قەیرانی بەشداریکردن

دیموکراسی، بە بەشداریکردن گەشە دەکات و دەژیت. کاتێک هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیک بە شێوەیەکی هێمنانە پرسی دەسەڵات چارەسەر دەکات، لە ڕەوتی خۆیشیدا، کەلتووری جێگۆڕکێی ئاشتییانە لە نێوان گرووپە سیاسییەکاندا جێگیر دەکات. هاوکێشەی هەرە سەرەکییش لە هەڵبژاردنەکاندا کە دەوری یەکلاکەرەوە دەگێڕێت، هاووڵاتیانن.

بە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیش، ڕۆڵی هاووڵاتیان کۆتایی پێ نایەت. دیموکراسی، واتایەکی ڕێژەیییە و لە ڕەوتی زەمان و لە شوێنی دیاریکراودا گەشە دەستێنێت و پێ دەگات. بەشداریکردن لە پرۆسەی بڕیاردان، بنەمای سەرەکیی دیموکراسییە. لە ماوەی دوو هەڵبژاردندا، ڕاپرسییەکان، داواکاری و پێشنیازەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کارتێکەریی ڕاگەیاندنەکان، دەبێت بەشێک لە سیاسەت بن، تا بەشداریکردن لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بێتە ئاراوە. بۆ ئەوەی ئەم مافە یاسایییە لە کۆمەڵگەدا بەڕێوە بچێت، پێویستە شێوازی ڕێکخستن و بیناکردنی حکوومەت بە دامەزراوەکانییەوە، هەروەها حزب و لایەنە سیاسییەکانیش لەگەڵ دۆخەکەدا هاوکووف و سەردەمییانە بن و، دژایەتییان لەگەڵ بنەما و پرەنسیپەکانی ئازادی و دیموکراسیدا نەبێت.

پرۆسەی بڕیاردان و بەشداریپێکردن

بەشداری لە کاروباری کۆمەڵگەدا بریتییە لە: پرۆسەی بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتن لە توانای تاک و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان. بەشداریکردن لە پرۆسەی بڕیاردان لەسەر ئەو بنەمایە جێگیرە، کە هاووڵاتیان مافی خۆیانە لەو کاروبارانەی کە پەیوەندییان بە ژیانی ئەوانەوە هەیە، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ، بیر لە ڕێگەچارەیش بکەنەوە.

کاتێک تاک و گرووپی کۆمەڵایەتی، هەستیان بە بوونی خۆیان کرد، ئەوا هەستی بەرپرسیارێتی لە ناخیاندا بەهێز دەبێت. کۆمەڵگەیەکی بەهێز، لە گرەوی بەشداریکردنی هاووڵاتیاندایه‌ لە پرۆسەی بڕیارداندا. تاک و گرووپی بەهێز، کۆمەڵگەی بەهێز بەرهەم دێنێت.

لە دۆخێکی وادا، مەودای نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان ڕۆژ دوای ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە و، ئەوەیش کۆمەڵگە بەهێز دەکات و بواریش بە نامۆبوون (alienation) بە وڵات، حکوومەت، حزب و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، بەرتەسکتر دەکاتەوە. ئەمە بنەمایەکی ئەقڵانیشە بۆ بەهێزبوونی ئاسایشی تاک، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی لە یەکەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

هەر لەم بوارەدا هەندێک پێناسەی هاوبەش هەن، کە دەتوانن پرۆسەی بەدیموکراتیکردنی کۆمەڵگە وەگەڕ بخەن.

ـ بەرابەریی نێوان هاووڵاتیان و بەشدارییان لە مافی هاووڵاتێتیدا.

ـ بەشداریپێکردنی هاووڵاتیان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لە کاروباری وڵاتدا.

ـ ڕەخساندنی بواری یاسایی بۆ کەرەسەکانی ڕاگەیاندن، بۆ ئەوەی بتوانن سەربەستانە و بەرپرسانە زانیاری بە کۆمەڵگە بدەن.

پێکهاتەی دامەزراوە حکوومی و حزبییەکان

یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بەشداریکردن و کرانەوە لە کۆمەڵگە، دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی داڕشتنی حکوومەت و دامودەزگه‌كانی و، هەروەها بۆ چەشنی حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان.

بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی بەشداریکردن لە بڕیارداندا، مەرجێکی سەرەکی هەیە ئەویش ئەو چەشنە ڕێکخستنەیە کە بتوانێت لەگەڵ داخوازی و پێویستییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بگونجێن. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و، سەربەخۆیییان لە کار و بڕیارداندا، هەروەها هەماهەنگی لە نێوانیاندا، بوار بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە خۆش دەکات. ئەمە تەنیا دامەزراوە حکوومییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیش بەشێکن لەو ڕەوتە؛ چونکە هەر ئەوانەن کە لە هەڵبژاردندا بەرنامە و پاڵێوراویان بۆ حکوومەتی داهاتوو دەبێت.

دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر یەکە بچووکەکان لە ناوچەکاندا، کە پەیوەندیی بە حکوومەتەوە هەیە، هەروەها بینا و پێکهاتەی ناچڕی حزبە سیاسییەکان لە کاروباردا، لافاوێک لە بەرپرسیارێتی و بەپیشەییکردنی کارەکانی بەدوادا دێت.

 قەیرانی بەشداریکردن

قەیران، ڕووداو یان کۆمەڵە ڕووداوێکە کە لە پرۆسەیەکدا بە شێوەیەکی کەڵەکەکراو دەقەومێت و مەترسی دەخوڵقێنێت. قەیران، هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەشێک لە دامەزراوەیەک، یان بەشێک لە دەسەڵات توانای کارکردن و وڵامدانەوەی نەبێت. سەرەکیترین ئاماژەی قەیران ئەوەیە، کە پەیوەندیی نێوان "سەرەوە" و "بەرەوە" دەپچڕێت و متمانە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، هەروەها گشت میکانیزمەکانی بەشداریکردن لە پرۆسەی بڕیارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش لەبەر یەک هەڵدەوەشێنەوە.

هەندێک لە کۆمەڵناسان بڕوایان وایە، کە قەیران هەڵگری "مەترسی" و "دەرفەت"ە. "مەترسی" لەبەر ئەوە، کە کێشەکان ئەوەندە کەڵەکە کراون، هیچ دەراوێک بۆ ڕزگاربوون لێی شک نابەن. لە دۆخی "دەرفەت" یان "قەیرانی گەشە"دا، ڕێژەی کێشە کەڵەکەکراوەکان ئەوەندە نین، کە کۆمەڵگە، یان دامەزراوەیەک بەرەو تەقینەوە ببات. ئەم کۆمەڵناسانە پێیان وایە کە لەو قۆناغەدا، ناسینی قەیران و سەرکردایەتیکردنی ئەقڵانیی دۆخەکە، دەتوانێت پێچەوانە ببێتەوە و کۆمەڵگە بەرەو گەشەسەندن ڕێنوێنی بکات. "فریدریک هێگڵ ١٧٧٠-١٨٣١" دەڵێت: "ناسینی کێشەکان، سەرەتایەکە بۆ چارەسەرکردنیان."

بەگشتی، ئاماژە و پێناسەکانی قەیران کە لە بواری حوکمڕانیدا ڕوو دەدەن، بریتین لە: سەرنجنەدان لە دەستووری گشتیی وڵات، چێکردنی کۆسپ لەسەر ڕێگه‌ی بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لاوازیی دەسەڵاتداران لە بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنانەی کە کاتی خۆی دابوویان، بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازیی هاووڵاتیان و وڵامنەدانەوە بەو داخوازییانە لە لایەن حکوومەتەوە. گشتی ئەمانە لە درێژخایەندا کەڵەکە دەبن و مەودای نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵات ڕۆژ بەدوای ڕۆژدا زیاتر دەبێتەوە.

جاری وایه‌ نەك تەنیا مەودا لە نێوان حکوومەت و هاووڵاتیان بە هۆی گوێنەدانی حکوومەتەوە، هەروەها ئاستی کەمیی خزمەتگوزاری و بارستاییی سیستەمی بیرۆکراسی ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەڵکوو لە تەشەنەی خۆیدا دامەزراوە حکوومییەکان و پرەنسیپەکانی حوکمڕانییەکی ئەقڵانی دەکەونە پەراوێزەوە و هیچ بایەخێکیان بۆ نامێنێتەوە.

یەکێک لە گرفتە هەرە سەرەکییەکان لە هەرێمی کوردستان، جا چ حکوومەت و دامەزراوەکانی، یان حزبە سیاسییەکان، هەروەها دامەزراوەکانی تر، قەیرانی بەشداریپێنەکردنە.

کاتێک دامەزراوەکان ستوونی بن، ئەوە بڕیار تەنیا لە لایەن چەند ئێلیتێکەوە (کەمینە) دەدرێت و ئەوانی تر (زۆرینە) دەخرێنە پەراوێزەوە، یان لە باشترین حاڵەتدا، جێبەجێکاری ئەمر (فه‌رمان)ەکان دەبن. لە دۆخێکی وادا، زۆر بەئەسپایی و وردە وردە کێشە و ناڕەزایەتی لە چەند شوێندا کۆ دەکرێنەوە و دامەزراەکانیش بۆ قۆناغی ئاوسان دەگوێزێتەوە و، کێشەکانیش کەڵەکە دەکرێن؛ ئەمەیش سەرەتای قەیرانێکی گشتگیرە لە هەر دامەزراوەیەکدا. ئەگەر بێت و قەیرانی بەشداریکردن پانتاییی وڵات بگرێتەوە، ئیتر دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و، وا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات له‌ ئاست گشت كێشه‌ و كاروباره‌كاندا بێباك و خه‌مسارد ببن؛ ئه‌مه‌یش مه‌ترسییه‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌كاته‌وه‌.

بەڵام کاتێک دامەزارەکان (حکوومی، سیاسی و کۆمەڵایەتی) ئاسۆیی (تەخت) بن، ئەوە دەرگە بەڕووی ئەوانی تریشدا (زۆرینە) دەکرێتەوە و، چالاک دەبن و خۆیان بە خاوەنی پرس و کێشەکان دەزانن. نموونەیەکی تریش لەو بوارەدا، پرسی ژنانە لە دامەزراوە حزبی و حکوومییەکاندا. لە ناوەندەکانی بڕیاردا، بەتایبەت دانوستان و پەیوەندییە سیاسییەکاندا، شوێنێک بە ژنان نادرێت. گۆڕینی تێفکرین و چاکسازی لە بیرکردنەوەی ستوونی بەرەو ئاسۆیی و، لە دواییدا، ڕیفۆرمێکی قووڵ لە پێکهاتەی کارگێڕی و ناوەندەکانی بڕیار لە حکوومەتدا، هەروەها بە حزبە سیاسییەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە، بەرەو ڕێکخستنێکی ئاسوویی کە زۆرینەیش دەنگ و ڕای لە چالاکی و بڕیارەکاندا هەبێت، دەتوانێت بەر بە کەڵەکەبوونی کێشە و ناڕەزایەتییەکان بگرێت و کۆمەڵگە زیندوو ڕابگرێت. تەنیا شنەبای چاکسازی لەو بوارەدا، دەتوانێت بەشێک لە بەربەستەکان ڕاماڵێت و مەوداکانیش کەمتر و کەمتر بکاتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples