کۆماری کوردستان؛ ناسنامه‌ی کورده‌کان‌

حەفتاویەک ساڵ به‌ر‌ له‌ ئێستا (له ٢٢ی مانگی یه‌کی ساڵی ١٩٤٦ی زایینیدا) له شاری مه‌هاباد، به سه‌رۆکایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د (١٩٠٠-١٩٤٧)، سه‌رۆکی حیزبی دێموکراتی کورستان، کۆماری کوردستان ڕاگه‌یەندرا. ئه‌و کۆماره‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌، له‌ ئاکامی هه‌وڵ و تێکۆشانی کورده‌کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بارودۆخی قه‌یراناویی ناوچه‌که‌ و، به پاڵپشتیی کورده‌کانی پارچه‌کانی تری کوردستان، ئاڵای نه‌ته‌وه‌ییی کوردستان له شاری مه‌هاباد شه‌کێندرایه‌وه‌.

له بیسته‌کان و سییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان گه‌لێک بزووتنه‌وه‌ و ڕاپه‌ڕینی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی. زوڵم و زۆری و ملهوڕیی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌زاخانی په‌هله‌وی (١٨٧٨-١٩٤٤) و، به‌دوای ئەویشدا محه‌ممه‌د ڕه‌زاشای کوڕی (١٩١٩-١٩٨٠) به‌دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌م پارچه‌یه‌دا، چه‌ندان ڕێکخراو و پارتی سیاسی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و زوڵمانه هاتنه‌ کایه‌وه‌. خه‌بات لەو بەشەی وڵات بەدژی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیی په‌هله‌وی، هاوکاتیش بوو له‌گه‌ڵ تێکۆشانی کورده‌کان له باکوور و باشووری کوردستان.

که‌شوهه‌وای قه‌یراناویی ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چ له کاتی جەنگی دووه‌می جیهانی و چ دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە، بناخه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چڕ و ناوه‌ندیی له تاراندا وه‌له‌رزه‌ خست.

له ساڵی ١٩٤١دا، به‌شێک له هێزی هاوپه‌یمانان، واته‌ سۆڤییه‌ت، هاته‌ نێو خاکی ئێرانه‌وه‌ و دیکتاتۆریی ڕه‌زاشا ڕووخا. بۆشاییی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی به کورده‌کان دا، که‌ڵک له‌و باردۆخه‌ سیاسییه‌ وه‌ربگرن و داخوازییه‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌کانیان باشتر گه‌ڵاڵه‌ بکه‌ن.

له‌ دیسامبه‌ری ساڵی ١٩٤٥دا له ئازه‌ربایجان، فیرقه‌ی دیموکرات، کۆماری دیموکراتی ئازه‌ربایجانی دامه‌زراند. دوای ماوه‌یه‌کی کورت، له ٢ی ڕێبه‌ندانی ١٩٤٦دا له شاری مه‌هاباد به به‌شداریی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی پارچه‌کانی تری کوردستان، له‌لایه‌ن (پێشه‌وا)وه،‌ کۆماری کوردستان ڕاگه‌یەندرا. به‌م چه‌شنه، کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تیی ڕه‌زاشا له کوردستاندا هێندرا و، بۆ یه‌که‌مین جار له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستاندا کۆماری کوردستان له‌دایک بوو.

به‌شداری و تێکۆشانی کورده‌کانی باشووری کوردستان بۆ پێکهێنانی کۆماری کوردستان و پاراستنی ئه‌م ده‌ستکه‌و‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌ لەژێر سه‌رکردایه‌تیی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، سه‌رکرده‌ی ناوداری کورد و فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی کۆماردا، به‌ نۆره‌ی خۆی، جەختی لە نه‌ته‌وه‌ییبوونی کۆماره‌کە کردەوە. بوونی کۆماری کوردستان، وه‌کوو کۆمارێکی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌روه‌ها ئاکامه‌کانی له کرده‌وه‌دا، بوونه‌ته‌ به‌شێکی گرینگ له ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییی کورد.

له ١١ مانگ ته‌مه‌نی کۆماری کوردستاندا:

ـــ زمانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بوو به‌ زمانی ڕه‌سمی و له قوتابخانه‌کاندا ده‌خوێندرا. منداڵی کورد بۆ یه‌که‌مجار له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستاندا توانی به زمانی زگماکیی (دایکیی) خۆی بخوێنێت و بنووسێت. ڕۆژنامه، گۆڤار و بڵاڤۆک به زمانی کوردی، له‌سه‌ر پرس و کێشه‌ی کورد به فرەوانی بڵاوده‌کرانه‌وه‌ و دەیاننووسی. ته‌نانه‌ت منداڵانیش به زمانی خۆیان، خاوه‌نی گۆڤاری خۆیان بوون. بوار بۆ ئازادیی چاپه‌مه‌نی به شێوه‌یه‌کی به‌رفرەوان له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستاندا هاته‌ کایه‌وه‌.

ـــ به‌شداریی ژنان له دامه‌زراوه‌ حکوومییه‌کاندا و وه‌ده‌ستهێنانی ده‌رفه‌ت بۆ کار و چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رهه‌می کۆمار بوو. به ‌ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌رگا بۆ ژنان کرایه‌وه‌، که له ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردستاندا به‌شدار بن.

ـــ په‌یوه‌ندیی سیاسی و بارزگانیی کۆماری کوردستان له‌گه‌ڵ کۆماری دیموکراتی ئازه‌ر‌بایجان و یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت بۆ بووژانه‌وه‌ و گه‌شه‌ی ئابووری و بازرگانیی وڵات، هاوکات که یارمه‌تییه‌کی باش بوو بۆ کوردستان، پله‌ی کۆماری کوردستانیشی وه‌کو کۆمارێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌رزتر کرده‌وه‌. مۆرکردنی په‌یماننامه‌ی ده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ن کۆماری کوردستانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌دا، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تری ئه‌و کۆماره‌ بوو.

ـــ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ چاره‌سه‌رکردنی هێمنانه‌ی کێشه‌ی سنوور، هه‌روه‌ها پرسی هاووڵاتیانی دوولایه‌نه‌، که له خاکی یه‌کتردا ده‌ژیان، ڕوداوێکی گرینگ له‌ ته‌مه‌نی ئه‌و کۆماره‌دا بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ ٢٣ی ئاڤریلی ساڵی ١٩٤٦دا په‌یماننامه‌یه‌کی دۆستایه‌تی و هاوکاری لەنێوان حکوومه‌تی دیموکراتی ئازه‌ربایجان و کۆماری کوردستاندا واژۆ کرا.

ـــ بەهۆی ئەوەی له‌و سه‌رده‌مدا ده‌وڵه‌ته‌ دیکتاتۆره‌کان به‌سه‌ر ته‌واوی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زاڵ ببوون و، بەپێی ئەوەی کە کۆماری کوردستان هه‌ڵقوڵاوی هه‌ست و داخوازیی نه‌ته‌وه‌یی بوو، ته‌نانه‌ت له پارچه‌کانی تری کوردستانیشەوە بۆ هاتنه‌ کایه‌ی ئه‌و کۆماره‌ به‌شداربوون و جه‌نگان، یه‌که‌مین کۆماری نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراتیکه‌ له مێژووی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

کۆماری کوردستان سامانی نەتەوەیییە

کۆماری کوردستان (٢٢/١/١٩٤٦)، نە تەنیا دەستکەوتێکی گرینگی مێژوویییە، بەڵکوو سامانێکی بەرزی نەتەوەییشە. بوونی کۆمار وەکوو ڕووداوێکی مێژوویی، تەنیا یەکێکە لە لایەنە هەرە بچووکەکانی ئەم سامانە.

بوونی سوپای سوور لە بەشێکی ئێران و سوپای بریتانیاش لە بەشێکی دیکەی ئەو وڵاتە، بۆشایییەکی سیاسی و جوگرافیایی بۆ پێشەوا (١٩٠٠-١٩٤٧) ڕەخساند و، ئەوی بۆ ئەو چەمکە گرینگەی سیاسەت گەڕاندەوە، کە "دەرفەت مێژوو دەخوڵقێنێت." کەڵکوەرگرتن لە بوونی سوپای سوور بۆ جاڕدانی کۆماری کوردستان، یەکێکە لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی پێشەوا.

هەر دیاردە، یان ڕەوتێکی سیاسی و مێژوویی، بە ڕێگەی دوو هۆکارەوە گەشە دەکات و سەرهەڵدەدات. هۆکارە ناوخۆیییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە لە ئاکامی ململانێی دژەنێوخۆیییەکاندا، کێشەکە بە لایەکدا دەشکێتەوە. هۆکاری دووەم، کە یارمەتیدەری یەکەمە، لە فەلسەفەدا بە هۆکاری دەرەکی ناوی دەبەن، کە کارتێکەریی لەسەر هۆکاری ناوخۆیی دەکات. گەرچی زۆرینەی فەیلەسووفەکان لەسەر ئەوە ساخ بوونەتەوە، کە هۆکاری دەرەکی دەتوانێت ڕەوتی ڕووداوە ناوخۆیییەکان خێرا یان خاو بکاتەوە، تەنانەت دەتوانێت دەوری پێچەوانەیشی هەبێت، کەچی کۆماری کوردستان ڕێک بە کەڵکوەرگرتن لەم دوو هۆکارەوە (ناوخۆیی و دەرەکی) لەدایک بوو و ئەمەش لێهاتوویی بنیاتنەرانی کۆمار دەگەیێنێت.

بەشداریی نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەر لە ڕۆژی یەکەمی کۆمارەوە تا کۆتاییی تەمەنی، ئەو هەرەوەزە نەتەوەیییە بوو، کە لە مێژووی کورددا تا ئێستا نموونەی نەبووە و، مۆرکێکی تەواو نەتەوەیی بە بەرۆکی کۆماری کوردستانەوە هەڵواسی. گەرچی کۆماری کوردستان لە نزیک بە "٣٠%"ی لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چاوی بە دنیا هەڵێنا، بەڵام بەشداریی پارچەکانی دیکەی کوردستان، سنووری نەتەوەییبوونی ئەو کۆمارەی بەرفراوان کرد و، سنووری "ڕەسمی"ی چوار دەوڵەتی داگیرکاری کوردستانیشیان بەزاند.

بوونی کۆماری کوردستان، پێکهێنانی حزبی دیموکراتی کوردستان و ساڵێک دوای ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستان، ئەو ڕاستییەی سەلماند، کە لە ئێران و عێراقی فرەنەتەوە و فرەنیشتماندا، تەنیا کورد دەتوانێت بە هێز و بوونی خۆیەوە بە دوای مافی خۆیدا بگەڕێت و مسۆگەری بکات. کۆماری کوردستان هەر بە لەدایکبوونی خۆی، یەکەمین زەبری لە هزری شۆڤێنیستیی ئیرانی دا و سەلماندی، کە لە ئێراندا شتێک بە ناوی "نەتەوەی ئێران" لەگۆڕێدا نییە، بەڵکوو ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرەنیشتمان، ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆرییە و ڕەنگەکانیشی زۆر تۆخن و سنووری ڕەنگەکانیشی زۆر زەقن.

دووی ڕێبەندان (١٩٤٦)، سەهۆڵبەندانی کوردستانی شکاند. لەو مانگە ساردەدا، چەکەرەی ناسنامەی کورد بە ئاڵاکەیەوە پشکووت و کۆماری کوردستان (٢١/١/١٩٤٦) لەدایک بوو. کۆماری کوردستان، سامانێکی بەرزی نەتەوەیییە.

بوونی سەرۆککۆمار، سروودی نەتەوەییی "ئەی ڕەقیب"، ئاڵای کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، چوار کۆڵەکە و پێناسەی هەرەسەرەکیی کۆماری کوردستانن.

بەرەو ســەربەخــۆیی و کــۆمـارێکی دیکە!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples