دەرفەت، بریتییە لە دۆخێک، کە خۆت لە قەومانیدا دەورت نەبووە. دەرفەت، هەلومەرجێکی گونجاوە بۆ ئەوەی بە ڕێگەی ئەوەوە بەشێک لە داخوازییەکان بێنە دی. بە واتایەکی تر، بارودۆخێکە پێویستیی بە سیاسەتێکی گونجاو هەیە بۆ ئەوەی ئاکامەکەی یارمەتی بە پێشكەوتن و پەرەپێدان بدات. دەرفەت، بەشێکی جیانەکراوەیە لە سیاسەت؛ هەر لەبەر ئەوە، دەبێ بەردەوام خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان و ئاڕاستەی ئەوانەوە بکرێت.
دەرفەت، یانی کاتێکی گونجاو بۆ هێنانەگۆڕێی داخوازی بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو. دەرفەت، کاتێکی لەبارە بۆ جێبەجێکردنی کارێک. کە باس لە دەرفەت و قازانجلێوەرگرتنی دەکرێت، دەبێ باس لە چەندان هاوکێشەیش بکرێت، چونکە بەبێ ئاماژە بە هاوکێشەکان و دەوریان، ئەگەری خۆبەدەستەوەدان و هەڵخلیسکان، گەلێک زۆرە.
دەستنیشانکردنی دەرفەت و داهاتووی ڕووداوەکان لە کاری ڕۆژنامەوانیدا تەنیا دەوری شیکردنەوە دەگێڕێت، بەڵام لە مەیدانی سیاسەتدا، دەبێ کاری بۆ بکرێت و خێرا خۆی بۆ ئامادە بکرێت و بقۆزرێتەوە، تا ئاستێک لە بەرژەوەندییەکان دابین بکرێت. ئایا لە کۆماری ئیسلامیدا دەرفەت هەیە کە بۆ کارتێکەری و گەیشتن بە بەشێک لە مافە سەرەتایییەکان کەڵک لە هەڵبژاردنی سەرۆكکۆماری وەربگیرێت؟
یەکەم؛ ئەو هێز، یان هێزانەی کە دەرفەت دەقۆزنەوە، دەبێ هاوکێشە بن. دووەم؛ نەیاریش دەبێ لاواز بێت کە نەتوانێ بەر بەو هێزانە بگرێت کە دەخوازن سوود لە دەرفەت وەربگرن. ئەوانەی کە پێیان وایە "هەڵبژاردن" لە کۆماری ئیسلامیدا "دەرفەت"ە و دەخوازن سوودی لێ وەربگرن، دەبێ دوای زیاتر له سی ساڵ خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی، ئەوەندە هێز و توانایەیان هەبێت کە هەندێک یاسا و دیسپلینی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا تێک بدەن، تا "دەرفەت"ەکە قازانجی هەبێت.
هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوە نین کە هەس بە کۆماری ئیسلامی بدەن و، لە ئێرانیشدا ئۆپۆزیسیۆنێک نییە کە هاوکێشە بێت. سەرجەم هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاوکێشە نین، بەڵکوو تەنیا دژن!
بۆ نموونە، لە خولی حەوتەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا، محەممەد خاتەمی بە ڕێژهی ٦٩%ی دهنگهكان، بوو بە سەرۆککۆماری ئێران؛ لە خولی هەشتەمیشدا خاتەمی توانیی ٧٧،١٢%ی دهنگهكان مسۆگەر بکات. لە خولی حەوتەمدا خاتەمی بەبزەوە پۆستی سەرۆککۆماریی وەرگرت، بەڵام لە کۆتاییی خولی هەشتەمدا، بەگریانەوە پۆستەکەی بەجێ هێشت و دۆسیەی "چاکسازی" داخرا.
ئەوە تەنیا نیمچەدەرفەتێک بوو کە هێزێکی زۆر پشتی "خاتەمی"ی گرت، بەڵام دوای تەواوبوونی خولی سەرۆککۆماری، دۆخەکە بۆ بەر لە دەوری سەرۆککۆماربوونی خاتەمی گەڕایەوە. بوونی خاتەمی بە سەرۆککۆماری ئێران، ئەزموونێکی تاڵ بوو بۆ "تاران" و "قوم"نشینان؛ هەر لەبەر ئەوە بوو کە لە خولی نۆیەم و دەیەمدا ئەحمەدینهژاد، بوو بە سەرۆککۆمار. هەر لەو کاتدا بوو کە بزووتنەوەی سەوز سەری هەڵدا و، هەر پیاوانی حکوومی بوون کە جڵەوی ئەم بزووتنەوەیان بەدەستەوە بوو. هەر لە سەردەمی "ئەحمەدینهژاد"یشدا ئەو بزووتنەوەیە سەرکوت کرا و ڕێبەرەکانیان، میرحوسێن مووسەوی، دوایین سەرۆکوەزیرانی کۆماری ئیسلامی و، مێهدی کەڕووبی، کە ئەویش بۆ دوو خول سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی بوو، تا ئیستا دەستبەسهر کراون و دەرفەت بەوانیش نەدرا. کۆماری ئیسلامی، ڕێگە بە بچووکترین دەرفەت نادات کە ئاڵوگۆڕ بە قازانجی هاووڵاتیان و چاکسازی لە سیستەمەکەیدا بکرێت.
لەبەر ئەوە هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێکی ئابووری، یان ئەوەی پەیوەندیی بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامییەوە هەبێت (بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، دەبێ دەقاودەق لەگەڵ فەلسەفە و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا هاوکوف بێت. بۆ ئەمەیش ڕێسا، یاسا و گشت سیناریۆکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، پاڵێوڕاوان و ئاڕاستەی بەرنامەی ئەوان، داڕێژراون. چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا، ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، ڕووی لە پاڵێوڕاوانی سەرۆککۆماری کرد و پێی ڕاگەیاندن: "زۆر بەلێبڕاوییەوە، دەبێ لە قسە و باسەکانی خۆیاندا بڵێن کە پرسی ئابووری و بژێویی خەڵک لە ئەولەوییەتی کاری ئەواندایە و بۆ چارەسەری ئابووریی ئەوان تێ دەکۆشن."
ئەزموونی دەیان ساڵەی کۆماری ئیسلامی، ئەوەی بەڕوونی دەرخستووە کە "دەرفەت" بە نەیارانی نەدات کە لە بەشێک لە یارییەکەدا بەشدار بن. داخراوەیی، بەشێکی جیانەکراوەیە لە کۆماری ئیسلامی؛ بەتایبەت کاتێک پرس و داخوازییی نەتەوەیی و ئازادییەکان بێنە گۆڕێ، زۆر هەستیارن و کاردانەوەی خێرایان دەبێت!