ساڵ نییه له ساته‌وه‌ختى یادكردنه‌وه‌ى ڕۆژی جیهانیى ژنان، كه به هه‌شتى مارس ده‌ناسرێته‌وه، چالاكوانانى داكۆكیكار له مافه‌كانى ژنان و ڕێكخراوه‌كانیان ڕووبه‌ڕووى توانج و پلار و، زێده‌تر له‌وه‌یش، هێرشى شكاندن و لێدان له بایه‌خى ئه‌م بۆنه‌یه، نه‌بنه‌وه. من تا ڕادده‌یه‌ك ئه‌م هێرشانه به حاڵه‌تێكى سروشتى ده‌بینم، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا به‌ره‌یه‌ك هه‌میشه ئاماده‌یه قۆڵ و باسكى هه‌ڵب كا، بۆ ململانێی ئه‌و به‌ره‌یه‌ى كه ده‌یه‌وێ یەکسانیى جێندەرى بڕه‌خسێنێت و گۆڕ‌انى كۆمه‌ڵایه‌تى دروست بكات و، سەرەڕاى دەیان بەربەستى کەلتوورى هاتۆته مه‌یدان، تا قۆناغى پاشكه‌وتووییی كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌كۆیله‌سه‌یركردنى ژن و چاولێكردنى وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی پاشكۆ و پله دوو، تێ بپه‌ڕێنێ. به‌ره‌یه‌ك چیتر نایه‌وێ و ناهێڵێ "حصانه- پارێزبه‌ندى" له‌سه‌ر تاوانبارانى به‌ناو نامووسپارێزی، به‌رده‌وامیى هه‌بێ، چونكه پاساوى چاولێپۆشینى تاوانەکانیان، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌يە كە لە بنەڕەتدا به تێگه‌یشتنی ئه‌وان، نامووس به ڕه‌فتاره‌كانی ژنه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و، ئه‌وانیش وه‌ك پارێزه‌ری ئه‌و به‌ناو نامووسه، خه‌ڵق بوون!
جا ئه‌م "به‌ره‌ى دژ"ه، به‌ره‌یه‌ك نییه ته‌نیا لەناو بازنەى چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بسووڕێته‌وه، یان ته‌نیا پیاوان بن، به‌ڵكوو ئه‌م "به‌ره‌ى دژ"ه، هێندە پەلوپۆیان هاوێشتووە، بوون بە ئەجێنداى بەشێک لە حزبه سیاسییه‌كانیش.
له لایه‌كى دیكه‌وه، هه‌ڵه‌یه‌ك كه به‌ره‌ى یەکسانیخوازەکان هه‌موو ساڵێك دووباره‌ى ده‌كه‌نه‌وه، تێكه‌ڵكردنى هه‌ر دوو یادى "ڕۆژی جیهانیى ژنان"ه، كه ده‌كه‌وێته 8ى مارس، له‌گه‌ڵ "ساڵڕۆژى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى دژبه ئافره‌تان"، كه ڕێكه‌وته‌كه‌ى 25/11ى هه‌موو ساڵێكه. ئه‌م تێكه‌ڵكارییه، وای كردووه به‌ره‌ى یه‌كسانیخواز و ڕیفۆرمخوازه‌كان هه‌ڵمه‌ت، دروشم، په‌یام و چالاكییه‌كانیشیان به خواروخێچى بگه‌یه‌نن؛ یاخود ڕوونتر بڵێم، له هه‌ر دوو بۆنه‌كاندا كاره‌كته‌رى ژن، زێده‌تر وه‌ك "قوربانى و سته‌ملێكراو و به‌دبه‌خت و خێرپێكه‌ر"، ده‌كه‌ن به سه‌نته‌رى جووڵه و پڕۆژه و چالاكییه‌كانیان، كه به باوه‌ڕى من، ئه‌م گوتاره، خزمه‌ت، نه به دۆزى ژن ده‌كات نه یارمه‌تیشمان ده‌دات تا ئه‌م ڕه‌نگى ڕق و دوژمنكارییه له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ى تردا كاڵ بكه‌ینه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وهی‌شدا یادكردنه‌وه‌ی بۆنه‌كان جیاوازه و، هه‌ر یه‌ك په‌یامی خۆی هه‌یه، بۆ نموونه له "هه‌شتی مارس"دا، پێویسته فۆكه‌سمان بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و ده‌ستكه‌وت و ئه‌نجامه گرنگانه‌ی كه به هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی و گرووپی و دامه‌زراوه حكوومی و مه‌ده‌نییه‌كان به‌ده‌ست هاتوون و، ڕێز له‌و ماندووبوونانه بگرین كه هه‌میشه وه‌ك قه‌ڵغانێك له پێشه‌وه‌ی پرۆسه‌كه خۆیان كردۆتە قوربانی له‌پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كسان و دادپه‌روه‌ر و، باس و گوتاره‌كانیش له‌پێناو سیمبۆله‌كانی یه‌كسانی و سیسته‌می پاڵپشتی له پرۆسه‌ی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ره‌و قۆناغێكی یه‌كسان بێ و، هه‌وڵه‌كانی گه‌یشتن به سه‌ركه‌وتن و كۆڵنه‌دان.
به‌ڵام له یادكردنه‌وه‌ی 25ی نۆڤه‌مبه‌ردا، گرنگه چالاكی و گوتار و یاده‌كه، تایبه‌تمه‌ند بكرێ به هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و سیسته‌م و چالاكی و كارانه‌ی له ماوه‌ی ساڵیكدا له لایه‌ن ده‌زگه حكوومی، مه‌ده‌نی و میدیایییه‌كان و، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی تاكیش ئه‌نجام دراون و، هه‌روه‌ها داڕشتنی به‌رنامه‌ی كار و پلانی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان؛ هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووی ده‌رهاوێشته‌كانی توندوتیژی و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئه‌منی، نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی.
به مانایه‌كى تر، ده‌مه‌وێ بڵێم ئیدى ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه كه له قۆناغی "ناساندن و خستنه‌ڕووی فۆبیاى لێدان و تراژیدیاى كوشتن و سووتان و فۆرمه‌كانی تری توندوتیژیی دژ به ژنان"ه‌وه، بڕۆینه قۆناغی "ناساندن و خستنه‌ڕووی به‌هێزیی ژن و، ڕۆڵ و پێگه‌ی یه‌كسانی له‌ناو كۆمه‌ڵگه و، كاریگه‌ریی به‌شداریكردنی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تی، ئیداری، یاسایی، سیاسی، په‌روه‌رده‌یی، ڕۆشنبیری، بەهرە و پیشه جۆربه‌جۆره‌كان".
هەروەها ئیدى لێرە بەدواوە پرۆسەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی، با پرۆسەیەک نەبێ بۆ به‌زاڵمده‌رخستنی ڕه‌گه‌زێك و مه‌زڵوومپێشاندانی ڕه‌گه‌زێكى تر! لە ڕاستیشدا لاى خۆمەوە لە هیچ قۆناغێکدا له‌گه‌ڵ ئەو ئاراستە تا ڕاددەیەک گشتییەدا نەبووم، كە پێیان وایە "جۆری ڕه‌گه‌ز"، پێودانگە بۆ ڕه‌فتار و كردەى تاک، به‌ڵكوو ديدى من وايە تێڕوانینى فیكرى و ئاراستەى بیركردنه‌وه و په‌روه‌رده‌ی خێزان و دامەزراوە و ژینگەى کۆمەڵایەتى، پێودانگن بۆ هەڵسەنگاندنى ڕه‌فتارى تاك، نه‌ك جۆری ڕه‌گه‌زى تاكەکان. واتا، هەر کات وا بیرمان کردەوە كه کەسایەتیى ڕەگەزى پیاو، بريتييە لە دڵڕەقى و فێڵ و ڕۆحى چەوساندنەوە و ستەمکارى و مردنى ويژدان و بەزەیی و، لە بەرامبەریشدا ئافرەت بوونەوەرێکى فریشتەئاسا، خاڵى لە ڕق و تۆڵە و بوغز و دووڕوویى و ستەمه، نەک ناتوانین یەکسانیى کۆمەڵایەتى بهێنینە کایەوە، بەڵکوو هێندەى تر، تۆوى ڕق و تۆڵەکردنەوە و ستەمکارى لە نێوان ئەم دوو ڕەگەزەدا موتوربە دەکەین.
لێرەوە دەمەوێ بڵێم، ئەگەر دەمانەوێ پرۆسەى ئاشتەواییى کۆمەڵایەتى و خێزانى پەرە پێ بدەین، ئەگەر دەمانەوێ هەنگاوى کردەیى بۆ گۆڕینى هاوکێشەى تاوانە کۆمەڵاتییەکان لە دۆخێکى ئالۆزەوە بۆ دۆخێکى ئاسایى، بهاوێژین، ئێستا کاتیەتى سەرتاپاى دروشم و چالاكی و ئەجێنداى کارکردنمان بە ئاراستەیه‌كی تری ئەو فۆرمە ناتەندروستە بگۆڕين، کە پێشتر بە ئەزموونێکى کەمەوە ڕەنگڕێژمان کردووە، لەوانە:
- كاتى ئەوەیە پێودانگ و هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ گوتار و كردار و ڕه‌فتاری تاكەکان له‌سەر بنەماى ڕوانگه و بیركردنه‌وه و پەروەردەى کۆمەڵایەتى و شێوەى تاوانەکان بێ، نەک له‌سه‌ر بنه‌مای "جۆری ڕه‌گه‌ز".
- ساڵانیکە نائاگایانه پرسی ژنمان كردۆته سپۆنسه‌ری ده‌یان كاری میدیاییی لاواز، كه جگه له تۆخكردنه‌وه‌ی ده‌رخستنی لاوازیی ژن و باڵاده‌ستیی ڕه‌گه‌زێكی تر، هه‌روه‌ها بەرزکردنەوەى دروشمەکانى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیى دژ بە ژنان له‌سه‌ر بنه‌مای لاوازیی ژن و تۆخكردنه‌وه‌ی پیاوسالاری، لە برى ئاشتبوونەوەى ئەم دوو ڕەگەزەى کە بەیەکەوە پەیکەرى کۆمەڵگە تەواو دەکەن. هه‌ر له ڕێگه‌ی میدیاكانه‌وه چه‌ندین كاره‌كته‌ری لاوازمان كردۆته پاڵه‌وانی شاشه‌كان، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێوه‌رێكی مه‌عریفی و كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی بۆ په‌یام و گوتار و كرداری ئه‌و كه‌سانه هه‌بێت.
- کاتى ئەوەیە ئافرەت وەک کارەکتەرێکى بەهێز و بەهرەدار بناسێنینه‌وه، چونکە تاکوو ئەم ساتەیش هێنده ژنمان به كوژراوی و لێدراوی و زوڵملێكراو و سووتاو و ملكه‌چ خسته ڕوو، وێنایه‌كمان له زه‌ینى کۆمەلگەدا هەلکۆڵیوە، كه ئه‌وه سروشت و پێناسه‌ی ژنه! منداڵه كوڕه‌كانمان به هۆی هەلکۆڵینى ئه‌م وێنه‌یه له زه‌ینییەتیاندا هه‌میشه ئاماده‌یییان تێدایه بۆ ئه‌وه‌ی لە ئێستادا خوشك و دايك و هاوڕێكانيان و، لە داهاتوویشدا هاوسه‌ر و كچه‌كانیان لەسەر بنەماى ئەو زه‌ینییەتە بچه‌وسێننه‌وه!
- کاتى ئەوەیە نەوەى ئیستا و ئاییندەمان لە چەمکى ڕاستەقینەى "یەکسانى" تێ بگەیەنین، چونکە ئێمه نه‌مانتوانیوه هێزی ژن وەک دوو تاى تەرازووى یه‌كسان له‌گه‌ڵ ڕەگەزى پیاو لە ڕووى "ماف و ئەرکەوە" بەدروستى بە کۆمەلگە بگەیەنین. نه‌مانتوانیوه ژن وه‌ك کائینیکى خاوەن پێگە و بڕیار له فكری منداڵه‌كانمان وێنا بکەین. ئەو فۆرمە لە کارکردنە ناتەندروستە بووە، وای کردووە کاتیک كچێك هه‌ر له قۆناغى منداڵییه‌وه ئاماده‌ییی تێدایه بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر ده‌كرێت، قبووڵی بكات و كاردانه‌وه‌ی نه‌بێت چونكه له زەینیدا وێنه‌ی ئافره‌ت به کائینیکى لاواز دروست بووه و، لەوەتەى هەیە ژنى به سووتاوی، لاوازی، لێدراوی، كوژراوی، دەرکراوى، ستەملیکراوى و گریاوى بینیوە و بیستووە! تا وای لێ دەکات هێزێك هه‌میشه له ناوه‌وه‌یدا پاڵی پێوه ده‌نێت بێده‌نگ بێت و ملكه‌چ بێت، له ترسی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی بینیویه‌تی!
- كاتی ئه‌وه هاتووه بابه‌تی قسه‌كردن و ئامار و ڕێكاره‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان، میکانیزمێکى بەسیستەمکراوى بۆ ڕەنگڕێژ بکرێ؛ واتا تایبه‌تمه‌ند بكرێت به‌و ده‌زگه و ڕێكخراو و میدیایانه‌ی كه بۆ ئەم پسپۆرییە دامەزرێنراون و، لێ نه‌گه‌ڕێن هه‌ر كه‌س به‌ئاسانی ده‌ستی بۆ ببات.
- ئیدى کاتى ئەوەیە ئەم دوو ڕەگەزە سەرەکییەى کۆمەڵگە لەگەڵ یەکتریدا ئاشت بکەینەوە. ئاشتکردنەوەیشیان بەم گوتارەى کە ئیستا بۆتە ئەجێنداى دامەزراوە مەدەنى و فەرمى و میدیایییەکان، به‌دی نایه‌ت، بەڵکوو سەرلەنوێ پێویستمان بە دروستکردنى گۆڕانکارى هەیە، هەر لە داڕشتنەوەى دروشمەکانەوە، تا دەگاتە گۆڕینى پلان و سیستەم و ئاراستەى کار و کردە و ئەو ئه‌قڵییەتانەى لەم بوارەدا چەندین ساڵە به ناوی پرسی ژنه‌وه، وه‌ك پاڵه‌وانی مه‌یدانه‌كه خۆیان ده‌رخستووه.
- كاتی ئه‌وه‌یه پرسی یه‌كسانی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی، به‌و كه‌سانه بسپێردرێت كه وه‌ك پره‌نسیپ و ئه‌ركێكی مرۆیی كاری بۆ ده‌كه‌ن، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای پێدانی پۆست و كارێكی ئیداری و ئاشتكردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كان.