قه‌یرانێكی شاراوه‌ و مه‌ترسیدارتر لە قەیرانەکانى ڕۆژ

"جۆری ڕه‌گه‌ز، هه‌رگیز پێودانگ نییه‌ بۆ چۆنێتیی بیركردنه‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و كردار، به‌ڵكوو جۆری بیركردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن و پێگەیشتنى مرۆڤ (چ پیاو، چ ژن)  پێودانگە بۆ ناسینەوەى هه‌ڵسوكه‌وت و كردار؛ به‌و واتایه‌ی، سروشتى بیركردنه‌وه‌مان، بریارى ڕاست و چەوتمان پێ دەدات و ڕەفتارى باش و ناباشمان پێ دەنوێنێ، نه‌ك جۆری ڕه‌گه‌زه‌كه‌مان."

تا دێ، کۆمەڵگەى کوردى لە ڕووى ئوڵفەتگرتن و پێوەنووسانى بە سیستەمە کۆنەباوەکانییەوە، قەیرانەکانى قووڵتر دەبنەوە. ئەوەتانێ ڕۆژ نییە سەدبارەبوونەوەى هەواڵى ئازاربەخشى کۆمەڵایەتى موچڕک بە جەستەماندا نەهێنێت. بەجۆریک وای لێ هاتووە ڕوودان و، دواتر بڵاوکردنەوە و بیستن و بینینیان قاڵبێکى سروشتیى وەرگرتووە و، هەمووانیش دێین ڕستە و وشە سواوەکان دەڵێینەوە و دەستاودەستى پێ دەکەین. هەمووان دێین دەربارەى لق و قەدى دارە کلۆربووەکان دەدوێین، کەممان، هەم توانا و هەم ویستى قسەکردنمان لەسەر گەڕانەوە بۆ چارەسەرکردنى ڕەگى دارەکە هەیە، کە سەرچاوەى کلۆربوونى کرۆک، لق و پۆپ و قەدى دارە کلۆربووەکەیە؛ هەر بۆیەیشە، بەدەست قەیرانە زۆرەکانمانەوە گیرۆدە و کەنەفت بووین. جا بەشێک لەو قەیرانانە، گرێدراون بە ژیان و مانەوە و بەردەوامیمان لە ئەمڕۆدا و، بۆی هەیە بە شەو و ڕۆژێک، یان بە بڕیارێک لەکۆڵمان ببنەوە. هەندێ قەیرانیشمان هەن، دەستیان خستۆتە ناو دەستمانەوە و وەک بنێشتى جوێنراو پێمانەوە نووساون و بەئاسانى لێمان نابنەوە؛ چونکە یان نازانین، یان ناتوانین، یان دەزانین و دەشتوانین، بەڵام بە هەر ئەگەرێک بێ، ئیرادەمان نییە لە برى بڕینەوەى دارە کلۆربووەکە، تەورێک یان چەند تەورێک لە ڕەگى دارەکە بوەشێنین و لە ڕیشەوە هەڵی کێشین.

ئەگەر سەرنج بدەینە یەکێک لەو تەنگژە گەورانەى کە وەک تۆڕى جاڵجالۆکە  لەناو کون و کەلەبەرەکانى زۆرینەى ماڵ و خێزانەکانى کۆمەڵگەى ئێمەدا هەن، بریتییە لە قەیرانى کۆڵەوارى و لێكتێنەگەیشتن و لێکحاڵینەبوونى نێوان هەردوو ڕەگەزى "ژن" و "پیاو" یاخود "کوڕ" و "کچ". قسەى ئێمە لەسەر تەنیا قەیرانى لێکتێنەگەیشتنى ئەو دوو ڕەگەزە نییە لە شوێنی کار، بازاڕ و ناوەندە جۆربەجۆرەکاندا، چونکە هەر جۆرە بەریەککەوتنێکى توند و لێکحاڵینەبوونى نێوان ئەو دوو ڕەگەزە، لە بەرامبەردا چەندین دەرگه‌ و و هەڵبژارده‌ی کراوە هەن، کە دەتوانین لێیانەوە بڕۆینە دەرەوە و خۆمانى لێ دەرباز بکەین. بەڵام با سەرنج بدەینە ئەو هەموو کێشە گەورانەى کە لەناو دیوارى ماڵەکاندا وەک قوڵپى ئاوێکى گەرم، بەبێ هاوار و دەنگەدەنگ دەکوڵێ و، کەسیشمان ئاگامان لە حاڵى ئەو ئاگر و قوڵپە بێهاوارانە نییە!

کێ هەیە ئەوەندە بوێر بێ قسە لەسەر دەستکاریکردنى ئەو پرۆسەى هاوسەرگیرییە بکات کە بەبێ ویستى خۆمان بەسەرماندا سەپێنراوە، لە کاتێکدا زۆرینەى کێشەى کەڵەکەبووى نێوان ئەم دوو ڕەگەزە، پەیوەستە بەو سیستەمە کارەساتهێنەى کە تا دێ خێزانەکانى ئێمەى لەسەر بینا دەکرێ، بەبێ ئەوەی پڕۆژەمان بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و لەبێژینگدانى دەرەنجامە باش و خراپەکانى هەبێ. بۆ دەبێ لە ماوەى تەنیا یەک ساڵدا (8) هه‌زار تەڵاق و جیابوونەوە لە هەرێمێکى بچووکى وەک هەرێمى ئێمەدا بێنە ناو دادگه‌کانەوە، بەڵام بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، کەس خۆى لێ نەکات بە خاوەن؟! بۆ دەبێ ناوەندێکى مەدەنى نەبێ، بۆ تێگەیاندن و لێکحاڵیکردنى ئەو دوو ڕەگەزە بەر لە پرۆسەى پێکەوەژیانیان، پرۆژەى هەبێ؟! لە کاتێکدا بە شێوەیەکى فەرمى، زیاتر لە (3) هه‌زار ڕێکخراوى مەدەنى، ناوەندى مافەکانى ژنان، کۆمەڵە، یەکێتی پیشەیى، سەندیکا و ناوەندى بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى و خێزانیمان هەیە!

گرفتى هەرە سەرەکيى کۆمەڵگەى پاشکەوتوو ئەوەیە کە، دامەزراوە مەدەنی، ئەکادیمى، یاسایى، فەرمى و میدیایییەکانیش لەژێر هێژموونی ئەو که‌لتوورە لەقاڵبدراوەدان کە کۆى کۆمەڵگه،‌ پێوەى گیرۆدە بووە. جا ئەم داخراوییە کۆمەڵایەتییە، چونکە دەرچەکانى پێکئاشنابوونى بە ڕووى ئەم دوو ڕەگەزەدا واڵا نەکردووە، هەر بۆیە، نایشتوانن ناواخنى یەکتریش بخوێننەوە و لێی تێبگەن. بۆیە دامەزراوەکانى سەرەوەیش کاریان بۆ شکاندنى بەستەڵه‌کى ئەم داخراوییە نەکردووە، چونکە ئەوانیش لەژێر کاریگەریى بیرکردنەوەى گشتیى کۆمەڵایەتیدان!

قەیرانى بەهە‌ڵەخوێندنەوە بۆ ئەوی تر

گرفتى لاوازیى ڕۆشنبیریی خوێندنه‌وه ‌و، بینینى دیوى ناوەوەى یه‌کتری لە لای هه‌ردوو ڕه‌گه‌زى "نێر" و "مێ"، وەک گرێى نەخۆشیى شێرپەنجەیە، هێواش هێواش لاشەى دامەزراوەى خۆیان و خێزانەکانیش دادەڕزینن. به‌و واتایه‌ی پیاوى ئێمە و ژنى ئێمە، هیچ جۆره‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی زانستییان بۆ لایه‌نی سایکۆلۆژی و بایۆلۆژیی یەکترى نییه‌، یان زۆر لاوازە. کاتێک ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه،‌ ئاستى مەعریفییان له‌باره‌ی دیوى ناوەوەى یه‌کترى لاواز بوو، که‌واته‌ ناشزانن چۆن هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ن، لەوێیشەوە، دەبن بە کارگەیەکى بەرهەمهێنانى نەوەیەکى کۆ‌ڵەوار.

کێشه‌که‌ له‌وێوه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات که‌ پیاوێک پێی وا بێت، ویست و ئاره‌زوو و بیرکردنه‌وه‌ی ژنێک، وه‌ک هی ئه‌وه‌ و، ده‌یه‌وێت به‌و جۆره‌ هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ بکات که‌ خۆی ده‌یه‌وێت. بۆ ئافره‌تێکیش بیرکردنه‌وه‌ بەم ئاراستەیە سه‌باره‌ت به‌ ڕەگەزى پیاو، ڕامان دەکێشێتە ناو هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌وە‌، چونکه‌ ئه‌و جیاوازییه‌  لە جیناتەکانى سایکۆلۆژی و بایۆلۆژییه‌ی له ‌نێوان ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌دا موتوربە کراوە، هه‌رگیز وەک یەکیان لێ نایەت؛ چەندەیش ڕه‌گه‌زێک بیهەوێ ڕه‌گه‌زێکی تر، ناچاری چۆنێتیی بیرکردنه‌وه‌ و ئاره‌زوو و ویستی خۆی بکات.

ئه‌م بابه‌ته،‌ ڕێک ئه‌و نموونه‌یه‌مان دێنێته‌ پێش چاو، کاتێک منداڵێک پێنووسێکی ده‌ده‌یته‌ ده‌ست و، پێی ده‌ڵێیت ئه‌مه‌ پێنووسه‌ و، ناوه‌که‌ی فێر ده‌که‌یت تا فێر ده‌بێت بڵێت پێنووس، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی  نازانێت پێنووس بۆچی به‌کار دێت، ڕه‌نگه‌ بیکات به‌ ده‌میدا، یان بیکات بە چاویدا. کەواتە، بۆ ئەوەى بزانێت پێنووس لە بنەڕەتدا چییە و بۆچى بەکار دێ، دەبێ فێرى بکەین و تێی بگەینین. كه‌واته‌ ئێمه‌‌ ده‌زانین ڕه‌گه‌زێکی تر هه‌یه‌ به ‌ناوی "نێر – پیاو – کوڕ"، یان "مێ –ژن – کچ"، به‌ڵام نە خۆمان دەزانین چۆن مامەڵەیەکى تەندروستیان لەگەڵ بکەین، نە هیچ به‌رنامه‌یه‌كیشمان بۆ ناساندنى سایکۆلۆژیى ئەم دوو ڕەگەزە بە یەکتر هەبووه‌. تەنیا دەرەنجامە تراژیدییەکانیان دەبینین و دەخوێنینەوە، کە لە دەرەنجامى لاوازیى په‌روه‌رده‌ی خێزانی و دامەزراوە جۆربەجۆرەکان پێشکەشى کۆمەڵگەیان کردووە.

لایەنیکى دیکەى بەهەڵەتێگه‌یشتنی ئێمه‌ بۆ ناساندن و هەڵسەنگاندنى ڕەگەزەکان، به‌ جۆریک بووە کە ئه‌وه‌ى لە ڕه‌گه‌زی "نێر – پیاو – کوڕ" بێ، هه‌میشه‌ ڕه‌گه‌زی "مێ – ژن – کچ" ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌. لەویشه‌وە چاوه‌ڕوانیی ئێمه‌ له‌  ڕەگەزى پیاو ئه‌وه‌یه‌ که‌، ده‌سه‌ڵاتدار و چه‌وسێنه‌ر و پێشێلکاره‌ به‌رامبه‌ر به‌ ڕەگەزى ئافره‌ت و، پێچه‌وانه‌که‌یشی ئه‌وه‌یه‌ که‌ مادام لە ڕەگەزى‌ ئافره‌ته‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین ستەملێکراو و چه‌وساوه‌ بێت! واته‌ ئێمه‌ به‌پێی جۆری ڕه‌گه‌زه‌کان، ڕۆڵ و پێگه‌ی تاکه‌کانمان دیاری کردووه‌، که‌ ئه‌مه‌ دروست ئەو چەمکەیە که‌ پێی ده‌گوترێت "جیاوازیی جێنده‌ری" و، کۆمەڵگەى ڕۆژاوایى، بە نەخشەڕێگە ڕووبەڕووى بوونەتەوە.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز جۆری ڕه‌گه‌ز، په‌یوه‌ندیی به‌ چۆنێتیی بیرکردنه‌وه‌ و بڕیاردانی تاک له‌ناو کۆمه‌ڵگەدا‌ نییه، بۆ نموونە: کاتێک دوو کچی ناو دوو خێزانی نزیک له‌ یه‌کتر، ده‌یانه‌وێت له‌ پرۆسه‌ی خوێندن به‌رده‌وام بن، باوکی یه‌کێک له‌ کچه‌کان به‌پێی ئاستی تێگه‌یشتن و بیرکردنه‌وه‌ی خۆی، ده‌ستی کچه‌که‌ی دەگرێت و، له‌ به‌رده‌وامبوون له‌ پرۆسەى خوێندن پشتیوانیی ده‌کات، به‌ڵام باوکی کچێکی تر له‌ خێزانێکی تر، ڕێگری ده‌کات له‌وه‌ی کچه‌که‌ی له‌ خوێندن به‌رده‌وام بێت و، هه‌ر زوو ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ که‌سێکدا هاوسه‌رگیریی پێ بکات که‌ باوکه‌که‌ هه‌ڵی ده‌بژێرێت، نه‌ک به ‌ویست و خواست و ئارەزووى کچه‌که‌ خۆى! ئه‌مانه‌ نموونه‌ی دوو پیاون له‌ هه‌مان ڕه‌گه‌ز (نێر). چه‌ندین نموونه‌ی تری زیندوو، که‌ به‌رچاوترینیان ڕۆڵ و دڵسۆزیی ئه‌و پیاوانه‌یه‌ هاوشانی ژنانی خه‌باتکار له ‌پێناو پرسی یه‌کسانی له‌ مه‌یدانه‌که‌دا، به‌بێ ماندووبوون له‌ چه‌ندین پێگه‌دا ڕۆڵی کاریگه‌ر ده‌بینن، له ‌لایه‌کی تریشه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ چه‌ندین ژنمان هه‌ن که‌ بوونه‌ته‌ فاکتەرى چه‌ندین کاره‌ساتی کۆمه‌ڵایه‌تی.

دەروونناسى مەزن "ئەریک فرۆم" لە کتیبى "بەناوى ژیانەوە" گوتوویەتى کە ئەوەى جۆرى کەسایەتیى تاک دیاری دەکات، یان "کاریگەریى بۆماوەیی"، یان "کاریگەریى پەروەردە و ژینگەى کۆمەڵایەتى"یه‌، ئاراستەى بیرکردنەوەى تاک دیاری دەکەن.

که‌واته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ره‌که‌وێ که،‌ جۆری ڕه‌گه‌زه‌کان پێوه‌ر نین بۆ چۆنێتیی هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تیمان، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ چۆنێتیی بیرکردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنمانه‌ بۆ ده‌وروبه‌ر و ژیان و ناسینى ڕەگەزەکەى تر، بەڵام بەگشتى هەموومان قوربانیى پەروەردە و کەلتوورێکین کە کەلتوورێکى ناتەندروست و ناهاوسەنگە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples