با لە (٢٠١٧/٩/٢٥)دا سندووقی دەنگدان یەکلاکەرەوە بێت!

لەو وڵاتانەی کە عەقڵ بەسەر سیاسەتدا زاڵە، ڕیفراندۆم بۆ ئەوە بەکار دێنن کە پرسە ژیانییەکان بە ڕێگەی "بەڵێ" یان "نەخێر"ی هاووڵاتیانەوە یەکلا بکەنەوە. لە بەرامبەر پرسیاری سەرەکیی ڕیفراندۆمدا، هەمیشە "بەڵێ" و "نەخێر"ێک بۆ هاووڵاتیان نووسراوە تا کەڵک لە مافی خۆیان وەربگرن و ڕای خۆیان بە ڕێگەی دوو وشەی "بەڵێ" یان "نەخێر" دەرببڕن.

لە دەڤەری عەقڵسالاریدا خەڵک دژ بە ڕیفراندۆم ناوەستن، چونکە ئەوە دژایەتیی ماف دەکات و ڕووبەڕووی دەبێتەوە. لە بری ئەوە، لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا و بە ڕێگەی نووسینی "نەخێر"ەوە ڕای خۆیان دەردەبڕن، هاوکاتیش لایەنگرانی "بەڵێ"یش کەڵک لە مافی خۆیان وەردەگرن و بە "بەڵێ" ڕای خۆیان بەوانی دیکە دەگەیه‌نن. ڕێک لێرەیشدایە کە ڕیفراندۆم وەکوو سەیوانەیەک، "بەڵێ" و "نەخێر"ەکان (هاووڵاتیان) کۆ دەکاتەوە و، ڕێگە نادات کە کۆمەڵگە تووشی پێکدادان و کاری ناشیاو ببێت.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان، بیر لە "بزووتنەوەی دژ بە ڕیفراندۆم"، واتە دژ بە ماف دەکرێته‌وه‌؛ ئەمە ڕێک ئەوەیە کە بەشێک لە بەغدانشینە شۆڤێنییەکان و کۆماری ئیسلامی دەخوازن، چونکە ئەوان هەر لە بنەڕەتەوە دژی "ماف"ن. بەشێک لە ئەوروپییەکان و تەنانەت ئەمریکایش، لەوانەیە لەگەڵ "کاتە دیاریکراوەکەی ڕیفراندۆم"دا نەبن، بەڵام پێشێلی مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ناکەن و دژ بە ڕیفراندۆم نین. بەڵام ئەو پەیامەی کە لە بەغدا و ئێرانەوە بە گوێی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا دەیچرپێنن، هەموو شتێک ڕەت دەکاتەوە.

تۆ دەتوانی لەگەڵ سەربەخۆییدا نەبیت؛ ئەوە مافی خۆتە. ڕێک لەبەر ئەوەیە کە لە بەرامبەر پرسیاری ڕۆژی ڕیفراندۆمدا دوو ئەلته‌رناتیڤی "بەڵێ" و "نەخێر" نووسراوە، تا مافی تۆ پێشێل نەکرێت؛ جا لەبەر ئەوە با "نەخێر"ەکەت بچێتە ناو سندووقی دەنگدانەوە. هەوڵ بدە خۆت فێری ئەوە بکە: ئەگەر لەگەڵ شتێکدا نیت، بە شێوەیەکی عەقڵانی دەری ببڕە. ئەمە یەکێکە لەو ڕێگەیانەی کە پێی دەگوترێت بەعەقڵانیکردن و بەدیموکراتیکردنی کۆمەڵگە. هەروەها هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگی هەرێمی کوردستانیش بە بەشدارییان لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا، پێناسەی دەربڕینێکی شارستانی و مەدەنییانە دەکەن بۆ گەیاندنی داخوازییان.

دژایەتیكردنی ڕیفراندۆم، تەنیا ڕووی لە لایەنگرانی سەربەخۆیی نییە کە دەخوازن لە (٢٠١٧/٩/٢٥)دا بە ڕێگەی "بەڵێ"یەوە دەری ببڕن، بەڵکوو دژی مافی ئەوانەیشە کە لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدا نین؛ جا بە هەر هۆیەک بێت.

ڕیفراندۆم کەسایەتیی یاسایی بە هەر دوو بەرەی "بەڵێ" و "نەخێر" دەدات، بەڵام دژ بە ڕیفراندۆم (بزووتنەوەی دژ بە ڕیفراندۆم، یان ئەوانەیش کە لە دەرەوەی ئەمەوه‌، دەخوازن ڕیفراندۆم سەر نەگرێت)، بەر بە سەرهەڵدانی کەسایەتیی یاساییی هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆریی هەرێمی کوردستان دەگرن و هەڕەشە لە مافی ئەوان دەکەن، کە دەخوازن بە "بەڵێ" یان بە "نەخێر پێشانگەیەکی عەقڵانی لە دەڤەڕێکی چەقبەستووی وەکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پیشان بدەن؛ کە تاکوو ئێستا سیاسەت و پرسە ژیانییەکان لەناو بازنەی تەسک و پشووبڕی سیاسەتوانی ئەو ناوچەیەدا بەبارمتە گیراوە. با ڕۆژی (٢٠١٧/٩/٢٥) ببێتە شانۆی عەقڵانیی "بەڵێ" و "نەخێر"ەکان!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples