کورد، مەکیاڤێللی و ڕێوی

نیکۆڵۆ مەکیاڤێللی (1469-1527): "شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن! "

لە ئەدەبیاتی کوردیدا، تەنانەت لە ئاخافتنی ڕۆژانەیش لە نێوان بەشێکی زۆر لە کوردەکاندا، کاتێک باس لە ترسنۆکیی کەسێک دەکەن، دەیخەنە ڕیزی "ڕێوی"یەوە: "چەند ترسنۆکە دەڵێی ڕێویە"، "شێرە یان ڕێوی؟"، یان "هەی زەندەقت چی، دەڵێی ڕێویی"؛ زۆر بەدەگمەن ئەوە دەبیسی کە ڕێوی بە ئاژەڵێکی زیره‌ک و وشیار ناو ببه‌ن؛ هەندێک جار بە فێڵبازیش ناوی دەبەن. تەنانەت خۆ لەوەیش دەپارێزن کە ڕێوی بە ئاژەڵێکی وریا و بەردەوام لەسەر هەست ناو ببه‌ن: "ڕێویی فێڵبازە"؛ کە "فێڵباز"یشی دەخەن پاڵییەوە، بەبێ شک لایەنی نەرێنیی هەیە، چونکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا "فێڵباز" شتێکی خراپە.

لە ڕاستیدا زۆر لە چەمکەکان لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا شێوێندراون؛ بەشێکی پەیوەندیی بە چەمکی "غیرەت"ەوە هەیە و هەر لە ڕوانگەی غیرەتەوە سەیری زۆربەی شتەکان دەکەن: "پیاوێکی ئازا و بەغیرەتە"، "زۆر مەردە"، "بەدەستوبردە" و ... بەڵام زۆر زۆر بەدەگمەن دەستەواژەی وریا و زیرەک دەبیسین. وریا و زیرەک، پەسنێکی عەقڵانین، هەر لەبەر ئەوە، کەمتر پەسنی یەکتر دەدەین و زۆریش حەزمان لە دەوروبەری خۆمان نییە کە لە کارەکانیاندا سەرکەوتوو بن.

لەناو ئێمەدا ڕێوی، نوێنەر و پێناسەیە بۆ ترسنۆکی و بێغیرەتی. دەستەواژەی غیره‌ت، ئازا، شێر و... لەناو ئێمەدا زۆر باوە: کابرایەکی بەغیرەتە، یان زۆر ئازایە. زۆر بەکەمی گوێت لەوە دەبێت کە بە کەسێک بڵێن "وشیار" و "زیرەک". یەکێک لە هۆکارەکان ڕێک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆر پابەندی غیرەتین و، هەر بە پێوەری غیرەتەوە ڕووبەڕووی کێشەکان دەبینەوە. لە پاڵ ئەمەیشدا دەستەواژەی پێچەوانەی غیرەته‌، کە ئەویش "ترس" و "ترسنۆکی"یە؛ زۆریشی بەکار دێنین. بەپێچەوانەی مەکیاڤێللییەوە، لە لای ئێمە "شێڕ، زۆر ئازایە و، ڕێوییش زۆر ترسنۆکە!"

مەکیاڤێللی بۆ خەبات دوو جێگره‌وه‌ (بەدیل) پێشنیاز دەکات: یەکەمیان، ڕێگەی یاسایە و دووەمیان هێزە. بۆ بەهێزبوونەکەیش نموونەی شێر و ڕێوی دێنێتەوە. "میر دەبێ بزانێت کە چۆن بە شێوەیەکی عاقڵانە، کەڵک لە سروشتی ئاژەڵ وەربگرێت، دەبێ لەناو ئاژەڵەکانیش شێر و ڕێوی هەڵبژێرێت؛ چونکە شێر ناتوانێ خۆی لە بەرامبەر ئەو داوانەدا بپارێزێت کە لەسەر ڕێیدا دادەنرێن و، ڕێوییش ناتوانێ لە بەرامبەر گورگەکاندا بەرگری لە خۆی بکات."

لە لای مەکیاڤێللی، ڕێوی، وشیار و وریایە چونکە فرتوفێڵ و تەڵان دەناسێت و ناکەوێتە داوەوە، بەڵام لە لای ئێمە، ڕێوی ترسنۆکە و زوو ڕا دەکات. لە کن مەکیاڤێللی گەرچی شێر بەهێزە، بەڵام زوو دەکەوێتە داوەوە؛ لە وڵاتی ئێمەیشدا شێر زۆر ئازایە و بەردەوام سەر دەکەوێت: "وەکوو شێر بەسەریدا نەڕڕاندی"، بەڵام لە مەیدانی سیاسەتدا، نەڕڕاندنی شێرانە تەنیا بەشێکە لە پرسەکە، بەشەکەی تری، وریایی و ناسینی تەڵەکانە و، بۆ ناسینی تەڵەکانیش پێویستە وشیار و زیرەک بین و، هەروەها دەبێ مەبەست، تەما و پلانە نهێنییەکانی دوژمنیش بخوێنینەوە بۆ ئەوەی بەتەڵەیەوه‌ نەبین؛ بەداخەوە! کوردیش ڕێک لەو خاڵەدا زۆر لاوازە.

مەکیاڤێللی بەم ڕستە گرینگەی، سیاسەتوانان وریا دەکاتەوە و، فێریان دەکات لە مەیدانی سیاسەت و لە کەڵەوکێشیی دانوستاندا: "شێر بن، گورگان بڕەوێننەوە؛ ڕێوی بن، تەڵان بناسن!" بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئەقڵ لەژێر سێبەر، پەراوێز و هەڕەشەی چاوچنۆکی و غیرەتی لە ڕاددەبەدەردا، دەبێ گەشە بکات و بژیت!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples