لە ١٦ی ئۆکتۆبهری ٢٠١٧وە تا ئێستا، پرۆسەی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە. لەو ماوەیەدا، چەندان کردار و دەستەواژەی ڕەنگاوڕەنگ لە لایەن بەغداوە دژ بە "هەرێمی کوردستان" بەکار هێندراون: "پارێزگهکانی باکووری عێراق"، "سنوورەکان و فڕۆکەخانەکان دەبێ ڕادەستی بەغدا بکرێن"، "ڕاستەوخۆ بوودجە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەنێردرێت" و هتد.
لاوازیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، گرفت و ڕێگریکردن لە پاڵێوراوانی حزبە کوردستانییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارهی هەرێم، تەنانەت لە کەرکووکیش لە لایەن حەشدی شەعبییەوە، کۆمەڵە خاڵێکی نەرێنین. ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەکان لەسەرهەست و ئاگادار نەبن، ئەو خاڵانە دەتوانن لە داهاتوودا کێشەی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان بنێنەوە.
هاتنی "حەیدر عەبادی"یش بۆ سلێمانی بە مەبەستی وەڕێخستنی "بانگەشەی هەڵبژاردن" (عەبادی سهرۆكی "هاوپهیمانیی نهسر"، بڕیارە لە سەردانەکانیدا بۆ شاری سلێمانی، هەولێر و دهۆك، پاڵێوراوانی لیستهكهی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لهو سێ شارەدا بناسێنێت)، شێوازێکی نوێیە بۆ کردنەوەی پێگەیەکی ڕاستەوخۆ (نانەوەی قەیران) لە هەرێمی کوردستان؛ هەروەها بۆ لاوازترکردن، نانەوەی چەندبەرەکی و لێکترازانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان. پلان و پیلانی بەغدانشینان بە هاوکاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەندێک کەس، تاقم و گرووپی ناوخۆ، هەروا لاوازترکردنی هەرێمی کوردستانە!
کاتێک عەبادی، ڕەوتی حیکمەت و... لە هەرێمی کوردستان کەسی خۆیان هەبێت و هەر بە ڕێگەی ئەوانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بکەن، بەبێ شک لە داهاتوودا ئەو ئەگەرە زۆر بەهێزە، کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستانیشدا بەشدار بن و نوێنەریان هەبێت؛ هەروەها لە دامەزراوە حکوومییەکانیشدا دەستوپێوەندی خۆیان هەبێت.
حکوومەتی بەغدا لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، کە بە ڕێگەی هێزی ڕەقەوە کەرکووکی داگیر کرد، بەڵام لە پاڵ ئەودا، بە ڕێگەی ترەوە خۆ دەخزێننە ناو هەرێمی کوردستانەوە: چێکردنی لقوپۆپی حزبی و گرووپی لە هەرێمی کوردستان لە جلوبەرگی یاسایی، یان ئەوەتا بە ناوی "دیموکراسی" و "یەکپارچەییی خاکی عێراق"ەوە قەیران و چەندبەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان بنێنەوە. بەغدانشینان تا ئەو جێگەیەی بۆیان بلوێت لەژێر ناوی "عێراقییەکان" و "یەکپارچەییی خاکی عێراق" پرۆژەکانیان بۆ لاوازترکردن و بنکۆڵکردنی هەرێمی کوردستان بەگەڕ دەخەن. شک لەوەیشدا نییە کە نایەکڕیزی و پەرتەوازەیی لە هەرێمی کوردستان، باشترین دەرفەت بۆ بەغدا دەڕەخسێنێت کە پلان و پیلانەکانیان دژ بە هەرێمی کوردستان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەگەر ئەو لێکترازان و کەلێنه قووڵەی کە لەناو حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ بەغدا بگوێزرێتەوە و بەردەوام بێت-بە ئەگەری زۆرەوه بۆ بەغدا دەگوێزرێتەوە- ئەوە بەغدا لە جێبەجێکردنی پلان و پیلانەکانیدا دژ بە هەرێمی کوردستان لێبڕاوتر دەکات و، هەر لەبەر ئەوە وێناچێت لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا، حاڵی کورد باش بێت!