لە پەراوێزی سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەوروپا

هەر ئێستا مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی شاندی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە  بەلژیکایە و بڕیارە سەردانی پەرلەمانی ئەوروپا بکات و، هەروەها لەگەڵ لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی بەلژیکا کۆ ببێتەوە.

پرسە سەرەکی و ژیانییەکەی ئەم شاندە، باسکردن لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان دەبێت. ئامانجیش لەو هەنگاوە دیپلۆماسییە ئەوەیە، کە یەکێتیی ئەوروپا پشتگیری لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان بکات؛ کە ئەمەیان کارێکی گەلێک گرینگە، چونکە ئەم یەکە سیاسی، ئابووری و سوپایییە، ناوەندی بڕیارە لە ئەوروپا و هاوکێشەیەکی جیهانییشە. یەکەمین هەنگاوی سەرۆکی هەرێم و شاندەکەی، بەئاشکرا و بەڕەسمی هێنانەگۆڕێی پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، سێرەی لە شوێنێکی قورس گرتووە کە بەشێک لە بڕیارە گرینگەکان بۆ ناوچە و جیهان، لەوێیشەوە دەدرێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەیش، گەرچی یەکێتیی ئەوروپا پەرلەمانی هەیە و لە کاتی بڕیاردانیشدا هەوڵ بۆ کۆدەنگی لە نێوان خۆیاندا دەدەن، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆرییە و ئەوان هەڵگری بیروڕا و دیتنی جیاوازیشن؛ ئەمەیش مەیدانی یارییەکە بەرفراوان دەکات و هەر لەبەر ئەوە شاندەکەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمیش بە دەستی بەتاڵەوە بۆ وڵات ناگەڕێتەوە.

ئەم هەنگاوەی شاندەکەی ڕیفراندۆم، ئاستێکی بەرزە لە چالاکیی دیپلۆماسی کە ڕوو لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات، چونکە شوێنی بڕیارە و دەتوانێت پاڵپشتیی دابین بکات؛ بەڵام گرینگە کە ئەو شاندە تەنیا ئاڕاستە و مەبەستی، سەردانی دامەزراوە حکوومییەکانی نەبێت، چونکە لە ئەوروپادا بیروڕای گشتی، بەشێکە لە سیاسەت. لە پاڵ ئەم دیپلۆماسییەدا، کە چەقی چالاکیی شاندەکەی وڵاتمانە، پێویستە ڕوو لە ڕای گشتی و ئەو شوێنانەی کە کار لەسەر بڕیاری حوکمڕانان و سیاسەتوانان دەکەن، بکرێت. پێویستە ڕوو لە دیپلۆماسییThink tank ، واتە دیپلۆماسیی "دامەزراوە هزرییەکان"یش بکرێت. ئەم دامەزراوانە (Think  tank) لە کەسانی بەئەزموون پێک هاتوون کە هزر، تێڕوانین و گەڵاڵەی فکریی خۆیان سەبارەت بە پرسە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان دەخەنە بەر دەست حوکمڕانان، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەو دەڤەرەیش بۆ چارەسەری پرسە گرینگەکان و بۆ وەرگرتنی بڕیاری دروست، بۆ ئەو دامەزراوانە دەگەڕێنەوە. گەشەی سیاسی و هزری لە وڵاتە ئەوروپییەکان، وای لێ هاتووە کە حوکمڕانانە پێویستییان بە ڕای ئەو دامەزراوانە هەیە.

"خانە هزرییەکان" لەو بەشەی جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر کاریگەرییان لەسەر سیاسەت هەیە؛ هەر لەبەر ئەوە پێویستە و لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان، ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدایە، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەرگەی ئەوانیش بدات. پێویستە دیپلۆماسیی چڕ، کۆڵەکەی چالاکیی هەرێمی کوردستان بێت تا زۆرترین هێز لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات (هەرێمی کوردستان)، لە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە.

ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو لەو بوارەدا هیی "یاسر عەرەفات" (١٩٢٩-٢٠٠٤)ە، کە لە حەفتاکان و هەشتاندا تەنیا پەیوەندیی بە هەندێک لە حکوومەتەکانەوە دەکرد، بەڵام لە چالاکییه‌ دیپلۆماسییه‌كانیدا، شوێنێک نەبوو بۆ ڕای گشتی لە ئەوروپا (دامەزراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی، خانە هزرییەکان، ڕۆژنامەوانان، هزرڤانان و...)؛ لەبەر ئەوە، دیپلۆماسییەکەی لە بازنەیەکی تەسکدا دەخولایەوە.

بۆ چڕیی دیپلۆماسی و دابینکردنی هەرچی زیاتری بەرژەوەندی، وا باشە کە شاندی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە ئەوروپا، ئەو دامەزراوانەیش (Think  tank) واتە هەندێک کە ناوەندە هزری و توێژینەوەکانی وێ بەسەر بکاتەوە، چونکە ئەوان دەتوانن لە چێکردنی بڕیار لە ئەوروپادا دەوریان هەبێت؛ هەرێمی کوردستان پێویستیی بەوەیش هەیە و لەگەل بەرژەوەندییەکانیشیدا یەک دەگرێتەوە. کاتێک کە ڕای گشتی، بەشێک لە سیاسەت بێت و پەنای بۆ ببردرێت، شک لەوەیشدا نییە کە سیاسەتوانانیش ئەو بوارەیان بۆ دەڕەخسێت کە خۆیان لەگەڵدا ڕێک بخەن و بڕیار چێ بکەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples