پێشەکی
گەندەڵی، پرسێکى گرنگى سەردەمە و بۆ زۆربەى دەوڵەتانی جیهان بە یەکێک لە بابەتە زیندوو و مەترسیدارەکان دادەنرێت و، لەسەر هەر دوو ئاستى ناوخۆیی و دەرەکى شوێنەوار و ڕەنگدانەوەى زۆری بەسەر گشت لایەنەکانی ژیاندا هەیە. ئەم دیاردەیە بە شێوەیەک ڕووى لە زیادبوون کردووە، کە لە ماوەی دەیەکانى سەدەی بیستدا شوێنێکی گرنگى وەرگرتووە.
بوونی گەندەڵی، گرێدراوی بوونی سیستەمى سیاسى و دەوڵەتانە، بۆیە تایبەت نییە بە گەلێک، دەوڵەتێک، یان کەلتوورێکی دیاریکراو، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، گەندەڵی پرسێکی جیهانییە و لە هەموو کونجێکی جیهاندا هەیە؛ سەرەڕای جیاوازیی قەبارە و ئاستی بەربڵاوییەکەی بەپێی کات و شوێن. بۆ نموونە، ئەم دیاردەیە بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتە پێشکەوتووەکان، بە شێوەیەکى بەرفراوان لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا بەرچاو دەکەوێت و، شارەزایانی نێودەوڵەتییش داکۆکییان لەسەر کردووە.
بۆیە دەبینین کە بەشێکى زۆرى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە تووشى ئەم دیاردەیە بوونە، ساڵانە لە ڕێزبەندى پێشەوەى گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندان. وڵاتى عێراقیش، یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە فراوانى تووشى ئەم دیاردەیە بووە و هەموو بوارە جۆراوجۆرەکانى گرتووەتەوە و دامودەزگهکانى دەوڵەتى تووشى ئیفلیجبوون کردوون؛ تەنانەت واى لێ هاتووە، دامەزراوەکان ئەرکى ڕاستەقینەى خۆیان لەدەست بدەن، کە ئەرکى بنەڕەتییان کارکردنە بەپێى دەستوور و یاسا.
بەو پێیەى کە هەرێمى کوردستانیش وەک هەرێمێکى فیدراڵ، دەکەوێتە چوارچێوەى سنووری دەوڵەتى عێراقی فیدڕاڵەوە، لەم دیاردەیە بێبەش نییە، بەتایبەتى لە دواى پێکهێنانەوەى عێراقى نوێ و مانەوەى کوردستانى باشوور لە چوارچێوەى دەوڵەتى فیدراڵیدا، ئەم دیاردەیە لە دامودەزگهکانى هەرێمدا بە جۆرێک بڵاو بووەتەوە کە تەنانەت بەرپرسە سیاسی و کارگێڕییە باڵاکانیش دان بە بوونى ئەم دیاردەیەدا دەنێن. هەوڵ دەدەین لەم وتارەدا تیشک بخەینە سەر دوو تەوەرى سەرەکی: تەوەری یەکەم: چەمکى گەندەڵى و جۆرەکانى؛ تەوەری دووەم: دیاردەى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان.
تەوەری یەکەم: چەمکى گەندەڵى و جۆرەکانى
وشەى گەندەڵى، کە بە لاتینى Rumperی پێ دەڵێن، بە ماناى "شکاندن"ە. کەوابوو لە گەندەڵیدا شتێک دەشکێت، یان پێشێل دەکرێت؛ کە ڕەنگە ڕەفتارێکى ئەخلاقی، شێوازێکى یاسایی، یان ڕێوشوێنێکى ئیدارى بێت. بێ گومان گەندەڵی پێناسەى زۆرى بۆ کراوە، بەڵام خاڵى هاوبەشى هەموو ئەو پێناسانە ئەوەیە کە، لە چوارچێوەى گەندەڵیدا مافی کۆمەڵایەتى، ئابوورى و سیاسیی هاووڵاتیان، یان مافی کەسێک، یان گرووپێک، بەئاسانى پێشێڵ دەکرێت و بە کەسێک، یان بە گرووپێکى تر دەدرێت. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین پێناسەکان، کە بۆ دیاردەى گەندەڵى کراون، لەوانە:
پڕۆفیسور "سوزان ڕۆز ئەکرمان" پێناسەى گەندەڵى دەکات و دەڵێت: "گەندەڵى یەکێکە لەو نیشانانەى کە ئاماژە بە هەبوونى خەلەلێک دەدات لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا." "د. ناسر عوبێد ناسر" بەم شێوەیە پێناسەى گەندەڵى دەکات: "گەندەڵى، خراپ بەکارهێنانى دەسەڵاتە بە مەبەستى بەدەستهێنانى سوودى ماددى و، لاوازى و نەبوونى کارى چاودێرى؛ جگە لەوەى کە گەندەڵى تێپەڕاندنێکى ئاشکراى یاساکانە و دەستدرێژییە بۆ سەر ڕێساى بەهاکان و پێوەرە ئەخلاقییەکان."
بە بۆچوونى ئێمە، گەندەڵى بریتییە لە خراپ بەکارهێنانى پۆستى حکوومیی گشتى لە پێناو بەرژەوەندیى تایبەتیدا؛ واتە کەسێک کە پۆستێکى حکوومیى هەیە، ئەو پۆستە لە بەرژەوەندیى تایبەتیى خۆیدا بەکار دێنێت، بەبێ ڕەچاوکردنى بەرژەوەندیى گشتى. گەندەڵى، چەندین جۆری هەیە، کە سەرەکیترینیان بریتین لە گەندەڵیى سیاسی، گەندەڵیی یاسایی، گەندەڵیی دارایی، گەندەڵیی کارگێڕی.
گەندەڵیی سیاسی، بە واتای کەڵکوەرگرتنە لە دەسەڵاتى سیاسی بە مەبەستى دابینکردنى ئامانجى ناڕەوای تاکەکەسی. واتە ئەگەر دەسەڵاتێک لە ئارادا نەبێت، ئاسەوارێک لە گەندەڵیی سیاسی نابینرێت. گەندەڵیى سیاسى بە ڕاددەى جیاواز لە هەموو جۆرە سیستەمەکاندا هەیە، کە بە لایەنى سیاسییەوە دەبەسترێتەوە و، پەیوەندیى بە دروستبوونى دەستەبژێرێکى کۆمەڵایەتیى نوێوە هەیە، کە ئامرازى سەرەکییان دەوڵەمەندبوونى "سیاسییەکان"ە. ئەم جۆرە گەندەڵییە، کاریگەریى نەرێنیى لەسەر پرۆسەى سیاسی و کێبرکێ هەیە، کە ئەمەیش تەنیا لەسەر هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو لایەنەکانى تریش دەگرێتەوە. بێ گومان گەندەڵیی سیاسی، هەر سێ دەسەڵاتەکانى "یاسادانان"، "جێبەجێکردن" و "دادوەری"یش دەگرێتەوە و، ئاسەوارێکى خراپ لەسەر کومەڵگه جێ دەهێڵێت، وەک: دەسەڵاتێکى گشتگیرى گەندەڵ، نەبوونى دیموکراتى، نەبوونى بەشداریی هاوبەش، لەگەڵ کۆنتڕوڵکردنى دەسەڵاتى وڵات بە هەموو لایەنەکانییەوە.
گەندەڵیی یاسایی، واتە داڕشتنی یاسا بە قازانجى ئەوانەى کە بەهێز و بەدەسەڵاتن و چینى جێی بایەخی دەوڵەتن. بۆ نموونە، یاساگەلێک کە بەبێ هیچ چەشنە پاساوێکى ئابووری، یان کۆمەڵایەتى، دەسەڵاتى کڕین و فرۆشتن، یان بەرهەمهێنان، بە کەسێک، یان گرووپێکى تایبەت و دیاریکراو دەدەن؛ ئەمانە هەموویان جۆرێکن لە گەندەڵیی یاسایی. جۆری سێیەمى گەندەڵی، بریتییە لە گەندەڵیی دارایی، کە پەیوەستە بە کۆى لادانە دارایییەکان و پێشێلکردنى یاسا و ڕێساکانى حکوومەت، تایبەت بە کارگێڕى و داراییی دامودەزگهکانى وڵات. یان بە واتایەکى تر، بریتییە لە ڕەفتارێکى نایاسایی، کە دەبێتە هۆى بەهەدەرچوونى سامانى گشتیى وڵات لە پێناو بەدیهێنانى بەرژەوەندیى کەسیدا.
ئەم جۆرە گەندەڵییە، بە شێوەیەکى باو وەک ڕەوشتێکى کەسی و بەرژەوەندیخوازانە، لە لایەن کەسانێکەوە ئەنجام دەدرێت کە نوێنەرایەتیى دەوڵەتیان لە ئەستۆدایە و خاوەن دەسەڵاتن و، ئەو دەسەڵاتەیش بۆ بەرژەوەندیى تایبەتى و کەسیی خۆیان بەکار دەهێنن. کۆتا جۆرى گەندەڵى، بریتییە لە گەندەڵیى کارگێڕى، کە ئەویش ڕەفتارێکە، تاکەکەس بە هۆى دەستەبەرکردنى بەرژەوەندیی تایبەتیى خۆى و دەستڕاگەیشتنی بە خۆشگوزەرانیى زیاتر، یان پێگەى باشتر لە دەرەوەى چوارچێوەی فەرمیی ئەرکێکى دەوڵەتیدا، ئەنجامی دەدات. کەواتە دەکرێ بگوترێت، گەندەڵیى کارگیڕى، ئامڕازێکى ناڕەوایە بۆ دەستەبەرکردنى داوایەکى ناڕەوا لە سیستەمێکى کارگێڕیدا، کە بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانی دەوڵەت لە پێناو بەرژەوەندییەکانى خۆیاندا و پشتگوێخستنى بەرژەوەندیى گشتى، ئەنجامى دەدەن؛ هاوکات لەگەڵ ڕەچاونەکردنى فەرمان و بڕیار و ڕێکارە یاسایییەکان و بەها و بەڵێنە کارگێڕییەکان و ڕێزنەگرتن و کارپێنەکردنیان، کە دواجار دەبێتە هۆى مەترسییەکى گەورە لەسەر دامودەزگهکانى حکوومەت و پەکخستنیان لە کار و ئەرکە ڕاستەقینەکان.
لێرەدا باسی جۆرەکانى گەندەڵیمان کرد، کە بریتى بوون لە چوار جۆری سەرەکى، بەڵام مەترسیدارترین جۆرى گەندەڵی لەسەر کۆمەڵگه و دامودەزگهکانى دەوڵەت بریتییە لە گەندەڵیی سیاسی، کە بە باوکى جۆرەکانى ترى گەندەڵى دادەنرێت و کاریگەرییەکى بەرچاوى لەسەر کۆمەڵگه هەیە و، پەیوەندیى بە خودى دەسەڵاتى سیاسییەوە هەیە لەناو وڵاتدا.
تەوەری دووەم: دیاردەى گەندەڵی لە هەرێمى کوردستان
دیاردەى گەندەڵى، بە ڕێژەیەکى جیاواز لە هەموو دەوڵەتان و کۆمەڵگهکاندا بڵاو بووەتەوە و، هەرێمى کوردستانیش یەکێکە لەو کومەڵگهیانەى، کە گەندەڵى تێیدا تەشەنەى کردووە؛ بە ڕاددەیەک کە سەرجەم بوارە سیاسی، ئابوورى، دارایى، پەروەردەیى و کۆمەڵایەتییهكانی گرتووەتەوە و کاریگەریى نەرێنیى لەسەر تاک و کۆمەڵ دروست کردووە.
بێ گومان سەرەتا و ڕەگوڕیشەی گەندەڵى لە هەرێمى کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ دواى سەرهەڵدانى ڕاپەڕینى گەلى کوردستان لە ئازارى ساڵى (1991)دا، کە دەرەنجامەکەى، بووە هۆى ڕزگارکردنى نزیکەى نیوەى خاکى کوردستانى عێراق و جیابوونەوەیەکى ڕێژەیى لە بەشەکانى ترى عێراق و، دواى ئەوەى کە حکوومەتى عێراق دەستی کرد بە کشاندنەوەى دامودەزگه کارگێڕى و سیاسى و سەربازییەکانى لە پارێزگهکانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک، بووە هۆى ئەوەى کە ئەو پارێزگهیانە سەربەخۆ بن و لە ڕووى کارگێڕى و دارایییەوە لە حکوومەتى ناوەندیى عێراق جیا ببنەوە.
لەو کاتەوە هەرێمى کوردستان لە ڕووى کارگێڕییەوە بەسەر دوو ئیدارەدا دابەش بوو: ئیدارەى هەولێر و ئیدارەى سلێمانى. لەژێر ڕوشناییى ئەو ئەزموونەدا دامودەزگهکانى هەرێمى کوردستان لە ڕووى ڕاپەڕاندنى ئەرکە ئیدارییەکانیانەوە لاواز بوون، ئەویش لەبەر نەبوونى شایستەیى و پسپۆڕی لەو کاتەدا؛ کە بووە هۆى سەرهەڵدانى ڕۆتین و دیکتاتۆریى کارگێڕى و دیاردەى قۆرخکاریى ئابوورى و واستە و تەزویرکردنى بڕوانامە و بەڵگەنامە فهرمییەکان و نەبوونى هەستى بەرپرسیارێتیی کارکردن و پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنى یاسا و بەفیڕۆدانى سامانى گشتیى وڵات. ئەمانە هەمووى، هۆکار بوون بۆ سەرهەڵدانى دیاردەى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان. جگە لەمانەیش، چەندین هۆکاری تر هەبوون، وەک نەبوونى بوودجەى ساڵانە لە دەرەنجامى ئەو گەمارۆیەى حکوومەتى ناوەندى خستبوویە سەر هەرێم، بەڵام لە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەغدا لە ساڵى 2003دا، هەر دوو ئیدارەى هەولێر و سلێمانى یەکیان گرتەوە و بەشێکى تایبەت لە بوودجەى عێراق، واتە 17% بۆ هەرێمى کوردستان دیاری کرا؛ کە ئەمەیش بە یهكێ له گرنگترین پێشکەوتنەکان لە هەرێمدا دادەنرێت. بەڵام بە هۆى ئەوەى کە لە دابەشکردنى داهاتەکاندا بیرۆکەى بەرژەوەندیى حزبی و تاکەکەسی پەیڕەو کرا، سەرەڕای نەبوونى چاودێریی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر خەرجکردنى ئەو داهاتانە، وای کرد کە گەندەڵی بگاتە ئاستێکى بەرز و، تا ئێستایش بەردەوام بێت.
ئێستا دیاردەى گەندەڵی، بە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانى هەرێمى کوردستان دادەنرێت. سەرەڕای ئەوەى کە ژمارەیەکى بەرچاو ڕێکخراو لەو بوارەدا کار دەکەن، بەڵام کاریگەریى ئەوتۆیان لەسەر کەمکردنەوەى ئەم دیاردەیە نەبووە؛ بە جۆرێک، کە دەگوترێت ئەو دامودەزگهیانەى کاریان چاودێریکردنى دامەزراوەکانى حکوومەتە، بەحزبی کراون. بێ گومان ئەمە شتێکى سەیر نییە، چونکە بە سەرنجدان لەو وڵاتانەى کە لە ڕیزى پێشەوەى وڵاتە گەندەڵکارەکانى جیهاندان، تێبینى دەکرێت کە زۆرترین ژمارەی دامەزراوەی دژی گەندەڵى هەن، بەڵام کەمترین کاریگەرییان هەیە. بەڵکوو زۆر جار ئەو دامەزراوانە، خۆیان دەبنە هۆی بەهەدەردانى سامانى گشتى و پەردەپۆشکردنى تاوانەکانى گەندەڵی لە بەرژەوەندیى دەسەڵاتداران؛ بۆیە دەبینین کە ئەم دیاردەیە لە هەرێمى کوردستاندا ڕووی لە زیادبوونە. بەڵگەیش بۆ قسەکەمان ئەوەیە کە، کۆمەڵێک نیشانەی زۆر دیار لە هەرێمدا هەن کە ئاماژە بە زیادبوونى ئەم دیاردەیە دەکەن، وەک: بەرتیلخۆری، خزمخزمێنە، دزی، بەکارهێنانى پۆستى حکوومی بۆ بەرژوەندیى کەسی، نەبوونى شەفافییەت، گەندەڵیی خزمەتگوزاریى حكوومی، گەندەڵیی دامەزراندن و هتد.
ئەوەى کە لە سەرەوە باسمان کرد، ڕووبەڕووى پرسیارێکمان دەکاتەوە: هۆکارەکانى بڵاوبوونەوەى دیاردەى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستاندا چین؟ گەندەڵی وەکوو کێشەیەکى زۆر کاریگەر، کە تووشی هەر وڵاتێک دەبێت، بێ گومان کۆمەڵێک هۆکار ڕێخۆشکەر دەبن بۆ زیادبوون و مانەوەى ئەم دیاردەیە لەو وڵاتەدا. هۆکارەکانى بوونى گەندەڵی لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکى تر جیاوازە. لە هەرێمى کوردستانیش کۆمەڵێک هۆکار، بوونەتە هۆى بڵابوونەوەى ئەم دیاردەیە لە سەرجەم بوارەکانى سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، کە بەکورتی تیشکیان دەخەینە سەر:
• کەمکردنەوەى ڕۆڵی یاسا لەناو وڵاتدا؛
• ململانێى حزبایەتى و دەستێوەردانى حزبەکان لە کاروبارى حکوومەت؛ واتە حزبەکان بەگوێرەى بەرژەوەندیى خۆیان، دەست لە دامودەزگه و کاروبارەکانى حکوومەت وەردەدەن؛
• لاوازبوونى متمانەى خەڵک بە توانا و ئیرادەى سیاسیى حکوومەت و دەسەڵاتى سیاسی؛
• بەرژەوەندیى خۆویستانەى بەرپرسانى دامەزراوەکانى حكوومهت، هۆکارێکى کاریگەرە لەسەر بوونى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان. بە واتای ئەوەى کە بەرپرسانى دامودەزگهکان ئەوەندەى کار بۆ بەرژەوەندیى کەسیی خۆیان دەکەن، کار بۆ بەرژەوەندیى گشتى ناکەن؛ واتە پۆستە حکوومییەکان لە پێناو بەرژەوەندیى تایبەتیى خۆیاندا بەکار دەهێنن؛
• بەحزبیکردنى ژیانى سیاسى و ئابوورى و فەرهەنگی لە هەرێمدا؛
• نەبوونى هیچ میکانیزمێکى ڕاستەقینەى لێپرسینەوە؛
• لاوازیى دەسەڵاتى دادوەرى لە هەرێمى کوردستاندا. تا ئێستا دەسەڵاتى دادوەری، ڕۆڵى ڕاستەقینەى خۆی جێبەجێ نەکردووە: پێویستە گەندەڵکاران دادگهیی بكات. ئێمە دەزانین کە ئەرکى سەرەکیی ئەم دەزگهیە، بریتییە لە چاودێریکردنى دامەزراوەکانى حکوومەت و لیپێچینەوە لە کارەکانیان؛
• بەفیڕۆدانى سامانى نیشتمانى و نادادپەروەرى و خراپ دابەشکردنى سەروەت و سامانى وڵات لە نێوان تاک و توێژە جیاجیاکانى کۆمەڵگهدا؛ بە جۆرێک، کە بووەتە هۆى ئەوەى توێژێک، یان گرووپێکی خەڵک ئەو هەستەیان لا دروست بێت کە ستەمیان لێ کراوە. ئەمەیش دەبێتە هۆى دروستکردنى گوشارێکى دەروونى و پەنابردنە بەر ڕێگەى نایاسایى بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییە ماددییەکانیان؛
• بوونى هەژارى، نەبوونى دەرفەتى کار و بوونى پاشاگەردانییەکى زۆر لە کەرتى گشتیدا؛
• نەبوون، یان پەیڕەونەکردنى سیستەمێکى ئابووریى ژیرانە و واقعییانە؛
• لاوازى و خراپیی ئاستى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکان لە لایەن حکوومەتەوە؛ ئەمەیش بووەتە هۆى ئەوەى کە هاووڵاتیان لە پێناو دەستخستنى خزمەتگوزارییەکاندا کێبرکێ بکەن و، لەمەیشدا هەندێک کەس ئەم هەلە بۆ کارى واستە و بەرتیل و فرتوفێڵ و خزمخزمێنە دەقۆزنەوە؛
• نەبوونى سیستەمێکى داراییی ڕوون و شەفاف، کە بووەتە هۆی خراپبوونى ئاستى گوزەرانى خەڵک و کەمیى مووچەى فەرمانبەران؛ بە جۆرێک کە فەرمانبەران نەتوانن بە مووچەکانیان پێداویستییە سەرەتایییەکانى خۆیان، لە خواردن و خواردنەوە و پۆشاک و شوێنى نیشتەجێبوون و ژیانێکى شەرەفمەندانە بۆ خۆیان و ماڵ و خێزانەکانیان دابین بکەن و، ناچار بن بە دواى سەرچاوەى ترى بژێویدا بگەڕێن، ئەگەرچى لە ڕێگەى نایاساییشەوە بێت؛
• لاوازیی سیستەمى چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنى گەندەڵکاران لە کوردستان، یەکێکى ترە لە هۆکارەکانى گەندەڵى، چونکە سەرەڕای بوونى دەستەى گشتیى دەستپاکی بۆ بەرنگاربوونەوەى گەندەڵى، تا ئێستا سیستەمێکى چاودێریى چالاکمان نییە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دامەزراوەیەیش، لە ئەنجامى ئەو ڕێژە زۆرەى گەندەڵى لە هەرێمدا کە لە قەیرانەوە بووە بە کەلتوور، ڕۆڵی ڕاستەقینەى خۆی بەجێ نەهێناوە. ئەمەیش بۆ ئەو دەستەیە ئاسان نابێت کە بتوانێت لە ماوەیەکى کەمدا بەرەنگارى ئەو ئاستە بەرزەى گەندەڵى ببێتەوە، ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە، دەستێوەردانى حزبەکان لە کاروبارى ئەو دەستەیەدا، بە شێوەیەک کە نەتوانن بەسەربەخۆیی کار بکەن، سەرەڕای قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانى تر کە بەرۆکى هەرێمى کوردستانیان گرتووە و، هەمووی ئەمانە بوونەتە کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم بەرنامەى کارى ئەو دەستەیەدا؛
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: خەبات دژی گەندەڵى، بە دروشم نایەتە دی. ئەم کارە پێویستیى بە توانا و ئیرادەیەکى نیشتمانى و خواستى هەموو لایەک و پێداگریی دەوڵەت هەیە. ئەم خەباتە، دەبێ بەرنامەى بۆ دابڕێژرێت، لە بەش و خاڵە هەستیارەکانەوە دەست پێ بکات و، مەبەستەکەی وشککردنى ڕەگوڕیشەى گەندەڵی بێت، نەک بڕینى لق و پۆپەکانى. بۆیە لێرەدا چەند ئامڕازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەى دیاردەى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستاندا دەخەینە ڕوو:
• چاکسازی لە پێکهاتەى کارگێڕیدا: ئەم بوارە گرنگترین بوارە، کە پێویستە کارى لەسەر بکرێت، چونکە دەبینین زۆربەى دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەدەست بوونى دیاردەى خزمخزمێنەوە دەناڵێنن و، بووەتە ئاستەنگ لە بەردەم کەسانى بەتوانادا، کە ناتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن. لە کاتێکدا تەنیا کەسانى نزیک لە بەرپرسان پۆست و پلە و پایە وەردەگرن؛ بۆ ئەمەیش، پێویستە هەوڵ بدرێت کەسی شیاو لە شوێنى شیاو دابنرێت؛
• چاکسازی لە سیستەمى مووچەدا بکرێت؛
• سەربەخۆییی دەسەڵاتى دادوەری: ئەمە خاڵێکى گرنگە، چونکە ئەگەر ئەم دەزگهیە لە لایەن حزبەوە ئاراستە نەکرێت، ئەوا بە شێوەیەکى باشتر کار دەکات و، سزاى یاسایی بەسەر گەندەڵکاران و تاوانباراندا دەسەپێنێت؛
• ڕێزگرتن لە یاسا: چونکە ئەگەر یاسا سەروەر بێت و کاربەدەستانى دامەزراوەکانى حکوومەت بە یاسا کارەکانى خۆیان ئەنجام بدەن و، وڵات لەسەر شێوەیەکی سیستەماتیک بڕوات، ئەوە گەندەڵى بەرەو کەمبوونەوە دەچێت؛
• سەربەخۆکردنى دامەزراوەکانى دژی گەندەڵى: لە ماوەى ڕابردوودا دەزگهکانى بەرنگاربوونەوەى گەندەڵى، زۆر بە لاوازى کاریان کردووە، موڵکى حزبایەتییان پێوە دیار بووە و نەیانتوانیوە ئەرکى ڕاستەقینەى خۆیان بەجێ بێنن؛ بۆیە سەربەخۆکردنیان بە گرنگترین ستراتیژی دادەنرێت؛
• بوونى شەفافییەت لە داهاتى گشتیى وڵاتدا، لەگەڵ ئاشکراکردنى داهاتى بەرپرسانى حکوومەت؛
کۆبەند
لە ئەنجامى ئەوانەدا کە باسمان کردن، دەتوانین بڵێین گەندەڵى بووەتە دیاردە لە کۆمەڵگهکاندا؛ یەکێک لەو کۆمەڵگهیانەیش کە نیشانەکانى ئەم دیاردەیەى پێوە دیارە، هەرێمى کوردستانە. هۆکارە سەرەکییەکانى دروستبوونى ئەم دیاردەیەیش لە هەرێمى کوردستاندا، بریتى بوو لە هۆکارە سیاسییەکان، بەتایبەتى بەحزبیکردنى ژیانى سیاسى و ململانێى حزبایەتى و لاوازبوونى متمانەى خەڵک بە توانا و ئیرادەى سیاسیى حکوومەت و ڕێزنەگرتن لە یاسا و پێشێلکردنى. ئەمانە هەموویان هۆکارى سەرەکین بۆ دروستبوونى ئەم دیاردەیە و، نیشانە سەرەکییەکانى ئەم دیاردەیە کە لە گشت دامودەزگهکانى هەرێمى کوردستاندا بەڕوونى بەرچاو دەکەون، بریتین لە واستەکردن و بەرتیلدان و بەرتیلوەرگرتن.
بۆ کەمکردنەوە و لەناوبردنى ئەم دیاردەیەیش، لەسەر هەر سێ دەسەڵاتى یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرى پێویستە، ئەو ڕوڵە سەرەکییانەی خۆیان جێبەجێ بکەن کە لەسەر شانیانە بۆ بنەبڕکردن و نەهێشتنى ئەم دیادەیە. ئهمه سەرەڕای ڕۆڵی دامودەزگهکانى تری وەک کۆمەڵگەى مەدەنى و ئامڕازەکانى ڕاگەیاندن بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاریی خەڵک، بۆ بنەبڕکردنى ئەم دیاردەیە لە هەرێمى کوردستاندا.
|