ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان؛ چەند سەرنجێکی مێژوویی و فەلسەفی

ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان کە لە (٢٥-٩-٢٠١٧)دا بەڕێوە چوو، نەك تەنیا لەنێو کوردەکاندا، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ئاڵوگۆڕ بەدوای خۆیدا دێنێت و، هیچ وڵات و گرووپێکیش لە دەست پڕیشکەکانی دەربازی نابێت. یەکێک لە هۆکارەکانی بەرهەڵستکاری و هەڕەشەی خەست و ڕووتوقووتی "تورکیا"، "ئێران" و "عێراق"یش هەر ئەوەیە. وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان بە درێژاییی مێژوو لەسەر بنەمای "یەکێتی لە یەکدەستی"دا، واتە مەرگی جیاوازی و چەشنەکان، ئەویش بە کەڵکوەرگرتن لە سەرکوتکردن چێ کراون. هیچ شکێك لەوەیشدا نییە، کە ئەو هزرە کۆمەڵگە بەرەو سەرکوتکردن، نکۆڵی، توندوتیژی دەبات و، هەر لە ناخی خۆیدا ئەو هۆکارانەی کە دەتوانن ببنە پاڵنەر و هاوکێشە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بەرەو پێشکەوتن ڕێنوێنی بکەن، لە گەرادا دەیخنکێنێت.

ئەو دەڤەرە چەقبەستووە، کە لە پەراوێزی مێژووی مۆدێرندا دەژیت، بە هۆی زەینی داخراو و ترسناکی حوکمڕانەکان بۆ گەیشتن بە "یەکێتی لە یەکدەستی"دا، دەیان و سەدان کارەساتی تێدا ڕووی داوە. ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا، گشتیان لەو خاڵەدا هاوبەشن. "نەتەوەی ئێران"، "نەتەوەی تورک" و "نەتەوەی عێراق"، هەروەها ئەو ڕووداوە خوێناوییانەیش (بۆمبارانی کیمیایی، بۆمبی ناپاڵم، ئەنفال و...) کە لەم پەیوەندییەدا ڕوویان دا، لە یادگەی مێژوودا دەمێننەوە. یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو زیاتر لە ٧٠ ساڵ بە ئایدیۆلۆژی و هزری کۆمۆنیستییەوە، هەروەها بە پاڵپشتیی هێزە سەرکوتکەرەکانییەوە هەوڵی دا، ناکۆکی، چەشن، ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە  بسڕێتەوە، بەڵام ئاکامەی ئەوه‌ نەبوو کە دەیانویست. یەکێتیی سۆڤیەت لەم پێناوەدا، کۆمەڵگەی تەواو شەکەت کرد و، دانیشتووانی ڕەنگاوڕەنگ و مینیاتۆرییەکەیشی تێچوویەکی زۆریان دا.

لە ناخی هەر دیاردەیەکدا چەندان هۆکاری جووڵە هەن کە لە ئاکامی ململانێیاندا (دژبەر و چەشنەکان) و لەسەر بنەمای پێکەوەهەڵکردن و پێکەوەژیان گەشە بە کۆمەڵگە دەدەن، چونکە ئەوە دژبەر، چەشن و جیاوازییەکانن کە دەبنە هۆکاری پێشکەوتن. ئەو تێڕوانینە، "یەکێتی لە چەندچەشنی"دا دێنێتە کایەوە. بەپێی ئەم هزرە، ناکۆکی، چەندڕەنگی، چەنددەنگی و دژەکان (پێشانگەی جیاوازییەکان) بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەڵام کێبەرکێیانە، کۆمەڵگە زیندوو ڕادەگرن و ژیانێک کە شایانی مرۆڤی سەردەم و کۆمەڵگەیەکی مینیاتۆری بێت، دێننە کایەوە.

"یەکێتی لە چەندچەشنی"دا

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا چەقی بەستووە، کە بە هیچ شێوەیەک "یەکێتی لە چەندچەشنی"دا بۆی هەرس ناکرێت. "ژیانی سیاسیی هاوبەش" لەو جوگرافیا سیاسییانەی کە کوردەکان تێیدا دەژین، بە بنبەست گەیشتووە. کوردەکان لە کردەوەدا بۆیان دەرکەوتووە کە "یەکپارچەییی خاکی ئەوان" و هزری تەواو سەرکوتکەرانە و داپلۆسێنەرانەی ئەو وڵاتانە، هەمیشە بۆ کوردەکان شمشێرێکی ڕووتە کە لە دەستی حوکمڕانانی دوێنێ و ئەمڕۆیاندایە.

بۆ چێکردنی یەکەیەکی سیاسی کە بتوانێت "یەکێتی لە چەندچەشنی"دا لە وڵاتانی ناوچەکەدا چێ بکات، پێویستە عەقڵ (پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەسەر بنەمای ئازادی و مافی یەکسان) وەگەڕ بکەوێت، بەڵام ئەمڕۆکە ئەم عەقڵە لەدایک نەبووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو تاڵی و سوێرییەی کە کوردەکان چێشتوویانە و بەردەوام شادەماری ژیانیان لەژێر سێبەری "شمشێری دامۆکلێس"دایە، ئایا دەبێ دیسانیش کوردەکان بۆ گەیشتن بە "پێکەوەژیانی ئاشتییانە" هەر لە جوگرافیای ئەو دەوڵەتانەدا بمێننەوە؟ ئایا دەبێ کوردەکان هەر لە چوارچێوەی "یەکپارچەییی خاک"ی "ئەوان"دا بژین و بەردەوام لە کۆڵانەکانی خوێندا دەرباز بن؟ بێ گومان نەخێر!

پرۆسەی "دەوڵەتسازی" و "نەتەوەسازی" لە عێراقدا لەمێژە شکستی هێناوە و، ئەو ململانێ قورسانەیش کە لە چەندان دەیەدا لە نێوان کوردەکان و حکوومەتە ڕەنگاوڕەنگ و یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا ڕوویان داوە، ڕێک بۆ ئەو شکست و بنبەستەی عێراق دەگەڕێتەوە. ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانیش ئەگەر هەڵگری چەندان پەیام بێت، بێ شک یەکێک لە پەیامەکانی ئەوەیە کە پرۆژە جۆراوجۆرەکانی بریتانیا و ئەمریکا (دەوڵەتسازی و نەتەوەسازی) بەمردوویی لەدایک بوون، بەڵام ئێستا هەر ئەوانن کە داوا دەکەن "یەکپارچەییی خاکی عیراق" بپارێزرێت؛ ئەوەیش لە کاتێکدایە کە شتێک بە ناوی "یەکپارچەییی خاکی عێراق" بوونی نییە.

کۆبەند

کوردەکان و ئەو نەتەوە و گرووپە ئایینی و ئایینزایییانەی کە پێکەوە لە باشووری کوردستان دەژین و، ئەو یەکە مێژوویی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە زێدی گشتیانە، دەبێ گەڵاڵەیەکی نوێیان هەبێت بۆ ئەوەی کە ئەو بنبەستە بشکێنن تا خۆیان پێکەوە لە باشووری کوردستاندا، "یەکێتی لە چەندچەشنی"دا بنیات بنێن تاكوو گشت ڕەنگەکان بە یەکەسانی، ئازادی و بەبێ ترس لە وڵاتی خۆیاندا بژین. لەوە بەدواوە، دەبێ هەر ئەوان مێژووی خۆیان بنووسنەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples