ئەزموونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و کاتالۆنیا دەری خست، هزری زاڵ بەسەر زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا ئەوەیە، دەوڵەتی نوێ قبووڵ ناکەن. ئەوروپای ئازاد، یان مەڵبەندی دیموکراسی، لەگەڵ ئەوە نین کاتالۆنیا لە ئیسپانیای دیموکرات جیا ببێتەوە. ئەوان هەمان هەڵوێستیان سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش هەبوو.
ئەوەی بۆ سەرجەم وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، جیا لە ئیسڕائیل، دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بە دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە نییە. پەتا و دۆڵپای شۆڤێنیزم، ئایین و ئایینزا لە بری سیاسەت، دیکتاتۆری، کۆنەپەرستی و سڕینەوەی ئەوانی دیکە، سەرتاپای ئەو دەڤەرە بەبەردبووەی داگرتووە.
دیموکراسی، مافی مرۆڤ، دابەشینی دەسەڵات و ناچڕی لە حوکمڕانیدا، هیچ شوێنێکی لە زەینی داخراوی حوکـمڕانانی ئەو دەڤەرەدا نییە. ئەگەر بتوانین باس لە "ئۆپۆزیسیۆن"یش لەو ناوچەیەدا بکەین، بە چەشنێک ڕیشەی بۆ هەمان کەلتوور و هزر دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتدارەکانی بۆ حوکمڕانی، پێی بارگاوی کراون.
"ئۆپۆزیسیۆن" و دەسەڵاتداران لە دەڤەری ئێمەدا، لە زۆر بواراندا دوو دیوی دراوێکن. لە تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا کە فرەنەتەوە و فرەنیشتمانن، بەدیموکراتیکردن، دیموکراسی و ناچڕی لە دەسەڵاتدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە چارەنووسی ڕەنگەکانەوە هەیە، چونکە وڵاتی تاکنەتەوە نین.
کورد نە ئەو توانایەی هەیە ئەو چوار وڵاتە بەدیموکراتی بکات، نە "ئۆپۆزیسیۆن"هکەیشی، ئەو وڵاتانە وەکوو فرەنەتەوە و فرەنیشتمان دەبینێت؛ ئەوانیش باس لە "نەتەوەی ئێران"، "کەمینە"کان، "ئەقوام" و "نەتەوەی عێراق" دەکەن. بەدیموکراتیکردنی ئەو وڵاتانە بە کوردەکان، تەنیا کوتانی ئاسنی ساردە و بەس. بەدیموکراتیکردن لەو وڵاتانەدا تەنیا لە کۆڵانی چارەسەرکردنی پرسی مێژووییی ئەو نەتەوانەوه دەرباز دەبێت، بەڵام حوکمڕانانی ئەو دەڤەرە، بە ئۆپۆزیسیۆنەکانیشیانەوە، نامۆن بەمە.
كێشەی ئێمە لەگەڵ ئەوان تەنیا سیاسی نییە، بەڵکوو کێشەیەکی عەقڵییە. ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا هەروا خەریکە دەوڵەتی دەستکردی بریتانیا (عێراق) بەدیموکراتی (عێراقێکی دیموکراتی و فیدراڵی) بکات، بەڵام بهپێچەوانەوە، ئەوە کۆماری ئیسلامییە هەروا ڕەگاژۆییی تێدا دەکات و دەیخاتە ژێر هێژموونیی خۆیەوە!؟ ئێستا ئاڕاستەی سەرەکیی سیاسەت لە عێراقدا ئەوەیە كه بە ڕێگە و شێوازی جۆراوجۆرە هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر بۆیان نەکرا، نانەوەی دووبەرەکی بەدیلی دیکەیانە.
بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان دوای ڕیفراندۆمە دروست و بەجێیەکەی، ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆ، دەبێ ئەوجار بیرێکی جددی لە ناوخۆ، دەرەوە و هاوکێشە ڕەنگاوڕەنگەکان بکاتەوە. سیاسەت وەکوو سیاسەت بەڕێوە بەرێت و زۆر بەوردی زانیارییەکان لە بێژینگ بدات، هەروەها دوژمنان و هاوکێشەکان چۆنی هەن ئاوایان ببینێت، نەک چۆنی ئەو پێی خۆشە، یان وەکوو خۆیان سەیری دوژمنان بکەن. لە سیاسەتدا هەموو شتێک لە هاتوچۆدایە و بەردەوامیش لە گۆڕاندایە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە و دەبێ بەردەوام بیری لێ بکرێتە، بەرژەوەندیی وڵات و پاراستنی ئەوە.
دەبێ و پێویستە سیاسەت لە ئەخلاق و پیاوچاکی، نەتۆراندن و لەبەر خاتری خاتران بەتەواوەتی دابماڵڕێت. "نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی" (١٤٦٩-١٥٢٧) لەوبارەیهوه زۆر بەڕوونی باس لە چۆنێتیی دابینکردنی بەرژەوەندیی وڵات دەکات: "لەو جێگهیه کە ژیانی وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە، نابێت بیر لەوە بکرێتەوە کارێک کە دەبێ بۆ ڕزگاریی وڵات بکرێت ڕەوایە یان ناڕەوا، باشە، یان خراپ. لەو بوارەدا، هەر چەشنە تێبینییەک دەبێ وەلاوە بنرێت و هەر کردەوەیەک کە بۆ ڕزگاریی وڵات پێویستە، دەبێ بکرێت."
ڕێکخستنەوەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە بێ شک بۆ ئەمەیان دەبێ نەرمونیانی لە سیاسەتدا دەوری هەرە سەرەکی بگێڕێت. بۆ گەیشتن بەمەیش، پێویستە لووتبەرزی و هیستریای حزبایەتی، کەمتر و کەمتر بکرێتەوە. لە پاڵ ئەمانەیشدا پرسی خزمەتگوزاری و ژیانی هاووڵاتیان، دەبێ لە ئەولەوییەتی خێرای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت.
گرینگترین هاوکێشەی ناوخۆیی کە لەو دۆخە ترسناکەدا دەبێ بۆی بگەڕێینەوە، هێزی ڕەق (پێشمەرگە)یە. ئەم هێزە، دەبێ بەردەوام بەشێک بێت لە سیاسەت بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا دۆخەکە بۆ بەرژەوەندیی وڵات هەڵگەڕێنێتەوە؛ هەروەها ئەو گرێوگۆڵانەی کە سیاسەت و دیپلۆماسییش ناتوانن بیکەنەوە، بە هێزی ڕەق (پێشمەرگە)ی بسپێرن تا لە ڕەندەیان بدات. بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە!