لە قۆناغى پەرەسەندنى تەکنەلۆژی و ئاڵۆزبوونى ناکۆکییەکانى پرۆسەى سیاسیى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى و پێشبرکێى سەرخان و ژێرخانى کۆمەڵایەتى لەسەر ئاستى ناوخۆى چین و توێژهکان و لەسەر ئاستى نهتهوهكان لە لایەکى دیکەوه، وایان کردووە کە میدیا هەندێ جار هەم تواناى هەیە زیاتر لە حکوومەتەکان و ئۆرگانى مەدەنى و حزبى سیاسى، ڕۆڵى ئاگر لە خۆشکردن و گەرمبوونى جەنگە دەروونى و ئایینى و مەزهەبى و سەربازى و ئابوورى و کهلتوورییەکان بگێڕێ، هەمیش دەتوانێ ئاوێکى سارد بە ئاگرى پڕ لە پریشکى تەشەنەسەندووى کێبڕکێیەکاندا بکات.
بەڵام ئەو کۆمەڵگە پاشکەوتووانەى کە خزێنراونەتە ناو ئەو بازنەیەى کە وڵاتانى جیهانى سێیهم لەناویاندا دەخولێنەوە، زۆر زیاتر چارەنووس و ئاییندەى کۆمەڵگەکانیان ڕادەستى گوتارى میدیایى کردووە. ترسناکیى ئەم خۆڕادەستکردنە، تەنیا لە گواستنەوە و گەیاندنى ڕووداوە گەرموگوڕەکان و لێدوانەکاندا خۆى نادۆزێتەوە، کە ئەمە ئەرکى سەرەکیى میدیا خۆیەتى، بەڵکوو ترسناکیى ئەو خۆڕادەستکردنەى خەڵک، کاریگەربوونییەتى بەو گوتارە میدیایییە ئاراستەکراوەى کە لە دەروونى خۆیدا متمانەى پێى هەیە و، پێی وایە کۆى فاکتەکان لێرەن و، ئێرە چى بڵێ و بنووسێ و بڵاو بکاتەوە، جێگەى باوەڕپێکردنن و ئەوانی تر هیچیان جێگەى باوەڕ نین؛ ئەم نابابەتیبوونەیش وا دەکات خەڵک ببێ بە کۆیلەى میدیا!
جا ئەم جەنگە دەروونییەى کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، وەک ئاگرى "ژێر کا" هێواش هێواش تەشەنەى زیاتر دەکات، وای لێهاتووە ڕێکخستنەوە و تێکوپێکدانى کێبڕکێیەکان و ساردبوونەوە و گەرمبوونەوەى پەیوەندییەکان، تەواو ڕادەستى میدیاکان کراوە. دەیشکرێ ئاماژە بە بەشێک لەو پرس و ڕووداوانە بکەین کە میدیا لە لێکەوتنەوەى چەندین پێشهاتى جۆربەجۆر وهك دروستبوون و بەئەنجامگەیاندنى خۆپیشاندانەکانى ئەم دوایییانەى هەرێمى کوردستان، ڕۆڵێکى کاراى گێڕاوە. ئەوەندەى کە گوتارى میدیايى، بوو بە داینەمۆى دەستپێکردنى خۆپیشاندانەکان و دواتر پەنابردن بۆ توندوتیژى تا ئاستى گوتاری ڕووخاندنى حکوومەت و پەرلەمان و لەڕەگەوەهەڵکێشانى ئەزموونى سیاسى و دووبارە بیناکردنەوەى دامەزراوەکان، ئەوەندە وەک جێبەجێکردنى ئەرکێکى مەدەنییانە دەرنەکەوت.
لە قۆناغێکدا کە مێژووەکەى بۆ دە ساڵێک بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، زۆرینەى خەڵکى هەرێمى کوردستان بە هۆى ناکۆکى و ئاڵۆزبوونى پەیوەندییەکانى نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى ئەوساى تورکیا، بە یەک بانگەوازى کەناڵە میدیایییەکان لە یەک ڕۆژدا سەدان هەزار هاووڵاتى، دژ بە بەزاندنى سنوورەکان لە لایەن تورکیاوە، بەتەواوى توێژ و چینەکان و نەتەوە و مەزهەب و تەمەنەکانەوە ڕژانە سەر شەقام. بەڵام لەم قۆناغەدا، کە پەیوەندییەکانى هەر دوو حکوومەت چۆتە پێشەوە و، هاوکاتیش میدیاکان بەهێزبوونى ئەم پەیوەندییانە بۆ ڕاى گشتى دەگوازنەوە، دەبینین دیسان میدیا ڕۆڵێکى پۆزەتیڤى لە گۆڕینى ئاراستەى هەڵوێستەکانى شەقام بۆ هەڵوێستێک، کە لەگەڵ سروشتى گۆڕانکارى لە فۆرمى پەیوەندییە سیاسییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا یەک دەگرێتەوە، گێڕاوه.
ئایا ئەم خۆڕادەستکردنە بە گوتارى میدیایى، باشە یان خراپ؟
بە بۆچوونى من، ئەو وڵاتانەى کە کۆمەڵگەکانى خۆیان بە پرۆژەى پیشەسازیى زەبەلاح و پەرەپێدانى پرۆژەکانى وەبەرهێنان و بایەخدان بە پرۆژەى فیکرى و پێشکەوتنى تەکنەلۆژی و كاركردن لەسەر دەوڵەمەندکردنى ئاستى مەعریفیى تاک سەرقاڵ کردووە، ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین میدیاكان وهك بهشێك له پرۆسهی بنیادنان و مهعریفه بهشدارن و، ساڵ به ساڵ به نوێگهرییهوه ڕۆڵی میدیای بهرپرسیار دهبینن. خۆ ئەگەر بەراوردى نێوان کۆمەڵگەى مۆدێرنى ئەوروپا لەگەڵ سروشتى بیرکردنەوەى کۆمەڵگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بکەین، دەبینین کە کەناڵەکانى "ئەلجزیرە" و "ئەلعەرەبیە" و "سکاى نیوز" و "بى بى سى عەرەبى"، هەر یەکێکیان بەقەد هێزى دەوڵەتێک توانیویانە کاریگەرى بەسەر گۆڕانکاریى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسیى کۆمەڵگەى عەرەبیدا دروست بکەن؛ دروستکردنى شۆڕشەکانى بەهارى عەرەبى، نموونەى کاریگەربوونى کۆمەڵگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستن بە ئاراستەى گوتارى میدیایى.
باوەڕ ناکەم کۆمەڵگەیەک هەبێ، هێندەى کۆمەڵگەى ئەم ناوچەیەى ئێمە تێی کەوتووین، ئەوەندە، نە خوو بە "سۆسیال میدیا" و بەتایبەت "فەیسبووک"ەوە بگرێ، نە ئەوەندەیش کۆنتڕۆڵى ئەقڵ و بیرکردنەوە و هەڵوێست و کاردانەوەکانى بکات. کۆمەڵگەى بەکارهێنەر تەنیا لە ڕووى ئابوورى و تەکنەلۆژى و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە شکستى نەهێناوە، بەڵکوو لە ڕووى ئەقڵ و ڕۆشنبیرى و مەعریفییشەوە لەناو بازنەی وێرانییەکى گەورەدا دەسووڕێتەوە.
کۆمەڵگەى ئێمە تەنیا لە ڕووى سیاسییەوە ئەقڵ و بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانى خۆى ڕادەستى گوتارى میدیایى نەکردووە، بەڵکوو لە ڕووى کۆمەڵایەتی و هونەرى و ئایینییشەوە نەیتوانیوە لە دەرەوەى میدیا بیر بکاتەوە. هەزاران هاووڵاتى لە هەرێمى کوردستاندا، کەوتۆتە ژێر کاریگەریى گوتاربێژێکى ئایینى، بەبێ ئەوەى ڕووبەڕوو لە نزیکەوە بینیبێتى، تەنیا بە کاریگەریى گوتارەکانى لە میدیاکانەوە، ئاراستەى ئینتیما و بیرکردنەوەى گۆڕاوە، هەروەها فێرى دەیان دیاردەى کۆمەڵایەتیى قێزەون بووە لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە، ڕێگهکانى ئەم فێربوونەیشیان لە میدیاوە وەرگرتووە. لە ڕووى هونەرییشەوە، خەریکە بە هۆى کاریگەریى هونەرى کۆمەڵگەکانى دیکە، تام و چێژى ڕەسەنایەتى لە هونەرى کوردیدا نامێنێ؛ ئەم سەرلێشێواوییەیش، کە زۆر کوشندەیە، لە ڕووى فەرهەنگییەوە پەیوەندیی بەو ڕایەڵە میدیایییەوە هەیە کە لە نێوان هاووڵاتى و میدیادا کاریگەریى داناوە.
ئەم تۆڕە جاڵجاڵۆکە میدیایییە، کە تا دێ زیاتر کونج و کون و کەلەبەرى کایە هەمەجۆرەکان دادەپۆشێ و هێز و مەوداى ڕابەڕایەتیکردنى هەڵوێست و کاردانەوەى خەڵکى ڕەشۆکى لە بەردەمدا فراوانتر دەبێ، بە جۆرێک لەو سنوورانە دەرچووە، کە تەنیا بە دروشم و تکا و پاڕانەوە ڕێک بخرێتەوە. وەک ئەوەى "مۆنتسیکیۆ" لە کتێبى "ڕۆحى یاساکان"دا ئاماژەى بۆ دەکات کە "یاسا، ڕۆحى ڕێکخستنى ژیانى کۆمەڵایەتییە"، ئێستا کاتیەتى یاسا وەک چەکێکى ناتوندوتیژ و مەدەنى، بۆ ڕێکخستنەوەى میدیا لە هەرێمى کوردستان بخرێتە کار، تاکوو چیی دیکە ئاییندەى چارەنووسسازى سیاسى و پەروەردەیی و ئایینى و کۆمەڵایەتیمان نەخەینە ژێر گوتارى میدیایى.