داگیرکردنی کەرکووک لە (١٦-١٠-٢٠١٧)دا، ئەو کۆڵانە بوو تا لەوێوە سەرجەم پیلانەکان لە دژی هەرێمی کوردستان بەگەڕ بکەون. بۆ "حکوومەتی عێڕاقی فیدراڵ" و سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی، تەنیا دەستبەسەرداگرتنی کەرکووک ئامانج نەبوو، بەڵکوو سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی پیلانە شاراوەکانیان ئاشکرا بکەن.
هەر ئێستا هەرێمی کوردستان لە بواری سیاسی و ئابووری و بە هێزی سەربازی، لە لایەن حکوومەتی "فیدراڵ"ی عێراق، تورکیا و کۆماری ئیسلامییەوە گەمارۆ دراوە. ئەمەیش لە کاتێکدایە کە سێ پیلانی گەورە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان و ئاسایشی نەتەوەییی ئەو پارچەیەی وڵات دەکەن.
مالکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، ئەمەی بەئاشکرا دەربڕیوە و لایەنگری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بکات بە دوو پارێزگه؛ یان بەپارێزگهکردنی هەرێمی کوردستان (ئەم ئەگەرە، بەهێزە؛ مالکی و تا ڕاددەیەکیش عەبادی کار لەسەر ئەوە دەکهن کە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق پارێزگهیی بن، لەناو هەرێمی کوردستانیشدا بۆچوونی لەم چەشنە هەیە. مەترسیی هەرە گەورە لەو نێوەدا توندوتیژی و پێکدادانی ناوخۆیە و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش نیگەرانی ئەوەن. دەستی دەرەکییش لە هەوڵی ئەوەدایە). عەبادییش تەواوی هەوڵەکەی ئەوەیە کە دەست بەسەر هەرێمی کوردستاندا بگرێت؛ واتە هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان. عەبادی دەڵێت: "نابێت بوونی بەرپرسانی سەر بە حکوومەتی عێراق لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکاندا تەنیا سیمبولی بێت، بەڵکوو دەبێت خۆیان لەوێ حوکم بکەن و دەسەڵاتی تەواویان هەبێت". ئەمە تەنیا یەکێکە لە نموونەکانی. کۆماری ئیسلامییش نەیشاردۆتەوە، ڕێگە نادات "ئیسڕائیلی دووەم" ببێتە دراوسێیان.
لە دۆخێکی وا هەستیاردا، هەر چەشنە ئاژاوە و نائارامی، هەرێمی کوردستان لاوازتر دەکات و ڕێگە بۆ بەهێزبوونی یەکێک لەو ئەگەرانە خۆش دەکات، بەڵام لە هەر حاڵدا ئەم سێ پیلانە، هاوشان لە دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن.
بەخۆداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی خێرا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە بەر لە هەموو شتێک حزبە سیاسییەکانی دەگرێتەوە، لە پلەی یەکەمدایە. چالاکبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنی خێرای گشت پرسە ناوخۆیی و کێشەکان لە کاتی ئێستادا، لە خاڵە هەر گرینگەکانە؛ بەو مەرجەی، تاكه دەمڕاست و بڕیاردەر لە هەرێمی کوردستان، ئەو بێت. ئەمە، پەیوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ناوچە و جیهانیش دەگرێتەوە.
بۆ ئەوەی بە کەمترین تێچوو بەلەمەکە بگاتە لێواری دەریا، پێویستە حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەبنە بەدیلی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و، بە کاری خۆیان و پرسی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هاووڵاتیانهوه سەرقاڵ بن، چونکە بەشێک لە حزبەکان نوێنەریان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە!
بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە!