەکی دەروونناسیی سیاسیدا دەبینین، هەڵچوونی منداڵ لە بەرانبەر دایک و باوک ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لە کاتێکی هەستیاردا کۆمەڵگەی گەنج لە بەرانبەر دەسەڵات و حکوومەتیش هەڵزەقێتەوە. (رفیع، 1397) بۆیە دەسەڵات دەبێ کاری كهلتووری بۆ بچووکترین دیاردەیش بکات. لە نموونەی کۆمەڵگەی کاست (Caste)ی کوردیدا، کە تێیدا ناسنامهی عەشیرەتی زاڵترە بەسەر ناسنامهی نەتەوەیی، دەتوانین بڵێین بەهۆی پێکهاتەی ئاوێتەیییانەی خانەوادەی کوردی و پەیوەندیی ئاڵۆز و لێکهاڵاوی تاکەکان، حهسادهت و ئیرەیی زیاترە لەچاو ئەو نەتەوانەی کە تاکگەرایییەکی ئەرێنی و ئامانجداریان هەڵگرتووە، نەوەک کۆمەڵگەی جیهانی سێیەم کە تاکگەرایییان لێ بۆتە تاکڕەوی (تفرد).
کۆبەند
بە ئاراستەی وەڵامی سەرەکی، له ڕوانگەی فەلسەفهی دێتێرمینیزمهوه، هۆ و بەرهۆ (علت و معلول) زەمینەسازی پێشکەوتنی كهلتووری و فراوانکردنی هۆکارەکانی پێشخستنی كهلتوورین. لە پەیوەندییەکی دیالێکتیکیدا، كهلتووری دەروونی جۆری دیدگەی کۆمەڵگە بۆ حکوومەت دیاری دەکات، لە هەمان کاتدا ڕەفتاری دامەزراوەییی حکوومەتیش جۆری نیگای كهلتووریی خەڵک دەگۆڕێت. لەو ڕوانگەیهوە، كهلتووری سیاسیی کوردی، هەڵقووڵاوی کۆمەڵگەی کوردییە و حکوومەتێکی خۆکردی لێ زاوە؛ دەسەڵاتیش کاریگەریی هەیە لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵگە. بەو نیگایەی کە مەودای نێوان حکوومەت و کۆمەڵگەی کوردی زۆر دوور نییە و لە یەک ڕەهەنددا دەتوانین بڵێین ڕواندنی حکوومەتی کوردی لە کۆڕەوی گەلی کوردستان سەرچاوەی گرتووە و گەلی کورد لە پێشهاتەکان ڕاپەڕینی کردووە، کەواته بە گرنگیدان بە واری كهلتووری و هەوڵی گۆڕینی کەلتووری نەرێنی، دەکرێ ئەو مەودایە کەمتریش بکرێتەوە؛ بەتایبەتی لە کاتێکدا کە حکوومەتی هەرێم توانای سنوورداری هەیە و، تەنانەت ناتوانێ ژێرخانی خۆشبژێوییەکی تەواو بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات، پێویستە پتر بیر لە سیاسەتی كهلتووری بکاتەوە. نەک هەر لە ناوخۆی باشوور، بەڵکوو بەو پێیەی کە باشووری کوردستان "ئوممولقوڕا"ی چوارپارچەی کوردستانە، پێویستە حکوومەتی کوردی بە کلیلی حوکمڕانییەکی باش ئاگای لە دیدگەی کوردانی پارچەکانی دیکەیش بێت و کارێک نەکات کە ڕەفتاری كهلتووریی ئەوان لە هەمبەر حکوومەتی کوردان بە لای نائومێدیدا بکەوێت. لێرەدا بۆ بەرەوپێشبردنی كهلتووری سیاسی پێویستە، دوای پاتۆلۆژی (زیانناسی/ خهسارناسی)، بیر لە "ڕێنێسانسی كهلتووری" بکرێتەوە. بەو دیدەوە، پێویستە بژاردە یاخود نوخبه حکوومییهكان کاری كهلتوورسازی بۆ زەمینەخۆشکردن بکەن تاکوو مرۆڤی ڕاستکار و بەرز دروست بن و مەیدانیش بدرێتە شیاوانی ڕەسەن و زانا. بەم شێوەیە سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەهێزتر دەبێت و هەرێمی کوردستان بەرەو پەرەسەندنی سیاسی هەنگاو دەنێت.
ئەگەر لایەنی بەرپرسی كهلتووری بە سیاسەتی كهلتووری، کاری كهلتوورسازی لەناو پەیکەری دەسەڵات و ناخی کۆمەڵگە نەکات، خوو و ڕەفتاری نەرێنی، نەوەی نوێیش تێ وەردەدات و دەبێتە خۆرەی پەیوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات. لێرەدا پێشنیاری سەرەکی ئەوەیە؛ پێویستە گرنگی بە توێژینەوەی ئهکادیمی لەبارەی كهلتووری سیاسی بە نیگایەکی خۆماڵییانە بدرێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی زانستی، جێی چاوگەی ڕۆژهەڵاتناسەکان بگرێتەوە. بۆ نموونە، بۆ زانینی ناوەرۆک و بۆ سەلماندنی گریمانە کوالێتییەکان، پێویستە لێکۆڵینەوەی لە چەشنی ڕێگرێسیۆنی (Regression analysis) بۆ ڕوونبوونەوەی پەیوەندیی نێوان داتا و گۆڕاوە جۆراوجۆرەکان بکرێت و بە پێوانەیەکی چەندایەتی و ئامارییش، بە میتۆدێکی پاڕامەتری یان ناپاڕامەتری، کەلتووری پەیڕەوی و کەلتووری بەشداری بە شێوەی ڤاریانسی (Variance) هەڵسەنگێندرێت.
سەرچاوەکان
احمدی، یعقوب (1390)، رویکردهای قومی و گونەشناسی فرهنگ سیاسی، فصلنامه تحقیقات فرهنگی، دوره چهارم، شمارە 4، زمستان 1390، صص 256- 229.
بشیریه، حسین (1374)، جامعهشناسی سیاسی نقش نیروهای اجتماعی در زندگی سیاسی، تهران: نشر نی.
رفیع، حسین، مجید عباس زاده مرزبالی، میثم قهرمان (1397)، فرهنگ سیاسی؛ یک بررسی مفهومی و نظری، فصلنامە سیاست، سال پنجم، شمارە 17.
رهبرقاضی، محمودرضا، سعید گشول، حسین عربیان، سهیلا آشنایی (1395)، بررسی تأثیر سرمایەی اجتماعی بر فرهنگ سیاسی مشارکتی، فصلنامەی مطالعات توسعەی اجتماعی- فرهنگی، دوره 4، شماره 4.
رهبرقاضی، محمودرضا، سیدجواد امام جمعەزاده، سوسن نوربخش، مینا خاکی (1395)، بررسی رابطه دینداری با دو نوع فرهنگ سیاسی مشارکتی و دموکراتیک، فصلنامه مطالعات راهبردی بسیج، سال نوزدهم، شماره 71.
سریع القلم، محمود (2022)، هانس گشنر: وزیر خارجهی نمونه، https://sariolghalam.com.
سیونگ یو، دال (1381)، فرهنگ سیاسی و توسعه سیاسی، تهران: انتشارات خانه سبز.