گەمەی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا

لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەڵبژاردن لە هەر دوو سیستەمی دیکتاتۆری و دیموکراتیدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەوە خاڵی هاوبەشی ئەوان نییە. پێناسە و تایبەتمەندییەکانی هەڵبژاردنە، کە دیواری چین لە نێوان ئەم دوو سیستەمەدا هەڵدەچنێت.

دیموکراسی بەبێ هەڵبژاردن، هیچ مانایەک نادات. هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکوومەتێکی دیموکراتیک، دەبێ بنەماکەی لەسەر ویست و دەنگی هاووڵاتیانەوە بنیات بنێت. هەروەها هەر بە ڕێگەی هەڵبژاردنەوەیە کە دەسەڵات لە کەشوهەوایەکی ئاشتییانە و هێمنانەدا دەستاودەست دەکرێت. لەبەر ئەوە، هەڵبژاردن بەشێکە لە دیموکراسی و، لێی جیا ناکرێتەوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە، هەڵبژاردن تاکتیک نییە، چونکە لە سیستەمێکی دیموکراتیدا هاووڵاتیان بە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پرس و کێشەکان یەکلا دەکەنەوە.

بەڵام دەکرێت لە دۆخێکی دەگمەن و هەلومەرجێکی تایبەتدا بیر لەوە بکرێتەوە، کە ئاخۆ دەکرێت لە حکوومەتێکی دیکتاتۆر، یان لەژێر سێبەری نێزەی پۆلیس، بەشداری لە هەڵبژاردندا بکرێت؟ گەرچی دۆخێکی وا زۆر دەگمەنە، بەڵام دەکرێت لە بڕگەیەکی مێژووییدا وەکوو تاکتیک سەیری هەڵبژاردن بکرێت و هێزی بۆ کۆ بکرێتەوە، تا بە بەشداریی خۆیانەوە کارتێکەر بکەن. ئەمەیان پەیوەندیی بە بوونی حزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بزووتنەوەی سیاسیی بەهێزەوە هەیە کە دەوری هاوکێشە بگێڕن، هەروەها لاوازیی حکوومەتیش بەشێکە لە دۆخێکی لەم چەشنە. گشتی ئەمانە، دەرفەتێکی هەستیار دەخوڵقێنن تا سوود لە هەڵبژاردن وەر بگیرێت. بێ شک هاوسەنگیی هێزەکانیش لە دۆخێکی وادا، خاڵی هەرە سەرەکییە. لە (١/٤/٢٠١٢)دا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە وڵاتی میانمار (بوورما) لە حکوومەتی نیزامییەکانی ئەو وڵاتەدا بەڕێوە چوو. "یەکێتیی نەتەوەیی بۆ دیموکراسی" بە سەرۆکایەتیی خاتوو "ئانگ سان سووچی" لەو هەڵبژاردنەدا بەشداریی کرد.

پەرلەمانی ئەو وڵاتە خاوەنی (٦٦٤) کورسییە. لەو ژمارەیە، (٦١٩) کورسی بۆ دەسەڵاتی عەسکەریی ئەو وڵاتە تەرخان کراوە و، ئەوان بڕیار لەسەر ئەو کورسییانە دەدەن، بەڵام ململانێكه‌ تەنیا لەسەر بەدەستهێنانی  (٤٥) کورسی بوو. لەم (٤٥) کورسییە، (٣٧) کورسی بۆ پەرلەمان، (٦) کورسی بۆ ئەنجومەنی پیران و (٢) کورسییش بۆ ئەنجومەنی هەرێمی ئەو وڵاتەیە. بەم حاڵەوە، "یەکێتیی نەتەوەیی بۆ دیموکراسی"، پێی وابوو کە ئەمە "دەرفەت"ێکە بۆ كاریگه‌ریدانان لەسەر سیاسەتی وڵاتەکەی.

لە کۆماری ئیسلامیدا نە تەنیا دەرفەتێکی وا بۆ کارتێکەری، بوونی نییە، بەڵکوو "بە شکاندنی سەرخەو"ێکیش ئامارەکان دەگۆڕدرێن؛ چارەنووسی "کەڕووبی" لەو بوارەدا نموونەیەکی زۆر زیندووە. دوای دوو کاتژمێر لە سەرخەوشکاندنی کەڕووبی، دیمەنی ئامارەکان لەسەر لاپەڕەی چاپەمەنییەکان گۆڕانی بەسەردا هات و، هەموو شتێک "پێچەوانە" دەرچوو. بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگە، کە هاووڵاتییه‌ ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆرییه‌كانی ئێران ڕاکێشی سەر سندووقەکانی دەنگدان بکات، بەڵام گرینگتر لە دەنگی هاووڵاتیان، ئەوانەن کە دەنگەکان دەژمێرن.

پێوەرەکانی هەڵبژاردنی کارتێکەر و بڕیاردەر

ئەزموونی زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵەی دیموکراسی و ڕەوتی ئاڵۆز و گەشەسەندووی هەڵبژاردن، ئەوەمان پێ دەڵێت كه‌ ئەم دوو چەمکە (دیموکراسی و هەڵبژاردن) پێکەوە جێبەجێ دەکرێن و گەشە دەستێنن.

ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە لەسەر بنەمای دیموکراتیک دروست کراون و هەڵبژاردنەکانیش لە وادەی خۆیاندا بەڕێوە دەچن و دەوڵەمەند دەکرێن، هەروەها گەڵاڵەکردنی هزری هەڵبژاردن کە لە لایەن دامەزراوە جیهانییەکانەوە پوختە کراوە، باس لەوە دەکەن هەڵبژاردنێکی "ئازاد، بێگەرد و دادپەروەرانە"، لانی کەم بەپێی (٧) پێوەر بەڕێوە دەچێت.

١- وادەی هەڵبژاردن: ئەوەیان ڕێککەوتنە کە هەڵبژاردنەکان لە نێوان ٢، ٤، یان ٦ ساڵدا بەڕێوە بچێت. بەپێی یاسا، ئەم کاتانە دەستنیشان دەکرێن و هاووڵاتیان ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و، دەسەڵاتەکان دەستاودەست دەکرێن.

٢- هەڵبژاردن، دەبێ گشتی و بە ئامار بێت: تۆماری دەنگدەران لەگەڵ ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە بواری یاسایییەوە مافی دەنگدانیان هەیە، ڕێک بێت. گشت ئەندامانی کۆمەڵگە، کە ده‌گه‌نه تەمەنی یاساییی دەنگدان، دەبێ مافی دەنگدانیان پارێزراو بێت. هیچ تاک، یان گرووپی کۆمەڵایەتی، ئایینی و نەتەوەیی، نابێت پەراوێز بخرێت. تەنانەت سندووقەکانی دەنگدان، دەبێت بچنە زیندانەکانیشەوە.

٣- هەڵبژاردن، دەبێ بێگەرد بێت: واتە، ئه‌نجامی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ تۆماری دەنگدەران یەک بگرێتەوە. بەو مانایەی کە ئەو دەنگانەی، هاووڵاتیان خستوویانەتە ناو سندووقەکانی دەنگدانەوە، دەبێ لەگەڵ تۆماری دەنگدەران و ڕێژەی بەشداربووان لە هەر ناوچە و بازنەیەکی هەڵبژاردندا یەک بگرێتەوە. دەسکارینەکردنی دەنگی ناو سندووقەکان، یەکێکە لە پێناسە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی بێگەرد.

٤- هەڵبژاردن، دەبێت ئازاد بێت: هەموو حزب و ڕێکخراو و گرووپە سیاسییەکان بە بیر و ڕای جیاوازەوە، مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردندا (خۆپاڵاوتن و دەنگدان) هەبێت. هەروەها ئەم گرووپانە، بە نوێنەرانی ژن و پیاویانەوە، بۆیان هەبێت خۆیان بۆ پۆستە هەستیار و بڕیاردەرەکان (سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و ...) کاندید بکەن.

٥- هەڵبژاردن، دەبێت دادپەروەرانە بێت: دەرفەتی یاسایی بۆ پرۆپاگەندە لە گشت بوارەکانی وەکوو خۆپێشاندان، کۆڕوکۆبوونەوە، ئەنجامدان و بڵاوکردنەوەی ڕاپرسی، بڕه‌خسێنرێت. وەڕێخستنی باس و لێدوان لەسەر کاندید و بەرنامەکان لە کەرەسەکانی ڕاگەیاندندا. دادپەروەرانەبوون، ئەو مانایەیش دەبەخشێت کە حزب و لایەنە سیاسییەکان بواری ئەوەیان هەبێت تا بیر و ڕای خۆیان بە تێروتەسەلی بە هاووڵاتیان بگەیێنن.

٦- سەربەخۆیی و بێلایەنیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکات تا ئاکامێکی جێی ڕەزامەندیی گشتی بێنێتە دی، دەبێ سەربەخۆ و بێلایەن بێت. حکوومەت و دامودەزگه‌کانی، نابێت دەست لە کاروباری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن وەر بدەن. کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دەبێ بەرپرسی کاروباری تۆماری دەنگدەران، ناونووسکردنی حزب و لایەنه‌ سیاسییەکان بۆ دەنگدان و خۆپاڵاوتن بێت؛ هەروەها بە ڕێگەی ئەو کۆمیسیۆنەوە یاسا و ڕێساکانی هەڵبژاردن و بانگەشەکەی بە ڕای گشتی ڕادەگەیه‌ندرێت. ئەو کۆمیسیۆنە، دەبێت جێی متمانەی گشت حزب و لایەنە سیاسییەکان بێت.

٧- ئازادیی دەستاودەستکردنی زانیاری لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا: بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن لە پرۆسەیەکی دادپەروەرانەدا بڕیار بدەن، دەبێ زانیاریی تێروتەسەڵیان لەسەر پاڵێوراوان، پلان و بەرنامەی ئەوانەوە پێ بگات. ئەمەیش تەنیا بە ڕێگەی ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتییەوە دەکرێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەڵبژاردن بەبێ ئامرازی ڕاگەیاندن هیچ مانایەکی نییە. ئاسایشی کارکردن بۆ کەرەسەکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران، بە گشت ڕەنگ و چەشنەکانیەوە، دەبێ لە لایەن یاساوە دابین بکرێت و، حکوومەتیش دەبێ پارێزگارییان لێ بکات.

کاتێک هەڵبژاردن جێی متمانە دەبێت، کە سێ چەمکی (ئازاد، بێگەرد و دادپەروەرانە) لەخۆ بگرێت. ئەم سێ واتایە، کۆ و بنەمای هەڵبژاردنێکی دیموکراتیکن و، دەتوانن بە شێوەیەکی هێمنانە دەسەڵات دەستاودەست بکەن. ڕێکخستنی دیموکراسی، هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی زانیاری، دەبێ بە ڕێگەی یاساوە بێت؛ ئەمەیش مانای سەروەریی یاسا دەگەیه‌نێت.

لە سەرجەمی ئەم خاڵانە، لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا ڕەچاوی خاڵی یەکەم (وادەی هەڵبژاردن) دەکرێت؛ شەش خاڵەکەی تر بۆ کۆماری ئیسلامی جێی مەترسین، هەر لەبەر ئەوە خراونەتە پەراوێزەوە.

گرینگیی چاودێرە ناوخۆیی و بیانییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا

لە هەڵبژاردندا، چوار هاوکێشەی ناوخۆیی (هاووڵاتیان، حزبە سیاسییەکان، ڕاگەیاندن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن) تەواوکەری یەکترین. بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆدا، هاوکێشەیەکی جیهانییش (چاودێرە بیانییەکان) تێکەڵ بەو پرۆسەیە بووە و، هەڵبژاردنە ناوخۆیییەکان بە ڕەوتی هەڵبژاردنی نێونەتەوەیییه‌وه‌ گرێ دەدات و، بە نۆرەی خۆی دەوڵەمەندی دەکات.

چاودێرە نێونەتەوەیییەکان لە بواری هەڵبژاردندا، بە "چاوی جیهان"یش ناویان دەرکردووە، کە بە وردبینی و لێهاتووییی خۆیانەوە بانگەشە و هەڵبژاردن دەخەنە ژێر چاودێریی خۆیانەوە. چاودێر نێونەتەوەیییەکان، هاوکات کە لە نزیکەوە ئاگاداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەبن، دۆخی سیاسی و ئاستی دیموکراسی، هەروەها فرتوفێڵ و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بە ڕای گشتی ڕادەگەیه‌نن.

متمانەی هاووڵاتیان لە ڕۆژی دەنگدان و دڵنیایییان سەبارەت بە چارەنووسی دەنگەکانیان، کە یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنن، مەرجی سەرەکییە لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتیکدا. ئەو چاودێرانە ئەو ڕۆڵه‌ گرینگەیش دەگێڕن، کە جەخت لە پاکی و دڵنیاییی هاووڵاتیان سەبارەت بە دەنگەکانیان بکەنەوە، یان ئەوەی کە پێچەوانەکەی ڕوو دەدات. چاودێرە نێونەتەوەیییەکانیش کە دەبنە هاوکێشەی پێنجەم، تێکەڵ بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی دەبنەوە، هەروەها میکانیزمێکی گونجاویشن بۆ ئەوەی ئاستی پاکی و بێگەردیی هەڵبژاردن پیشانی خه‌ڵكی جیهان بده‌ن.

لە کۆماری ئیسلامیدا ڕێگە بە هاتنی چاودێرە بیانییەکان نادرێت، بەڵام "دەرگە" بۆ ژمارەیەکی سنووردار لە ڕۆژنامەوانە بیانییەکان کراوەیە و، تەنیا بۆیان هەیە بۆ ئەو شوێنانە بچن کە حکوومەت دەستنیشانی دەکات، بەڵام بە خەستی لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندا دەبن و لە ڕادەبەدەریش سنووردار دەکرێنەوە.

 

کۆبەند

بەشداری لە هەڵبژاردنەکان لە کۆماری ئیسلامیدا، زۆرتر لە کۆڵانێکی بنبەست دەچێت کە هەر جارەی دوای هەڵبژاردن، دەبێ بگەڕێنەوە سەر خاڵی دەستپێک. ئەوە زیاتر لە سی ساڵە هاووڵاتیانی ڕەنگاوەڕەنگ و مینیاتۆری لە ئێرانی فرەنەتەوە و فرەنیشتماندا، سەرقاڵی هەڵبژاردنن لە نێوان خراپ و خراپتردا. لە هەڵبژاردنەکاندا، هاووڵاتیان نە دەتوانن کارتێکەر بن و، نە دەشتوانن ئەو کەسانە هەڵبژێرن کە جێی متمانەی خۆیان بن، تا داخوازیی ئەوان بە گوێی دەسەڵاتداراندا بچرپێنن و بەدواداچوونی بۆ بکەن. کۆماری ئیسلامی، هەر چوار ساڵ جارێک هاووڵاتیان "ئازاد" دەکات کە دەنگ بدەن، به‌ڵام هەر ڕێک دوای دەنگدان ڕەوانەی ماڵەوەیان دەکەنەوە؛ چونکە لە ئێراندا هاووڵاتیان تەنیا ڕۆڵی کەرەسە بۆ پرۆپاگەندەی سیستەمی ئەو وڵاتە دەگێڕن. کۆماری ئیسلامی، بۆ ئەوەی وه‌ڵامی جیهانی دەرەوەی خۆی بداتەوە، هەر چوار ساڵ جارێک پێویستیی بە "هەڵبژاردن" و هاووڵاتیان دەبێت.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples