متمانه‌‌، به‌‌رپرسیاریه‌‌تی و ئه‌‌خلاق له‌ كاری ڕۆژنامه‌‌وانیدا

بۆ ئه‌‌وه‌‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری كار و كرده‌‌وه‌، پڕۆژه‌‌ی‌ ئابووری و چۆنیه‌‌تيی ڕه‌‌وتی بڕیاردانی داموده‌‌زگا حكوومییه‌‌كان بن، هه‌روه‌ها ئاگایان له‌ بارودۆخی ناوه‌‌وه‌‌ و ده‌‌ره‌‌وه‌‌ی هه‌رێمی كوردستان بێت، ده‌‌بێ ئامرازه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندنی گشتی به‌‌ به‌‌رپرسیاریه‌‌تییه‌‌كی ته‌‌واو و له‌‌سه‌‌ر بنه‌‌مای ئه‌‌خلاقێكی به‌‌رزی ڕۆژنامه‌‌وانییه‌‌وه‌‌، كه‌‌ره‌‌سه‌‌ی سه‌‌ره‌‌كی بن له‌‌ مه‌‌یدانی گواستنه‌‌وه‌‌ی زانیاریدا. ئه‌‌م ئه‌‌ركه‌‌ی ئه‌‌وان، متمانه‌‌ له‌‌ ناو هاووڵاتیان و حكوومه‌‌تدا دروست ده‌‌كات.

سێ چه‌‌مكی (متمانه‌‌، به‌‌رپرسیاریه‌‌تی و ئه‌‌خلاق) بنچینه‌‌ییترین پێودانگی كاری‌ ئامرازی ڕاگه‌‌یاندنی گشتین. به‌‌بێ ڕه‌‌چاوكردنی ئه‌‌م سێ چەمکە له‌‌ ڕه‌‌وتی كاردا، ڕاگه‌‌یاندن نه‌‌ك ته‌‌نیا سه‌‌ركه‌‌وتوو نابێت، به‌‌ڵكو ده‌‌بێته‌‌ هۆی پاشاگه‌‌ردانی و‌‌ كۆمه‌‌ڵگه‌‌ به‌‌ره‌‌و قه‌‌یرانێكی قووڵ ڕاكێش ده‌‌كات.

متمانه‌‌ له‌‌ گواستنه‌‌وه‌‌ی زانیاریدا (ڕاپۆرت، ده‌‌نگوباس، وتووێژ) هه‌روه‌ها بوونی بیروڕای جیاواز له‌‌ ناو زانیارییه‌‌كاندا و له‌‌ كۆتاییدا، جێی متمانه‌‌بوونی سه‌‌رچاوه‌‌كانی زانیاری و هه‌واڵ، نه‌ ‌ته‌‌نیا هاووڵاتیان له‌‌ ڕاگه‌‌یاندن نزیك ده‌‌كاته‌‌وه‌، به‌‌ڵكو ڕاگه‌‌یاندنیش له‌‌ هاووڵاتیان نزیك ده‌‌بێته‌‌وه‌‌. له‌‌ دۆخێكی وادا، كاتێك زانیارییه‌‌كان به‌‌بێ ئه‌‌وه‌‌ی ده‌‌ستیان تێوه‌‌ربدرێن یان بشێوێندرێن، پله‌‌ و كێشی ڕاگه‌‌یاندن له‌‌ ناو كۆمه‌‌ڵگه‌‌دا به‌‌رزتر ده‌‌كاته‌‌وه‌‌.

ئاكامی ئه‌‌م كاره‌،‌ ده‌‌بێته‌‌ هۆی به‌‌رپرسیاریه‌‌تیی ڕاگه‌‌یاندن و ده‌‌توانێت ده‌‌وری ئاڵقه‌‌ی نێوان حكوومه‌‌ت و هاووڵاتیان وه‌‌ستۆی خۆ بگرێت، چونكه‌‌ هاووڵاتیان ته‌‌نیا به‌‌ ڕێگەی ئامرازه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندنه‌‌وه‌‌یه‌‌ كه‌‌ ئاگاداری كار و چالاكییه‌‌كانی حكوومه‌‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌‌بنەوە، هه‌روه‌ها هه‌ر به‌‌ ڕێگەی ڕاگه‌‌یاندنیشه‌‌وه‌‌یه‌‌ كه‌‌ حكوومه‌‌ت ئاگای له‌‌ بیر و بۆچوون و سكاڵای هاووڵاتیانی خۆی ده‌‌بێته‌‌وه‌‌.

گه‌‌یاندنی زانیاری به‌‌شێوه‌‌یه‌‌كی بێلایه‌‌نانه‌‌ مافی هاووڵاتیانه‌،‌ كه‌‌ دیمه‌‌نێكی ماقووڵیان له‌‌ ڕووداوه‌‌كانه‌‌وه‌‌ هه‌بێت. هه‌روه‌ها مافی حكوومه‌‌تیشه‌‌ كه‌‌ كار و كرده‌‌وه‌‌كانی به‌‌ ڕێگه‌‌یه‌‌كی بێلایه‌‌نانه‌‌وه‌‌‌ به‌‌ كۆمه‌‌ڵگه‌‌ بدرێن و ئاگاداری بارودۆخی كۆمه‌‌ڵگه‌‌كه‌‌شی‌ بێت.

ته‌‌نیا ئه‌‌خلاقی ڕۆژنامه‌‌وانییه‌‌ كه‌‌ ده‌‌توانێت دیره‌‌گێكی به‌‌هێز بێت بۆ ئه‌‌وه‌‌ی ڕۆژنامه‌‌وان بڕه‌‌و به‌ متمانه‌‌ و به‌‌رپرسیاریه‌‌تیی خۆی بدات. له‌‌ پێودانگی ڕۆژنامه‌‌وانیی جیهاندا، ئه‌‌خلاقی ڕۆژنامه‌‌گه‌‌ری وا لێك دراوه‌‌ته‌‌وه‌‌ و له‌‌سه‌‌ری ساخ بوونه‌‌ته‌‌وه‌‌‌‌: "بڵاوكردنه‌‌وه‌‌ی ڕێكوپێك و دروستی زانیاری و ده‌‌نگوباسه‌‌كان له‌‌سه‌‌ر بنه‌‌مای بیروڕای جیاواز، هه‌روه‌ها بێڕێزی به‌‌و كه‌‌سانه‌‌ نه‌‌كات كه‌ باسیان لێوه‌‌ ده‌‌كات. ڕۆژنامه‌‌وان بۆی نییه‌‌، له‌‌ خۆوه‌‌ شت بنووسێت و دروستیان بكات، درۆ بكات، به‌‌رتیل وه‌‌ربگرێت، خۆشه‌‌ویستی یان ڕقی خۆی تێكه‌‌ڵ به‌‌ كاره‌‌كانی بكات، هه‌روه‌ها نه‌‌كه‌‌وێته‌‌ ژێر كارتێكه‌‌ریی حكوومه‌‌ت و هاووڵاتیانه‌‌وه‌‌."

له‌‌سه‌‌ریه‌‌ك، كاری ڕۆژنامه‌‌وان ده‌‌بێ ئاوێنه‌‌ و ڕه‌‌نگدانه‌‌وه‌‌ی دیارده‌‌كانی ناو كۆمه‌‌ڵگه‌‌ بێت. ئه‌‌گه‌‌ر ڕۆژنامه‌‌وان كارتێكه‌‌ریی حكوومه‌‌ت یان دامه‌‌زراوه‌‌یه‌‌كی حكوومه‌‌تی له‌‌سه‌‌ر بێت و له‌‌ كاره‌‌كانی خۆیدا ده‌‌ری خات، بێشك حكوومه‌‌ت و هاووڵاتیان به‌‌ لاڕێدا ده‌‌بات. له‌‌ لایه‌‌كی تریشه‌‌وه‌‌، ئه‌‌گه‌‌ر بكه‌‌وێته‌‌ ژێر كارتێكه‌‌ریی هاووڵاتیان یان ئه‌‌و ڕووداوانه‌‌ی كه‌‌ ڕوو ده‌‌ده‌‌ن، ده‌‌توانن حكوومه‌‌ت تووشی چه‌‌واشه‌‌كاری بكه‌‌ن. له‌‌به‌‌ر ئه‌‌م هۆیانه‌‌، ده‌‌بێ كه‌‌مترین هه‌ڵه‌‌ له‌‌ كاری ڕاگه‌‌یاندندا ڕوو بدات. له‌‌م بواره‌‌دا، (متمانه‌‌، به‌‌رپرسیاریه‌‌تی و ئه‌‌خلاق) گه‌‌وره‌‌ترین چه‌‌كی ڕۆژنامه‌‌وانه‌‌، كه‌ هه‌رده‌‌م ده‌‌بێ له‌‌گه‌‌ڵیدا بێت و له‌‌ كاره‌‌كانیدا بۆی بگه‌‌ڕێته‌‌وه‌‌. متمانه‌‌ی زیاتر، ئاسایشی زیاتری به‌‌دواوه‌‌یه‌‌!

ئه‌‌م دۆخه‌،‌ ڕاگه‌‌یاندنێكی پیشه‌‌یی و به‌‌توانا ده‌‌خوازێت كه‌ ئه‌‌زموونی خۆی به‌‌ته‌‌واوه‌‌تی و به‌‌شێوه‌‌یه‌‌كی جددی و بێبڕانه‌‌وه‌‌ وه‌‌گه‌‌ڕ بخات، به‌‌ڵام هاوكاتیش، ده‌‌بێ بۆ ڕاهێنانی ڕۆژنامه‌‌وانه‌‌كانی له‌‌ بواری تیۆری و ڕاهێنانی فكریدا، پلانی به‌‌رده‌‌وامی هه‌بێت. ناكرێت ڕۆژنامه‌‌وانی ته‌‌نیا و ته‌‌نیا به‌‌ پاڵپشتيی ئه‌‌زموونی كاریی خۆی كه‌‌ به‌‌شێكی هی سه‌‌رده‌‌می پێش هاتنه‌‌كایه‌‌ی حكوومه‌‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌،‌ پشتگه‌‌رم بێت. به‌‌شێكی گرینگ له‌‌ كاری ڕۆژنامه‌‌وانی، خوێندن و فێربوونه‌‌. تێكه‌‌ڵاوكردنی ئه‌‌زموونی كه‌‌ڵه‌‌كه‌‌كراو له‌‌گه‌‌ڵ خوێندن و ڕاهێنان، ده‌‌توانن پێكه‌‌وه‌‌ دیمه‌‌نێكی باشتر له‌‌وه‌‌ی كه‌‌ هه‌یه‌‌ وه‌‌ده‌‌ستی بێنێت.

ئێمه‌‌ هه‌ر ئێستا له‌‌ قۆناغێكدا ده‌‌ژین، كه‌‌ به‌‌ سه‌‌رده‌‌می "ته‌‌قینه‌‌وه‌‌ی ئامرازی ڕاگه‌‌یاندنی گشتی" یان به‌‌ "شۆڕش له‌ ئامرازه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندن"دا ناودێر كراوه‌‌. له‌‌م سه‌‌رده‌‌مه‌‌دا ته‌‌نانه‌‌ت ئامرازه‌‌كانی ڕاگه‌‌یاندنیش به‌‌جیهانی بوونه‌‌. ئه‌‌گه‌‌ر تا دوێنێ خاوه‌‌نی كه‌‌ره‌‌سه‌‌یه‌‌كی ڕاگه‌‌یاندنی سنووردار بووین، ئێستا ئه‌‌م كه‌‌ره‌‌سانه‌‌ سنووری نه‌‌ته‌‌وه‌‌یییان به‌‌زاندووه‌‌ و خۆیان گه‌‌یاندۆته‌‌‌ دووره‌‌په‌‌رێزترین شوێنی كۆمه‌‌ڵگه‌‌.

هه‌ر ئه‌‌م كه‌‌ره‌‌سانه‌‌ش به‌‌ نۆره‌‌ی خۆیان‌‌، هیچ سنوور و پاوانێكیان بۆ گه‌‌یاندنی زانیاری نه‌‌هێشتۆته‌‌وه‌‌. ته‌‌قینه‌‌وه‌‌ی ئامرازی ڕاگه‌‌یاندنی گشتی و ده‌‌ستپێڕاگه‌‌ییشتنی هاووڵاتیان به‌‌ ڕایه‌‌ڵه‌‌ی تری ڕاگه‌‌یاندن جیا له‌‌ هیی هه‌رێمی كوردستان، دۆخێكی وای هێناوه‌‌ته‌‌‌ كایه‌‌وه‌‌، كه‌‌ پێویسته‌‌ ڕاگه‌‌یێنه‌‌ره‌‌كانی ئێمه‌‌‌ هه‌رچی زیاتر بیر له‌‌ به‌‌پیشه‌‌ییكردنی كاره‌‌كانیان بكه‌‌نه‌‌وه‌‌.

 

له‌به‌ر ئه‌وه،‌ پێویسته‌ ڕۆژنامه‌وان له‌ کار و چالاکییه‌کانیدا ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی به‌ره‌وه‌ بکات:

1- به‌رگری له‌ ئازادیی نووسین و ده‌ربڕین بکات‌، ئه‌مه‌ش یه‌کێکە له‌ بنه‌ماکانی دیموکراسی‌.

2- مافی هاووڵاتیانه زانیاری و ده‌نگوباس به ‌ڕێگه‌ی ده‌نگ، نووسین و وێنه‌وە وه‌ربگرن‌.

3- هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵگه‌ مافی خۆیه‌تی‌ وێنه‌یه‌کی ڕاست و دروستی له‌ زانیاری و ده‌نگوباس له‌ ناو ڕاگه‌یاندنە‌کاندا پێ بدرێت.

4- به‌دوای ڕاستییه‌کاندا بگه‌ڕێت و بڵاویان بکاته‌وه‌‌.

5- له‌به‌رامبه‌ر سانسۆردا خێرا هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ‌.

6- له‌ کاری ڕاگه‌یاندندا، هه‌میشه‌ هه‌وڵ بدات که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی بێلایه‌نانه‌ زانیاری بڵاو بکاته‌وه‌‌ و تێ بکۆشێ که‌ڵک له‌ زۆرترین سه‌رچاوه‌ وه‌ربگرێ‌.‌‌‌

7- ده‌بێ له‌ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاریی دروست و جێی متمانه‌، هه‌روه‌ها له‌ نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌یاندا بوێر و ده‌ستپاک بێت.

8- ده‌بێ سه‌رچاوه‌کانی زانیاری، جێی بڕوا بن. له‌ کاتی بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاری و ده‌نگوباسدا پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بکرێت، ته‌نانه‌ت پێویسته‌‌ له‌ دوای بڵاوکردنه‌وه‌شدا چاوی پێدا بخشێنرێته‌وه‌. متمانه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کان، یه‌کێکە له‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌کییه‌کان‌‌ له‌ کاری ڕاگه‌یاندندا.

9- ده‌بێ له‌ به‌رامبه‌ر خوێنه‌ر، بیسه‌ر و بینه‌ردا، هه‌ست به‌ به‌رپرسیار‌یه‌تییه‌کی ته‌واو بکات.

10- له‌ به‌رامبه‌ر ڕاپۆرت و زانیاریی هه‌ڵه‌دا‌، خێرا هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ.

11- له‌ کاتی نووسینی ڕاپۆرت یان ده‌نگوباس (زانیاری) سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراوه‌یه‌ک یان که‌سایه‌تییه‌ک، نابێت هێرش بۆ سه‌ر که‌س و تاک بکرێ و‌ له‌ ناوزڕاندن و ناوناتۆره‌ دوور بکه‌وێته‌وه‌‌.

12- به‌شێکی گرینگ له‌ پێودانگی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌وه‌یه،‌ که‌ ڕێز له‌ تاک و سنووری ژیانی تاک بگرێت. ناوزڕاندن، تاوان دانه‌ پاڵ تاک و بێڕێزی به‌و، له‌ کاری ڕۆژنامه‌وانی و ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌وانیدا جێگه‌ی نابێته‌وه.‌

13- له‌ کاتی نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌دا، ڕۆژنامه‌وان نابێت ڕق و تووڕه‌یی یان حه‌ز و خۆشه‌ویستیی خۆی تێکه‌ڵ به‌ ڕاپۆر‌ت بکات‌.

14- تا ئه‌و‌ جێگه‌یه‌ که‌ ده‌کرێت، ناوی سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کان ئاشکرا بکات‌، ئه‌مه‌ خۆی متمانه‌ی زیاتر بۆ ڕۆژنامه‌وان ده‌سته‌به‌ر ده‌کات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌ک‌ ڕازی نه‌بوو که‌ ناوی ئاشکرا بکرێت، پێویسته‌ ڕێز له‌ داخوازییه‌که‌ی بگیرێت. ئه‌مه‌ یه‌کێکە له‌ بنه‌ما گرینگه‌کانی ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌وانی‌.

15- تێ بکۆشێ‌ له‌ کاتی کارکردندا، جیاوازیی له‌ نێوان پڕوپاگه‌نده‌ و زانیاریدا بکات.

16- خۆ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ناو و و‌ێنه‌ی ئه‌و که‌س یان که‌سانه‌ی تاوانیان له‌سه‌ر نه‌سه‌لمێندراوه‌، بپارێزێ‌‌.

17- خۆ له‌ وه‌رگرتنی به‌رتیل، دیاری و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌تانه‌‌ بپارێزێ‌.

18- له‌ به‌رامبه‌ر‌ هاووڵاتیان و حکوومه‌تدا وه‌ڵامده‌ر‌ بێت.‌

19- دان به‌ هه‌ڵه‌ی خۆی دابنێ و کاتێک که‌ هه‌ڵه‌ی کرد، خێرا ڕاستی بکاته‌وه‌‌‌ و داوای لێبووردن بکات.

20- کاتێک ڕه‌فتارێکی پێچه‌وانه‌ی ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌وانی له‌ ڕۆژنامه‌وانێک یان له‌ که‌ره‌سه‌یه‌کی ڕاگه‌یاندن ڕوو ده‌دات، خێرا هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ‌.

21- له‌ به‌رامبه‌ر دزیی ئه‌ده‌بیدا، خێرا هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ‌.

22- له‌ کاری ڕاگه‌یاندندا، وردبوونه‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ به‌ بابه‌تی ئاماده‌کراو، له‌ خێرا بڵاوکردنه‌وه‌ی‌ گرنگتره‌.

23- ڕۆژنامه‌وان به‌ ڕێگه‌ی به‌رگری له‌ ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌،‌ ده‌توانێت له‌ به‌دیموکراتیکردنی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌وری گرینگ بگێڕێت.

 

کۆبه‌ند

ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی دەتوانێت به نۆره‌ی خۆی له فۆرمدان به سیاسه‌ت، ده‌وڵه‌تی یاسا، بەوه‌ڵامده‌ر‌کردنی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌رامبه‌ر هاووڵاتیاندا و بەرپرسیاریەتییان لە بەرامبەر کارەکانیاندا، هەروەها لە پێکهێنانی کەشوهەوایەکی ماقووڵ بۆ به‌شداریکردن و ڕاهێنانی هاووڵاتیان له بڕیاره‌ سیاسییه‌کاندا، دەوری بەرچاو بگێڕێت.

ئەم کەرەسانە لە به‌دیموکراتیکردن و به‌لیبراڵیکردنی کۆمه‌ڵگه‌، پێکهێنانی دۆخێکی ئه‌قڵانی بۆ دیالۆگ، گێڕانی ده‌ور له شوشتنەوە و ستانداردکردنی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رانسه‌ری، یارمه‌تیدان به به‌رفراوانترکردنی بازاڕی ئابووری بۆ وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌، دەتوانن دەوری کاریگەر و کارتێکەریان هەبێت.

کەرەسەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن ئازادییەکان بپارێزن و بەهێزتری بکەن، ئەگەر دەورێکی باش و ئەقڵانی لە کۆمەڵگەدا بگێڕن. ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی، هێز و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌، چونکه‌ ئاڵقه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتیانه‌.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples