خۆپیشاندان و یاساکان لە هەرێمی کوردستان

خۆپیشاندان مافی هاووڵاتیانه‌ و بە شێوازی جۆراوجۆر و بۆ پشتیوانی، یان بە دژ،‌ بیر و ڕاکانیان بە گوێی دەسەڵاتداران ڕادەگەیه‌نن. خۆپیشاندان به‌شێکی گرنگە له‌ دیموکراسی‌، به‌ڵام ئه‌م ماف و به‌شه‌ گرنگه‌ له‌ دیموکراسی، وه‌کوو به‌شه‌کانی تری ئه‌م چه‌مکه،‌ ده‌بێ به‌پێی یاسا ڕێک بخرێت.

خۆپیشاندان بەشێکی جیانەکراوەیە لە سیستەمی دیموکراسی و، مافی ڕەوای هاووڵاتیانە. دوو لایەنی خۆپیشاندان گەلێک گرنگن، کاتێک کە بە شێوەیەکی ماقووڵ کەڵکی لێ وەربگیرێت. یەکەم: بوونی داخوازی و دووەمیش: خۆڕێکخستن لە بواری دروشم و هێزی مرۆڤییەوە. ئەمانە خۆپیشاندان دێننە ئاراوە و ئاڕاستەکەی ڕووی لە حکوومەت و دامودەزگەکانی دەکات. دوو ئامانجی خۆپیشاندان زۆر ڕوون و بەرچاون؛ یان پیشەیین، یان ئەوەتا سیاسین.

بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەو مافە، بەر لە هەموو شتێک ئەوە ئەرکی حزبە سیاسییەکان، کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوە پیشەیییەکانە، کە سەرەتا لە بواری هزرییەوە بەردەوام زانیاری سەبارەت بەو مافە گرنگە بە هاووڵاتیان بدەن، تا لە کردەوەدا هاووڵاتیان بتوانن بە باشترین شێوە داواکارییەکانیان دەرببڕن و لەسەری بەردەوام بن. دەستەواژەی خۆپیشاندان گشتییە، بەڵام لە فۆرمی جیاجیادا پەیڕەو دەکرێت و، پێویستە بۆ هەر فۆرمێک لە خۆپیشاندان یاسا هەبێت، یان سەبارەت بە هەندێک فۆرمی خۆپیشاندان زانیاری هەبێت، کە هەم هاووڵاتیان کەڵکی لێ وەرگرن و، هەمیش حکوومەت و دامەزراوەکانی (پۆلیس و دادگە) بزانن چۆن دەگەڵ ئەو شێوازانەی تری خۆپیشاندان، کە هیچ پێویست ناکات مۆڵه‌تی بۆ وەربگیرێت، هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەن.

خۆپیشاندانی ئەلێکترۆنی

بۆ خۆپیشاندان، هاووڵاتیان له‌ فۆرمی گرووپدا خۆ ڕێک ده‌خه‌ن و بیر و ڕا و داخوازییه‌کانیان، جا بە لایەنگری، یان بە دژی پرسێک بێت، به‌ شێوازی ده‌ربڕین، نووسینی دروشم، وتاربێژی و نیشاندانی وێنه‌ له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کاندا ڕاده‌گه‌یه‌نن. ئه‌مه‌یش، ده‌کرێت به ‌ڕێگه‌ی ڕۆیشتن، دانیشتن، ڕاوه‌ستان، خۆبەستنەوە، بێدەنگبوون، مانگرتن، خێوەتهەڵدان، یان بە ڕێگەی کۆمەڵە کردارێکی ترەوە بەڕێوە بچێت.

بەڵام ئینته‌رنێت و کارتێکەرییەکانی لەسەر ڕاگەیاندن، هزر و فکری هاووڵاتیان، ئاڵوگۆڕ و شێوەی تری لەو چەمکەدا هێناوەتە کایەوە و، چەشنێکی تری لە دەربڕین و خۆپیشاندان وەڕێ خستووە. منداڵە سەربزێو و بەدفەڕەکەی ئینته‌رنێت، واتە فەیسبووک، (بە زیاتر لە ١ ملیارد و ١٠٠ ملیۆن ئەندام)، ئەو دەرفەتەی بۆ تاک و گرووپی ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆری ڕەخساندووە، کە بیر و ڕاکانیان دەرببڕن، بەبێ ئەوەی کەس بەریان پێ بگرێت.

ئەوانەی کە دەستیان بە کەرەسە فه‌رمییەکان ڕاناگات، یان ڕێگەیان پێ نادرێت کە دەنگ و ویستیان لەوێدا بڵاو ببێتەوە، ئینته‌رنێت ئەو دەرفەتەی بۆ تاک ڕه‌خساندووه‌، تا خۆی پیشان بدات و ویست و داخوازییەکانی لەوێدا بڵاو بکاتەوە. چەند کەس، یان گرووپێک لە فەیسبووکدا، ماڵێک چێ دەکەن و داخوازی، یان ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئەمە شێوەیەکی نوێیە لە خۆپیشاندان، کە دەچێتە خانەی خۆپیشاندانی ئەلێکترۆنییەوە.

ئەم دۆخە کارێکی وای کردووە، کە دەستپێڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە ئینته‌رنێت، ببێتە بەشێکی گرنگ لە ئازادیی ڕادەربڕین و نووسین. لەمێژە ئینته‌رنێت سنووری نەتەوەییی بەزاندووە و ئیتر سنوورەکان، مانا کلاسیکییەکەی خۆیان لەدەست داوە و، بە چەک و تەقەمەنییشەوە، ناکرێت بەرەنگاری کەشوهەوای ئەلێکترۆنی ببنەوە.

تاک، دەرفەتی بۆ ڕەخساوە تا ڕاهێنانی تاکێتیی خۆی لەو جیهانە بێسنوورەدا بکات و، بڕوابەخۆبوونیش لە تاکدا بەهێز بکات. ئینته‌رنێتیش ئەوەی سەلماند، کە دەبێ کۆمەڵگە لەسەر بنەمای بەرژوەندیی تاک ڕێک بخرێت، تا گەشەی پێویست بکات. هەر بەم پێیە، ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی، هێز و دەسەڵاتی هەیە و بەشێکیش لەو دەسەڵاتە، بۆ تاکی کۆمەڵگە گوێزراوەتەوە. لەبەر ئەوە، لە جیهانی ئەمڕۆدا، بیر و ڕای گشتی، بووه‌تە بەشێک لە سیاسەت.

یاساکان لە هەرێمی کوردستاندا

لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٠دا، پەرلەمانی کوردستان یاسای خۆپیشاندانەکانی پەسند کرد. به‌پێی ئه‌م یاسایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان خۆپیشاندان وەڕێ بخه‌ن، ده‌بێ مۆڵه‌ت له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار (وه‌زیر، یان سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕی) وه‌ربگرن. ده‌رکردنی ئه‌م یاسایه‌، گه‌رچی له‌ لایه‌ن "زۆرینه"‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سند کرا، به‌ڵام لایه‌نی دژیشی هەبوو.

لە مادده‌ی دووه‌می یاساکەدا هاتووە: "خۆپیشاندان مافێکی ده‌ستوورییه‌ و به‌پێی یاسا پیاده‌ ده‌کرێت." هه‌روه‌ها "نابێ به‌پێچه‌وانه‌ی یاساوه‌ پیاده‌کردنی مافی خۆپیشانده‌ران قه‌ده‌غه‌ بکرێت." جا لەبەر ئەوە، پێویسته‌ پێش هه‌موو هه‌نگاوێک، دامه‌زراوه حکوومییه‌کان، به‌تایبه‌ت پۆلیس، به‌و گیان و هه‌سته‌وه‌‌ ڕابهێندرێن، که‌ خۆپیشاندان مافی هاووڵاتیانه‌ و، ده‌بێ به‌رگرییان لێ بکرێت و، هه‌روه‌ها خۆ له‌ توندوتیژی بپارێزن. ڕاهێنانی پۆلیس به‌ هه‌ستێکی هێمنانه و دیموکراتییانه،‌‌ به‌ڵام جددی له‌ کاردا، یه‌کێکە له‌ مه‌رجه‌ گرنگه‌کانی پاراستنی مافی هاووڵاتیان‌،‌ که‌ ده‌بێ له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ڕێزی لێ بگیرێت.

کاتێک هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت، ده‌بێ کۆمه‌ڵه‌ پێودانگێکی یاسایی هه‌بن که‌ مافی به‌شداربووان و پاڵێوراوان زه‌وت نه‌کرێت. ده‌بێ یاسای هاتووچۆ، بۆ "ئۆتۆمبێڵ" و "پیاده"‌ هه‌بێت. بۆ سیاسه‌توانان و ڕۆژنامه‌وانانیش یاسا هه‌بێت، که‌ چی بکه‌ن و چی نه‌که‌ن. ته‌نانه‌ت بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌کانیش، نابێت له‌ دەرەوەی یاسا‌ بن. خۆپیشاندانیش، وه‌ک ئه‌و چه‌مکانه‌ی سه‌ره‌وه،‌ به‌شێکه‌ له‌ ماف، که‌ ده‌بێ به‌گوێره‌ی یاسا‌ بەڕێوە بچێت. کوردستانی ئێمه‌یش، دەبێت ژیانێکی هاوچه‌رخانه‌ی تێدا بێت و خۆی تێکه‌ڵ به‌م ڕه‌وته‌ بکات، تا بتوانێت سەروەریی یاسا له ‌کۆمه‌ڵگه‌دا مسۆگەر بکات.

که‌موکورتی و ناڕوونی لە یاساکەدا

له‌ یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان و له‌ مادده‌ی یه‌که‌مدا هاتووه‌: "کۆمه‌ڵێکی ڕێکخراو، یان نیمچه‌ ڕێکخراوی خه‌ڵکه‌، به ‌شێوه‌یه‌کی ئاشتییانه‌ له‌ گۆڕه‌پان و شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌کاندا بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو ده‌ڕۆن." ئه‌م پێناسه‌یه‌ ته‌نیا بۆ فۆرمێکە له‌ خۆپیشاندان‌، که‌ ئه‌ویش به‌ کرداری "ده‌ڕۆن"، یاسای بۆ دیاری کراوه‌. ئه‌م پێناسه‌یه‌ ناته‌واوه‌، چونکە هه‌ندێک خۆپیشاندان هه‌ن، "ناڕۆن"، به‌ڵکوو ڕاده‌وەستن، دادەنیشن، ڕاوەستانی بێدەنگ بۆ کاتێکی دیاریکراو، خۆبەزنجیربەستنەوە و دانیشتن لە بەردەم دامەزراوەیەکی حکوومی و، دەیان فۆرمی تر. هەندێک لەوانەیش، هیچ پێویستییان بەوە نییە، کە ئیزنی بۆ وەربگێرێت. سەرەکیترین کێشەی ئەم یاسایە ئەوەیە، کە بە شێوەیەکی گشتی، یاسای بۆ چەمکی خۆپیشاندان دانەڕشتووە، بەڵکوو بۆ فۆرمێک لە خۆپیشاندان، کە ئەویش لە شێوەی "ڕۆیشتن"دایە.

بۆ نموونه‌، بوونی گرووپێکی تایبه‌ت که‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تایبه‌ت لێکیان نزیک ده‌کاته‌وه‌ و، له‌ کۆمه‌ڵێکی په‌نجا - شه‌ست که‌سیدا، ده‌یانه‌وێ بۆ ماوه‌ی کاتژمێرێک له‌به‌ر ده‌ر‌گه‌ی په‌رله‌مان، دیوانی سه‌رۆکایه‌تی و ... دابنیشن، بەڵام له‌ "یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان"دا باسی لێوه ‌نه‌کراوه‌، که‌ له‌ کاتی به‌ڕێوه‌چوونی شتێکی ئاوا، چۆن هەڵسوکەوتی یاساییی له‌گه‌ڵدا بکرێت؟

سه‌باره‌ت به‌ مۆڵه‌توه‌رگرتنیش، ئاماژه‌ به‌ "وه‌زیری ناوخۆ"، هه‌روه‌ها سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕی (پاریزگا، قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌) کراوه‌. وا باشە که‌ مۆڵه‌توه‌رگرتن بۆ خۆپیشاندان له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ بێ، چونکه‌ ئه‌م دامه‌زراوه‌ حکوومییە په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌واوی ده‌گه‌ڵ هاووڵاتیاندا هه‌یه‌ و ئاگاداری ئاسایش و هێمنیی ناوچه‌که‌ی خۆیه‌تی. هه‌ر ئه‌وانیش شاره‌زایییه‌کی ته‌واویان له‌ که‌شوهه‌وای سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتدا هه‌یه‌ و، له‌ کاری ڕۆژانه‌یشیاندا له‌ هاووڵاتیانەوە نزیکن.

به‌پێی دابه‌شینی کاروباری ئیداری و به‌گوێره‌ی مه‌نتقی "نامه‌رکه‌زی" و بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌، شار و شارۆچکه‌ به‌ته‌واوه‌تی له‌ده‌ست (پارێزگا، قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌)دا چڕ نه‌بێته‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ خۆی نیگه‌رانی ده‌خوڵقێنێت، وا باشتره‌ "مۆڵه‌توه‌رگرتن بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان" له‌ده‌ست پۆلیسی پارێزگا، ناحیه‌ و ناوچه‌کاندا بێت. که‌ڵه‌که‌کردنی ده‌سه‌ڵات له‌ شوێنێکدا، کێشە دەنێتەوە، هاوکاتیش، مۆڵه‌توه‌رگرتن له‌ پۆلیس، کەسایەتیی پێ دەدات و، دامەزراوەی پۆلیسیش لە دۆخی کلاسیک و قالببەستوو ڕزگار دەکات و بەرەو سیستەمێکی نوێ دەگوێزێتەوە.

مۆڵه‌توه‌رگرتن بۆ خۆپیشاندان له‌ (پارێزگا، قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌) ئه‌م نیگه‌رانییه‌یش دێنێته‌ کایه‌وه،‌ که‌ ڕێژه‌ی خۆپیشاندان له‌ هه‌رێمی کوردستان خۆ له‌ که‌می بدات، یان بەسیاسی بکرێت. ئەمەیش، دەتوانێت مافی هاووڵاتیان سنووردار بکاتەوە. خۆپیشاندان بەشێکە لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی، لەبەر ئەوە، نابێت سیاسەت و "ئاسایشی نەتەوەیی" ببنە گوشار بۆ سەر خۆپیشاندان، یان سنووردار بکرێتەوە. وه‌ك چۆن نابێت بە ناوی ئازادییەوە، یاسا پێشێل بکرێت. کاری حکوومەت ئەوەیە، کە هاوسەنگی لە نێوان ئەم دوو چەمکە (ئازادی و یاسا)دا دروست بکات.

هەرێمی کوردستان و گرێکوێرەی خۆپیشاندان

ئەوەی بۆ سەرجەم حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، گشتیان خاوەنی یەک ڕستەن، ئەویش: "خۆپیشاندان مافی ڕەوای خەڵکە و ئێمە پشتیوانیی لێ دەکەین، هەروەها لەگەڵ توندوتیژییشدا نین!" ئەوەی کە تا ئێستا لەو هەرێمی کوردستانەدا جێی سەرنج بێت، باس و گفتوگۆ لەو بوارەدا لە ئاستێکی گەلێک نزمدایە و، گشت لایەنەکان هەوڵی بەردەوام دەدەن کە گشت خۆپیشاندانەکان بخەنە خانەی جموجووڵی سیاسی و حزبییەوە. لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی ئەوەی کە ئاستی ڕێکخستنی سیاسی و پیشەییی ئەو خۆپیشاندانانە زۆر لاوازن، خێرا "بەلاڕێ"دا دەبرێن. هۆکاری سەرەکیی ئەمەیش، دەگەڕێتەوە بۆ زانیاریی لە ڕادەبەدەر کەم سەبارەت بەو مافە.

کۆبەند:

حکوومەت و دامەزراوەکانی، کۆڕ و کۆبوونەوە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، دامەزراوە هزری و سیاسییەکان، هەروەها کەرەسەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی لە گەیاندنی زانیاری سەبارەت بە مافی هاووڵاتیان، لەوانە خۆپیشاندان، بگێڕن. کاتێک هاووڵاتیان شارەزایییەکی باشیان سەبارەت بە مافی خۆیان هەبێت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییش، لەوانە پیشەیییەکان، سەربەخۆ و ئازاد بن، دەتوانن هەم هێزی گوشار بن و، هەمیش بە ئامانجەکانیان بگەن. هەر لەم سۆنگەیەوە، بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە ماف و ئەرکی خۆپیشاندان و خۆپیشاندەران، دەتوانێت بەر بە "گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندان"، بەردباران و تێکدان بگرێت و، کۆتایی بە دیارەی ناشارستانیی (Vandalism) "بارەگاسووتاندن"یش بێنێت. لەو بوارەیشدا، بڵاوکردنەوەی بەردەوام و تێروتەسەڵی زانیاری سەبارەت بە ماف لەناو هاووڵاتیان، هەروەها ڕاهێنان و فێرکردنی هێزی پۆلیس سەبارەت بە مافی هاووڵاتیان، ئاستی توندوتیژی، گەلێک کەمتر دەکاتەوە و، بواریش بۆ خۆپیشاندان بەرتەسک ناکرێتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples