"نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی" (١٤٦٩-١٥٢٧): "وەکوو شێر بە، گورگان بڕەوێنەوە؛ وەکوو ڕێوی بە، تەڵان بناسە!"
بە ڕواڵەت ڕۆژی ڕیفراندۆم (٢٥/٩/٢٠١٧)، بۆتە جێی سەرنجی هاوکێشە جۆراوجۆرە ناوچەیی و جیهانییەکان. ئەمریکایش دژی ڕیفراندۆمە؛ ئاسایییە کە دژ بێت، چونکە "بەرژەوەندی"ی ئەو وڵاتە وا دەخوازێت. بەرژەوەندیی ئێمەیش، لە بوونی ڕیفراندۆمدایە! ئەمە کەڵەوکێشییەکە لە نێوان دوو بەرژەوەندیدا. لەو ململانێیەدا، ئەو هاوکێشەیە دەیباتەوە کە لە بڕیارەکەی پاشگەز نەبێتەوە؛ ئەمەیە کاکڵی سیاسەت.
خولیای "عێراقێکی دیموکراتیی فیدراڵیی یەکگرتوو"، بەرۆکی ئەمریکای گرتووە؛ پرسی داعش و کۆتاییهێنان بەم مڵۆزمەیە، خاڵێکی ترە کە ئەمریکا لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نەبێت. ئەمریکا لە ٢٠٠٣دا حکوومەتی سەددامی ڕووخاند، بەو مەبەستەی كه لهو وڵاتهدا كه نامۆیه به ستایلی نوێ، دیموكراسی جێگیر بكات؛ بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا، ئاشتی هەر بەڕێوەیە و دیموکراسییەکەیشی نەهاتە دی. ئەمریکا جەنگی دژ به سەددامی بردەوە، بەڵام ئاشتی و دیموکراسییەکەی بۆ عێراق هەروا لە کۆڵانەکانی کۆشکی سپیدا دەستاودەست دەکرێت.
هەر لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، بریتانیا هەوڵی دا بە ڕێگەی "دەوڵەتسازی"یەوە کیانێک لە عێراقدا چێ بکات کە کوردیش بەشێک لەو "دەوڵەت"ە بێت، بەڵام سەری نەگرت. لە ٢٠٠٣وە تا ئێستا ئەمریکایش بە چەشنێک دەوری بریتانیا دەگێڕێت و، دەخوازێت هەم پرۆژەکەی بریتانیا تەواو بکات، هەمیش لەژێر ناوی "عێراقێکی دیموکراتیی فیدراڵیی یەکگرتوو"یشدا پرۆژەی "نەتەوەسازی" لەو عێراقە قەیراناوی و شکستخواردووەدا جێبەجێ بکات، ئەویش هەر سەری نەگرت. ئەمریکایش وەکوو بریتانیا هەر ئاسنی سارد دەکوتێت. بریتانیا بۆ دەیان ساڵ هەوڵی دا کە عێراق بۆ عێراقییەکان بکات بە ماڵ، بەڵام شکستی هێنا؛ ئەمریکایش هەوڵ دەدات کە عێراق بۆ کورد بکات بە ماڵ، بەڵام بێخەبەر لەوەی کە عێراق نەك بهس لە قەیرانی حوکمڕانیدا دەژیت، بەڵکوو ئەوە چەندین ساڵە دەرگهی قەیرانی "دەوڵەتی"یشی بەسەردا کراوەتەوە. ئەمریکییەکان دەبێ لهوه تێ بگەن، لە عێراقدا یەکێتی لە فرهچەشنیدا چێ نابێت، چونکە مێژووی ئەو "دەوڵەت"ە لەسەر بنەمای سڕینەوە (یەکێتی لە یەکدەستیدا) ڕۆ نراوە و، نەك تەنیا بەغدانشینان، بەڵکوو هاووڵاتیانی ئەو "وڵات"ەیش هەروا بیر دەکەنەوە.
کۆشکی سپی، دەبێ ئەوەیش بزانێت کە جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠، بڕینی قووتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، گواستنەوەی قەیران بۆ هەرێمی کوردستان و ... دەیان کێشەی تر کە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ناوەتەوە، ئەمە ڕواڵەتی کێشەکانە؛ چونکە لە پشت ئەم بڕیارانەوە هێزی دژ بە دیموکراسی و دژ بە "عێراقێکی دیموکراتیی فیدراڵیی یەکگرتوو" وەستاوە و، ڕهگی لە مێژووی ئەو "وڵات"ەدا داكوتاوه. پرسی کوردیش لە باشووری کوردستان، قووڵتره لەوەی کە به چەند کێشەی نێوان بەغدا و هەولێرهوه گرێ بدرێت.
گرفتی ئەمریکا تەنیا "عێراقێکی دیموکراتیی فیدراڵیی یەکگرتوو" و کۆتاییهێنان بە داعش نییە، بەڵکوو کێشەکە لەوە زلترە. کۆشکی سپی بۆ ململانێی دەگەڵ ڕووسیا، کۆریای باکوور، هەروەها هەنگاوەکانی دژ بە ئێران، پێویستی بەوە نییە کە لە عێراقدا "قەیران"ێکی دیکە بۆ ئەمریکا، واتە ڕیفراندۆمی بڕیارلێدراوی هەرێمی کوردستان، سەر هەڵبدات. "دواخستن"، یان "ئەنجامنەدان"ی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، ڕێک پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەو کێشە و ململانێیانەوه ههیه کە هەر ئیستا یەخەی "ترامپ"یان گرتووە، کە ئەمەیشیان هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانەوە نییە. ئەمریکا بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ڕووسیا، کۆریای باکوور و کۆماری ئیسلامیدا دەستی کراوە بێت و لە مەیدانێکی بەرفراواندا یارییە ئاڵۆزەکەی خۆی بکات، پێویستی بەوەیە کە ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا نەکرێت.
بەشێک لەو یارییە ئاڵۆزە، کە سەرچاوەکەی بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە، مەیدانەکەی عێراقە و یەکێک لە هاوکێشەکانیش کۆماری ئیسلامییە، بەڵام ئەم یارییە نوێ نییە؛ ئۆبامایش بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراق، بواری بۆ تەڕاتێنی کۆماری ئیسلامی ڕەخساند. سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانیش هەر ئەو مێلۆدییەیە کە کۆشکی سپی دەیژەنێت، ئەویش دانی ئیمتیازە بە کۆماری ئیسلامی. داوای ئەمریکا بۆ "ئەنجامنەدان"ی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، ڕێک ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەخوازێت. ویستی ئەمریکا ئەوەیە، کە قەیرانی دیپلۆماسیی خۆی لە ناوچەکەدا بە "ئەنجامنەدان"ی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان قەرەبوو بکاتەوە؛ بەڵام بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیش، ڕێک لەوەدایە کە لە (٢٥/٩/٢٠١٧)دا، هاووڵاتیانی ڕەنگاوڕەنگی هەرێمی کوردستان "کاتژمێر (٨)ی بەیانی" پەیامی "بەڵێ"یان (بوون و کەسایەتییان) بە گوێچکەی ناوچە و جیهاندا بچرپێنن!