شێوازەکانی چەواشەکردن لە باس و گفتوگۆدا

کاتێ پێویستە بابەتێک بدرێتە بەر باس و شیتەڵکردنەوە، دەبێ لە گشت لاوە گەمارۆی دیاردەی مەبەست بدرێت، تا بە ئەنجامێک بگەین. بۆ ئەوە، دەبێ گوێگرێکی چالاک بین تا بتوانین وتەکانی لایەنی بەرامبەر بەتەواوی ببیسین و لێی تێ بگەین. یان ئەوەی یۆنانییەکان لە کۆنەوە ڕەچاویان دەکرد، سەرەتا دیاردەیەک بخوێنەوە، دوایی لێکیان جیا بکەوە تا بەجوانی لەتوکوتەکان ببینی، لە دواییدا وەسەریەکیان بنێوە. یۆنانییەکان بەمەیان دەگوت "هونەری لێکدانەوە"، واتە گەیشتن بە ئەنجامێکی ژیرانە، کە لەوانەیە لە ئاکامی چەند فکر و بۆچوونی ناو باسەکەوە هاتبێتە دی.

بەڵام بۆ ئەوەی بابەت و پرسەکان چەواشە بکرێن و بە ئامانج نەگەن، چەندان شێواز هەن:

لە باس و گفتوگۆدا، لایەنی بەرامبەر بۆ بابەتێکی لاوەکی ڕابکێشرێت تا لە باسە سەرەکییەکە دوور بکەوێتەوە. شێوازێکی تر، هێرش بۆ سەر کەسایەتیی بەرامبەرە و، ئەویش دوورکەوتنەوەیە لە مەبەستە سەرەکییەکە. خاڵێکی تر ئەوەیە، کەسی ڕووبەڕوو بەوە تۆمەتبار بکرێت: "وا دیارە لایەنگری ئەوی، یان دەڵێی ئەوت پێ لە ئێمە باشترە!" یان "ئەوەندە ڕەخنە لە حزبەکەی ئێمە دەگری، بۆ جارێک باس لە کۆماری ئیسلامی، عێراق، تورکیا یان سووریا ناکەیت!"

بەرچاوترین نموونە لەو بوارەدا، باس و گفتوگۆی "فیفتی فیفتی"یە. ئەگەر بخوازی دەرگەی باسێک بکەیتەوە و باسی حزبێکی سیاسی بکەیت، دەبێ سەرەتا باس لە خەنیمەکەی (حه‌ریفه‌كه‌ی) بکەیت و تێر ڕەخنەی لێ بگری، دوایی بێیتە سەر باسە سەرەکییەکە، دەنا خێرا بەوە تۆمەتبار دەکرێیت، کە لایەنگری ئەویت. خاڵێکی تر لەناو گشت باسەکەدا، پەنا بۆ چەند وشەیەک ببرێت و بکرێتە تەوەری باسەکە و، بەردەوام بگوترێتەوە. لە دۆخێکی وادا، لایەنی بەرامبەر دەخرێتە ناو بارودۆخێکی بەرگرییەوە و، لە بری ئەوەی دیالۆگێکی عەقڵانی دروست ببێت کەشوهەوایەکی پشووبڕ و تەماوی چێ دەبێت؛  یان بۆ ئەوەی باس و لێدوانێکی عەقڵانی نەکرێت، کەڵک لە وشەی ناخۆش و لاتاو وەردەگیرێت و لە قەبرغەی ڕووبەڕووەکەی دەدرێت.

شێوازێکی تر کە زۆر باوە، گەڕانەوەیه‌ بۆ مێژوو. کاتێک پرسێکی گرینگی ڕۆژ دەدرێتە بەر باس، کە پێویستە باسەکە بۆ پرسە هەنووکەیییەکە چڕ بکرێتەوە، پەنا بۆ مێژووی "سەروەری"، "خزمەت" و "خەباتی خوێناوی" دەبرێت، تا بەم ڕێگەیەوە کار لەسەر "هەست"ی هاووڵاتیان و بێدەنگکردنی بەرامبەرەکە بکرێت.

ته‌کنیکی زاڵبوون بەسەر لایەنی بەرامبەردا:

بڕینی قسەی لایەنی بەرامبەر لە گفتوگۆدا، یان لە جەنگەی گفتوگۆدا، لاتاو و پلار بەکار بێنی. باسکردن و ناوهێنانی پلە و پۆست و تەمەنی خەبات لە کاتی باس و لێدواندا، یان "ئەتۆ کەی پێشمەرگە بوویە؟" هەروەها "لە تەواوی ژیانیدا فیشەكێکی نەتەقاندووە!" ئەمەیان بۆ بێدەنگکردن و بچووککردنی کەسی بەرامبەر بەکار دەهێندرێت.

بەگشتی، کۆی ئەم شێوازانە هیچ پرسێک چارەسەر ناکەن، تەنیا کێشە و پرسەکان کەڵەکە دەکرێن و هیچ ئاکامێکی عەقڵانییش بەدەستەوە نادەن. لە کۆتاییدا، گرژی، ساردبوونەوە و تێکچوونی پەیوەندییەکانی بەدوادا دێت.

دیالۆگ یان جنێودان؟

دیالۆگ (پێکەوەپەیڤینی عەقڵانی)، لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و بەڵگە، لایەنی هەرە جوان و بەهێزی مرۆڤەکانە. بۆ ئەوەی ئەمە بێتە دی، مێشکێکی کراوە، فێربوون لە مێژوو و لەوانی دیکە، هەروەها ئاڵوگۆڕ لە هزر و فکردا، مەرجی بنەڕەتین.

بەهێزیی ئینسانەکان لە جنێودان، زمانشڕی، تۆڵەسه‌ندنەوە، ڕق، بەلاڕێدابردن، چەواشەکردن، داخراویی مێشک و هەڕەشەکردندا نییە، بەڵکوو لەوەدایە، کە بە مەنتقێکی بەهێز و پشووبڕەوە، ڕووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە؛ هەروەها هەر بە ڕێگەی مەنتقەوە مرۆڤەکان دەتوانن کەموکورتییەکانی خۆیان چارەسەر بکەن!

جنێودان

چ لەناو کووچە و کۆڵانان، یان لە چایخانەکاندا، تەنانەت سیاسی و شۆڕشگێڕەکانیش گیرۆدەی جنێودانن. بەشێکی ئەو جنێودانە بۆ پەروەردەی سەقەتی بنەماڵە دەگەڕێتەوە؛ بەشەکەی دیکەی، پەیوەندیی بەوەوە هەیە، کە جنێودەرەکان لە بواری عەقڵی و بیرکردنەوەدا، دوو قسەی ماقووڵ شک نابەن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر جنێودان تا بەرامبەرەکەیان بشکێنن، یان بێدەنگی بکەن و بیترسێنن. لە که‌لتووری نەتەوەی کورددا، جنێودان و زمانشڕی، ڕۆڵێکی بەهێز دەگێڕێت و لایەنگریشی زۆرە. جنێودان، بەشێکە لە که‌لتووری نەتەوەی کورد!

سیاسەت و جنێودان

گەرچی سیاسەت چەمکێکی فرەمانایە، بەڵام دەکرێت بە هونەری دابینکردنی بەرژەوەندی و ڕێکخستن ناوی ببەین؛ هەروەها زانستە بۆ ناسینی خۆت و ئەوانی دیکەیش. لە مەیدانی خەباتیشدا، زاڵبوونە بەسەر ئەوانی تردا و، لە کۆتاییدا، سیاسەت یارییەکی بێئامان و شەتڕەنجێکی ئاڵۆزە، کە دەبێ فێربوون، عەقڵ، ئاوەز و وشیاری بنەمای کار بن.

بەشێک لە بەکارهێنەرانی "فەیسبووک"، کە هەم کاری سیاسییان کردووە و هەمیش لەو مەیدانەدا گەلێک ماندوو بوونە، هەروەها هەندێکیش خۆیان بە سیاسەت و هەندێک حزبی کوردستانییەوە هەڵواسیوە، جیا لە جنێودان، هیچ شتێکی تر شك نابەن. جنێودان ناچێتە خانەی کاری سیاسییەوە. سیاسەت، فێربوون و هونەرە و، جنێودانیش بێئەدەبی و ئاستنزمییە. سیاسەت و جنێودان، لە کۆڵانێکدا جێگەیان نابێتەوە. بەبێ هیچ شک و گومانێکیش، سیاسەت و جنێودان دوو دیوی دراوێک نین!

سیاسەت لە دۆخی ئاستنزمدا

کاتێک جنێودان، تەوس، پلار، قسەی قۆڕ و بێمانا و بەلاڕێدابردنی پرسە سەرەکییەکان لە گفتوگۆدا جێگەی سیاسەت و کاری سیاسی دەگرێتەوە، شوێنێک بۆ هزر و بیرکردنەوە نامێنێتەوە. بە هۆی ئەوەی مرۆڤی کورد لە کاتی شکست، یان قەیراندا لاوازە، زۆر حەزی لەوە نییە کە کەس باسی شکست و قەیرانەکان بکات، بەڵکوو هەر خۆیان دەستپێشخەری دەکەن و پرسێکی لاوەکی دەکەنە باسی ڕۆژ و، زەینی خەڵک بۆ "کێشە"یەک ڕا دەکێشن کە نە بایەخی هەیە و نه‌ پرسی ڕۆژیشە؛ هەر ئەوانیش دۆخەکە بە جنێودان، گرژی و بێڕێزی بەوانی دیکە بارگاوی دەکەن.

لە دۆخێکی وادا، کاری سیاسی دەگاتە نزمترین ئاستی خۆی و، گشت پرس و کێشەکان دەکەونە پەراوێزی ڕووداوە دەستکردەکانەوە و، تۆڵەکردنەوەیش جێگەی سیاسەت دەگرێتەوە. بەداخەوە بازاڕی ئەمەیش لە کوردستاندا ڕمێنی زۆرە! ئێستا کە هەرێمی کوردستان لە بەرەبەری بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق و، دوایی پەرلەمانی کوردستاندایە، بەداخەوە ئەو پەتایە (جنێودان، درۆکردن، بێڕیزی، شێواندن و چەواشەکردن) ڕووی لە زیادبوون کردووە و هیچ هیوا و دەنگێکیش نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەی ئەو دۆڵپایە!

ئایا ڕێگەی دەربازبوون لەو دۆڵپایە (جنێودان) هەیە؟

چوارقوڕنەی ئەم جیهانە بە گەردبین بپشکنی، هیچ شوێنێکت دەست ناکەوێت کە بە جنێودان و قسەی بێمانا حکوومەتێکیان ڕووخاندبێت یان ئەوەتا بە ناوی خەباتەوە دەسکەوتیان هەبووبێت، جا چ بگا بەوەی کە گرووپێکی ڕەنگاوڕەنگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بتوانن بە جنێودان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕووخێنن؟!

بە جێنودان و قسەی بێمانا، ناتوانی "پارتی" و "یەکێتی" لە مەیدانی سیاسەتدا وەدەر بنێی؛ بە جنێودان و قسەی بێسەروبەر، ناتوانی "پەکەکە" بخەیتە پەراوێزەوە؛ بە نووسینی بێمانا و قسەی چرووک، ناتوانی "کۆمەڵە" و "دیموکرات"ەکان لە جوگرافیای سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بسڕیتەوە؛ بە قسەی بێبنەما و جنێودان، ناتوانیت ئیسلامی، سیاسی کە هەڕەشەیە، لە کوردستان لاواز بکەیت؛ هەروەها بە جنێودان ناتوانیت ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی، ئەردۆغان، عەبادی و بەشاری کوڕی ئەسەد ببیتەوە. جنێودان وەکوو "تفی بەرەو هەوراز" وایە و بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێتەوە!

هەر بۆ وەبیرهێنانەوە، جنێودان لە کەلتووری ئێمەی کورددا شوێنێکی لەمێژینە و قورس و قاییمی بۆ خۆی تەرخان کردووە و، وا بەئاسانی لەق نابێت و بنبڕ ناکرێت، بەڵام ئەوە دەبێ ئەرکی سیاسییەکان، حزبی، ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەوانان بێت کە بە ڕێگەی دیالۆگەوە کەشوهەوایەکی هێمن و ماقووڵ بڕەخسێنن، بۆ ئەوەی پرس، گرێ و کێشەکان لە کۆڵانی عەقڵەوە دەرباز بکەن و ڕێگەچارەی بۆ بدۆزنەوە!

دەڵێن ئەوانەی فرچکیان بە جنێودان و قسەی هاتەران پاتەرانەوە گرتووە، دەروونێکی لاواز و ناسەقامگیریان هەیە و هیچ شتێکی عەقڵانی شک نابەن کە بیدەنه‌ لایەنی بەرامبەریان. دەڵێن ئەوانەی سەری زمان و بنی زمانیان تەوس، لاتاو و جنێودانە، دەسەڵاتخوازن و بڕوایان بە ئازادیی دەربڕین نییە و سەپێنەرن، چونکە بەرگەی بیری جیاواز ناگرن. جنێودان، کەرەسەیەکە بۆ ترساندن و سڕینەوەی ئەوانی دیکە و جیاوازییەکان! دەڵێن ئەوانەی جنێوفرۆش و بێئەدەبن، ئەگەر ڕێک بخرێن، دەستوەشێنی بێئامانن؛ کراسقاوەیییەکان لە سەردەمی موسۆلینی، "ئێس ئێسەکان" لە سەردەمی ئه‌ڵمانیای نازیدا، چەکدارە ترسناکەکانی NKVD (کۆمیتەی گەل بۆ کاروباری ناوخۆ)ی سەردەمی ستالین، یان مجاهید، بەسیج و سوپای پاسداران لە ئێرانی ئیسلامیدا و هتد!

پێویستە شەپۆلی شوشتنەوەی زمان لە ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، چاپەمەنی، ڕاگەیاندنی ئەلێکترۆنی (بەتایبەت ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو فەیسبووک)، قوتابخانە، داینگە، باخچەی منداڵان، شوێنی کار، حکوومەت و دامەزراوەکانی وەڕێ بخرێت، تا ئەندامانی کۆمەڵگە بتوانن وردە وردە لە جنێوفرۆشی، قسەی پووچ و ئازاردانی یەکتر دوور بکەونەوە. سەدان ساڵە داگیرکەران کورد ئازار دەدەن؛ با چیتر خۆمان یەکتر نەشکێنین و ئازار نەدەین. با عەقڵ یارمان بێت!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples