جێندەر لە نێوان "یەکسانى" و "وەکیەکی"دا

چەمکى جێندەر لە ڕووى مێژوویییەوە بۆ یەکەمجار لە لایەن "ئان ئۆکلی"یەوە لە ساڵى 1972 لە فۆرمێکى زانستیدا بەکار هاتووە و هێنراوەتە ناو مشتومڕ و لێکۆڵینەوەى زانستییەوە، هەروەها یەکەم کەس بوو کە جیاوازیی خستە نێوان هەردوو زاراوەى "ڕەگەز – sex" و زاراوەى "جۆر– Gender". ئەو پێی وایە کە زاراوەى "ڕەگەز" بە ماناى ئەو جیاوازییە بایەلۆژییانە دێت، کە لە ئەزەلەوە هەردوو ڕەگەزى نێر و مێ  بەبێ ویست و ڕۆڵبینینى خۆیان لەگەڵیان لەدایک دەبێت، بەبێ ئەوەى لە توانایاندا بێت گۆڕانکارى لە کۆى دابەشکارییەکانیان و پیکهاتە تایبەتییە جیاکەرەوە جەستەیییەکانیاندا بکەن.

لە بەرامبەریشدا "ئۆکلى" پێی وایە کە زاراوەى "جێندەر" لە ڕووى ماناوە تەواو جیاوازە لە زاراوەى "ڕەگەز"،  چونکە لە دیدگه‌ى ئەوەوە زاراوەى "جێندەر" بە ماناى ڕۆڵ و ڕایەڵى نێوان نێر و مێ دێت، کە لەسەر ستراکچەرى کۆمەڵایەتى، سیاسى، کەلتوورى و ئایینییەوە بنیات دەنرێ؛ واتا زەمینەى لەبارە بۆ دەستکاریکردن، دابەشکارى، دیاریکردن و پێسپاردنى ئەرکەکان لە نێوان نێر و مێدا لەسەر بنەماى "جۆرى کۆمەڵایەتى"، لەبەر ئەوەى جۆرى کۆمەڵایەتى، پرۆسەیەکە لە ڕێگەى "فێربوونى کۆمەڵایەتى"یەوە پەرەى پێ دەدرێ.

لێرەیشدا مادام بنەماى جێندەر لە ڕێگەى پرۆسەیەکى گرنگەوە دەتوانێ گەشە بکات، ئەویش پرۆسەى "فێربوونى کۆمەڵایەتى"یە، کە لە هەمان کاتدا توێژەران وەک "تیۆریی فێربوونى کۆمەڵایەتى" ڕۆڵ و نەخشى ئەم تیۆرییەمان لە چوارچێوەى زانستیدا بۆ شرۆڤه‌ دەکەن، پێویستە تێ بگەین کە ناوه‌ڕۆكی ئەم تیۆرییە لەسەر هاوکێشەى جێندەر و دابەشکاریی ڕۆڵەکان، چەندە گرنگە:

ئەم تیۆرییە پێی وایە کە منداڵ لە قۆناغەکانى سەرەتاکانى لەدایکبوونییەوە، نە هیچ دەزانێ، نە دەتوانێ جیاوازییەکانى دەوروبەرى دەرک پێ بکات، نە تواناى هەیە نێر لە مێ جیا بکاتەوە نە سیمبۆلەکانیشى بۆ یەکلایی دەکرێنەوە. بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونى کات لە ڕێگەى پرۆسەى "فێربوون"ەوە هێواش هێواش دوورى و نزیکیی کارەکتەرەکانى دەوروبەرى و ئامرازەکان دەناسێتەوە، تا دەگاتە ئەو ئاستەى ئەو ئامرازى یاریپێکردنانەى لا پەسەندە، کە لەگەڵ خواست و ئارەزووى ڕەگەزەکەى خۆیدا دەگونجێن. لەوێوە دەتوانرێ پرۆسەى فێربوون بنەمایەکى بۆ دابنرێ کە دواجار لەگەڵیدا گەورە دەبێ. ئەم جۆرە قۆناغە بە قۆناغى "خێزان و جۆرى کۆمەڵایەتى" ناو دەبردرێت، کە یەکەم شوێنگەى فێربوون و پێگەیاندنى منداڵە.

لە دواى دەزگه‌ى خێزان، ئەم تیۆرییە پێی وایە کە "قوتابخانە" بە دەزگه‌ى دووەمى پرۆسەى فێربوون بۆ دیاریکردنى جۆرى کۆمەڵایەتى دادەنرێ. لەناو ئەم دەزگه‌یەیشدا، هەم پرۆگرامەکانى خوێندن، هەم شێوەى گوتنەوەى وانەکان، هەمیش گواستنەوەى چەمکەکان و گەیاندنى بە گوێچکەى قوتابی، کاریگەریى لەسەر بیناکردنى كەسایەتى و شێوەى بیرکردنەوەى تاکەکان هەیە سەبارەت بە تێڕوانینیان بۆ ڕەگەزەکەى بەرامبەریان.

دەزگه‌ى سێیەمى فێربوونى کۆمەڵایەتى، کە ئەم تیۆرییە جەختى لەسەر دەکاتەوە "میدیاکان"ن. ئاراستەى گوتارى میدیایى لەبارەى پەراوێزخستنى ڕەگەزى ژن و بەپاڵەواندەرخستنى ڕەگەزى نێر لە بوارە فرەجۆرەکان و دەرخستنى ڕەگەزى ژن وەک کاڵاى بازرگانى لە لایەن کۆمپانیاکان و بایەخپێدانیان تەنیا وەک ئامرازەکانى جوانکاریی ژنان وەک ئەوەى وای دەربخەن کە ڕۆڵ و بایەخى ئافرەت تەنیا لە لایەنە ڕووکەشییەکەى و نمایشکردنى جەستەیى و ڕاکێشانى سەرنجى ڕەگەزەکەى دیکەدایە و، یاخود بە دیوە پێچەوانەکەیشیدا، ئەگەر هاتوو میدیاکان بە جۆرێک ژنیان بچووك کردەوە لە پۆشینى حیجاب و خۆشاردنەوە لە ڕەگەزى پیاوان و کارکردنیان لە سنوورێکى دیاریکراوى بەرتەسکدا، کاریگەرییەکى ترسناکى لە دوورخستنەوەى ئەو پەیام و ئامانجانەى کە یەکسانیى جێندەرى پێویستییەتى، دەبێ.

ئایا "یەکسانیى جێندەرى" بەماناى "وەکیەکی"ى هەردوو ڕەگەز دێت؟

جارێ بەشێک لە توێژەرانى بوارى جێندەر، پێیان وایە کە هەر جۆرە دانپێدانانێک بە ماف و ئازادییە سەرەکییەکانى ئافرەت لە مەیدانەکانى سیاسى، ئابوورى، کۆمەڵایەتى، ڕۆشنبیرى و چالاکیی مەدەنى و کۆى ئەو مەیدانانەى تر کە بۆ پیاوان ڕەخساون و، لە یەک کاتدا ڕەخساندنى زەمینەى بەشداریى ژنانیش لە هەمان ئەم کایانەدا بە مافێکى ئاسایی بزانرێ، کەواتە ئەوە ئەو ئامانجانەن کە چەمکى یەکسانیى جێندەرى بۆى هاتۆتە کایەوە. واتا بێبەشکردنى هەریەک لەو دوو ڕەگەزە، لە ماف و ئازادییەکانى خودى و کایە گشتییەکان بە پاساوى جیاکاریى ڕەگەزى، یاخود هەر جۆرە توندوتیژییەک کە لە لایەن ڕەگەزێکەوە ڕووبەڕووى ڕەگەزەکەى تر دەبێتەوە لەسەر بنەماى جیاکاریى ڕەگەزى، یاخود جیاکارى لە هەر سزایەکى یاسایى، بەو مانایەى کە سزاى یاساییی ڕەگەزێک لە ڕەگەزەى تر سووکتر بێ، لە کاتێکدا تاوانى هەردوو ڕەگەز وەکیەک بن. لێرەدا دەتوانین بەڕەهایى وەک نایەکسانیى جێندەرى پێناسەى بکەین، لێرەیشدا دەتوانین چەند نموونەیەکى دیکە بخەینە ڕوو کە جۆرێک لە جیاکاریى جێندەرى تێدا دەخوێنرێتەوە:

1- بێبەشکردنى ئافرەت لە پۆست و پله‌ و پایە سەربازییەکاندا، تەنیا لەبەر ئەوەى لە ڕەگەزى مێیە و بە پاساوى لاوازیى جەستەیى و نەگونجانى لەگەل لایەنى بایەلۆژيى ئافرەتدا.

2- بێبەشکردنى ئافرەت لە پێگەکانى بڕیاردا، لە دامەزراوە فەرمى و نافەرمییەکاندا، لەوانە: پێگەکانى وەزیر، پەرلەمان، بەڕێوەبەرى گشتى، داواکارى گشتى و دەیان کایەى تردا. هەروەها، تا ئێستایش لە هەرێمى کوردستاندا زۆرینەى هەرە زۆرى دامەزراوە میدیایییەکان، بەڕێوەبەرەکانیان لە ڕەگەزى پیاوانن و زەمینە بۆ ڕەگەزى ژنان خۆش نەکراوە؛ هۆکارەکەیشى ڕوونە، کە تەنیا لەبەر ئەوەى لە ڕەگەزى "مێ"ن!

3- ڕێگەگرتن لە تەواوکردنى خوێندنى ئافرەت یاخود ڕێگەپێدان بە خوێندنیان تا ئاستێکى دیاریکراو و، دواتر بێبەشکردنیان تەنیا لەبەر جیاوازبوونى ڕەگەزییەوە.

4- بێبەشکردنى ژنان لە پایە و پێگەى داموده‌زگه‌ ئایینییەکان، تەنیا بەپاساوى "مێ"بوونییەوە.

5- لە زۆرێک لە یاساکانى عێراقیدا، جیاکارییەکى ئاشکرا لە دیاریکردنى سزاکان لە کاتى سەلماندنى تاوانەکاندا لە نیوان هەردوو ڕەگەزى ژن و پیاودا، دەبینرێ.

ئەو نموونانەیش هەوڵێک نییە بۆ پێچەوانەکردنەوەى تێڕوانینەکان. واتا نابێ کار و قسەمان بۆ ئەوە بێ ڕەگەزى ژن، لە ڕووى ماف و ئازادى و سزا و ئەرک و پێگە و پایەکانەوە بەسەر ڕەگەزەکەى دیکەدا بسه‌پێنرێ، چونکە بيناى یەکسانیى ڕەگەزى لەسەر بناغەى "یەکسانى" نەک "وەکیه‌كی" هەڵدەچنرێ.

واتا چه‌مکی "یه‌کسانی"، ته‌واو جیاوازه‌ له‌ چه‌مکی‌ " وەکیه‌كی"، چونکه‌ هه‌موو وه‌کیه‌کبوونێک یه‌کسانه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ هه‌موو یه‌کسانبوونێک وه‌کیه‌ک بێت. بۆ شیکردنەوە و تێگەییشتنى ئەم دوو چەمکەیش نموونه‌یه‌کی ته‌واو ساده‌ و واقیعی بۆ بەرچاوڕوونى ده‌هێنینه‌وه‌:

کاتێک ته‌رازوویه‌کی هاوسه‌نگمان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر کیلۆیه‌ک هه‌نار له‌ لایه‌کی ته‌رازووه‌که‌دا دابنێین و، له ‌لایه‌که‌ی تریشدا کیلۆیه‌ک په‌تاته‌ دابنێين، ئایا هه‌ردوو لای تاى ته‌رازووه‌که‌ هاوسه‌نگ و یه‌کسان ناوه‌ستێ؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دوو جۆر میوه‌ی جیاوازمان له‌سەر هەریەک لە دوو تاى تەرازووەکەدا داناوه‌! ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ دێت که‌ مه‌رج نییه‌ بۆ یه‌کسانبوونی هه‌ردوو لای ته‌رازووه‌که،‌ هه‌ر هه‌نار دابنرێت، به‌ڵکوو دوو بابه‌تی جیاواز، ده‌شێت هەردوو تاى تەرازووەکەمان بۆ هاوسه‌نگ و یه‌کسان بکات.

لە کۆتاییدا، ژن و پیاو وەک ئەوەى لە ئەزەلەوە جیاوازن، به‌ڵام دەکرێ یه‌کسان بن؛ له‌ چیدا یه‌کسان بن؟ له‌ مافی ژیان، ئەرک و سزا و پێگە و خۆشکردنى زەمینە و ڕۆڵ و کۆی مافه‌ مرۆیی، سیاسی، ئابووری، په‌روه‌رده‌یی و یاسایییه‌کاندا، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنى وەکیەکنەبوونیان لە ڕووى سروشت و سایکۆلۆژی و ئاستى هەستیاری و بینینى ڕەنگەکان و ژنبوون و پیاوبوونیان.

ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی له‌ چه‌مکی یه‌کسانی ترساندووه‌، ئه‌و ناتێگه‌ییشتنه‌ بووه‌ له‌م چه‌مکه‌ و به‌کارهێنانی وه‌ک دروشمێکی نەگونجاو لەگەڵ خوێندنەوەى فاکتى کۆمەڵایەتیمان. هه‌ربۆیه‌ ڕه‌گه‌زی نێر (پیاوان) هه‌قیانه‌ سڵ له‌م چه‌مکه‌ بکه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به ‌جۆرێک به‌کار هاتبێت که‌ واتای وه‌کیه‌کیی دابێت، چونکه‌ تا ئێستایش نەتوانراوە بەپێى تیۆریى فیربوونى کۆمەڵایەتی، هەردوو ڕەگەزەکە لە مانا و مەغزاکانى تێ بگەیەنرێ.

زۆر جار کێشه‌ له‌ نێوان دوو هاوسه‌ردا دروست بووه‌، کاتێک له‌ یه‌کێک له‌ هاوسه‌ره‌کان ده‌پرسیت هۆکار چییه‌ له‌ ڕوودانی کێشه‌ی نێوانتان، زۆر به‌ئاسانی به‌ ڕسته‌یه‌ک وه‌ڵام ده‌داته‌‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وەیه‌ که‌ ده‌ڵێت: "من و هاوسه‌ره‌که‌م زۆر لێک جیاوازین، هه‌ربۆیه‌ پێکه‌وه‌ ناگونجێین!" بێئاگا له‌وه‌ی که‌ به‌ڵێ دروست وایه‌؛ ده‌بێت ئێوه‌ له‌یه‌کتر جیاواز بن! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه‌ دوو ڕه‌گه‌زی جیاوازن، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ وه‌ک یه‌ک بن ئەى له‌ بنه‌مادا بۆچى هاوسه‌رگیریتان کردووه‌؟! دەگونجێ که‌سێک هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ که‌سێکی وه‌ک خۆیدا بکات؟

دواجار، دەبى تێ بگەین لەو فاکتەى، یه‌کسانی به‌مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت ژن له‌ ژنبوونی خۆی دابماڵرێت و پیاویش به‌ هه‌مان شێوه‌، به‌ڵکوو ژن به‌ پێگه‌، ڕۆڵ، فيکر، توانا و به‌رجه‌سته‌کردنی هه‌موو مافه‌ مرۆیییه‌کان یه‌کسانه‌ له‌گه‌ڵ پیاو، بەلام بە‌ ڕۆڵ، پێگه‌، فيکر، توانا و سروشتى خۆیەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples