ڕیفراندۆمی ڕۆژی (٢٥/٩/٢٠١٧٧)ی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە، کە هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگی هەرێمی کوردستان لە دەرفەتێکی مێژووییدا بڕیار بدەن، تا "هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ"؛ ئەمەیش بە مانای چێکردنی حکوومەت و سیستەمی حوکمڕانی نییە و، هیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتی فڵان و فیسار حزبەوە نییە؛ ئەمە ڕێک سێرە لە کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ دەگرێت. ئاکامەکەی هەرچی بێت، دەبێ گشتمان لە ئێستا و داهاتوودا پێکەوە بژین و، پێویستە پێکەوەهەڵکردنی سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی و ئایینزایی ببێتە بنەما و بەدامەزراوەیی بکرێت. کۆڵەکەی سەرەکیی پاراستنی ئەمانەیش، دابینکردنی مافی یەکسانە لە نێوان پێکهاتەکان، بۆ ئەوەی داهاتوویەکی پرشنگدار بۆ وڵات مسۆگەر بکرێت.
پرسی سەربەخۆیی، پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی گشتییەوە هەیە و، هەر لەبەر ئەمە لە سەرووی بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتییەوەیە. با لە (٢٥/٩/٢٠١٧٧)دا، هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆریی هەرێمی کوردستان پیشانگەیەک لە "بەڵێ" وەڕێ بخەن و شەقڵی خۆیان لە لاپەڕەی مێژوو بدەن، تا لە پەراوێزنشینییەوە ڕزگاریان ببێت و ببنە بەشێک لە ڕووداو و بڕیار لە ناوچەکەدا. "بەڵێ"، لە ڕیفراندۆمدا یەک وشەیە، بەڵام زۆر زلە و، دەتوانێت هاوسەنگی لە عێراق و ناوچەکەدا بگۆڕێت و شێوەیەکی نوێی ژیان لە دەڤەرێکی چەقبەستوودا پیشان بدات.
ڕۆژی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان، کاتی پیشاندانی کەسایەتیی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و نەتەوەییی هاووڵاتیانی ئەو بەشەی کوردستانە. ڕیفراندۆم شانۆی پیشاندانی ویست و ئیرادەی هاووڵاتیانی ڕەنگاورەگی هەرێمی کوردستانە و، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کوردستاندا، لە یەکەیەکی مێژووییدا، ڕەنگەکان ڕوو لە سندووقی دەنگدان دەکەن و بڕیاری دیرۆکیی خۆیان دەدەن. هەر لەم سۆنگەیەوە، ڕیفراندۆم ئاستێکی بەرز لە دیموکراسی پیشان دەدات و ڕاهێنانێکی دەگمەنیش دەبێت لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، هەر خۆی لە خۆیدا هەڵگری کۆمەڵە پەیامێکی ئاشکرا و شاراوەیە.
ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، پەیامێک و شێوەیەکی نوێ لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پیشانی دەوڵەتان و خەڵکی فرەڕەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن و، کاکڵی پەیامەکەیش ئەوەیە کە دەکرێت بەبێ نانەوەی کێشە و هەڕەشە بۆ سەر دەوروبەر، شێوە ژیانێکی تر هەڵبژێرن. دابڕان، دەبێ ڕوو بدات؛ تا گەشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەست پێ بکات و، هەروەها کەسایەتیی سیاسی و یاساییی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش مسۆگەر بێت. ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی ڕێگەیەکی نوێی کەمتێچووە بۆ دەربازبوون لە کەشێکی لەقالبدراوی داسەپاو.
ڕیفراندۆم و ئاکامەکەی، دەبێتە بنەمای پلانی سیاسی، هەروەها هاوکێشەیەکی بەهێزیش دەبێت بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی هێمنانە لەگەڵ وڵاتی عێراق، "وڵاتی دایک"، بکەونە دانوستان تا بە ڕێگەیەکی ئاشتییانە پرسی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن؛ کە بێ شک ئەمەیان یەکێکە لە ڕێگە گرینگەکانی گەیشتن بە سەربەخۆیی. ڕیفراندۆم، مێلۆدیایەکی بەتەکووزە بۆ ژیانێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان، نەک بۆ شەڕ لەگەڵ دراوسێکانی. هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە وەڕێخستی ڕیفراندۆم ئەو پەیامەیش بە حوکمڕانانی ناوچەکە دەدەن، کە دەکرێت بەبێ جەنگ و پێکدادان، بۆ ئیرادەی هاووڵاتیان بگەڕێنەوە و، مەدەنییانە کێشەکان چارەسەر بکەن. لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان جاڕی ستایلێکی نوێی ژیان دەدەن و دەبنە خاوەنی وڵاتی خۆیان، کە ناوی "کوردستان"ە.