بەپێی پێوەری باو لەناو جیهانی ڕۆژنامەوانیدا، ئەو كەسەی كە كار لەسەر ڕووداو، بەڵگە، وێنە و زانیاری دەكات و بیر و ڕای جیاواز سەبارەت بە ڕووداوێك كۆ دەكاتەوە و، بێلایەنانە و بەگوێرەی ئەخلاق و یاسای ڕۆژنامەوانی لە ئامرازەكانی ڕاگەیاندنی گشتیدا بڵاویان دەكاتەوە، ڕۆژنامەوانی پێ دەڵێن.
دەكرێ لە سێ ڕوانگەوە سەیری ئەم واتایە بكرێت. یەكەم: ڕۆژنامەوان زانیاریی جۆراوجۆر و دەنگوباس كۆ دەكاتەوە و، لە كەرەسەكانی ڕاگەیاندندا بڵاویان دەكاتەوە.دووەم: بە ڕێگەی ئەم كاركردنەوە، مووچەی بژێویی خۆی دابین دەكات؛ واتە كاری فكری لە بەرانبەر مووچەدا. سێیەم: بۆ كارەكانی، دەبێ پشت بە ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی، یاسا و پێودانگی ڕۆژنامەگەرییەوە ببەستێت، چونكە بەهێزترین چەكی ڕۆژنامەوان، ئەخلاقە؛ كە بەردەوام، دەبێ لە كاركردندا لەگەڵیدا بێت.
مەبەست لە بێلایەنی ئەوەیە، كە ڕۆژنامەوان بەبێ ئەوەی دەستكاریی زانیاری و دەنگوباس بكات و بەبێ ئەوەی لاگیری، یان دژ بێت، ڕووداو یان زانیارییەكە بڵاو بكاتەوە. گشتلایەنی ئەوەیە كه بیر و ڕای جیاواز، بكاتە ناواخنی بابەت و ڕاپۆرتەكەی، بۆ ئەوەی بتوانێت وێنەیەكی تەواو و ماقووڵ لە ڕووداوەكە بگوازێتەوە. "وێنەیەكی چركەیی" لە ڕووداوێك، بەڵام لە قەبارەیەكی ڕێكوپێكدا، بە پایەموەرگر بدات.
ڕۆژنامەوانی حزبی، بەپێی ئەوەی کە ئەندامی حزبێکی سیاسییە، ئامرازی ڕاگەیاندنیشی، هەر سەر بە حزبەکەیتی. بۆ ڕۆژنامەوانێکی لەم چەشنە، چوارچێوەیەکی سیاسی و حزبی هەیە و، بەپێی پێوەر و پێودانگی حزبی، بەشی هەرە زۆری کارەکانی لە بواری، سیاسی، زانیاری و دەنگوباسدا، بڵاو دەکاتەوە.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، کە تەقینەوەی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، کۆمەڵێک کەرەسە و دەرفەتی نوێی هێناوەتە کایەوە، تەنانەت هاووڵاتیانیش ڕاستەوخۆ دەستیان بە کەرەسە کۆمەڵایەتییەکانی ڕاگەیاندن ڕادەگات، ئەمەیش جۆره قەیرانێکی بۆ ڕۆژنامەوانانی حزبی دروست کردووە.
گەلێک جار ئەوەی کە لەو کەرەسانەدا بڵاو دەکرێنەوە، لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی حزبیدا، یان بڵاو ناکرێنەوە، یان بەشێک لە زانیارییەکان سانسۆر دەکرێن. بوون و کاریگەریی ئامرازە نوێیەکان، هاوکات کە دەرفەتێکی باشە بۆ هاووڵاتیان، بەڵام لە هەمان کاتدا، کێشەخوڵقێنە بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی حزبی. ململانێ لە نێوان پێوەر و پێوەدانگی ڕۆژنامەوانی و، ڕێسا و پێودانگی حزبی لە کاری ڕۆژنامەوانیدا، ئەو کێشەیەیە کە بەردەوام ڕۆژنامەوانی حزبی ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەگەر جاران بە ڕۆژنامەی حزبێکی سیاسییان دەگوت: "زمانحاڵی حزب"، ئەمڕۆکە ڕایۆ، تەلەڤزیۆن، ماڵپەڕ و لاپەڕە ڕەنگاوڕەنگەکانیان لە فەیسبووک و تویتێردا، هەر هەمان ڕۆڵیان هەیە.
چاکسازی لە ڕاگەیاندندا
یەکێک لە ئەرکە هەرە گرینگەکانی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی ئەوەیە کە، بە ڕێگەی هەواڵ و زانیاریی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سیاسییەوە هاووڵاتیان لێک گرێ دەدات، بەڵام ڕۆڵ و ئەرکی سەرەکیی ڕاگەیاندنی حزبی، بەر لە هەموو شتێک، ئهوهیه كه "هاوڕێ" و "هەڤاڵان"ی حزبی لە دەوری خۆیدا کۆ دەکاتەوە. گرینگترینی ئەو دەنگوباس و زانیارییانەیش کە پەیوەندییان بە حزبێکی سیاسییەوە هەبێت، لە کەرەسە جۆراوجۆرە حزبییەکاندا دەنگ و ڕەنگی هەیە. ئەمەیش دوو ئەرکی جیاواز چێ دەکات: لە یەکەمیاندا هاووڵاتیان بەپێی بۆچوون، هزر و داخوازیی خۆیانەوە ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆرین؛ دوومیان کە حزبییە، یەکڕەنگی و یەکدەنگی، جێگەی فرەڕەنگی و فرەچەشنی دەگرێتەوە.
ئەگەر لە جیهانی ڕاگەیاندنی حزبیدا، دەستاودەستکردنی زانیاری و هەواڵ، هەروەها پەیوەندییەکان ستوونین، لە ئامرازە نوێیەکانی ڕاگەیاندندا کە بەرهەمی تەقینەوەی زانیاری و جیهانی دیجیتالییە، دەرفەتی دەستاودەستکردنی ئاسۆییی زانیاری هێناوەتە کایەوە (ئامرازی ڕاگەیاندنی ڕەسمیی هەواڵ و هاووڵاتیی پەیامنێر)، چونکە لە دەرەوەی ڕاگەیاندنی حزبیدا، پانتاییی هەڵبژاردنی زانیاری و دەنگوباس فرەیە و، مەیدان بەتەواوەتی کراوەیە؛ هەر ئەمەیش ئاستی زانیاری و داخوازیی هاووڵاتیان بەرزتر دەکاتەوە. ئەم ڕەوتە، کارێکی وای کردووە کە تەنانەت ئەندامانی حزبە سیاسییەکان، تا دێت کەمتر هۆگری ڕاگەیاندنی حزبەکەیان دەبن و سەرچاوەی زانیارییەکانیان لە ئاستێکی بەرزدا هیی حزبەکەیان نییە، چونکە کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی حزبی (سیاسەتی میدیایی)، ناتوانێت وەکوو جاران تینووێتیی ئەندامانی حزبی بشکێنێت. ئەمە لە هەرێمی کوردستاندا زۆر بەرچاو و ئاشكرایە.
گەرچی حزبە سیاسییەکان لە کوردستان تێکەڵ بە ڕەوتی بەمۆدێڕنکردنی کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بوونە و، ئهمهیش ئەوانی کردۆتە حزبێکی میدیایی، بەڵام بەم حاڵەوە لە هێڵی سەرەکیی خۆیاندا هەر زمانحاڵی حزبەکەیانن و، هەر بەو ڕێگەیەوە ئەندام و لایەنگرانیان ڕێک دەخەن.
تاکێک كه دەستی بە کەرەسە مۆدێڕنەکان ڕادەگات، ئامرازی ڕاگەیاندنی حزبی دەخاتە پەراوێزە؛ چونکە بە دوای ئەو زانیاری و دەنگوباساندا دەگەڕێت، کە دەگەڵ حەز و ویستیدا یەک دەگرنەوە. هەر ئەمەیش، لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدا مهودا چێ دەکات، بەتایبەت ئەگەر کێشە و قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا هەبێت، بۆ نموونە هەرێمی کوردستان؛ ئیتر ئەو مەودایە زیاتر و زیاتر دەبێتەوە. ئەمە تەنیا هاووڵاتیان ناگرێتەوە، بەڵکوو لە مەیدانی کەرەسەکانی ڕاگەیاندندا، کێشەیەکی ناوخۆیی و شاراوەی بۆ حزبە سیاسییەکانیش دروست کردووە و، ئەندامانیان ئەو حەز و شەوقەی جارانیان نەماوە کە بینەر، خوێنەر و گوێبیستی کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی حزبەکانیان بن.
کۆبەند:
گەرچی ئامرازە نوێیەکانی ڕاگەیاندن وەکوو ئینترنێت، فەیسبووک، تویتێر، ماڵپەڕ و ... "بەیار"ی جیهانی ڕاگەیاندنیان کێڵاوە و، حزبە سیاسییەکانیشی ڕاکیشی ئەم جیهانە کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنی حزبی (ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، چاپەمەنی و بەشە ئەلێکترۆنییەکە) بتوانێت خۆی دەگەڵ شەپۆڵی ڕاگەیاندنی سەردەمدا و سروشتی ئاسۆییی پەیوەندەییەکاندا بگونجێنێت، بەر لە هەموو شتێک، پێویستە ڕاگەیاندنی حزبی بەلیبراڵی بکرێت، بۆ ئەوەی هەڵگری دەنگ و ڕەنگی جیاواز بێت. هەروەها، دەرگەی ژمارەیەکی زۆر لەو کەرەسانەی ڕاگەیاندنیشیان دابخەن، کە هەم ڕەچاوی پێودانگی ڕۆژنامەوانی ناکەن و سەرچاوەی پاشاگەردانیشن، هەمیش بوونەتە بارگرانی لە بواری دارایییەوە و، سامانیش بەفیڕۆ دەدەن.